ڕیفراندۆم لە نێوان (بەڵێ)یەکی تاڵ و(نەخێر)ێکی ژەهراویدێ

Thursday, 07/09/2017, 0:08

4083 بینراوە


 شەڕو ململانێی نێوان لایەنگران و نەیارانی ڕیفراندۆم، یان بە واتایەکی تر شەڕی نێوان (نەخێر) و ( بەڵێ) تینی سەندووە، بەڕادەیەک کە نەیارانی ڕیفراندۆم، لایەنگرانی ڕیفراندۆم بە کۆیلە وگەمژە وسف دەکەن ، لە سەرەکەی تریشەوە لایەنگرانی ڕیفراندۆم، نەیارانی ڕیفراندۆم بە خائین و جاش و پیاوی ئێران و مالکی لە قەڵەم دەدەن ( هەرچەندە مالیکی ئێستا ژمارەیەکی کاریگەری پرسە سیاسیەکان نییە، بەڵام لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتر ئەوەیە کە وەفدەکەی ڕیفراندوم دەست لە سەر سنگ چوونە حزوری مالیکی).  
بە بڕوای من هەردوو بەرەکە لە هەوڵی سەر لێشێواندنی خەڵکدان ، بە تایبەتی بەرەی لایەنگرانی ڕیفراندۆم، بە ڕادەیەک کە پرۆسەی ڕیفراندۆمیان یەکسان کردووە بە پرۆسەی دەنگدان بە سەربەخۆیی کوردوستان، ئەوان پێیان وایە هەر کەسێک بە ( بەڵێ) لەم پرۆسەیەدا بەشداری نەکات ئەوە خائین و جاش و پیاوی ئێرانە، تەنانەت مەلایەکی عەمامە بەسەریش لوتفی نوواندو وتی " ئەوەی دەنگ نەدات بە بەڵی بۆ سەربەخۆیی، لازمە لە کوردوستان دەربکرێت " ئیتر ئەم وتارو هەڵوێستەی مەلاو بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی ڕیفراندۆم، بۆ خۆی لوتکەی فاشیزمە"   
بەر لەوەی بچینە سەر باسی ئامانجە شاراوەکانی بزووتنەوەی ڕیفراندۆم، دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە بڕوا ناکەم مرۆڤێکی هۆشیار ( بە موستەشارەکانی سەردەمی بەعسیشەوە) دژی سەربەخۆیی کوردوستان و ڕزگار بوونی خەڵکی کوردوستان بێت لە ستەمی نەتەوایەتی، گەورەو بجووکی کۆمەڵگای کوردوستان خوازیاری سەربەخۆیی و ڕزگار بوونە لە ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم ،هەموو خانەوادەیەکی کوردوستان لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادی و ڕزگار بووندا، لە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم قوربانی زیاترو زۆرتریان داوە.
 بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بە ڕاستی ئەم پرۆسەی دەنگدان و هات و هاوارە بۆ سەربەخۆییە؟! ئەگەر بۆ سەربەخۆییەو خەڵکی کوردوستان دژی سەربەخۆیی بن، ئەوا وەک مەلاکەی دهۆک فەرمووی، هەق وایە دانە بە دانەمان شار بە دەر بکرێین، جونکە کێ هەیە هێندە گەمژە بێت لە گەڵ کۆیلایەتیدا بێت و دژی سەربەخۆیی بێت؟!! من پشتیوانی لە سەربەخۆیی و رزگار بوونی خەڵکی کوردوستان دەکەم، ئەگەر لە سەر دەستی شەیتانیش بێت!!   
 لە ڕاستیدا ئەم گشت پرسییە، نە بۆ سەربەخۆیی کوردوستانەو، نە دەسەڵاتدارانی هەریمیش ئیدیعایەک و نیازێکی ڕۆشنی وایان هەیە، کە ئەم گشت پرسییە بۆ پرسی دەوڵەت وسەربەخۆیی کوروستانە، ئەوان لە کۆڕو کۆبوونەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، زۆر بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە( نیازی جیابوونەوەیان نییەو ئەگەر بەغدا کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات،ئەوا پرسی سەربەخۆیی دەسپێرن بە ئاییندەیەکی نادیار) 
دەسەڵاتدارانی هەرێم، کۆمەڵگای کوردوستانیان دەرگیری ئەزمەیەکی ئابووری یەکجار سەخت کردووە، حکومەتێکی بەرچاو تاریکی قەرزار، کە قەرزەکانی بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، حکومەتێک کە نەتوانێت تەنانەت نیوە مووچەش بۆ مووچە خۆرانی دابین بکات، حکومەتێک کە هێندەی خاوەن مووەلیدەکانی کوردوستان دەسەڵاتی نەبێت لە بەخشینی کارەباو خزمەتگوزاری بە خەڵکی کوردوستان ( تەنها بۆ زانین هەموو خاوەن مووەلیدەکانی کوروستان ژمارەیان لە ژمارەی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتێکی ئەم حکومەتە کەمترە) چۆن دەتوانێت جورئەتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت؟!  
کەواتە ئەی ئەم هات و هاوارەی دەوڵەت و سەربەخۆییە بۆچییە؟! ئەم هات و هاوارە لە لایەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو درمە ئابووری و سیاسییە زۆرو زەبەندانەی، کە لە گەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسی کوردوستاندا، لە دایک بووەو، ئێستا گەورە بووەو یەخەی پێگرتوون. لە لایەکی تریشەوە بۆ درێژکرنەوەو هێشتنەوەی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی ئێستایانە بەم شێوازە کوشندەی ئێستای، بۆ ماوەیەکی نادیارو دوورو درێژ.  
هەربۆیە ( بەڵێ) نابێتە چارەسەربۆ درمەکە، بەڵکو دەبێتە ژەهرێکی کوشندە، کە بە جەستەی خەڵکی کوردوستاندا بڵاو دەبێتەوە، بەڵێ لە باشترین حاڵەتیدا، دەبێتە بەڵێ بۆ هێشتنەوەی ئەم دۆخەی ئێستا بە هەموو گرفتە سیاسی و ئابوورییەکانییەوە، بەم پێکهاتە سیاسییەی ئێستایەوە، بەم سەرۆکایەتی و سەرکردایەتییەی ئێستایەوە.  
ئەی نەخێرچی؟! بەو پێیەی نەخێر ئەنتی ( بەڵێ) یەو لە بەرامبەریدا قەراری گرتووە، کەواتە دیسانەوە ئەویش لە باشترین حاڵەتیدا، دەبێتەوە هێشتنەوەی دۆخەکە بە هەموو دەردوو مەینەتییەکانی ئێستایەوە، بەڵام ترس و نیگەرانییەکی تری ( نەخێر) ئەوەیە کە لە ئایندەیەکی تردا کە خەڵکی کوردوستان ، هەنگاو بەرەو ڕزگار بوون لە ستەمی نەتەوایەتی و سەربەخۆبوون بنێت،دەکرێت ئەم 
دەنگی (نەخێر)ە وەک کارت و لەمپەربەرامبەر ئەو خواستە، بەکار بهێنرێت، بۆ ڕێگە گرتن لەو خواستە ڕەواو سەرەتاییە. دەتوانرێت بووترێت کە خەڵکی کوردوستان خۆیان لە گەڵ جیابوونەوەدا نین، لە کاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستەو، هەموو تاکێکی کورد خوازیاری جیابوونەوەو سەربەخۆییە.
 هەر بۆیە تاڵاوی ( نەخێر) بە ئەندازەی ژەهری ( بەڵێ) ترسناکەو لە هەندێک بڕگەدا وەک یەکیان لێ دێت ، بە داخەوە کە ئێستا هەردوو بەرەکە ( بەڵێ و نەخێر) لە هەوڵی سەر لێشیواندنی خەڵکی کوردوستاندان ، بە بڕوای من بەشداری خەڵک لە هەردوو بەرەکە هەڵەیەکی کوشندەیەو، بە زیان دەگەڕێتەوە بۆی ، ئەلتەرناتیڤی دروست ئەوەیە کە خەڵک ڕێزەکانی خۆی لە هەردوو بەرەکە جیا بکاتەوەو، بەشداری سیناریۆیەک نەکات کە لە هەردوو ئەگەرەکەیدا ( سەرکەوتن یان شکست) تەنها بەشی خەڵک لە کۆیلایەتیدا زیاتر دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە