ئەو کارتانە چین کە دەبێ کورد دوای دواخستنى ریفڕاندۆم بەکاریان بێنێ؟!

Sunday, 24/09/2017, 13:23

2735 بینراوە


دوا ئاماژەکان پێمان دەڵێن: ریفڕاندۆم دوادەخرێت و لەبەرە بەری نزیکبوونەوەى وادەی ئەنجامدانیدا،کاتێک 23/9/2017 باڤێل تاڵەبانى ڕاگەیاندنێکى بڵاوکردەوە کە پارتى و یەکێتى قبوڵی داوا پێشنیارکراوەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیاو فەڕەنسا دەکەن بۆدواخستنى ریفڕاندۆم.
تا ئێرە شتێکى ئاساییەو هەموو تەم و مژەکان دەڕەونەوە بەوەى عێراق ترسی لەو پرۆسەیە بشکێ و هەناسەیەکى دیکەى وەبەر بێتەوە کە لەو قۆناغەدا ململانێ و شەڕکردن لەگەڵ دوو بەرەى لێک جیاواز "کورد و داعش" خزمەت بەهیچ لایەک نەکورد نە عەرەب ناکات و کات و ماندووبوون و قوربانیەکى زۆری گەرەکە و بە سەرهەڵدانى هەر پێکدادانێکدا رەنگە نەتوانێ ئەو بابەتە ساغ بکاتەوە و عێراقیش لەشەڕێکەوە بۆ شەڕێکى هەرێمایەتى ببات.
سەرکردایەتى کورد پێویستە ئەو هەنگاوانە بۆ داهاتووى دوای دواخستنى ریفراندۆم بنێت، ئەوانیش:
یەکەم: بێ قەیدو شەرت پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانى لەگەڵ پێکهاتەکانى کەرکوک ئاسایی بکاتەوە و هەموو ئاماژەکان ئەوەیان سەلماند کە کورد جگە لە ململانێی حزبی نیوان پارتى و یەکێتى و لایەنەکان دژ بەیەک و هەوڵدان تەنها بۆ وەرگرتنى پۆست و پلەو پارەو مەکسەبی شەخسی و حزبی، نیو ئەوەندە کاریان لەسەر راکێشانى هەست و سۆزى ئەو تورکمان و عەرەبانە نەکردووە کە لە پرۆسەیەکى ئاوا چارەنووسسازدا بێنە بەرەى سەربەخۆیی و پشتگیری لە ریفڕاندۆم بکەن لەکاتێکدا دەوڵەتى عێراقی شیعە دوژمنى سەرسەختى عەرەبی سوونەو تورکمانیشە بەحوکمى ئەوانە ئەو دووپێکهاتیە بە کوردیشەوە لە کەرکوک سوونە مەزهەبن و ئەوانیش ئەو هەقیقەتە باش دەزانن.
دووەم: لایەنەکان بەجددى کار بۆئاشتەوایی نیشتمانى بکەن و بوغزوقینەیان بتارێنن بەوەى کوردستانى  سەربەخۆو ئازاد لەسەرووى هەموو بەرژەوەندیەکەوە دابنێن و لەو پێناوەدا هەر سازشکردنێک بە سووکایەتى نەزانن.
سێیەم: بەیەک دەنگو رەنگ و یەک حزبی و کوردستانی هەوڵەکانیان لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بەگەڕ بخەن لەکاتێکدا هەڵوێستى یەکگرتوویی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکاو وڵاتە زلهێزەکانى جیهانى لەمەڕ باس و خواسی ریفڕاندۆمەوە دەریخست کە سەرکردایەتى کورد خەڵکى کوردستانیان چەواشە کردووە بەوەى وڵاتانى جیهان هاوسۆز و هاودەنگ لەگەڵ کورد و کەچی وا دەرنەچوو، ئەوەش لاوازى پەیوەندیەکانى دەرەوەى هەرێم دەردەخات کە لە ئاستی پێویست نەبووە بتوانێت کۆدەنگیەکى نێودەوڵەتى دروست بکات.
چوارەم: دەبێ سەرکردایەتى کورد بەهەموو لایەنەکانەوە-بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامى- ڕێگەى دانوستان لەگەڵ بەغدا بگرنە بەرو هەڵوێستەکانیان یەکگرتوو بێت، نەک پەراوێزخستن و پێشتگوێخستنیان بۆ ئەوەى چەکى روو بەروو بوونەوەى دانیشتنەکانیان بۆ هەرێمى کوردستان بەرهەمدار بێت.
پێنجەم: ژووری بەدواداچوون لەهەر پێنج حزبەکەو کەمایەتیەکان پێک بێت کە لەهەر ئەگەر و چەقبەستوویی گفتوگۆو دانووستانەکان لەگەڵ بەغدا و هەر هەوڵێک بۆ لەباربردن و پەکخستن و ئامادەنەبوونى بەغدا بۆ جێ بەجێ کردنى داخوازیەکان، بتوان نبە دیکۆمانتاری و بە بەڵگەوە هەموو دونیاو ئەو ولاتانەى لێ ئاگادار بکەنەوە کە ئەوە ئێوە بوون داواتان لێکردین درێژە بەگفنوگۆکان بدەین، بەڵام ئەوە بەغدایە خۆی لەوداخوازیانە دەدزێتەوەو موماتەڵە دەکات.
شەشەم: بۆ رای گشتى کوردستان ناوە ناوە دواین پێشهاتەکان لەمەڕ واقعی پەیوەندى نێوان هەرێم و ناوەند بڵاو بکەنەوە کە خەڵک و هاونیشتمانیانى کوردستان بزانن چ دەگوزەرێ و ئاکامى دانیشتنەکان بەکوێ گەیشتووەو چ پێشکەوتنى بەخۆوە بینیوە تا لەنزیکەوە وەکوحەکەم بڕیار لەسەر داهاتووى خۆی بدات ئەگەر بەغدا پابەند نەبوو بە بەڵێنەکانیەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە