هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


حەندرحۆپ و دەنگدان!

Tuesday, 26/09/2017, 10:01

4632 بینراوە


لە گشتپرسی ٢٥/٩/٢٠١٧دا دەنگی "بەڵێ" سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمە ئاماژەیەکە کە سەرباری ئەو نەهامەتییەی کە سەرانی ئەو پارتانە لە ماوەی ٢٦ساڵی حوکمرانی بەسەر میللەتی کوردیان هێنا لە باشوور بەڵام هێشتا خەڵک کۆڵی نەداو بە ڕووتوڕەجاڵی و برسییەتی بەرەو سندوقی دەنگدان ڕۆیشتن و "بەڵێ"یان گوت بۆ "سەربەخۆی".

بە دڵنیاییەوە خەڵک دەنگی نەداوە بە بنەماڵەی "بارزانی یان تاڵەبانی"، بەڵکو خەڵک هەلێکی بۆ رەخسا و قسەی خۆی کرد و تۆپەکەی خستە گۆرەپانی یاری  سەرانی پارتەکان! بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا کە لە ساڵانی رابردوو ئەنجامدرا سەرەڕای تەزویر کردن لە هەڵبژاردنەکان هیچ یەک لەو پارتانە سەرکەوتنیان بە دەست نەهێنا و رێژەی دەنگەکانیان ئەوەندە نەبوو تا بتوانن  هەر یەکە بە تەنیا حکومەتی هەرێم دابمەزرێنن!  لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق بە هەمان شێوە سەرباری گەلێک پێشێلکاری و تەزویر  لە ناوچەی کەرکوک هەر یەک لەو پارتانە  تەنیا  توانیان چەند کورسیەک مسۆگەر بکەن!

سەرانی پارتەکان، کارتی "ڕیفراندۆم"یان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێنا و تا کۆتا چرکەکان چاوەڕوانی "بەدیل" بوون و تا وەفدەکەیان لە "بەغداد" دەرنەکرا بڕیاری ئەنجامدانی "ریفراندۆم" یان نەدا، سەڕەرای ئەوەش هەر پێنج پارتی نێو حکومەتی بنکە پەرتەوازە بوو لە نێو میللەتدا هەر یەک بۆ بەرژەوەندیی خۆی کاری کردەوە و یەکریزی میللەتیان قڵیشاندوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە پێمان دەڵێت کە میللەت پرسی کوردی لا گرنگ تر بووە لە پارت و سەرکردەکان. لەو دیدەوە بمانەوێت یان نەمانەوێت ئەنجامی ئەو گشتپرسیە وەک دۆکیۆمێنت ئەمێنی ئەگەر ئەنجامەکەی سەرکەوتوو نەبوایە دوژمنەکانی تا هەتایە دژ بە پرسی کورد بەکاریان دەهێنا وە لە مێژوودا نەوەی ئەمڕۆ خاڵێکی ڕەشی بۆ خۆی تۆمار دەکرد و دەکەوتە بەر نەعلەتی نەوەی داهاتوو. 

ئەزموونی گشتپرسی ٢٥/٩/٢٠١٧، وێنەیەکی گەورەی روونی دەرخست کە کورد لە باشووردا خاوەن "سەرماییەکی مرۆی"ی بێ هاوتایە کە بڕوای بە "سەربەخۆی"یە کە دەتوانرا لە ماوەی ٢٦ساڵی حوکمی بنەماڵە و خێزاندا کاریان لەسەر ئەو سەرماییە مرۆیە بکردایە، پەروەردەیان کردبان بە گیانی نیشتمانیی و نەتەوەیی و بە خێروبێری نەوتی کوردستان هێزێکی "چەکداری میللی"یان لێ دروست کردبا لە پاڵ هێزی "سوپای نیشتمانی کوردی" بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئامادە بوایە بۆ بەرەنگاری بوونەوە لە ئەگەری هێڕشی سەربازیی سوپای عیراقی، حەشدی شەعبی، جەندرمە و پاسدار، بەڵام سەرانی باشوور لە بری ئەوە هەستان بە دزینی خێروبەرەکەتی وڵات و ماڵومنداڵ پۆشتە کردن و پڕ کردنی بانقەکانی دەرەوەی وڵات و هێنانە پێشی خزم و کەسوکاریان لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ.

ئەو گشتپرسییە سەلماندی کە لە باشووری وڵاتدا بۆشاییەکی سیاسیی دروست بووە، کە هێز و ریکخراوی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانی زلهێزی دنیا و ناوچەکە ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، یان ئەو کەسانەی کە خاون کەناڵی تەلەفزیۆنی و "شاری یارین" بە دامەزراندننی دوو "حەندرحۆپ و جۆلانە" لە شارەکانی باشوور دەیانەوێ ببن بە سەرکردە!

ئەوسەرماییە مڕۆیەی کە پێکهاتووە لە زۆرینەی سادەی شەقامی کوردی باشوور، پێویستی بە سەرکردەی شۆڕشگێر و  دڵسۆز و بوێر و خۆراگری خاوەن کەساییەتی  بەهێزی  کالیزما  هەیە، پێویستی بە هێزێکی سیاسیی شۆڕشگێر و پارتێکی پێشڕەو هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە بڕوا بوون بە "سەربەخۆی" ئەو سەرماییە مڕۆیە ئاراستە بکات و هێزێکی نیشتمانیی لێ بەرهەم بهێنێت کە پێشوەخت تۆی بڕوا بوون بە"سەربەخۆی" بە خۆڕستی لە نێو ناخیاندا ڕواوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە