سەوداکردن بە سەربەخۆیی و دەوڵەتەوە دوا بێڕێزییە بە میللەت بکرێت، بایکۆت!

Monday, 18/09/2017, 8:13

5133 بینراوە


(بایکۆتی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنەکان، تا هه‌بوونی سیستێمێکی باوه‌ڕپێکراو)
-------------------------------------
-هیچ گەلێک چارەنوسی خۆی ناداتە دەست "چی دەبێت با ببێت" مەڕمیللەت نەبێت.
- ئەگەر ریفراندۆم بۆ هه‌زارو یه‌ک مه‌به‌ست بێت دووان له‌وانە سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت نین.
- بە نەخێرو بە بەخێر هاوڵاتی ملکەچیی تازە دەکاتەوە بۆ دەستەڵات.
- دەنگدان کاتێک رەوایە ئەگەر ریفراندۆم بۆ دەوڵەت نەبوو جەماوەر بتوانێت هەموو ئامرازێک بەکاربهێنێت بۆ لابردنی دەستەڵات.
---------------------------
(بایکۆتی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنەکان، تا هه‌بوونی سیستێمێکی باوه‌ڕپێکراو)

هاوڵاتیانی وڵاتپارێز!
حەرامە نەک بۆ سەربەخۆیی گەلی خۆمان بەڵکو بۆ سەربەخۆیی هەر گەلێکی تریش مرۆڤ بڵێت نەخێر! ئەوەی کە مرۆڤ لە جیهاندا گیان و سامانی لە پێناودا داناوەوە دادەنێت سەربەخۆیی گەل و رزگاریی نیشتیمانە. ئەم دووانە ناگۆڕدرێنەوە بە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە. هیچ بەهایەکی تر قەرەبووی بەهای سەربەخۆیی و بەهای خاکی نیشتیمان ناکاتەوە. چونکە هەموو بەهاکانی تر لە دوای بەهای ئازادیی و بەهای خاکی نیشتیمانەوە دەست پێ دەکەن. ئەم دوو بەهایە ئەو زەوییەن کە کۆمەڵگایان لەسەر بونیاد دەنرێت. هەر خوارییەک بکەوێتە سەربەخۆیی و رزگاریی نیشتیمانەوە بە ژیانی هەموومانەوە دیارە. وازهێنان لەو دوو بەهایە لە لایەن هەر دەستەڵاتێکەوە، دەبێت هەر فرۆشتنیان و ناپاکیی بێت لە خاک و خەڵک.
هاوڵاتیانی بێ ماف!
دەستەڵاتی پارتەکانی باشور لە دروستکردنەوەی عێراقدا لە ژێر پەردەی ماددەی (١٤٠)دا وازیان لە نیوەی خاکی باشور هێنا. جگە لە پۆست و پارەی روت، لە جیاتی ئەوە سێ شاری کوردستانیان وەرگرت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تیا دامەزراند. وەکو لای هەموو لایەک رونە لە دوای ساڵی (١٩٩١)ەوە ئەم ناوچەی هەرێمە بووە بە دەستکەوت و نێچیری دەستەڵاتی پارتەکان. گەلی باشوریش بە درێژایی مێژووی پارتەکان بێ مەرج ملکەچییان بۆ تازە کردونەتەوە. دەستەڵاتی پارتەکان هەر تاوانێکیان کردبێت و هەر کارەساتێکیان هێنا بێت بە سەر خەڵکدا هیچ نەکەوتووە لەسەریان. چونکە مەڕمیللەت ئەو مافەی نەداوە بە خۆی کە دەستەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوەو سنورێکی بۆ دابنێت. ئەم بێمافییەی میللەت وای کردووە کە دەستەڵاتی پارتەکان لە سەر حسابی میللەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ بێگانە بێ ترس هەموو بڕیارێک بدەن. بێ سڵەمینەوە هەموو دەستدرێژییەک بکەن، دەستدرێژیی سیاسیی، دەستدرێژیی ئابوریی، دەستدرێژیی کولتوریی، دەستدرێژیی کۆمەڵایەتیی و رەوشتیی.
هاوڵاتیانی هوشیار!
تەنها گەرەنتییه‌ک بۆ سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەت بونیادی گەل خۆیەتی. ئەم بونیادەش تەنها لە رێگای دەستەڵاتێکی پیسخۆر لە گەلەکە خۆیەوە هەڵدەوەشێت. وەکو لای هەمووتان رونە کە تاڵانیی دەستەڵاتی پارتەکان کۆمەڵگای باشوری توشی هەڵوەشان کردوەو خستویەتە قەیرانێکی سەختەوە. بە جۆرێک کە مەترسیی دارەمەت، کەرامەت و ئاساییش لەودیو دەرگای هەر یەکێکەوە راوەستاوە. شانبەشانی وازهێنان لە خاکی نیشتیمان پارتەکان هەموو ئەو بونیادانەیان لە ژێر ناوی "گەندەڵیی"دا هەڵوەشاند کە سەربەخۆیی و دەوڵەتیان پێ دروست دەکرێن. دەستەڵاتدارەکان خۆیان بۆ ئەوە هەن کە کورد ژێردەستە بێت و دەوڵەتی نەبێت.
هاوڵاتیانی جوامێر!
سەرگردەکانی باشوری کوردستان بە درێژایی مێژوویان بە ناوی کوردایەتیی و جۆرەها ئایدۆلۆجیی باوی ترەوە جەماوەری کوردیان بە کوشت داوە. بەڵام لە کردەوەدا دەرکەوتووە کە دەوڵەتانی ناوچەکەو دونیا لە رێگای ئەوانەوە پرسی کوردیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار هێناوە. هەر کاتێکیش ئیشیان بە جوڵانەوەی کورد نەمابێت ئیتر جوڵانەوەکە سیاسەتێکی کوردیی نەبووە پێی بەردەوام بێت، ئاشبەتاڵی لێ کردووە. ئەمەش بە کارەسات و ماڵوێرانیی شکاوەتەوە بە سەر گەلی کورددا.
جوڵاندنی داشی ریفراندۆم وەکو مەترسییەک بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، بۆ نمونە لە لایەن تورکیاوە، ناچارکردنی ئەو وڵاتانەیە بکەونە خۆیان بۆ گەلەکۆمەکێ بۆ لێدانی کورد. ساڵی (١٩٧٤)یش دەستەڵاتی کورد بە فیتی ئێران بە قسە شەڕی کردەوە لەسەر کەرکوک بەڵام ئێران و عێراق رێکەوتن لەسەر پرسی کورد و کورد نەک کەرکوک هەموو کوردستانی دانا.
لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای باشور بۆ گیرفانی بازرگانەکانی جەنگ لە قەیراندا نوقوم بووە، دوا شت مابێت سەرگردەکان سەری خەڵکی پێ بخەنە ناو تورەکەوە هەستی سەربەخۆیی و خواستی دەوڵەتی کوردییە. بەم دوانەش دەیانەوێت هەستی گەلی کورد بجوڵێنن و جوڵانەوەی هاوڵاتیان وەکو کارتێک بۆ مەبەستی خۆیان بەکار بهێنن. قەباعەتەکانیان و تاوانەکانیان کە نزیک بوونەتەوە قورتمیان بگرن، بکەنە پاکەتی سەربەخۆیی و دەوڵەتەوە. ئەندام و سودمەندەکانیان کە بۆ هەموو تاوانێک و لادانێکیان خۆیان مت دەکەن ئێستا بە بۆیاخی نەتەوەییەوە خۆیان دەربخەن و رایان بگرن. 
هاوڵاتیانی بە ویژدان!
لای هەموو لایەک رونە ئەم رەوشەی باشور کە لە رێگای سەرگردەی پارتەکانەوە ئامادە کراوە نە سەربەخۆیی لێ دەکەوێتەوە نە دەوڵەتی پێ دروست دەکرێت. ریفراندۆم بۆ بەکارهێنانی "هەستی سەربەخۆیی" و "خواستی دەوڵەت" بۆ مەبەستی تر، گەورەترین بێڕێزین کە بە خەڵک بکرێن. بێڕێزییەک کە خەڵک خۆی لە رێگای تازەکردنەوەی ملکەچییەوە دایناوە بۆ خۆی که‌ دەستەڵات پێی ببڕێت. گەلێک لە رێگای مەرج لە سەر دەستەڵاتەوە نرخ و رێز بۆ خۆی دادەنێت. جان جاک رۆسۆ وتەنی: "هەر گەلێک بێ مەرج خۆی بخاتە دەستی هەر دەستەڵاتێکەوە، هیچ نرخێک لەباتی وەرناگرێت." بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان و ریفراندۆمدا بە بێ مەرجی میللەت مافی رەهای داوە بە دەستەڵاتی باڵا. بۆیە دەستەڵاتی باڵا هەموو هەقێکی لایە مەڕمیللەت چۆن بەکاربهێنێت. هەقی خۆیەتی ریفراندۆمیان پێ بکات یان لە پڕێکدا پەشیمان ببێتەوەو نەیکات. هەقی خۆیەتی ئەنجامی ریفراندۆم چۆن و بۆ چی بەکاربهێنێت. بۆ سەرگردەکان گرنگ نییە مرۆڤ دەنگ بدات بە نەخێر یان بە بەخێر. ئەنجامی دەنگدان خۆیان بڕیاری لێ دەدەن. بۆ ئەوان گرنگ ئەوەیە جەماوەر روو بکەنە سندوقەکان و ملکەچیی خۆیان تازە بکەنەوە بۆ سەرگردەکان. مەڕمیللەت بۆ دەستەڵاتی رەها هەیە. مافی نەداوە بە خۆی لە دەرەوەی دەستەڵات بۆ خۆی هەبێت. بۆیە ئاساییە ویست و بەرژەوەندیی دەستەڵاتی رەها ویست و چارەنوسی مەڕمیللەتیش بێت هەرچەندە لەسەری بێ موچە، زەلیل و بێ داهاتووش بێت. ئاساییە تاوان و لادانێک دەستەڵاتی رەها بیکات مەڕمیللەت بچێتە ژێرباری و ئاکامەکەی هەڵبگرێت. ئاساییە دەستەڵاتی رەها گەمە بە بوون و داهاتووی خەڵکەوە بکات. وەکو زار هەڵیان بدات "چی دەبێت با ببێت".
هاوڵاتیانی خەمخۆر!
کۆمه‌ڵگا ده‌سته‌ڵات له‌ خۆی دروست ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی بیپارێزێت و بیبات به‌ڕیووه‌. ده‌سته‌ڵاتێک له‌م دوو ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کییه‌ لابدات ره‌وایی حوکمکردنی نامێنێت. لادان و ناڕه‌وایی ده‌سته‌ڵاتی پارته‌کانی هه‌رێم لای هه‌موو لایه‌ک به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌. بۆیه‌ ئه‌رکی سه‌ر شانی هاوڵاتیانه‌ سنور بۆ ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ناڕه‌وایە دابنێن. به‌شداریکردن له‌ ریفراندۆم و هەڵبژاردنەکاندا به‌ بێ مه‌رج هه‌قدانه‌ به‌و هه‌موو قه‌یران و پیسخۆرییه‌ی که‌ کراوه‌. سه‌رپشکردنی ده‌سته‌ڵاته‌ بۆ سه‌وداکردن به‌ خاک و خه‌ڵکه‌وه‌. به‌شداریکردن له‌ ریفراندۆمدا کاتێک ره‌وایه‌ که‌ رێکه‌وتنێک له‌ نێوان ده‌سته‌ڵات و به‌ره‌ی خه‌ڵکدا هه‌بێت. رێکه‌وتنێک که‌ هه‌ر کاتێک ده‌سته‌ڵات ریفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت نه‌بوو میلله‌ت مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌موو ئامرازێک به‌کاربهێنێت بۆ لابردنی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هیچ رێکه‌وتنێکی له‌م جۆره‌ش له‌ ئارادا نییه، ده‌سته‌ڵات بێ مه‌رج به‌ ئاره‌زوی خۆی بڕیار ده‌دات، ئه‌وا ئه‌رکی نیشتیمانیی هه‌ر هاوڵاتییەکی وڵاتپارێزە که‌ بایکۆتی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات. بایکۆتی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنه‌کان ‌تا ئه‌و کاته‌ی که‌ سیستێمێکی متمانه‌پێکراو دێته‌ پێشه‌وه‌. سیستێمێکی هه‌ڵبژاردن که‌ گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ بکات ده‌نگدان بۆ به‌شداریی هاوڵاتی بێت له‌ بڕیاردا نه‌ک بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی ملکه‌چیی بۆ ده‌سته‌ڵاتی ژماره‌یه‌ک بازرگانی جه‌نگ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە