بەلێ بۆ بايكۆتى ريفراندۆم وهەلَبژارنەکان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناڕەوادا

Monday, 18/09/2017, 10:55

3896 بینراوە


(بایکۆتی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنەکان
تا هه‌بوونی سیستێمێکی باوه‌ڕپێکراو)

بەلێ بۆ بايكۆتى ريفراندۆم وهەلَبژارنەکان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناڕەوادا

سەربەخۆبونى ميللەت پيرۆزە كەس ناتوانێت نكۆڵیی لێ بكات
بێ بنەما بە راستیان بێت بڕیارێکی خۆکۆژییە
پێویستە نەکەونە تەڵەی بەڵێ و نەخێرەوە!
بەسە ملكەچیى! خۆمان نەچەمێينەوە كەس ناتوانێت سوارى ملمان بێت!
د. شۆرش حەسەن
----------------------------------
دواى رزگاربونى خەلَكى كوردستانى باشور لە دەست زوڵم  و زۆرى بەعس ساڵى 1991، هيواكان زۆر بون بۆ بنياتنانى دەسەڵاتێكى خۆمالَیى، لە سايەیدا پرەنسيپى هاولاَتيبون و يەكسانیى دەستەبەر بكرێت بۆ تاكەكانى نێو چوارچێوەى ئەو كيانەى ناوى هەرێمى كوردستانى بەسەردا دابڕا. بەڵام بە پێچەوانەوە پارتە دەسەڵاتدارەكانى هەرێمى كوردستان بەتايبەتى پارتى و يەكێى خراپترين مۆدێلى حوكمڕانيان پێشكەش كردين. چ لەسەر ئاستى ناوخۆ و بنياتنانەوەى هەرێم لە رووى ئابوریى، كۆمەلاَيەتیى، سياسیى، سەربازیی و فەرهەنگيەوە چ لە رووی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتى عێراقدا پێش رووخانى رژێم و دوای روخانیشی ساڵی 2003  تا ئێستاش. هەروەها لە سەر ئاستى پەيوەندىی هەرێم بە وڵاتانى دراوسێ و جيهانەوە. بە شێوەيەک ئێستا ئەنجامى  بيست وشەش ساڵ حوكمڕانیى شكستخواردوو ئەو هەرێمەى گەياندۆتە ئاقارێكى ترسناک و مەرگەسات، لە هەموو ئەو رووانەى ئاماژەمان پێدان.
     ئەمرۆ پەرتەوازەيى، دوبەرەکیی و ناكۆكیى سياسیى، داڕمانى ئابوریی،  كۆمەڵايەتیی و فەرهەنگیى باڵیان کێشاوە بە سەر ژيانى ئەو هەرێمەدا. بە شێوەيەک قەيرانەكان هەڕەشەى گەورەن بۆ ژيانى خەڵكەكەى. ئەو دەسەڵاتەش تواناى روبەڕوبونەوەيانى نيیە. ياخود هەر لە راستییدا نايەوێت روبەڕويان بێتەوە چونكە کردەى بەرنامەى خۆيانن و بە مەبەست دروستکراون. 
    لە وەها بارودۆخێكى ناهەمواردا، باسى جيابونەوەى هەرێم لە دەولَەتى عێراق و دامەزراندنى دەولَەتێكى سەربەخۆ، بەبێ بوونى بنەمايەكى گونجاوى سەرباریی، بە بێ بوونی  بنەمايەكى تۆكمەى ياسايى كە بۆ ئەو هەنگاوە پشتى پێ ببەسترێت، لە رێگاى ئەنجامدانى ريفراندۆمەوە بە بريارێكى سەرەڕۆى چەند پارتێک، بڕيارێكى خۆكوژیيە ئەگەر راستیی تيادابێت. ئەگينا تەنها بۆ هەندێک مەرامى تەسكى حيزبیی وخۆڵكردنە چاوى خەلَكە.
بۆيە هەلَوێستگرتن لەو کێشەیە كارێكى ئاسان نيیە. بەداخەوە ئەمڕۆ لە سايەيدا زۆربەى خەلَكى كوردستان بە سەر بەرەى بەڵێ و نەخێردا بەشكراون. هەردوكيان هەلَبژاردەى تالَن و دەبێت خەڵک هوشيار بێت نەكەوێتە تەڵەى هيچيانەوە. 
     دەربارەى بەرەى نەخێر باوەڕ ناكەم كەسێک هەبێت خاوەنى بيروبۆچونى ئازاد بێت و باوەڕى بە دەستەبەركردنى مافەكانى مرۆڤ نەبێت. لە نێويشياندا مافى چارەى خۆنوسينى گەلان بەتايبەتیى بۆ گەل و رەگەزى خۆى. سەربەخۆبونى ميللەتان بيرۆكەيەكى پيرۆزەو كەس ناتوانێت نكۆڵیی لێ بكات و وەک گوتمان ئەگەر ئەو ميللەتەش كورد بێت كە تا ئێستا خاوەنى كيانێكى سەربەخۆ نیيەو وەك ميللەتێكى ژێردەستە خۆى و خاكەكەى لكێنراوە بە چەند دەوڵەتێكى رەگەزپەرستى ناديموكراتەوە. بۆيە ناکرێت كەسێكى خاوەن هەست و بيرى نەتەوايەتىی بتوانێت لە ئاست پرسێكى وادا بە نەخێر وەڵام بداتەوە.
     بەرەى (بەلَێ) یش بەو كارتەى فڕێی داوەتە گۆرەپانەكەوە  لە ژێر سايەى ئەو بارودۆخەى ئاماژەمان پێ دا ناتوانێت زۆرىەی خەلَكى كوردستان رازی بکات. چونكە رابەرى ئەو بەرەيە دواى زياتر لە چارەكە سەدەیەک حوكمڕانیى نەيتوانيووە لانى كەمى بنەما پێويستيیەكانى ئەو هەنگاوە دەستەبەر بكات. لە پێشكەشكردنى حوكمرانيیەكى ديموكرات وشەفاف، جێگيركردنى پرنسيپى هاوڵاتيبون و يەكسانیى بە شێوەيەک کە متمانەو ئيرادە لاى  تاكى كورد بەهێز بكات، دۆخێكى ئابوریى، كۆمەلاَيەتىی، ديپلۆماسیى و سەربازیى  بێنێتە كايەوە، لە سايەيدا تاكى كوردستان دەست بە پيرۆزيیەكانى وڵاتەكەيەوە بگرێت و قوربانیى لە پێناویدا بدات، ميللەت بە گشتىی تواناى روبەڕوبونەوەى هەڕەشەو مەترسیيەكانى دەرهاويشتەى ئەو هەنگاوەى هەبێت. ئەوە لە كاتێكدا ماوەى دوو سالَە خەڵک خراوەتە ناو قەيرانێكى دارايى سەختەوە، كە دەرئەنجامى مەترسيدارى لێكەوتۆتەوە وهەڕەشەيەكى گەورەيە لە سەر ژيان وگوزەرانى خەڵک. سەرەڕاى هەموو ئەمانەش ئەو حوكمڕانییە لە راستییدا بەهايەكى بۆ دەنگ و ئيرادەى تاكى كورد نەهێشتۆتەوە تا خەڵک باوەڕى بە پرۆسەى ريفراندۆم وهەلَبژاردن هەبێت، وەک رێگايەک بۆ دەربڕينى ئيرادەى خەڵک بەو پێيەى خەڵک سەرچاوەى دەسەلاَتە. چونكە ئەزمونى ئەو حوكمڕانيیە سەلماندويەتى كە حيزب و بنەمالَەكان ئەمڕۆ خاوەنى دەسەلاَتى راستەقينەن نەک گەلَ كە لە هەموو ئيرادەو دەسەلاَتێک دامالَراوە. بۆيە  لەو حالەتەدا دەنگدان بە "بەلَێ"ش بۆ ريفراندۆم هيچ دەرەنجامێكى قانونیی و سياسیى لێ ناكەوێتەوەو خەڵک ناگەيەنێتە كەنارى ئارام وهێنانەدى ئاواتەكانى لە سەرخۆبون ودامەزراندنى دەوڵەتى خۆماڵیى.
    لە كۆتاييدا جارێكى تر جەخت لە سەر پێويستیى هوشياربونەوەى خەڵک دەكەينەوە، تا هوشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكەن و بزانن ئەجيندای پشتى (بەلَى و نەخێر) دوورە  لە بەرژەوەندى گشتيیەوە. بۆيە  باشترين بژار لە بەردەمى ميللەت بۆ لێرەودوا، ئەوەيە بايكۆتى هەموو راپرسى و هەلَبژاردنێک بكەن کە لە ژێر سايەى ئيرادەى حيزب و كۆمسيۆنى حيزبیى ئەنجام بدرێت بەدەر لە هەمو ئيعتبارێک بۆ دەنگ و ئيرادەى خەڵک. ئەزمونى تەواوى هەلَبژاردنەكانى هەرێم لە سالَى (1992)ەوە تا ئێستا سەلمێنەرى ئەو راستیيەن. فەرمون سەيرى بەناو پەرلەمانى كوردستان بكەن چۆن وەك چايخانەيەک بە ويست و ئيرادەى حيزب دادەخرێت و دەكرێتەوە وەک ديارترين و نزيكترين نمونە!  بۆيە كاتى ئەوە هاتوە ميللەت كارتى فشارو سزاى خۆى بەكاربێنێت دژى ملهوڕیى و بێباكیى ئەو دەسەلاَتەى كە زۆر دوورە  لەوەى بە هيچ شێوەيەک گوزارشت لە خواست وئيرادەى بكات، بە بايكۆتكردنى ميللەتيش لانى كەم گەر نەتوانين جێ بەو دەسەلاَتە لەق بكەين و كۆتايى بەو دۆخە بهێنين، بێگومان دەتوانرێت رەوایى بخرێتە ژير پرسيارەوە. بەڵام دوبارە بەشداريكردنى خەڵک لەو پرۆسانە نوێكردنەوەى پەيمان وبەيعەتە بۆ ئەو دەسەلاَتەى جێگاى رەخنەى زۆرينەى هاوڵاتيیانە بە ئەندامانى دەسەلاَتەكە خۆشيیەوە كە  لە زۆر بۆنەدا نەيان شاردۆتەوەو ئاشكرا باسيان كردووە. ئيتر بەسيەتى ملكەچیى وبێ ئيرادەيى! دلَنيابن تا خۆمان نەچەمێينەوە كەس ناتوانێت سوارى ملمان بێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە