سوریاتان بۆ وێران کرد؟

Wednesday, 20/09/2017, 22:25

2515 بینراوە


وێران کردنی سوریا پەڵەیەکی شەرمەزاریە بەنێو چاوانی سیستەمی سەرمایەداریەوە.
لەزمانی خودی میدیاکانی بۆرژوازیەتەوە زۆر بێ شەرمانە دەڵێن لەسەدا هەشاوپێنجی خەڵکی سوریا هەژار کەوتون و ئاوەدان کردنەوەی شوێنە وێران بوەکانیش پێویستی بەبڕی 900 ملیارد دۆلار هەیە. بەڵام نەئەو میدیایانەو نەخودی جەنگ هێنەرانیش ناڵێن بۆچی و لەپێناو چیدا،سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیەکمان وێران کرد! لەکاتێکدا ئەسەدو ڕژێمەکەی ئەسەدیان کرد بەهۆکاری هەڵگیرسانی جەنگە کاول کاریەکەیان،کەچی ئێستا بەئەمریکای پەیامهێنەری جەنگیشەوە ناخوازن ئەسەد لەسەر کار لاببەن. ئیتر وەحشیەت و دڕندایەتی ئەم سیستەمە قازانج پەرستیەی سەرمایەدارانو خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئاوایە، هێندە دڕندەن،کەبۆڕیان بەگشت دڕندایەتیەکی پێش خۆیان داوەتەوە.
کوشتاری ملیۆنی مرۆڤەکان لەماوەی ئەم چوار سەد ساڵەی تەمەنی ئەم سیستەمی سەرمایەداریەدا هێندەی کۆی کوشتاری هەردوو قۆناخی پێش ئەم سیستەمە دەبێت.کەچی هێشتا واخۆی نیشان دەدات کەدەوڵەتەکەی و دادگاو یاساکانی و پەرلەمانەکەی و زیندانەکانی لەپێناو بەرژەوەندیە گشتیەکانی گشت کۆمەڵگەدایە.لەکاتێکدا لەڕووی کرداریەوە کۆی ئەو چەمکانە تەنها لەپێناو مانەوەی هەیمەنەتی ئەم سیستەمەدا بەکار دەهێنرێت.
وێران کردنی شارەکان و جێگا مێژووییە شارستانیەکان لەوڵاتانی جەنگ گرتوی ڕۆژهەڵاتدا تادەگات بەئاوارە بوون و کوشتنی ملیۆنان لەمرۆڤە سیڤیلەکان و کوشتنیان لەڕێگای پەتا جۆربەجۆرەکانەوە کەدەرهاویشتەی جەنگەکەن،بۆ قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئەو گەلانە نین،بەڵکو بۆ وێران کردنی ئیرادەو هێزو توانای بەرهەمهێنەرانەی ئەو گەلانەن و لەنێو ئاڵوگۆڕەکانیشدا دیسان دەسەڵاتدارە ملهوڕە چەوسێنەرەکان دادەنێنەوەو بەپێی پاراستنی بەرژەوەندیە قازانج پەرستیەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کەرتی تایبەتەکەیاندا،کێیان بوێت دای دەنێن و کێیشیان بوێت لەسەر کورسی دەسەڵات دەیهێننە خوارەوەو پاڵەوانی نەتەوەو دین گەرا دروست دەکەن.کاتێکیش ئەو بەناو پاڵەوانانە کۆتای بەیاریە شەترەنج ئاساکەیان دەهێنرێت و کش مەلیکیان لێ دەکرێت،جەبهەیەکی نوێ دروست دەکەن و پاڵەوانی نوێ دەخوڵقێننەوە. لەدواجاریشدا دەردەکەوێت کۆی ئەو سەرکردە ناسیۆنالیستی و ڕابەرە ئاینیانە پیاوی دەزگا هەواڵگریەکانی وەک مۆساد و سی ئای ئەی ئەمریکین.
بۆیە جێگای شەرمە بۆ کۆی ئەو مرۆڤانەی دڵیان لەگەڵ مانەوەی ئەم سیستەمەدا لێ دەدات و زۆر گەش بینن بەوەی ئەم سیستەمە دەتوانێت بەهاکانی ژیان و بەهاکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بپارێزێت.
وڵاتانی جەنگ گرتوی وەک عێراق و سوریاو و یەمەن و لیبیا،نەک سامانی وڵاتەکەنیان بۆ ئایندەی چەند نەوەی داهاتوو هێشتا دەبێت وەک قەرز بدرێتەوە بەو کۆمپانیا زلهێزانەی کەجەنگی بۆ هێناون،بەپێچەوانەوە تاتەمەنی ئەم زلهێزانە مابێت و تاوڵاتانی ژێردەستەی ئەم زلهێزانە لەلایەن وەکیلەکانیانەوە بەڕێوە ببرێن،گەلانی ئەو ناوچانە دەبێت هەر لەهەژاری بەردەوامدا بژین و کۆی سامانی گشتی نەتەوەیش تەنها بۆ دانەوەی قەرزی ئەو بۆمبایانە بێت کەژێرخان و سەرخانی وێران کردن.
ئیتر کام ئاوەدان کردنەوە چاوەڕێیە بۆ ئەو وڵاتانە؟
ئەم سیستەمە شایانی ئەوە نیە بمێنێتەوەو کۆی مرۆڤایەتی وەک کۆیلەی ژێر دەستی ئەو بێت. کۆتای هێنان بەکاری کرێ و کۆتای هێنان بەخاوەندارێتی تایبەتی سەرئامرازەکانی بەرهەمهێنان،دەبێتە ئەو دەرئەنجامەی کەکۆتای بەم سیستەمە دڕندەیە بهێنرێت،ئەویش تەنها لەڕێگای شۆڕشی سۆسیالیستیەوە دەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە