هاتنی بارزانی و هاتنەکەی سەدام بۆ سلێمانی

Tuesday, 26/09/2017, 9:52

5548 بینراوە


بەملیتاریزەکردنی شاری سلێمانی و گرتنی کوچە و کۆڵانەکانی بەخاتری هاتنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بۆ شارەکە، هاتنی سەدام حسێن مان بیردەخاتەوە بۆ سلێمانی لە 23/10/1990 دا.
ئەو کاتەی سەدام هاتە سلێمانی وەک ئێستای هاتنەکەی بارزانی چەند ڕۆژ پێشتر تەواوی شار بە حەرەس جمهوری و تەواری و هێزە ئەمنیەکان تەنرا و شارەکەیان ملیتاریزەکرد، لەپاڵ ئەوەشدا شەقامەکانی شاریان بە وێنەی سەدام و ئاڵاکانی عێراق ڕازاندەوە.
ترسی سەدام و ترسی بارزانی لە سلێمانی هەمان ترسە، سەدام هەمیشە دەیگوت سلێمانی شارێکی یاخییە و ترسی هەرە گەورەمان لەو شارە هەیە، دیارە شارەکانی دیکەی باشووریش لە شۆڕش و خەبات دژ بە دکتاتۆریەتی خوێنڕێژی بەعس درێخیان نەکردووە، بەڵام سلێمانی خاوەن تایبەتمەندی سەرهەڵدیر و هەمیشە هەڵمەت و قوربانی بوو بەرامبەر ڕژێمەکانی عێراق.
بنەماڵەی بارزانی تا ئەوکاتەی شێخ مەحمودی حەفید مابوو، دانویان لەگەڵ سلێمانی نەدەکوڵا، پاش مردنی شێخ مەحموود لەتیف و بابەعەلی کوڕی خۆیان لەناو پارتی دا تواندەوە.
پارتی بەمێژووی خۆی لە سلێمانی خاوەن پێگەیەکی ئەوتۆ نەبوو، ئەوەی لەگەڵی بووە تەنها بەشێک لە ئاغاکانی شارباژێڕ و پێنجوێن بوون، باقی خەڵکی شار کەلەگەڵ پارتی بووبن بە پەنجەی دەست دەبژێردران.
مەلا مستەفا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و ڕاکێشانی بنەماڵەکانی سلێمانی بۆلای خۆی کچی حەمەی ئەورەحمان ئاغای سلێمانی بۆ ئیدریس بارزانی هێنا کە دەکاتە دایکی نێچیرڤان بارزانی، وەلێ ئەو زەواجە سیاسیەش سەرکەوتوو نەبوو لە غەیری ماڵی ناوبراو کەسی دیکەی بۆ قازانج نەکرا.
لەدوای دەرکەوتنی کۆمەڵەی مارکسی لینینی و پاشان ڕەنجدەران و یەکێتی، پێگەی پارتی لە سلێمانی و دەوروبەری بووە پیاوە نەخۆشەکە، دواین جار بزووتەوەی گۆڕان گۆڕی یەکجارەکی پارتی لە سلێمانی هەڵکەند و ناشتی.
هەربۆیە پارتی لە ڕێی ڕاگەیاندنەکانیەوە دەستی کرد بەهەوڵی ڕەشکردنی سیمای شەرەفمەندانەی خەڵکی سلێمانی و ناساندنی بە شاری بێخاوەن و ئاژاوەچییەکان و قوڵکردنەوەی شارچێتی لە هەرێمی کوردستان لەڕێی نمونەی پیرباڵەکان و پاشان خستنەسەری گەمارۆی ئابووری لەسەر شارەکە.
ئەمڕۆش خەڵکی سلێمانی سزای بارزانی دەدەن و پارتی باجی چەوتیەکانی خۆی دەدات، بۆیە بارزانی ١٧ی شوباتی بیرماوە و خەڵکی شارەکە باش دەناسێت، باوەڕی بەهاتنەکەی خۆی نییە و تابوورێک هێزی چەکداری لەگەڵ خۆی هێناوە، کە دەیتوانی بەو هێزە شەنگالیەکان لە کۆمەڵکوژی بپارێزێت کە نەیکرد.
گومانم نیە چارەنوسی بارزانیش لە سەدام باشتر نابێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە