پێشرەوی كورد پارتییە

Thursday, 28/09/2017, 1:02

3973 بینراوە


زۆرجار وتومە (دیكتاتۆر بەرهەمی كۆمەڵگای خۆیەتی ) ، بەتایبەتیش ئەو كۆمەڵگانەی وەكو مێگەڵە مەڕ ئەژین و تەنها خەمیان لەوەرینە بێ ئەوەی هیچ ئامانجێكیان هەبێ لەژیاندا، لەكۆتاییشدا مل ئەدەنە بەر چەقۆی قەساب و خەڵكیتر لەسەر لاشەی ئەوانەوە بەردەوامی بەژیانی خۆی ئەدا..
ریفراندۆمەكەی پارتی سەری گرت، سەرباری هەمو ئەو فشارو هەڕەشانەی دونیاش بارزانی سوور بو لەسەری و قسەكەی خۆی بردە سەر. ریفراندۆم بەبێ هیچ مەنتقێك ئەنجامدرا، ئەو هەمو شیكاری نوسەرانو روناكبیران و سیاسیانی ئەم هەرێمە كۆلەوارەشمان گشتیان راست دەرنەچون، چونكە ئەوەی رویدا بەدەرە لەهەر مەنتقێكی سیاسی بو، ئەمەش رێك ئەو راستیەمان بۆ دەرئەخات كە ئەوەی لەم هەرێمەی ئێمەدا ئەگوزەرێ هیچ پەیوەندی بەسیاسەتەوە نیە، چونكە سیاسەت كۆمەڵێك بنەمایە كە مرۆڤی رۆشنبیر ئەتوانێ لەسەر ئەساسی ئەو بنەمایانە شیكاری روداوەكان بكات، ئەوەی لێرەدا روو ئەدات پەیوەندی مافیایی نێوان كۆمەڵێك كۆمپانیای ناوەوەو دەرەكییە، تا ئەو كۆمپانیانەی دەرەوەش بەرژەوەندییەكانیان لەم هەرێمەدا بەردەوام بێ، كاری سیاسی ئێمە ئاوا ئەبرێ بەڕێوە.
لەم وڵاتەی ئێمەدا پیاوێك نەبو، سەركردەیەك نەبو، حزبیك نەما بتوانێ بەر لەبڕیارەكانی سەرۆكی ئەم كۆمپانیایەی ناوەوە بگرێ، میللەتەكەشمان بەچاوبڕین بە سەركردەو حزبەكانەوە ئەوانیش ئیرادەی خۆیان لەدەستدا..
تۆ وەرە لێكی بدەرەوە، پارتی كارەساتی ئاشبەتاڵی ساڵی 1975ی  بەسەر ئەو میللەتەی ئێمەدا هێناو میللەتی سەرگەردانو ماڵوێران كرد، هەمو خەباتو قوربانیانی ئەم گەلەی كردە قوربانی بنەماڵەی بارزانی، بەڵام لەیەكەم هەڵبژاردنی سەربەخۆی ساڵی 1992 دا جارێكیتر ئەو بنەماڵەی كردەوە بە سوڵتانو لەرێزی پێشەوەی هەمو حزبە تیكۆشەرو قوربانیدەرانی سەر گۆڕەپانی خەباتی كوردایەتی متمانەی پێبەخشیەوەو كردیەوە بە حاكمی یەكەمی هەرێم!.
لە31 ئابدا پارتی و بنەماڵەی بارزانی گەورەترین خیانەتی نیشتمانیو نەتەوەییان كرد، بەڵام لەهەڵبژاردنی 2005دا ئەم خیانەتەشیان بۆ بنەماڵەو حزبەكە پیرۆز كردەوە!.
دوای ئەم هەمو دزیو تاڵانی سەروەتو سامانی میللەت و دوای ئەم هەمو كوشتوبڕەی رۆشنبیرانو،دوای قفڵدانی دەرگای پەرلەمانو ، دوای ئەم هەمو پێشێلكارییانەی یاساو بەزۆر خۆسەپاندنی مەسعود بارزانی بەسەرۆكایەتی هەرێمو، دوای نانبڕینی میللەتەكەش بەگشتی، هەر ئەو خەڵكە چونەوە سەر سندوقی ریفراندۆم و بنەماڵەی بارزانیان كردە حاكمی هەتا هەتایەی ئەم كوردستانەو ئەو سیستەمە سیاسییەی خەونمان پێوە ئەبینی و بەتەمابوین لە سیستەمێكی خێڵەكیو خێزانییەوە بیگۆرین بۆ سیستەمێكی دیموكراسی و فرەیی، ئەویشیان لەژێر پێی بارزانیان ناو بەیعەتی بەسوڵتانیكردنی خۆیو بەویراسەكردنی سەرۆكایەتی دەوڵەتە چاوەڕوانكراوكەشیان دایەوە دەست بنەماڵەی بارزانییەوە.
بەجورئەتترین هێزی سیاسی لەم كوردستانەدا بزوتنەوەی گۆڕان بو، بەتەكیەوە كۆمەڵی ئیسلامی، بەدرێژایی دو مانگی رابردو هەمیشە بەیتو بالۆرەی ئەوەیان ئەهۆنیەوە گوایە ئەم ریفراندۆمە حزبیەو لەبەرژەوەندی پارتی و بارزانیدایە، بینیمان لەكۆتا لەحزەیا هاتنە ناو پرۆسەكەو سەركردەكانیان دەنگی بەڵێشیان خستە سەر فۆرمەكە؟.تەنانەت سەركردەكانی گۆڕان گوێیان بە جڤاتەكەی خۆشیان نەدا كە دو لەسەر سێی ئەندامانی نەخێریان بۆ ریفراندۆم كرد؟.
ئەم دو حزبە سەری میللەتیان گێژ كرد بەوەی ئەم ریفراندۆمە گاڵتەجارییەو بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت نیە، كەواتە بۆچی شەرمیان لەنەخێر كردو، لەكۆتا ساتەكاندا بەیانێكی دو قوڵیان دەرنەكرد بڵێن لەبەر ئەوەی ئە م ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی نیە بۆیە ئێمە( بایكۆتی) ئەكەین..خۆ  گۆڕانی زەعیمی ئۆپۆسزیۆن  هیچ پشكێكی لەنەوتی دزراودا نیەو، سەرۆكی پەرلەمانو وەزیرانیشیان لەحكومەت نەماون ئەو دلخۆشكردنەی پارتی و سەرلێشێواندنی دەنگدەرەكانیان لەپای چی؟.
 پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، جیاوازی گۆڕانو كۆمەڵ چی بو لەگەڵ یەكگرتو وحزبە توركمانیەكان؟. بۆچی ئەم دو لایەنە نەیانتوانی تا كۆتای گێمەكە یارییەكە بكەنو شكست بە پرۆسەیەك بێنن كە خۆیان وتویانە پرۆسەیەكی حیزبیە؟.. كاتێك میللەت ئەم هەڵوێستە لاوازە لە بەجورئەتترین دو حزبی كۆمەڵگا ئەبینێ، بۆچی گلەیی ئەوەیان لێبكری كاتێك دەنگ بەحیزبی بونی پرۆسەی سەربەخۆیی ئەدەنو پارتی ئەكەن بە حاكمی موتڵەقی كوردستان؟.
بێئرادەیی حزبو لایەنە سیاسیەكان، میللەتی بێئرادەكردو زەلیلی دەستی بنەماڵەیەك كرد كە هەتا رۆژی قییامەت بازرگانی بە خاكو نیشتمانەكەى ئەكەن، لەمەولا ئەو دەنگە كزەی ئۆپۆسزیۆنیش نامێنێ و، ئەو حزبانەی دژی بنەماڵەی بارزانیش بون، ئەبێ دەگەڵ مێگەڵەكە بكەونو لەپشت وەفدەكانی پارتی رێزبگرن، و هوتافی ( پێشڕەوی كورد پارتیەو سەرۆكمان بارزانییە) بڵێنەوە.
ستالین لەساڵانی حوكمی دیكتاتۆرییانەو رەشەكەیدا ملیۆنەها كەسی لەنەیارانی كوشتو  روسیای كردە یەك رەنگو میللەتیشى كرده میگەڵ، بارزانیش ئێستا ئەم هەلەی بۆ رەخساوەو كوردستان بكات بەیەك رەنگی زەرد، مەگەر وەكو سەدام هەندێ حزبی كارتۆنی لەناو جەبهەیەكی دیموقراتی وەتەنی بهێڵێتەوە ئەویش بۆ رتوش و جوانكاری سیستەمە سوڵتانییەكەی..
چاوەڕێ  بن ئەی میللەتی بێئرادە و ئەی سەركردەی خۆفرۆش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە