کوردبوون و ناسیۆنالیزم (بەشی چواردەیەم)

Thursday, 14/09/2017, 21:36

2002 بینراوە


بە لای هیگڵەوە، قۆناخی یەکەمی دەرکەوتنی رۆح، بریتییە لە دڵنیاییەکی هەستەکی و دووەم دەرکپێکردن بە رۆح و لە سێیەم و دوا قۆناخدا، رۆح دەبێتە مایەی تێگەیشتن و هێز. رۆحی نەتەوە، کە لە پێشینەی عەقڵدا وەک بیرۆکەیەک هەواری هەڵخستووە. پێویستی بە مەیدان و گۆڕەپانێک هەیە، خۆی تێدا نمایش بکات، تاوەکو ببێتە هێزێکی کارا و دێفاکتۆی سەر زەوی و بەچاوان ببینرێ. کەواتە رۆحی نەتەوە، پێویستی بە کەرەسە و هیولایەکە، بۆ شێوەگیربوون و بەرجەستەبوونی خۆی. ئەو بوار و چرکەساتەی ئەم رۆحەی تێدا، دەردەکەوێ بە دەربڕینی هیگڵ، مێژووی هەمەکییە. ئەو وێستگەیەش کە رۆحی نەتەوە، دەیەوێ پێی بگات و بیکاتە مەنزڵگای خۆی، دەوڵەتە.

ئا بەم جۆرە، دەوڵەت دامەزراندن و دروستكردن و، کۆنکرێت بوونی رۆحی نەتەوە و بەرجەستەبوون و چەسپاندنی ئامانجی  ڕەهای عەقڵە.

ـ ئازادی وەک ماهیەتی رۆح

رۆح وەک چەمکێکی مینۆکی و بوویەکی سروشتی، ماهیەتی بریتییە لە ئازادی. ئەمە لە کاتێکدایە، گەر لە جیهانبینییە، مادییەکەوە تەماشای جیهان بکەین، وا قورسایی/ بارستایی، جەوهەری هەر مادەیەکی هەیە لە گەردووندا. رۆحی نەتەوە وەک ئایدیاڵێک لەناو عەقڵدا، چییە و چۆن پەی پێ دەبرێت، ئەمەش باسێکی جیاوازی نێوان رۆح و مادەیە. د. عرفان لە رێگەی بیروڕاکانی هیگڵەوە، لەم بابەتە دەدوێ و دەنووسێ:

هیگڵ دەڵێ:" دەکرێت لە سروشتی رۆح تێبگەین گەر لە دژە راستەوخۆکەی واتە ماددە بڕوانین. هەروەک چۆن ماهیەتی ماددە قورسییە،لە لایەکی ترەوە دەکرێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە جەوهەر یان ماهیەتی رۆح ئازادییە".٢٢٠

 ئا لێرەدا ئەوەی نابێت لە بیر بکرێ ئەوەیە، ئازادیش وەک گەوهەری رۆح دێتە مەیدانەوە و ئامادەگی خۆی نیشان دەدات. هەموو بوون و بەهاکانی دیکە، بێ لە ئازادی، کە لێرەدا، رۆحی تاک و نەتەوە دەگرێتەوە، نرخیان دادەبەزێ و بێ مانا دەبن. ئازادی ترۆپکی ئەو بەهایانەیە، کە مرۆڤ بۆی تێکۆشاوە و بەردەوامیشە، لە تێکۆشان بۆ گەیشتن پێی . ئاخر چونکە بێ ئازادی وەک بەنرخترین بەها و سەرمایە،مرۆڤ چ سەنگ و ڕۆڵێکی نابێت و بێبەشە لە هەستیارترین و گرنگترین نرخ و بەها. رۆحی بریندار و دەستەمۆ و دیل، لە هەر کەس و میللەتێکدا بێت، نیشانەی کوێرەوەریی ناتەواوێتی ئەو تاک و نەتەوەیەیە.

" ئازادی وەک ماهیەتی رۆح جیاوازییەکی زۆری هەیە، لەو ئازادییەی کە مەبەست لێی ئازادبوونە دەرەکییەکەیە و پەیوەستە بە حەز و ئارەزوو و پێداویسییە جەستەیی و سایکۆلۆجییەکانی مرۆڤەوە.ئەم جۆرە لە ئازادی رێگرەکانی لە دەرەوەی مرۆڤدا نین و لەناو مرۆڤدان و پەیوەستن بە ویست و ئیختیاری مرۆڤەوە. رۆح لەناو مرۆڤدا حزور پەیدا ناکات گەر مرۆڤ رێگر بێت لە بەردەم  ئەوەدا رۆح ئازادی خۆی وەک ماهیەتی خۆی دەرکەوت پێبکات".٢٢٠

شایانی ئاماژەپێدانە، لێرەشدا هەر مرۆڤ خۆی بە ویست و خواستی ناوەکی خۆی بڕیار دەدات و دەرەوەی خۆی دەرەتانی، کاریگەرێتی لەسەر بڕیاری مرۆڤ نییە، ئایا رۆحی لە خۆیدا، بە دیلی قەتیس بمێنێتەوە؟ یاخود پانتاییەکی بۆ فەراهەم بکات، تا کرۆک و بوونی خۆی تێدا بخاتە ڕوو. ئازادی ڕۆحی پلەیەکی بەرزی دیکەی مانای ئازادییە.

نووسەر  ئەڵقەی باسەکەی، لێهاتووانە پێکەوە دەبەستێتەوە و دیوێکی تری گووتەی ئازادی ڕوون دەکاتەوە و دەنووسێ:

"واتە ئازادی لێرەدا ئازادی ئەو بوونەوەرەیە کە بە خۆی لە خۆیدا هەیە.ماددە هەڵگری ئەم خاسێتە نییە، چونکە بەخۆی لە خۆیدا بوونی نییە و بەردەوام بۆ بوونی پێویستی بە غەیری خۆیەتی(ئازادی تاکە حەقیقتێکی رۆحە،ماددە خاوەنی قورسیە ـ کێشکردنgravity ـچونکە مەیلی بۆ خاڵێکی مەرکەزی هەیە، بەزەروورەت ئاوێتەیەکی تێرە لە کۆمەڵە بەشێک کە لە یەکتری دووردەکەونەوە،ماددە هەوڵ دەدات بەرەو یەکبوون بڕوات،هەر لەبەر ئەمەشە خۆی وێران دەکات و بەرەو نێو دژەکەی خۆی دەڕوات ـ واتە ئەو خاڵەی کە چیتر بەش نابێت ـ ،گەر بیشیتوانیایە بگاتە ئەو خاڵە،نەدەبووەوە بە ماددە و لەناودەچوو. ماددە هەوڵی ئەوە دەدات بیرۆکەکەی خۆی وەدیبهێنێ،بوونی هزری ئەو لە یەکبووندایە،بەڵام رۆح دەکرێت وا پێناسە بکرێت کە چەقەکەی لەناو خۆیدایە،یەکبوونێکی لە دەرەوەی خۆی نییە،ئەو یەکبوونە کردەییانە لەناو خۆیدا هەیە،ئەو لە خۆیدا بە خۆی هەیە،لە کاتێکدا ماهیەتی ماددە دەکەوێتە دەرەوەی خۆی،بەڵام رۆح بوونێکە لە خۆیدا ئەمەش خودی ئازادییە)".٢٢١

ئازادی لێرەدا توانای بوونە لە خۆدا و بەس بە خۆیشی، واتە کاتێ بوونەوەرێ ئازادە، کە هەر بە خودی خۆیەوە/ زاتی خۆیەوە گرێ درابێ و زیگنالەکانی فەرمانی لە خودی خۆیەوە بۆ بێت و خۆی سەربەستانە رەفتار بکات لە ناوەڕا لە رێی عەقڵەوە فەرمانی بۆ بێت و بکەوێتە جووڵە. مرۆڤیش کاتێ ئازاد دەبێت و ئازادە، کە چ کاریگەرێتی دەرەکی لەسەر نەبێ و کەس لە بری خودی خۆی، خۆیشی لێرەدا، واتە ئەقڵ حوکمی نەکات. واتە هەر خۆی ئاغای خۆی بێت و دوروبەر، بێ ئاگاداری هۆش و ئەقڵ نەیبزوێنێ. مامۆستا مەسعوود دەڵێ:

<< بێ مرۆڤ هەرچی سروشت هەیە گیانی شانازی و نرخی بەرز و داهێنان و دۆزینەوە دەدۆڕێنێت و دەبێتە قەپیلکی حەتاڵ و بەتاڵ ،بێئاگا و بێنیاز>>. 

د. عرفان،مەڵۆیەکی دیکە دەخاتە سەر خەرمانی باسەکەیی و دەنووسێ:

" بوونەوەرێکی کۆیی وەک نەتەوەش کاتێک لەناو خۆیدا بە خۆی هەیە،بوونەوەرێکی کۆیی ئازادە و رۆحی نەتەوە لە ناویدا حزوری هەیە،بەڵام کاتێک بۆ بوونی پشت بە هێزە دەرەکییەکان دەبەستێت و بەمە دەگۆڕێت بۆ غەیری خۆی رۆح تیایدا غائیب دەبێت و ئازادییەکەی لەدەست دەدات و دەبێتە بەشێک لە جەستەی غەیر،بەمەش شوناسی خۆی لەدەست دەدات.مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تاکانە و نەتەوە وەک بوونەوەرێکی کۆیی بەبێ حزوری رۆح ئازادنین و ناتوانن لە خۆیاندا بە خۆیان هەبن".٢٢١ ـ٢٢٢

ئەو پرۆسە سروشتییە، وەک پێشخانێ، دەبێتە زەمینەی ڕسکانی نەتەوە. ئیدی نەتەوە بەخۆی، لەناو خۆیدا، وەک بوویەکی کۆیی ئازادە و وابەستە نییە، بەهیچ کاریگەرێتییەکی دەرەکییەوە. ئالێرەدا رۆح ئامادەگی تەندروستی خۆی هەیە، لەناو نەتەوەدا. بەڵام کاتێ نەتەوە بوونی خۆی لە خۆیدا لەدەست دەدات و پشت بە هێزێکی دەرەکی دەبەستێ، ئیدی رۆحی ئازادی تێدا نامێنێ و لەم بەهایە، داماڵەخاس دەبێت.

 بۆ نموونە نەتەوەیەک ئیرادەی ژیان لەدەست بدات و بە گوزەرانی ژێردەستی نەتەوەکی تر رازی بێت،و ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان بڵند بکاتەوە، وا مانا و خەسڵەتی نەتەوەبوون لە خۆیدا دەکوژێ و ڕۆحی ئازادیشی تێدا نامێنێ. دەرئەنجام  ملکەچ و زەلیلی فەرمانی بێگانە دەبێت، و لەدەرەوەی بازنەی ویستی خۆی هەڵدەسووڕێندرێت.

ـ ئیرادە و رۆحی نەتەوە  

"بۆ ئەوەی رۆحی نەتەوە وەک ئایدیاڵێکی عەقڵی ناو عەقڵی هەمەکی لە جیهاندا وەدی بێت و بکەوێتە سەر شانۆی مێژووی هەمەکی و بیرۆکەی ئازادیش وەک خاسیەتێکی کرۆکی رۆح لە واقیعی نەتەوەدا دەرکەوێت و ببێتە خاسیەتێکی کرۆکی نەتەوە،توخمێکی تری پێویستە. نەتەوە کاتێک پێویستی بەم توخمە دەبێت،ئەمە وای لێ ناکات لە خۆی دەرچێت و بۆ بوونی پێویستی بە غەیری خۆی هەبێت ".٢٢٢

هەڵسوکەوت و ڕەفتارە مرۆییەکان، ئەو توخم و کەرەسانەن، رۆحی نەتەوە بۆ وەدیهێنانی بیرۆکەی خۆی کە ئازادییە، بەکاری دەهێنێ. ئەو شتەی بیرۆکەی ئازادی، واقعی و پراکتیکی دەکات و دەیخاتە سەربارێ، لە "بوون لە خۆدا" بەرەو "بوون لە پێناو خۆدا" شەقاو بهاوێ، کاروکردەکانی خەڵکە. کاتێ ئەم چالاکی و رەفتارانە، نابن و ئامادە نابن، رۆح بە تەنیا دەمێنێتەوە و هەر خۆی بۆ خۆی ئاشکرا دەکات. ئەو ساتەی مرۆڤ، دەتوانێ لەم خۆئاشکراکردنە، بڕوانێ و ببینێ، ئەو چرکەساتەیە، رۆح هەر لە مەملەکەتی عەقڵدا دەرفەتی خۆنوێنی هەیە و هاوکات بۆ ئەوەی رۆح لە غەیری خۆیدا خۆی ئاشکرا بکات، دەبێت مرۆڤ کار و کردەکانی خۆی بکاتە پانتایی و زەمینەی خۆئاشکراکردنی رۆح لە واقیعدا.

دوای ئەوەی زانیمان رۆح دەبێتە بنەمای کاروکردە مرۆییەکان، ئەوسا توخمی دووەم قووت دەبێتەوە، دەبێت رایکێشینە ناو هاوکێشەکەوە، تاوەکو دەرەتانی ئەوەی هەبێت بەرەو بوونی کارەکی بڕوات. واتە تا ئەو شتەی وەک هێز هەیە، بیگۆڕێت بۆ بوون بە کردە یان بۆ وەدیهاتنی کردەیی. هێزە پاڵنەرەکەی ئەو توخمی دووەمەش، ئیرادەیە. ئەمە پوختەی بیروڕاکانی نووسەرە لەسەر هاوکێشەی نێوان ئیرادە و رۆحی نەتەوە. کەواتە ئەو چرکەساتەی مرۆڤ بچێتە ناو مەملەکەتی عەقڵ، ئێرە هەواری خۆدەرخستنی رۆحە. بەڵام بۆ ئەوەی رۆح، لە دەرەوەی خۆیدا، خۆی بنوێنێ، دەبێ مرۆڤ رەفتار و کردارەکانی بکاتە زەمینەی ئاشکرابوون، تا دەرکەوتنی رۆح لە نێو واقیعدا دێتە کایەوە. هێزی بزوێنەر بەرەو ئەم ئامانجی ئیرادەیە، وەک توخمێکی پاڵنەر دێتە مەیدانی ئەو ململانێیەوە. ئام بەم هەنگاوە وردانە، نوسەر دەمانگەیەنێتە ئەم خاڵە  بایەخدارە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە