ئەنتۆنی کۆردیسمان: ئەگەر تۆ پلانت هەبێت‌و لەشکرێكی‌ پیشه‌یی‌ دروستبکەیت، ئاسانە نیشتیمانێک بۆ خۆت دروستبکەیت

Friday, 22/09/2017, 14:36

8772 بینراوە


ئه‌نتۆنی‌ كوردسمان، توێژه‌ری‌ ستراتیجی‌‌و راوێژكاری‌ پێشوی‌ پەنتاگۆن‌و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریکا له‌كاتی‌ له‌شه‌ڕی‌ عێراق‌و ئه‌فغانستان‌و یاریده‌ده‌ری‌ سیناتۆر جۆن مه‌كین بۆ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و راوێژكاری‌ لیژنه‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سینات‌و شاره‌زا له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و جوگرافیای‌ سیاسی‌‌و ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ستراتیجی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ CSIS، كه‌ خاوه‌نی‌ 50 كتێب‌و زنجیره‌یه‌كی‌ 4 به‌رگییە سه‌باره‌ت به‌جه‌نگه‌ هاوچه‌رخه‌كان‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیشی‌ سه‌باره‌ت به‌جه‌نگی‌ عێراق‌و ئه‌فغانستانه‌‌و له‌زانكۆی‌ جۆرج تاون وانه‌ی‌ تۆژینه‌وه‌كانی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ وتوه‌ته‌وه‌، له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت “گرنگ هەر ئەوە نییە کە تۆ سەربەخۆ بیت هێنده‌ی ئەوەی کە تۆ پلانت هەبێت”.
ئا: نالی – واشنتۆن
ئاوێنە: کورد لەسەر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم سورە، سەرەڕای فشاری دەوڵەتانی هەرێمی‌و وڵاتانی زلهێز، به‌بڕوای‌ تۆ ئه‌م پێداگرییه‌ كارێكی‌ باشه‌؟
ئەنتۆنی کۆردیسمان: کە تۆ کار بۆ سەرخۆبون دەکەیت ده‌بێت به‌رپرسیاریه‌تی‌ دەرئەنجامەکانیشی له‌ئه‌ستۆ بگریت، ئەگەر تۆ پلانت هەبێت‌و لەشکرێكی‌ پیشه‌یی‌ دروست بکەیت، ئاسانە نیشتیمانێک بۆ خۆت دروست بکەیت. کێشەکەی‌ كورد لەوەدایە چۆن سەرکەوتو دەبیت‌و وڵاتێکی سەقامگیرت دەبێت؟ کێشەی ئێوە ئه‌وه‌یە کە لەبەردەم پرسی ریفراندۆمدان‌و زۆر بەسانایی‌و خێرا ئێران‌و تورکیاو عێڕاق پەرچەکرداری خراپیان دەبێت‌و ئێوەش خاکێکی داخراوتان هەیە. لەرابردوودا ئێوه‌ هەرزو کەوتنە شوێنی دۆزینەوەی نەوت‌و دەرکردنی‌‌و هەناردەکردنی‌و کۆکردنەوەی پارە. وه‌ك بینیتان داهاتی نەوت پارەیەکی زۆر بو، بەڵام به‌دەگمەن بوه‌ هۆکای بوژانەوەو پەرەسەندنی ئابوری‌و پێشخستنی‌ هەرێمەکە. داهاتی نەوت لەناو نوخبەیەکی سیاسیدا پارەکەی دیار نییە، ده‌رهێنان‌و فرۆشتنی‌ ناشەفافە، بەنەبوونی پلان، ئازادییەک لەگه‌نده‌ڵیدا دروست بوە، بەردەوام له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ئەو داهاتە بەشیوەیەکی باش به‌کارناهێنرێت.هه‌روه‌ها گرفتێکی گەورەتان لەگەڵ عێڕاقدا بۆ دێتەپێش، كه‌ ئه‌ویش کێشەی ئەو ناوچانەن لەسەردەمی داعش رزگار کراوەو کورد دەستی بەسەرداگرتوە، پێش ئەم دۆخە ئه‌م ناوچانه‌ سەر بەدەسەلاتی ناوەند بوە، ئەوەش چی بەدوای خۆیدا ده‌هێنێت؟ سنوری هەرێمەکە لەکوێدایە؟ ئەگەر سنوری هەرێمەکە پارێزگای کەرکوکەو ئەو کێڵگە نەوتیانەی دەوروبەریه‌تی، دەبێت چاوەروانی پەرچەکرداری بەرامبەرەکەشت بیت. ئێستا قسە لەسەر واقعێکی بەرجەستەکراو دەکەین نەوەکو خواست‌و هیواکان چین. 
ئاوێنە: بەلام ئێستا به‌شێك لەسیاسه‌تمه‌دارانی کورد پێیانوایه‌ کە کورد یەکێکە لەبراوەکانی شەڕی‌ داعش‌و دەیانەوێ دەسکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن؟
ئەنتۆنی کۆردیسمان: دەبێت بپرسیت لە ٥ ساڵی داهاتودا لە چ دۆخێکدا دەبیت؟ بابەتەکە ئەوە نییە ئێستا تۆ لە چ دۆخێکی سیاسیدایت، کورد زۆر بەباشی شەڕی داعشی کرد، بەڵام کێشەی نەتەوەیی‌و ئاینزایی‌و ئابوری چارەسەر نەکردوە، لەروی ئابوری‌و بەڕێوەبردنەوه‌. ئەگەر بڕوانیتە بانکی نێودەوڵەتی لەسەر عێڕاق بەهەرێمی کوردستانیشەوە چی دەڵێت؟ ژمارەی دانیشتوان تا دێت دەچیتە سەرێ، هەردو لا بەرزترین ئاستی گەندەڵییان تۆمار کردوە، هەموشی لەخراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتدایە. راستە شەڕی داعش لەعێڕاق زیاتر شەڕی تایفی سونەو شیعەی قوڵتر کردوەتەوە، ئەوەش مانای ئەوە نییە کە کورد سەربەخۆ بێت. لای من ئەوەی واقیعە شتێکی ترە، ئەگەر باس لەبوونی نەوت‌و هاوردەکردن دەکەن، دەبێت بچیَتە خزمەتی بوژاندنەوەی ئابوری، چۆن بەرگە دەگرن‌و ئابوری دەبوژێننەوە، چۆن پەرە بەئاستی خەڵکەکەت دەدەیت، چۆن سه‌قامگیریی‌ سیاسی ده‌هێنیتە کایەوە. دەبێت سەرکردایەتی کورد بزانن کام رێگایە سەرکەوتووترینەو پشتیوانی تۆ دەکات، بەنموونە کورد لەهەرێمی کوردستان دەتوانن لەگەڵ تورکیادا بەهەندێک مەرج کار بکات، بەڵام ئەوەش لەبیرمه‌كه‌ن لەماوەی دو ساڵی رابردودا چی لەتورکیا دەگوزەرێت. خاڵیکی تر ئەوە نادیدە مەگرن کە چۆن ئێران خزاوەتە ناوچەکەوە، ئەمریکا پشتیوانی شەڕی داعشی کردوە، وەکو شەڕکەر، شەڕکردن لەگەڵ دوژمنێکی هاوبەشی جیهان، بەڵام لەبابەتی تردا هاوبەشیت ناکات. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەموو جیهان دەبینێت، نەوەکو ناوچەیەک. یەکێک لەو گرفتانەی کە سەرەکییەو دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، گرفتی ئابوورییە، هەندێ تۆژینه‌وه‌ی‌ بانکی نێودەوڵەتی هەن لەسەر عێڕاق‌و هەرێمی کوردستانیش، گەورەترین کێشەتان هەیە، زەحمەتە ئەگەر هاوردەکردنی نەوتیش بەردەوام بێت، ئەو گرفتانە چاره‌سه‌ر بكرێن، بەڕێوه‌بردنی هەرێمەکە لەلایەن ئیدارەی حکومەتی هەرێمەوە لەریکۆردی گەندەڵیدا هیچی کەمتر نییە لەوەی لەعێڕاق رودەدات. ئەو هەمو گرفتانە چارەسەر بکەن ئەوسا وڵاتێکی جێگیرتان دەبێت. بۆ نمونە چی دەکەن لەسامانئ ئاو؟ هەروەها جێبه‌جێكردنی‌ کەرتی ئاوەدانیی لەو هەرێمە هەموی دراوه‌ به‌چه‌ند خێزانێك، ئەگەر وڵاتێکی سەربەخۆ بیت ئەی دوای ئەوە چی؟ چی روودەدات لەو ناوچانەی دەوروبەری کەرکوک یان موسڵ؟ بە تایبەتی ئەو ناوچانەی نەوتییان هەیە؟ لەداهاتودا رەنگە حکومەتی عێراقی لەسەری بێتە دەنگ. هەرچەندە هەندێ لەو ناوچانە مێژویەکیان هەیە کە ناوچەی کورد بوە، بەڵام حکومەتی عێڕاقی وای دەبینێت کە لەلایەن کوردەوە داگیرکراوە. من ئەو سەرخۆبونە بە ئومێدبەخشی نابینم. بەڵکو دەبێتە مایەی ململانێیەکی دیکەو بەکارهێنانی هێز لەهەرێمەکەدا. 
ئاوێنە: تۆ لەحەفتاکاندا مەلامستەفای بارزانیت بینیوە، تاچەند هەست دەکەی ئێستا کورد لەبەردەم گەلەکۆمەکییەکی نێودەوڵەتیدایە یان بارودۆخە جیاوازە‌و کورد ئێستا دۆستی زیاترە؟ 
ئەنتۆنی کۆردیسمان: کاتێک پارە لەئێران وەربگریت بۆ دابینکردنی پشتیوانی بۆ سەرهەڵدان، کارتێکی بەهیزت بەدەستەوە نابێت، کاتێک رێكکەوتننامەی جەزائیر لەساڵی‌ ١٩٧٥ مۆرکرا، شا ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا، پارەی لەشۆڕشی کورد بڕی، لەراستیدا نیگەرانییەکە لێرەدا ئەوەیە، بەتەواوی ئەو هەموو ململانێ‌و ناکۆکیە تایفی‌و ناوچەییە، چۆن دەتوانیت بگەیتە رەوشێکی جێگیری سیاسی‌و ئابوری، پەرچەکرداری هەرچۆنێکت بێت‌و حەماسەتی هەرچۆنێکت بێت کە بتەوێت دەوڵەتێک پێکبهێنیت، پێویستە لەگەڵیدا بژی، بەهەموو زەحمەته‌کانییەوە، رامان لە داهاتوو، کارکردن بۆ ئابوورییەکی بەهێز، کارکردن لەگەڵ هاوسێکان باش کردنی پەیوەندییەکان، لە وڵاتێکی بچکۆلەدا کە دەورەدراوە بەوڵاتانی بەهێزو بەرژەوەندی جیاواز هەمیشە دەرگا واڵا دەبێت بۆ ئاستەنگی جۆراوجۆر، تۆ لەدو ساڵی رابردو ببینە چی لەتورکیا گوزەرا، چەند گرفتی دیش سەرهەڵدەدەن، ئەوە ولاتێکی بەهێزە. هیچ ئایدیایەکی‌ رون نییە چی لەسوریا رودەدات. نازانی پەیوەندی نێوان کوردو ئەسەد لەوێ بەچی دەگات؟ بڕواناکەم بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. نازانیت چەند پشتگیری روسیا بەدەستده‌هێنن، ئاگاداربن هەمو وڵاتان بەو ئاراستەیە کاردەکەن کە کورد بەش بەش‌و کەرت‌و پەرت بکەن. لەبیرتانە چی رویدا لەسەروەختی شەڕی عێڕاقخ ئێران، شۆڕشیکی کوردەکان لەعێڕاق هەبو، سەرهەڵدانی کوردەکانی ئێرانیش هەبو، کە لەماوەی چەند مانگێکدا کۆتایی پێهێنرا لەبەرئەوەی ئێران هیچ باوەڕیَکی بەمافی نەتەوەی دیکە نییە. ئێستا هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشکەوتن‌و سەرکەوتندایە، پێویستە کاری زیاتری‌ بۆ بكرێت، پێویستە بەردەوام بیت، ئێستا ریفراندۆمت هەیە، ئەی دوای ئەوە چی؟ سنوورەکەی دەگاتە کوێ؟ ئەگەر کەوتیتە کێشەگەلێکەوە، چارەنووسی ئەو هێڵە نەوتیانە چی دەبێت کە بەخاکی تورکیا دەڕواو هه‌ناردە دەکرێت، کە کۆنتڕۆڵی لەدەستی تۆدا نییە؟ چی روودەدات ئەگەر تورکیا کوردەکان سەرکوت بکات‌و ناوچەکانیان پێ چۆڵ بکات؟ چۆن سەروسەودای لەگەڵ دەکەیت؟ واباشترە لەچوار چێوەی عێڕاقدا بمێنیتەوە، ئەگەر ئەوەت پێ چارەسەر بکرێت، بەڵام چیت دەوێت؟ فیدڕاڵییەت. ئەی چ جۆرە فیداڵییەتێک؟ سه‌ربه‌خۆیش بژاردەیەکە، بەڵام چ جۆرە سەربەخۆییەک؟
ئاوێنە: لەدوای ٢٠٠٣ەوە ئەمریکا کوردی وەکو باڵانسێک بەکارهێناوە، لەنێوان شەڕی تائیفی شیعەو سونەدا، پێتوانییه‌ ئێستا کورد بێزار بوە لەوەی به‌مجۆره‌ بمێنێتەوە؟
ئەنتۆنی کۆردیسمان: من لەو باوەڕەدا نیم کورد هۆکاری سەقامگیری بوبێت، گرفتی ناسه‌قامگیریی‌ سیاسی جێبەجێ نەکردنی بڕگەکانی دەستوری عێڕاقییە، بەڕای من ئەو دەستورە خراپترین دۆکیمێنتە، ئەو خەڵکەی کە نوسیویەتەوە، هەستی خراپیان هەبوە، هەستێکی ئەستوری نەتەوەپەرستی، بەردەوام بەدوای به‌رژه‌وه‌ندی‌ ناوچەگەری‌و تائیفیدا بون، دواتریش حکومەتێکیان هێنایه‌ سه‌ركار کە نوێنەرایەتی ئەو گروپانەی نەکردوە. رێز لەدەنگی خەڵک نەگیرا، پەرلەمانەکەشی کە دەبو رۆڵی چاودێرو یاسایی بگێڕێت وا دەرنەچو، ئەڵبەتە بەپەرلەمانی کوردستانێشەوە. ئەگەر لە ساڵی ١٩٧٩ەوە لە عیراق بڕوانین، گیرۆده‌ بوە بەدەسەڵاتی داپڵۆسێنەر، کەس نەیزانیوە چی بەسەر بودجەی گشتی ئەو وڵاتەدا هاتوە، خه‌ریكی‌ چەندین شەڕو شۆڕ بوه‌، داهاتی وڵات ساڵ بەساڵ بەرەو خراپتر چوە، ببینە ئەگەر دەوڵەتی کودستان هەبێت، ئەبێت چۆن بێت؟ کام پارتییە، یان چەند پارتییەک ئەو دەوڵەتە دروستدەکەن، گرفتی عێڕاق‌و کوردستانێش لەروی سەرکردایەتی کردنەوە هاوشێوەن، هەمو شتێک خراپ دەکەن دواتر دەیانەوێت لەدەرەوە خەڵک چارەسەری گرفتەکانیان بۆ بکەن، هیچ وڵاتێک ناتوانێت کار بۆ چارەسەری گرفتی وڵاتی دی بکات، ئەگەر خۆیان وەبەرهێنان لەخۆیاندا نەکەن‌و خۆیان پێشنەخەن.
ئاوێنە: زۆر لەشیکەرەوە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە دوای نەمانی داعش گۆڕانکارییەکی سیاسی رودەدات، ئایا تۆش باوەڕت بەو گۆڕانکارییە هەیە؟
ئەنتۆنی کۆردیسمان: خەڵک هەن لەعێڕاق کە دەیانەوێت گۆڕانکاریی بکەن، بەڵام ئەگەر یەکگرتو بن، پلانی باشیان هەبیَت، گۆڕانکاریش دەبێت. عێڕاق زۆرترینی سامانەکەی جیا لەهەر وڵاتێکی دنیا لەشەرو شۆڕدا داچه‌ندوه‌، دورە کە بتوانن جڵەوی ئەو شەڕە تائیفییە بگرن، بەلام کاری زۆری دەوێت، ببینە کەرتی کشتوکاڵ کە کەرتێکی کارایە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری لە خرابترین ئاستدایە، ئەوەش خراپی دەسەلاتەکەیەتی، بژێوی‌ ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ زۆر لاوازە، کێ پلانی ئابوری‌ بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دادەنێت؟ چەند به‌رنامه‌ڕێژكراو دەبێت؟ کێ باسی ریفۆرم دەکات؟ ئای ئێم ئێف باسی دەکات ئەی لەعێڕاق کێ باسی دەکات؟ کۆتاییهاتنی داعش نابیتە هۆکاری چارەسەری‌و هێنانی ئایندەیەکی گه‌ش بۆ كورد.
ئاوێنە: كه‌واته‌ کورد دەبێت چی بکات‌و چ رێگەیەک هەڵبژێرێت؟
ئەنتۆنی کۆردیسمان: ریفراندۆم بەبێ دیاریکردنی سنوورو پلانێک، ئاکامی باشی نابێت، نەبونی هیچ سەرنجێک لەسەر سەرخۆبوون چی دەگەیەنێت، تۆ دەچیت دەنگ دەدەی لەسەر ئەوەی کەچی‌ هیچ پلانێکی روونت لەبەردەست نییە، ئەوانەی کە ئێستا بانگەشەی ریفراندۆم دەکەن، چ چارەسەرییەکیان خستۆتەرو؟ کوا پلانەکەیان؟ بۆ تێگه‌یستن له‌و سوربون‌و پێداگرییه‌ی‌ بارزانی، پێویسته‌ مێژووی رابردوی‌ خۆی‌و باوکێشی لێکبدەیتەوە، پێویستە ئەو هۆکارانە ببینیت کە ئه‌و بژاردەیە هه‌ڵده‌بژێرێت، بەلام بەشێک کە ئێستا دەڵێن بوەستە، بوەستێ‌و چی تر؟ کێشەکە ئەوەیە لەلای عێڕاقیش هیچ پلانێک لەئارادا نییە، سەرۆک وەزیرانت هەیە‌و هەندێ لایەنی دیکەش كه‌ لەقازانجی مالیکی کار دەکەن، کێشەکە لای من گرنگ هەر ئەوە نییە کە تۆ سەربەخۆ بیت هێنده‌ی ئەوەی کە تۆ پلانت هەبێت.
ئاوێنە: ئەگەر کورد لەدوای گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ببێت بەده‌وڵه‌ت چی روو دەدات‌و ئایا ئەمریکا کۆمەکی دەکات؟
ئەنتۆنی کۆردیسمان: پرسیارەکە ئەوەیە چۆن وڵاتیک دەبێت؟ حکومەتەکەی چۆن دەبێت؟ چۆن سیستمێکی دەبێت؟ ئایا پلانت هەیە بۆ بەرەو پیَشچون؟ ئایا توانای بەرگەگرتنت هەیە لەناوچەیەکی پڕ لەململانێ؟ ئایا سنورەکەت لە کوێدا دەبێت؟ ئەو وڵاتانەی دەوروبەرت چۆن دەکەونە ململانێ لەگەڵت‌و پەرچە کردارییان چۆن دەبێت؟ بەتایبەتی ئایا پێداویستییەکانت دەدەنێ؟ هەموو شتێکت لەئێران وتورکیاوە دێت، ئایا دوای ئەوە بەردەوام دەبێت؟ ئەگەر داعشیش بڕوات گرفتی سنوورداخستن‌و ئاو دەبنە مایەی گرفت. هەروەها سەرچاوە ئابورییەکەشت کە نەوتە بەناوچەی جێاکۆکدا دەڕوات، هەروەها هاوردەکردنیشت لەدەست خۆتدا نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە