کورتەیەک لە مێژووی رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە (بەشی حەوتەم)

Monday, 11/09/2017, 21:13

2886 بینراوە


ناوی رێکخراو:

ـ مەڵبەندی بەرلین، ئێمە پێمان باشە ناوەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.

ـ سۆکسە، ئێمە درێژکراوە و دابڕاوی هیچ لایەنێک نین. خۆ گەر لەسەر ناوێکی نوێ رێکبکەوین باشترە و،گەر زۆرینەشتان مانەوەی ناوەکەتان وەک خۆی پێ باشە، ئێمە دژ نین، چونکە ئامانج یەکبوون و کارکردن و خزمەتە. بەڵام لەم ڕووەوە پێمان باشە، دوا بڕیار کۆنگرە بیدات.

سەرئەنجام هەندێ گفتوگۆ وکرا و بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا،بەتایبەت ئەکساش داوای گۆڕینی ناوەکەی دەکرد.

سەرئەنجام : هەتا کۆنگرە، گەر لەسەر هەر ناوێک ڕێکەوتین ئەوا کارێکی چاکە،لێ گەر نەکرا، وا بە بڕیاری کۆنگرە ڕازی دەبین.

جێگای کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی

ـ مەڵبەندی پراگ، دەمانەوێ لە پراگ بێت.

ـ سۆکسە، ئێمە دژ نین، وەلێ لامان وایە زۆربەی ئەندامانی کۆمیتە لە کوێ بێت، ئەوێ باشترە. وەک دەزانن هاتووچۆ بۆ ئەوروپای ڕۆژهەڵات  هەندێ سەختە. هەموو لایەنەکانی دیکەش لە ڕووی پراکتیکییەوە پراگیان بە زەحمەت ناوزەد کرد.

سەرئەنجام: کۆمیتەی ئامادەکاریی،تا کۆنگرە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم خاڵە دەدات. گەر بە ڕێکەوتن نەگەشتین، با باسەکە بچێتە کۆنگرەوە.

٢٦/٦/١٩٨٨

کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە

لە کۆبوونەوەی ئیمڕۆدا نوێنەری یۆکسی کاک سەربەست و کاک موسڵح ئامادە بوون.

دەستەیەکیش بە تایبەت لە بەرلینی ڕۆژئاوا و ئەڵمانیای ڕۆژئاوە لە ئەکسا جودابووبوونەوە و بە ناوی ئەکسای جیاوەبووەوە مەڵبەندی بەرلین، کاک کاکی خۆم و جەنگیزخان، ئامادە بوون.

ـ ئەکسا،پێشنیازی کرد، کۆمیتەی ئامادەکاریی، ژمارەییان ٧ ـ ٩ کەس بێت باشە.

ـ سۆکسە، هەر لایەک دووکەس و بۆ کۆبوونەوەکان، یەک کەسیش ئامادە بێت بەسە.

ـ یۆکسی،  هەمان بیرورای سۆکسەمان هەیە.

ـ ناوەندی پراگ، هەر سێ رێكخراوەکە، بەرلین و پراگ و ئەکسا،سەروو دوو ئەندام و ئەوانی دیکەش یەک ئەندام.

ـ ناوەندی بەرلین، پێشنیازەکەی پراگمان پەسەندە.

ـ یوکسی... سوور بوون لەسەر ئەوەی دەبێ ئەوانیش دوو ئەندامیان هەبێت. لەم خاڵەدا کە زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا..ئێمە ئامادەیی خۆمان دەبڕی تەنیا و تەنیا لە بەرخاتری پرسی یەکخستن و یەکگرتنەوە، واز لە ژمارەی ئەندامی خۆمان لە کۆمیتەدا بهێنین، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتن. ئەمەش ئەوپەڕی نیازپاکی ئێمەی بەرامبەر بەوان دەردەخست. یۆکسی ،لە بەیاننامەیەکیاندا"چ یەکگرتنێکمان دەوێ ،لە ١٢/٩/١٩٨٨ دا دەنووسێ:

"ڕاستییەکەی نوێنەری سۆکسەش ڕایگەیاند کە ئەوانیش زۆر لەگەڵ ئەو ژمارە(١١)؟!! یەدا نین،بەڵام ئەگەر ژمارەی ئەندامانی کۆمیتەکە ببێتە(١٢)ئەوا ئەوانیش دوو نوێنەریان دەوێت. سێ رێکخراوی ناوبراو وایان پیشان دا کە ئەگەر سۆکسە رازی بێت کۆمیتەکە ببێتە (١٢)ئەندام و ئەوانیش داوای دوو ئەندام نەکەن،ئەوا ئەوانیش(واتە سێ لایەنەکە)قایل دەبن بەوەی کۆمیتەکە ببێتە (١٢)ئەندام.سەیر ئەوە بوو دوایی سۆکسە بەوە قایل بوو،کەچی ئەوان لەوەش پەشێمان بوونەوە.."

دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لە نێوان ئامادەبوواندا،بە باش زانرا هەر لایەک یەک کەس و سووربوونی KSSE لەسەر دوو کەس، بۆ هەرسێ لایەنەکە, کۆبوونەوەکانی بەرەو ئاڵۆزی برد. هەرچەند دواتر، برایانی ئەکسا نەرمییان نواند، بە یەک ئەندامیش رازی بوون.

سەرئەنجام: بڕیاردرا لەبەرخاتری یۆکسی کۆمیتەکە لە ١٠ کەس پێک بێت.

کاری کۆمیتەکان

ڕاپۆرتی سیاسی، دەستووری ناوخۆ، بڕیار و ڕاسپاردە، بەرنامەی کار، دروشمی کۆنگرە و ناوهۆڵی کۆنگرە، ئامادەکردنی بانگهێشتن بۆ پارت و ڕێکخراوکان، دامەزراندنی کۆمیتەی کۆنگرە، پێڕەوی ناوخۆ و دانیشتنەکان بنووسرێتەوە، دەرکردنی بڵاوکراوەیەک تا کۆنگرە، کۆکردنەوەی پیتاک، پاراستنی نهێنی کار و ناو و شوێنی کۆنگرە،وتار بە چ شێوەیەک بخوێندرێتەوە و دەستنیشانکردنی ناونیشانی کۆمیتەی ئامادەکاریی تا  کۆنگرە..

ناوەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی

بەرلین، کاک فەوزی و کاک حەمەدەمین. سۆکسە، هەڵۆ بەرزنجەیی. ئەکسا کاک دەشتی و کاک نەریمان. کۆماکورد،کاک ئەبوزەڕ. لاوان کاک بەهرۆز. پراگ کاک شێخ عەلی و کاک جەوهەر شاوەیس و کاک ئەسکەندر.

ناوی کۆمیتە

ـ بەرلین: کۆمیتەی ئامادەیی کۆنگرەی یەکگرتووی کۆمەڵە خوێندکارە کوردی و کوردستانییەکان لە ئەوروپا

ـ یۆکسی: وشەی لاوانی بۆ زیاد بکرێ .

ـ سۆکسە: وشەی ڕێکخراوی بۆ زیاد بکرێ.

ـ پراگ: کۆمیتەی ئامادەیی کۆنگرەی یەکگرتووی، مەڵبەندە خوێندکاری و لاوانی کوردی و کوردستانی لە ئەوروپا.

سەرئەنجام: کۆمیتەی ئامادەیی کۆنگرەی یەکگرتووی مەڵبەندە خوێندکاری و لاوانییە کوردی و کوردستانیەکان لە ئەوروپا.

دروشم

ـ ئەکسا: دروشمی خوێندکاران وەک خۆی بمێنێتەوە.

ـ سۆکسە: ئێمە پێشنیاز دەکەین کەوا ئەو دروشمە بگۆڕدرێ،چونکە بەڕاستی گوزارشتی تەواو لە مەسەلەی خوێندکاران ناکات و ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەم قۆناخەمان نابێت، لە سەر خوێندکاران و پرسی یەکگرتنەوە.

٢٩/٦/١٩٨٨

سەرەتا یۆکسی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، گەردوو ئەندامیان لە کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیدا نەبێ، بەشداریی کۆنگرە ناکەن. هاوکات هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازن.

ـ سۆکسە: ئێمە بەداخەوەین بۆ لایەنێکی وەک یۆکسی، کە دەیانەوێ لەسەر شتێکی وا ساکار و تەکنیکی  دەست بکێشنەوە. چونکە ئامانجی یەکگرتنەوە لەوە مەزنتر و پیرۆزترە کەوا بەشداری نەکەن.

ـ بەرلین و ئەکساش بە هەمان شێوە بە داخەوەبوون بۆ هەڵوێستە توندەکەی یۆکسی.

ـ ئەکسا: دوای سووربوونی یۆکسی لەسەر هەڵوێستەکەی، بە توندی کەوتە سەرزەنشتیان، بەوەی هەمیشە دژی هەوڵی یەکگرتن بوون.وتی:   ئێمە دەتوانین بڵێین تەنیا سۆکسە، بە کردەوە کاری بۆ پرسی یەکگرتن کردووە،ئێمەش وەک ئەکسا بایی پێویست کارمان بۆی کردووە. ئەمەی سەرێ گەواهی و ئارگومەندێکی ترە لەسەر هەڵوێست و فیکری سۆکسە و دروشمەکانی.

ـ سۆکسە: ئێمە لە لەخۆبووردوویی و دڵسۆزیی و پەرۆشمانەوە بۆ یەکگرتنەوە، ڕازین کەوا هەر چوار لایەنەکە، بەرلین و پراگ و ئەکساو یۆکسی سەرو دوو ئەندام و ئەوانی دیش یەک ئەندام... سەبارەت بە خۆمان گەر یەکگرتنەوە پێک بێت تەنانەت ئامادەین، کەسیشمان نەبێت لە کۆمیتەدا.بەلای ئێمە یەکگرتن وکارەکانی ئایندە و بەجێگەیاندنی خزمەتەکانی سەرشانمان بەرامبەر بە کورد گرنگترە.

ـ کۆماکورد: ئەوانیش بە توندی ڕەخنەیان لە هەڵوێستەکەی یۆکسی گرت و وتییان ئێمەش هەمان ڕای سۆکسەمان هەیە، بە یەک ئەندام ڕازین.

ـ سۆکسە: پێویستە ئەوە بڵێین ئێمە بە گشتی گومانمان هەیە و زۆر شت بە دڵی ئێمەش نییە،بەڵام چونکە خاڵەکان تەکنیکین،هەق نییە ببنە گرفت، هەر نەبێ خاڵی گەوهەری تر هەیە، لەسەری ڕێک بکەوین. دەنا ئێمەش خۆمان دەکێشینەوە.

ـ یوکسی: ئێمە لەو هەڵوێستەی برایانی سۆکسە زۆر باش تێدەگەین و سوپاسیان دەکەین. دواتر پیرۆزباییان لە کاروبارەکانی ئێمە کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر کارێک بەوان ساز بێت بۆ هاوکارییکردن دەربڕی ،و داوای لێبووردنیان کرد و خۆیان کێشایەوەو چوونە دەرەوەی کۆبوونەوەکە.(تومەز یۆکسی زووتر لە لقاء الرفاق ئاگادار کرابوونەوە،لێ بۆ بەس شەڕیان لەسەر دوو ئەندام دەکرد، ئەمە ئەو پرسیارە نهێنییەی جێی سەرنجە؟!).

سەرئەنجام: هەموو لایەنەکان ڕەخنەیان لە یوکسی گرت و لەسەر ئەوەی پرسی یەکگرتنەوە پێشێل دەکەن. بە هەوڵێکی ئێمە،کارێکمان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا،یۆکسی کۆبوونەوەکانیان جیهێشت،بەڵام دەرگامان بە کراوەیی  بۆیان بە  هێشتەوە،هەر کاتێ ڕازیبوون، دەتوانن بیری لێ بکەنەوە و بێنەوە بەشدار بن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە