کوردبوون و ناسیۆنالیزم (بەشی پانزدەیەم)

Saturday, 16/09/2017, 21:41

1891 بینراوە


"ئیرادە لێرەدا ئیرادەیە لە پێناوی خۆئاشکراکردنی رۆحی نەتەوە لەناو واقیعدا و لە پێناو خۆیدا،رۆح کە دێتە ناو کاروکردەوەکانی میللەتێکەوە،ئەو میللەتە لە ئاستی میللەتەوە بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی نەتەوە،ئەمەش بەوە دەبێت کە جەستەی میللەت خۆی ساز بکات بۆ ئەوەی رۆحی نەتەوە خۆی لە کاروکردەوەکانیدا ئاشکرا بکات.نەتەوە بە خۆئاشکراکردنی رۆحی نەتەوە لە کاروکردەوەکانی میللەتەوە بە هۆی ئیرادەی کۆیی میللەتەوە دێتە ئاراوە".٢٢٣ 

دوابەدوای تێگەیشتن لە رۆح و ئیرادەی نەتەوە، پێویستە ئاماژە بە توخمێکی دیکەش بدەین، کە بەشدارە لە وەدیهێنانی نەتەوەدا. ئەویش کار و کردەوەکانی میللەتە، کە ماهیەتی ئەوانیش ئیرادەیە. ئەوەی جێی سەرنجە، ئیرادە هەمیشە ئەوەی بەرهەمی دێنێ، لەسەرچاوەی رۆحەوە هەڵنەساوە، ڕەنگە لە دەرەوەی ڕۆحیشەوە، کارەکی بکاتەوە. هەربۆیە بە پارێزەوە قسە لە ئیرادە دەکرێ و و گەلێ جاران، تێڕوانینی جیاواز لەسەر ئیرادە هەیە. وەک ئاماژەمان پێدا، بە درێژیی باس لە خۆنوێنی رۆحی نەتەوە کرا، ئێستا دەگەینە توخمی دووەم، کار و کردەوەکانی میللەتە، رۆڵ لە بەدیهاتنی نەتەوە، دەگێڕێ کە ماهییەتی چالاکی و خەباتەکە، ویست و خواست/ ئیرادەیە.

"کاتێک بە خراپی سەیری ئیرادەی مرۆڤ دەکریت،ئەوە لەوێوە سەیر دەکرێت کە ئیرادە دێتە ژێر ڕکێڤی ئەو پێداویستی و حەز و هەڵچوون و تەبیعەت و بەهرە تایبەتانەوە کە مرۆڤ هەیەتی و ناکەوێتە ژێر رکێڤی رۆح".٢٢٣ ـ٢٢٤ 

  کاتێ هەموو مانا و ئاماژە و پێناسەکانی ئیرادە، لێرەدا تەواو نابێت، نووسەر دەست لە کارەکەی بەرنادات و بە دواچوونێکی ژیرانە دەکات و دەنووسێ:

"ئیرادە ئەو هێزە کارایەیە کە جەستەی مرۆڤ چالاک دەکات و دەیخاتە جووڵە تا بە کاروکردەوەکانی خۆی بیگەیێنێ بەو ئامانجەی کە ئامانجی یەکێک لەو دوو سەرچاوەیە کە رکێڤی ئیرادەیان کردووە".٢٢٤

مەرج نییە هەمیشە عەقڵ و لۆژیک زاڵ  و بڕیاردەر بن بە سەر کردەوەکانی مرۆڤدا، چونکە هێزەکەی تریش< حەز و غەریزەکان>، بەردەوام گوشاری خۆیان بۆ سەر مرۆڤ لەکاردایە. کەواتە مرۆڤ لەنێو دوو جەمسەری پێچەوانەی یەکتردا گیری خواردووە. یەکێ ئەقڵ و ئەوی دیکەی حەز و غەریزە بێسنوورەکان.

بۆ زیاتر روونکردنەوەی مەبەست، د. عرفان نموونەک لە مێژووی کورد دێنێتەوە و بەراوردی بەم بۆچوونە دەکات و دەنووسێ:

" حاڵەتی مەمی ئالان لە داستانی  مەمی ئالاندا نموونەیەکی باشە بۆ روونکردنەوەی ئەو حاڵەتەی کە هەڵچوونەکان تیایدا پەیدا دەبن و وزە دەبەخشن بە ئیرادە بۆ وەدیهاتنی ئایدیاڵە عەقڵییە. مەم و زین  لە داستانەکەدا هەر یەکەیان لە مەملەکەتێکی دوور لەویتر دەژی، هەردووکیان لە شەوێکدا تووشی حاڵەتێکی خەوئامێز دێن و لەو حاڵەتە  یەکتری دەبینن، لێرەدا مەم لە جیهانی عەقڵی خۆیدا زین وەک ئایدیاڵێکی عەقڵی ناو عەقڵی خۆی دەبینێ،ئەم بینینە بینینێکی هەستەکی و واقیعی نییە، چونکە بە هەستی بینین و لەناو بینراوەکاندا زەینی نەبووەتەوە لەناو خۆیدا بینیویەتی.کاتێک مەم،زین وەک ئایدیاڵێک لەناو جیهانی عەقڵدا دەبینێت،تووشی عەشق دەبێت و بینینەوەی ئەو ئایدیاڵە لە واقیعدا دەبێتە تاکە ئامانجی ئەو و ئەوەی کە پێش ئەم حاڵەتە لە لای ئەو خەون و ئامانج بووە،بەهۆی بینینی ئەم ئایدیاڵەوە فەرامۆش دەکرێت و بیردەچێتەوە.لاپەڕەیەک دواتر باسەکە لەم چەند دێڕەدا چڕ دەکاتەوە و دەنووسێ : حاڵەتی عەشق ئەو حاڵەتەیە کە ئیرادە چالاک دەکات بۆ ئەوەی جەستە ئاراستە بکات بەرەو وەدیهێنانی ئایدیاڵێکی عەقڵی لەواقیعدا،ئەو تاکەکەسانەی وەک مەم  لە خۆیاندا پەی بە ئامانجە ناوەکییە عەقڵییەکەی ناو خۆیان دەبەن لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت ئەو ئامانجەی کە هەیانە ئامانجێکی تاکەکەسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئامانجی هەمەکی میللەتەوە نییە. بەڵام ئەحمەدی خانی،زۆر بە وردی هۆشیارە بەوەی کە ئەوەی لە مەمدا وەک ئامانجێکی تاکەکەسی خۆی دەنوێنێ لە پشتییەوە ئامانجێکی کۆیی هەیە کە وەدیهاتنی ئایدیاڵی نەتەوەیە لە عەقڵی کۆیی میللەتدا لە هیولایەکدا کە جەستەیەکی سیاسییە و پیی دەوترێت دەوڵەت".٢٢٧ـ٢٢٨

نووسەر پرسیارێکی لۆژیکی قووت دەکاتەوە و دەپرسێ، چۆن لە ڕێگای ئامانجی تاکە کەسێکی وەک مەم. لەم حیکایەتەدا، ئامانجی کۆیی وەک ئەو ئامانجە پەنهانە، کە ئەحمەدی خانی لە مەم و زیندا دەیخاتەڕوو، ئەنجام دەدرێ؟. د.عرفان بە وتەیەکی هیگڵ، وەڵامی پرسیارەکەی خۆی دەداتەوە.

 "لێرەدا هیگڵ ئەوە رووندەکاتەوە ئەوەی عەقڵی و وێنەییە،ئەوە توخمە کرۆکی و راستەقینەکەیە و عەقڵ لەناو تاکەکاندا ئەو ئامانجە کۆییەی خۆی کە وەدیهاتنی رۆحی نەتەوەیی میللەتێکە لەناو دەوڵەتدا لە شێوەی ئامانجێکی تاکەکەسی و راگوزەردا بۆ تاکەکانی ناو ئەو میللەتە دەینوێنێ و ئەوانیش وەک ئامانجێکی تاکەکەسی دەیبیننەوە و عەشقی وەدیهاتنی دەکەوێتە سەریان و بەرەو وەدیهێنانی ئاراستەیان دەکات"٢٢٨ ـ٢٢٩

لە درێژەی هەمان بابەتدا، دەنووسێ:

 " بۆ روونکردنەوەی ئەمە دەکرێت نموونەی خوڵقانی دەوڵەتی عەقڵ بهێنینەوە،لەم جۆرە دەوڵەتەدا(دەوڵەت بە دامەزرانێکی تۆکمە دادەمەزرێت و لەرووی ناوەکییەوە بەهێز دەبێت،گەر بەرژەوەندی تایبەتی هاوڵاتیان لەگەڵ بەرژەوەندنی گشتی دەوڵەتدا ببنەوە بە یەک، بە شێوەیەک هەر یەک لەوان تێربوونی خۆیی و وەدیهاتنە کردەییەکەی لەویتریاندا ببینێتەوە، ئەم مەسەلەیە لە خۆیدا گرنگییەکی زۆری دەبێت،بەڵام هەر دەبێت زۆرێک لە دامەزراوەی ناو دەوڵەت بکەونە سەرپێ،هەر دەبێت زۆرێک لە دامودەزگای سیاسی و هاوڕێ لەگەڵیاندا کۆمەڵە رێکخستنێکی سیاسی گونجاو دابمەزرێن. ئەمەش کۆمەڵە ململانێیەکی درێژخایەن لە عەقڵ دەخوازێت،تا ئەو رێکخستنە ساز و گونجاو و راستەقینانە بدۆزرێنەوە،هەر وەک چۆن ئەوەش دەخوازێت کە جۆرەها ناکۆکی لەگەڵ بەرژەوەندی و هەڵچوونە بەشەکییەکان بوورووژێنێ، ئەمەی دواییان رەگداکوتانێکی زەحمەت و بەرەنجی دەوێت تا لە کۆتاییدا سازییە دامەزراوەکە وەدی بێت)".٢٢٩

ئەم دیدە، وزە لە سەرچاوەکەی خۆی، کە ئایدیاڵە عەقڵییەکەیە وەردەگرێ، عەقڵ ڕەشمەی ئیرادەی بە دەستەوەیە و نابێ ئیرادە بچێتە دەرەوەی کۆنترۆلی عەقڵەوە، دەنا رەنگە کارەسات بخوڵقێ. بە کورتی کار و کردەوەی مرۆڤ، ئیرادەی گەرەکە و ئیرادەش پێویستی بە سەرچاوەی وزە هەیە.

هیگڵ ئەم سەرچاوەیە بە هەڵچوونە ناوەکییەکان ناو دەبات.  بۆ نەخشاندنی تابلۆکە و چوارچێوە بەندکردنی، باس لە ئەنجامدانی ئەو بزاڤ و چالاکییانەی نەتەوە و تاکەکانی دەکات، کە دەبنە هاوکار و یارمەتیدەرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتییەکان. هاوکات کار و کردەکان، دەستاوێژ و ئامراز و هۆکارێکن بۆ گەیشتن بە ئامانج و دەستکەوتی گەورەتر. بەم شێوەیە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، هەر ئەقڵ حوکمی جیهان دەکات و دواتریش حوکمی مێژووی جیهانیش دەکا. ئەقڵیش، لە مرۆڤدا بەرجەستە بووە، واتە بە دیوەکەی تردا، هەر مرۆڤ پاڵەوانی سەر شانۆی جیهانە. جارێکی تر، بۆ روونکردنەوەی مەبەست، نووسەر لای خانی  دەمێنێتەوە و دواتریش دەنووسێ:

 " مەم لە داستانی (مەمی ئالان)دا، تاکە کەسێکە شوێنی وەدیهاتن و بینینەوەی ئەوە دەکەوێت کە ئایدیاڵییە و وەک ئامانجێکی تاکەکەسی لە خۆیدا پەی پێ بردووە.لە (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانیدا،مەم نموونەی تاکە کەسی میللەتێکە کە وەدیهێنانی رۆحی نەتەوەیی خۆی کردووە بە ئامانج.خانی لەو ئامانجە دەدوێت کە عەقڵ یان رۆحی جیهان وەک ئامانجێکی کۆیی و وەک رۆحی نەتەوەیی نەتەوەیەک لەناو تاکەکانی ئەو میللەتەدا بە رەنگ و شێوەی جۆراو جۆر بەشەکی دەکاتەوە و ئامانجەکەی خۆی لەوان دەشارێتەوە.ئەوان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە باڵاکەی خۆیدا بەرەو ئامانجە بەشەکی و کەسییەکەی خۆیان ئاڕاستە دەکات...رۆحی  نەتەوەیی کورد عەقڵ وەک ئامانجێکی خۆی لەناو تاکەکانی میللەتێکدا بەشەکی دەکاتەوە،کە مەم نموونەیەکە لەو تاکە کەسانە. خانی لە ڕێگەی مەمەوە ئەو رازە کۆییە ئاشکرا دەکات،کە رازی وەدیهاتنی رۆحی نەتەوەیی میللەتێکی لەو جۆرەیە لەناو دەوڵەتدا.رۆحی نەتەوەیی کوردبۆ وەدیهاتنی پێویستی بە توخمی دووەمە،کە کاروکردەوەی کۆمەڵە تاکێکە کە ئایدیاڵێکی عەقڵی وەک ئەو ئایدیاڵەی کە مەم لە داستانی (مەمی ئالان)دا پەی پێدەبات،وەدی بهێنن و شێوەگیری بکەن.رۆحی نەتەوە لە ڕێگەی ئەو عیشقەوە خۆی لەو کاروکردەوانەدا شێوەگیر دەکات،کە هی ئەو کەسەن عاشقی ئایدیاڵێکی لەو جۆرەیە. ئایدیاڵ و عیشق و ئیرادەی ناو ئەو تاکەنەی میللەت،هۆکاری وەدیهاتنی شێوەگیربوونی رۆحی نەتەوەیە لەناو دەوڵەتدا"٢٣٠

بە پوختی دەتوانین، هاوکێشەکە بەم جۆرە دابڕێژین: کاروکردەی مرۆڤ، پێویستی بەویست و خواست/ ئیرادەیە، ئیرادەش سەرچاوەی وزە دەخوازێ. بە کورتی و کرمانجی قسە لێرەدا لەسەر چالاکی زیندووانەی میللەت و تاکە کەسەکانێتی، لێرە و لەوێ، دەرکەوت دەکەن. بابەتەکەش لە جەوهەردا بریتییە لەوەی ئەو بیروباوەڕە، کە عەقڵ حوکمی جیهان دەکات و دواتریش حوکمی مێژووی جیهانیش دەکات. ئەمە ناوەڕۆکی بۆچوونەکەی نووسەرە، لەسەر ئەم خاڵە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە