بایکۆتی ریفراندۆم وەلامێکی دروستە بۆ پارتیی و پلانی لەشکرکێشی تورکیا

Monday, 18/09/2017, 19:06

4517 بینراوە


• ئەگەر نووسەر و  رووناکبیر چاوساغ و رێپیشاندەری گەلانی خۆیان بن، ئەوا کورد نابینا و کوێرە، بۆیە پارتەکانی باشوور گۆچانیان داوەتە دەست ئەو خەڵکە و بەرەو هەڵدێری دەبەن.
------------------------------
• گەمەی ریفراندۆم، پلانی ئاکەپە و پارتییە، دەیانەوێت وەکو سوریا لەو رێگایەوە باشوور بکەنە گۆڕەپانی شەڕی درێژخایەنی نێوان داگیرکەرانی کوردستان، تا لەو نێوەندەدا کورد زیاتر زیانی لێبکەوێت، وەک نەتەوە ناسنامەی خۆی لێبسەندرێتەوە. ئەم ریفراندۆمە زەردەی پارتیی کە بانگەشەی بۆ دەکات، تێرمێکی ماتماتیک نییە، تا بە زەحمەت شینەکرێتەوە. مەتەڵێکی قورس نییە کەس لێی تێنەگات. گەمەکە بەئاسانی دەبینرێت، کە کێن ئەوانەی لەمەبەر و ئەوبەری گۆڕەپانەکە وەستاوون و خۆیان ئامادەکردووە. سەرەتا ئێمە دەتوانین لەوێوە دەستپێبکەین، ببینین کە چۆن بەشێک لە باشووری وڵات لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە، ئەو بەشەش (مەسعود پاشا)ی والی تورکیا بەڕێوەی دەبات. کۆنتڕۆڵکردنی ئیرادە و عەقڵی مەسعود بارزانی بەدەست خۆی نییە. هەرچەندە ئەو سەرۆکی زۆر شتە، تەنیا عەقڵی خۆی نەبێت. لێرەشەوە دەتوانیین قسە لەسەر ئەم رۆبۆتەی تورکیا و تەواویی دەسەڵاتی باشوور بکەین، بڵێین دەسەڵاتی ئەمڕۆی باشووری کوردستان، دەسەڵاتی حکومەتی تورکیایە، ئەو ریفراندۆمەش پرۆژەیەکی تورکیە.
• ئەوەی عەقڵیەتی تورک و مێژووەکەی بخوێنێتەوە دەزانێت دەوڵەتی تورک، نەک لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی نییە، بەڵکو رێگر و بەربەستیشە بۆ هەموو جۆرە ئازادییەک کە کورد بەدەستی بهێنێت، تەنانەت ستراتیژی تورک نەک تەنیا لە کوردستاندا، بەڵکو لەناوبردنی گەلی کوردە لە هەموو جیهاندا، بۆیە لە رێگای مەسعود بارزانی والی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەمە دەکات، وا بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک دەچێت توانیوێتی بێتە ناو باشوور و سەرەتا بەناوی یارمەتی خێرخوازیی، توانی کۆمەڵێک رێکخراوی سیاسیی و دەزگای موخابەراتی تیابچێنێت، رێکخراوی ئیسلامی سیاسیی دروستکرد (نمونەی یەکگرتووی ئیسلامی) لەو رێگایانەوە دەستی بەسەر ئیرادەی بەرپرسەکانی باشووردا گرت، توانی بە زمانی تورکی، کردنەوەی زانکۆ و قوتابخانەی تورکی داگیرمان بکات، زۆر کەسی راهێنا و ئاشنا و کەویی کردن بۆ کەلتوری تورکی، ئەویش لە رێگای گۆرانی و زنجیرە تورکییەکانەوە هاتە ناو خێزانەی کوردەوە، دەرگای سنوری بۆ هاتوچۆ و گەشتی هاوڵاتیان کردەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسییەکانی تۆکمەتر کرد، تورکیا نەک بە پۆستاڵی سەربازەکان، وا بیست و حەوت ساڵە لە زۆر شوێنەوە باشووری داگیر کردووە، زۆر لە روناکبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسیی بوونەتە میت، ژمارەیان لە هەڵکشاندایە، وەک سیخوڕ و تورکێک پەروەردە کراون وەک میتێک راهێنانیان پێدەکرێت.
• زیاتر لە هەشتا ساڵە قوتابخانەی ئەتاتورک ئەندامەکانی خۆی لە تورکیا رادەهێنێت، کە هەر لە منداڵییەوە کاتێک چاودەتروکێنن، فێریان دەکەن چۆن رقیان لە کورد بێت. کورد وەک مۆتەکە دەبینن لەبەردەم خەونی بەدیهێنان و زیندوکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، پەروەردەی تاکی تورک بەهۆی سیستەمی کەمالیزمەوە، وا دەرس دادەدرێن، کە دەبێت هەموو تورکێک رقی لە کورد بێت، کورد وەک مرۆڤ نابینن، نایەوێ گوێبیستی یەکێک بن کە بە زمانی کوردی قسە دەکات، بێتاقەت دەبن.  ئەو رق و کینەیە لای ئۆردوغان هێندە خەست بۆتەوە، ئەگەر بۆیان بکرێت دژی هەموو مرۆڤایەتیی دەجەنگن، لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئۆردوغان گەواهی ئەو راستییە و بەڵگەی زیندوی ئەم سەردەمەن، قوتابخانەی کەمال- ئۆردوگانیزم وا فێریان دەکەن، تورک گەلێکی مەزنە چۆن لە رابردوو تا دەرگاکانی ڤییەنا رۆیشتن، دەبێت ئەو هێزە پەیدابکەنەوە و هەموو مرۆڤایەتیی دەبێت زمانی تورکی بزانن و تێیبگەن. زۆر لە تورکەکان وا فێر کراوون، کە هەندێکیان بۆ یەکەم جار دەچنە وڵاتێکی دەرەوە پێیان وایە  زمانی تورکی وەکو ئینگلیزی لە هەموو جیهاندا قسەی پێدەکرێت.
• داعش بەشێکە لە بەرهەمی عەقڵی تورکیی، دڵخۆشن کاتێک دەبینن داعشێک سەرێک لێدەکاتەوە، تورکەکان داهێنانیان لە سەربڕینی مرۆڤدا کردووە، ئەو رەفتارەی لەگەڵ دیل و لاشەی گەریلاکاندا دەیکەن شایەتی ئەوەن، کە دەمێکە رژێمی تورکیا کوردی بە سەرلێکراوەیی دەوێت، نەک بەسەربەرزیی، هەر بۆیە  لە کۆنیشەوە ئیسلام ئەمانی قبوڵ بووە، ئەمانیش ئیسلامیان قبوڵکردووە.  ریفراندۆم بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی نییە، بەڵکو خەون و دوا هەوڵ و دواهەناسەی ئۆردوغانە. بۆ بەدیهێنای ئەو خەونە و گەورەکردنی سنوری دەوڵەتەکەی، کورد دەکەنە ئامرازی ئەو گەمەیە و والی هەرێم مەسعودیش وارەکەیان بۆ وەردەگرێت. تورک دەیەوێت جارێکی دیکە رابەری ئیسلام بێت و  لاقی بەسەر هەموو دەولەتە ئیسلامییەکاندا رابکێشێت، مەسعود بارزانیش بەو ریفراندۆمە لاقی ئۆردوغان دەشێلێت و پێی ئاساییە کورد بکاتە قوربانی سیاسەتی کوردقڕان و کوردستان بکاتە گۆڕەپانی شەڕێکی گەورە، ئۆردوگان لە سوریا شکستی هێنا، دەیەوێت شەڕ لە سوریاوە بگوێزرێتەوە بۆ باشووری کوردستان، بۆیە مەسعود بازرانی دەفەرموێت: چی دەبێت با ببێت!
•  بۆچی والی پاشا (مەسعود بارزانی) ئەمەی دەیەوێت، کە دەیەوێت ببێت!؟
• من پێشتر پێناسەی دەسەڵاتی کوردیی و داعشم بەوە کردبوو، کە دەسەڵاتی کوردی مۆدێلێکی نوێی بەڕیوەبردنە، داگیرکەر وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیالی حوکمی نەتەوەیەکی بندەستی پێدەکات، بە بێ ئەوەی راستەوخۆ بۆ خۆی بچێتە ئەو شوێنەوە، سیخوڕ و خائینەکان بە وەکالەت بۆیان بەڕێوە دەبات.
• هەروەها لەسەر (داعش)یش نووسیبووم، کە داعش دوا قۆناغی تەواوکردنی سیستەمی دەسەڵاتی کوردییە لە باشور، ئامانجی لەناوبردنی کورد و تەواوکردنی ئەرکی دەسەڵاتی کوردییە. (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و لە شام)، نهێنیی ناولێهێنانی داعشە کە پەیوەندیی بەو دوو وڵاتەوە هەیە کوردیی تێدایە، ئەم پرۆژە ئیسلامییە بۆ لەناو بردنی کوردە، تورکیاش  بە ناوی ئیسلام و لە رێگای داعشەوە پێشڕەوی دەیکات، چونکە ئەمڕۆ خۆی ناتوانێت وەک ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان ژینۆسایدی کوردیش بکات.
• هەڵبەت  دوای تێکشکانی داعش لە ناوچەکە، ئەو پێناسەیەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت، چونکە بە پراکتیک جێبەجێکردنەکەی بۆ تورکیا و داگیرکەران و دەسەڵاتی کوردیی زەحمەت بوو، بە پراکتیزەکردنی ئەو ئەرکەی داعش وەک چاوەڕوان دەکرا نەهاتە دی، بۆیە ئیستا تورکیا بۆ خۆی دەیەوێت لە رێگای ئەو ریفراندۆمەوە بێتە مەیدان و دوا تەقەڵ لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە بدات.
• لە کۆتایی ئەم بەشەدا ئەوە دەڵێم کە بۆ رێگرتن لەو پلانەی تورکیا، کە بەناوی ریفراندۆمەوە دەیەوێت شەڕ بۆ باشوور بگوازیتەوە، چاکترین چارەسەر بایکۆتکردنی هەموو دەنگەکانە، دەنگدان بە (بەخێر) یان بە (نەخێر) وەک یەکە، تەنیا پارتیی و ئاکەپە دەیبەنەوە، چونکە ئەوان پێویستیان بە دروستبوونی قەرەباڵغییە لە دەوری سندوقی دەنگدان، ئەوەی دەیباتەوە تەنیا (بەڵێ)کەی مەسعود بارزانییە، ئەوەی پێی دەدۆڕێت تەنیا چۆڵکردنی شەقام و چواردەوری ئەو سندوقانەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە