کوردبوون و ناسیۆنالیزم (بەشی سیازدەیەم)

Monday, 11/09/2017, 21:23

2548 بینراوە


ـ دەوڵەت وەک دوا پەرەسەندنی بیرۆکەی نەتەوە

شایانی ئاماژە پێدانە، کەوا دەوڵەت یەکەمجار ئینگلیز و فەرەنسییەکان دروستیان کردووە، لە ڕێگای شۆڕشی نێوخۆییەوە، هاووڵاتی بڕیاری لەسەر دەوڵەت و بەها سیاسییەکان دا، بە چەمکی رۆسۆ(ئیرادەی گەل) بەرقەرار بوو، دەرئەنجام نەتەوە وەک ویستی هاوبەش ساز بوو. لە رۆژئاوای ئەوروپا، بەرئەنجامی خەباتی نەتەوایەتی، بۆ یەکخستنەوەی نەتەوە و نیشتمانی پارچە پارچە بوو. وەک نموونەی ئەڵمانیا و ئیتالیا کە پێی دەوترێ Unifying. لێرە نەتەوە پێش دەوڵەت هەبووە، لە ڕووی کولتوریی یاخود مێژووییەوە. هێردەر لە ئەڵمانیا ماتزینی Giuseppe Mazzini 1805-1872 لە ئیتالیا، ڕابەری ئەم بزاڤە بوون. هەندێ دەوڵەتی دیکەش دروست بوون لە رێگای داڕمانی ئیمپراتۆرەکانی وەک هابسبۆرگ و عوسمانیی و دواتر یوگسلاڤیا و شورەویش دێتە ئەم ریزەوە و ناسراون، بە Secessionist .

تیۆدۆر شیدەر، دەوڵەت بە دیاردەیەکی مێژوویی دادەنێ، ئەو تایپۆلۆگییەی بۆ مێژووی دەوڵەت کردووە. جێی خۆیەتی وتەیەکی ستیوارت میل، بکەینە دوا وتەمان لەسەر دەوڵەت، کە دەڵێ: ئەو خەڵکانەی کە خۆیان مافی حکومەتی خۆیان بەڕێوە نابەن، بەڵکو کەسانێکی تر، بەڕێوەی دەبەن، ئەوانە لە ڕووی مۆڕاڵی و عەقڵانێتییەوە، بەرەو لەناوچوون  دەچن.

دەوڵەت بەرزترین دەرکەوتنی گیان و ئەقڵە لە مێژوودا و لە لوتکەی پرۆسەیەکی دوورودرێژدا، کە لەسەرەتای شارستانێتی مرۆڤەوە دەستی پێکردووە و بەردەوام، هەتا دروستکردنی دەوڵەتێکی عەقلانی بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێ. بەلای هیگلیشەوە دەوڵەت هەقیقەتێکی کۆنکرێتی/ عەینی ئازادییە.

هێگلیش پێی وایە، ژیانی نەتەوە بێ دەوڵەت، واتە ژیانی دەرەوەی مێژوو. هەر بۆیەکا بیریارێکی سویسرایی دەڵێ: هەر نەتەوەیەک دەوڵەتێ و هەر دەوڵەتێ بۆ نەتەوەیەک.

لێرەدا، هەر عەقڵ سەرچاوەی بڕیاری تاکەکان دەبێت لەم پنتەوە هەنگاو هەڵهێنن و مامەڵە لەناو سیستەمدا بکەن. وەک وتمان بیرۆکەی نەتەوە پێشخانەکەی لای لابنێتز، وەک مەملەکەتی خودا، دەست پێدەکات و هەڵدەکشێ. لای کانت شەقاوێکی تر دەهاوێژێ و لە کۆمەڵگای ئاکاریدا خۆی نمایش دەکات و فیختە تەکانێکی تری پێ دەدات و وەک نەتەوە دەیخاتە روو، لێ هێشتا نەبووە بە نەتەوەی تەواو، دوا وێستگە لای هیگڵ  چوارچێوەبەند دەبێت و بە ئاکام دەگات و دەچەسپێ و مۆرکی خۆی دەگرێ ودەچێتە قاڵبی نەتەوەی تەواوەوە.

"ئەوەی گوزارشتەکەی هیگڵ لە گوزارشتەکەی فیختە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە فیختە دەوڵەت لە نەتەوە دوور دەخاتەوە و بەوە وەسفی دەکات کە پەیوەندی بە نەتەوە نییە و نەتەوە سەرچاوە لەوە دەگرێت کە ئەقڵی و ناوەکییە و دەوڵەت سەرچاوە لەوە دەگرێت کە هەستەکی و دەرەکییە.

بەڵام هیگڵ دەوڵەت بە دوا شێوەگیربوونی بیرۆکەی نەتەوە دەزانێت و پێی وایە بیرۆکەی نەتەوە لەناو دەوڵەتدا دەگاتە ئەوپەڕی پەرەسەندن و دیاریکردنی خۆی و بەبێ دەوڵەت نەتەوە ناتوانێت بوونی خۆی تەواو عەینی بکاتەوە،بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێ نەتەوە بەبێ دەوڵەت بوونی نییە،گەر دەوڵەتیش نەبێت نەتەوە هەر بوونی هەیە،بەڵام نەتەوە بەبێ دەوڵەت وەک ئەوەی کە هەیە هەستەکی نابێتەوە و بوونی بەتەواوەتی لە بوونێکی عەقڵییەوە نابێت بە بوونێکی هەستەکی و ماددی.

ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ بوونی دەوڵەت پێش مەرجی بوونی نەتەوە نییە و بوونی نەتەوە پێش مەرجی بوونی ئەو دەوڵەتەیە کە دەبێت بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی.گەر نەتەوە قۆناغەکانی پەرەسەندنی خۆی نەبڕێت و نەگاتە دوا قۆناغی خۆی، دەوڵەتی نەتەوەیی بوونی نابێت.دەوڵەتی نەتەوەیی بوونێکی عەقڵی لەناو بیرۆکەی نەتەوەدا هەیە و دوا دەرکەوتن و دوا شێوەگیربوونی بیرۆکەی نەتەوەیە".(٢١٣)

لە راستیدا قسەی فەیلەسووفان و بیرمەندان لەسەر دەوڵەت بەدوایی نایەت و ئێرەش مەیدانی خستنەرووی هەموو بۆچوونەکان نییە. بەڵام گرنگ ئەو حاڵەتەیە لای هیگڵ، کە بێ دامودەزگا و ئەو چوارچێوە یاسایی و سیاسییە، ئەستەمە نەتەوە، لە ڕەوتی پەرەسەندنە سروشتییەکەی خۆیدا، بە کۆنکرێتی بەرجەستە بێت. هەر بۆیە دەوڵەتیش لای هیگڵ ئەوەندە جێی بایەخە و دەڵێ: دەوڵەت حەقیقەتی بیرۆکەی ڕەوشتییە. یاخود دەوڵەت حەقیقەتی کۆنکرێتی ئازادییە. هێردەر و کانت و نیتچە و زۆری تریش، لە فەیلەسوفانی ئەڵمان  قسەیان لەسەر دەوڵەت هەیە.

پرسی دەوڵەت لەنێو فەیلەسوفانی ئەو سەردەمەی ئەڵماندا، لەکاتێکدایە کە لە شوێنانی تر، سەروەری گەل، بەرباستر بووە. بەڵام ئەڵمان بە دوای رۆحی ڕەهادا دەگەڕان تا لە قەوارەی دەوڵەتدا دۆزییانەوە. دەوڵەت تا ئەم چرکەساتە، گرنگترین دامودەزگایە، وەک میکانیزمێ بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی و زامنکردنی بوونی و خۆشگوزەرانکردنی ژیانی، کە مرۆڤ وەک دەستکەوت بەدەستی هێناوە. دۆیچیش دەزگای دەوڵەت بە گرنگترین داهێنانی مرۆڤ دەزانێ لە مێژوودا.

"دەوڵەت یەکێکە لەو دەرکەوتانەی بیرۆکەی نەتەوە کە بیرۆکەی نەتەوە لە دوا قۆناغی دیاریکردنی خۆیدا خۆی پێ دیاری دەکات،ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی نەتەوە بە شێوەگیربوونی بوونی خۆی دەوڵەت دروست دەکات و دەوڵەت نەتەوە دروست ناکات،ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان تیۆرە عەقڵییەکەی نەتەوە لەگەڵ تیۆرەکانی نەتەوەخوازیدا"٢١٣

د. عرفان پاشان دەرگا، بەڕووی باسێکی فراوانی تردا دەکاتەوە و لە خەرمانی بیر و فەلسەفەی هێگڵ ئەم چەند مەلۆیەمان بۆ ئامادە  و پێشکەش دەکات.

" لە روانگەی هیگڵەوە نەتەوە نە دروست دەکرێت و نە بەرهەمی  ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤە، نەتەوە پێش ئەوەی لە واقیعدا دەرکەوێ دەبێت وەک ئایدیاڵێکی عەقڵی لەناو عەقڵدا هەبوو بێت. دەرکەوتنی نەتەوە لە واقیعدا عەینی بوونی ئایدیاڵی نەتەوەیە لەناو واقیعدا.بۆ سەلماندنی ئەوەی کە نەتەوە پێش ئەوەی بوونێکی واقیعی هەبێت، دەبێت بوونێکی عەقڵی هەبێت،هیگڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینەی کەوا سەیری جیهانی سروشتی و رووداوەکانی دەکات کە بە رێکەوت و لە خۆڕا روونادەن و عەقڵ لە پشت روودانیانەوە هەیە،گەر عەقڵ لە پشت رووداوەکانی سروشتەوە هەبێت،ئەوە رووداوە مرۆییەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتیش ،لە خۆڕا روونادەن و عەقڵ جڵەوگیریان دەکات. ئەو بۆ ئەم مەبەستە گریمانەیەک پێشنیار دەکات و دواتریش هەوڵی سەلماندنی دەدات.گریمانەکە بەم شێوەیە( عەقڵ جڵەوگیری جیهان دەکات و پاشان مێژووی جیهان وەک رێڕەوێکی عەقڵانی لەبەردەمماندا خۆی دەخاتەروو،ئەم زانینە هەستە و ئەم باوەڕهێنانە تەنها گریمانەیەکە لە بواری مێژوودا بەوەی کە مێژووە). گەر مێژووی جیهان جڵەوەکەی لەدەستی عەقڵدا بێت و نەتەوەش دەرکەوتەیەکی ناو ئەو مێژووە بێت،دەبێت نەتەوە بوونێکی عەقڵی لە مێژوودا هەبێت و لە بارودۆخێکی مێژوویدا دەرکەوتی کرد بێت".٢١٤

 پێموایە، ئەم بڕگەیە لە بۆچوونی هیگڵ، پێویستی بە هیچ روونکردنەوە و لێدوانیک نەبێت. چونکە ئەو باسگەلە، جەوهەر و ناوەڕۆکی ئەم کتێبە پێکدێنێ و هاوکات ئەم بۆچوونانە، ڕوانگەی تیۆرییە عەقڵییەکە لەسەر دروست بوونی نەتەوەیە. پێشتر باسمان لێوە کردووە و بە درێژایی ئەم نووسینە هاوشانمان دەبێت و هەر دووپاتی دەکەینەوە. لە لاپەڕەکانی دواتردا دەکەوین بەسەر چەند بۆچوونێکی تازە و هەستیاردا، کە بریتییە لە:" عەقڵ جیهان ئاڕاستە دەکات... و تا دەگاتە ئەوەی بنووسێ:" عەقڵ حوکمی جیهان دەکات و پێشتریش حوکمی کردووە" (٢١٧)  ئەقڵ رابەر و سەروەرە، ئەقڵیش بوویەکە لە مرۆڤ دا، بەرجەستەبووە.کەواتە، مامۆستا مەسعوود محەمەد وتەنی: هەر مرۆڤ فاکتە ئەرێنییەکە و ئاغای سەر زەوییە.

ـ هەنگاوەکانی تێگەیشتن لە شێوەگیربوونی عەقڵ لە واقیعی مرۆییدا

" بوونی نەتەوە لە عەقڵدا شتێکە و بوونی لە واقیعدا وەک بوونێکی کردەیی و شتێکی ترە."٢١٨

بیرۆکە و ئایدیاکان ، سەرەتا لە ناو عەقڵدا چرۆ دەکەن و دواتر لە شێوەیەکدا، زەق دەبنەوە. کەواتە عەقڵ لانک و هێلانەی سەرەکی، لە دایکبوونی بیرۆکەکانە. بۆیە هەر بوونێکی تێدا بێت، جیاوازە لەو بوونانەی دیکە، کە لە شوێنانی تر دا هەن. هەڵبەتە عەقڵ بە فاکتی هۆشەوە، تەنیا خاسێتی مرۆڤە و چ بوونەوەرێکی دیکە، بەم ئەقڵ و هۆش بەهرەمەند نییە. بەم پێیە رۆحی نەتەوە، بوونێکی عەقڵییە و هەر لەناو عەقڵدایە.

" بۆ ئەوەی رۆح لە بوون بەهێزەوە هەنگاو بنێ بۆ بوون بە کردە،دەبێت بوارێک بۆ وەدیهاتن و خۆ ئاشکراکردنەکەی هەبێت، ئەو بوارەش هیگڵ بە مێژووی هەمەکی ناوی دەبات. رۆحی نەتەوە بۆ ئەوەی لە بوون بەهێزەوە لەناو مرۆڤگەلێکدا کردەیی ببێتەوە،دەبێت بکەوێتە  سەر شانۆی مێژووی هەمەکی و لەوێ خۆی لە شێوەی نەتەوەدا ئاشکرا بکات. بەم پێیە بۆ دەرکەوتنی نەتەوە پێویستمان بە رۆحی نەتەوە واتە ئایدیاڵی نەتەوە دەبێت لەناو عەقڵدا و پاشان پێویستمان بە مرۆڤگەلێک دەبێت کە ببنە هیولای شێوەگیربوونی ئەو رۆحە. بۆ ئەو واقیعەش کە نەتەوە تیایدا دەردەکەوێت پێویستمان بە مێژووی هەمەکی دەبێت. مێژووی هەمەکی بواری دەرکەوتنی نەتەوەیە و ئەو ئامانجەش کە عەقڵ دەیەوێت پێی بگات،شێوەگیربوونی نەتەوەیە لەناو دەوڵەتدا،دەوڵەت عەینی بوونەوەیەکی کامڵی رۆحە و ئامانجە رەهاکەی عەقڵە".٢١٩

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە