هەر مەجلیسی قیادەی سەورەمان مابوو

Monday, 02/10/2017, 15:50

3393 بینراوە


زۆرمان وتو زۆریشمان نوسی كە مەسعود بارزانی دەستبەرداری دەسەڵاتە دیكتاتۆرییەكەی نابێ. ئەو لەلای خۆیەوە بڕیاری داوە تا مردن لەسەر كورسییەكەی دانیشێ و بۆ كەسی چۆل نەكات، ئەوە ئەگەر لەدوای خۆیشیدا یەكێك لەكوڕو نەوەكانی یا لەبنەماڵەكەشی فەرز نەكات بەسەر میللەتەوە. خۆیشم چەندینجار وتومە كەوا پارتی و بارزانی بەبێ پارەو دەسەڵات ناتوانن خەڵك بۆ لای خۆیان رابكێشن، روداوەكانی بیستو شەش ساڵی رابردوش ئەو حەقیقەتەی سەلماند، هەر لەدەستبەسەراگرتنی داهاتەكانی گومرگی ئیبراهیم خەلیلەوە تا دەستگرتن بەسەر بودجەی عیراق و دواتریش دزینی سامانی نەوتی هەرێم..
ئێستاش دوای تەواو بونی ویلایەتە ئێكسپایەرەكانی بارزانی، بەتەمابون لەگەڵ كلكەكانیان لەحزبو حزبۆكەكانی كوردستان تەبخەیەكی نوێ ئامادە بكەن لەرێگەی پەرلەمانی كودەتا بەسەركراو و یەكڕەنگی ( پارتی ویەكێتی ویەكگرتوو) بۆ ئەوەی دو ساڵیتریش بخەنە سەر پۆستەكەی، بەڵام دەركەوتنی دەنگی ناڕەزایی لەبەغداو توركیاو ئێران لەدوای ریفراندرمە شوومەكەی، بەوەی كە رۆڵی بارزانی كۆتایی هاتوەو ئەبێ شوێنەكەی چۆڵبكات، ئێستا هاتونەتە سەر دامەزراندنی مەجلیسی قیادەی سەورە ( ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داش عیراق) بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی هەمیشە وەكو باڵاترین دەسەڵاتی هەرێمو مەرجەعی باڵا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
هەڵبەت داتاشینی ئەم ئەنجومەنەش لەواقیعدا واتای سڕینەوەی رۆڵی هەمو دەزگا شەرعییەكانی هەرێمە ( پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری ) وەكو سەردەمی رژێمی بەعس ئەم مەجلیسی قیادەی سەورەیە دەسەڵاتی دەركردنی بڕیاری هەبی بە قووەتی قانون، ئەمەش رێك بەدیكتاتۆریكردنی سیستەمی سیاسی كوردستانە، لەكاتێكدا میللەت بەگشتی وحزبە سیاسییەكان چاویان لەوەیە كەوا دەزگا شەرعییەكان بگەرێنەوە سەر كاری خۆیان ورێز لەیاساو رێساكانی دیموكراسیەت بگیرێ.
رەنگە هەر بۆ ئەوەش بوبێت بارزانی وتویەتی" نە خۆمو نە كەسێكی بنەماڵەكەم خۆمان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید ناكەین" هەڵبەت مەبەستی ئەوە بوە كەوا دەزگایەكی لەسەروی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانەوە بۆ خۆی داتاشێ و هەر خۆی حاكمی موتڵەق بێت لەهەرێمدا. دوورنیە لەرێگەی پەرلەمانەوە یاسایەكیش دەربكەن بۆ ئەم مەجلیس قیادەی سەورەیەو یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش هەموار بكەنەوەو بیكەنە پۆستێكی پرۆتۆكۆلی  بەمەش رۆڵی گەورە لای خودی بارزانی بمێنێتەوەو ئەو سەرپەرشتی هەر سێ دەزگای تەشریعیو تەنفیزیو قەزایی بكات.
مەبەستی بارزانی لەم هەنگاوەدا زۆر بەرونی دیارە كە ئەیەوێ جۆرێك لە پارێزبەندی ( حصانە) بداتە خۆی بۆ ئەوەی بەیانی دەسەڵاتی بەغدا نەتوانێ لەرێگای یاساكانەوە محاسەبەی بكات لەسەر ئەو پارە دزراوانەی نەوتو ئەو هەمو گەندەڵییەی لەساڵانی پێشتردا حزبەكەی كردویەتی، چونكە ئێستا بەجیددی حكومەتی عیراق كەوتۆتە خۆی بۆ ئەوەی بیداتە دادگا لەسەر دزینی نەوتو هەوڵەكانی بۆ پارچەپارچەكردنی ئەو عیراقەی ئێستا مەجلیسی قیادە سەورەكەی پێوە لكاندوە.
حەیف بۆ ئەو سەركردانەی بەزەلیلیو ملشۆرییەوە چونەتە ناو ئەم پرۆسەیەوە، هەزار حەیفیش بەتایبەتی بۆ سەركردەكانی یەكێتی كە ساڵانێك كەسایەتی دیاری سەر ساحەی كوردستان بونو رۆڵی زۆر گەورەیان هەبوە لەناو كایەی سیاسییداو وەك هەندێكیان ئەڵێن دەیان پێلاوی لاستیكیان لەشاخەكاندا دڕاندوە، ئێستا لەتەك نوێنەری حزبە توركمانیو حزبۆكە بچوكەكاندا ئەندامی ئەم مەجلیس قیادەی سەورەیەن، قوربانی بەو هەمو خەباتی حزبەكەیانو بگرە خەباتی خۆشیان ئەدەن لەپێناو بەدیكتاتۆریكردنی سیستەمی حوكمرانی لەهەرێمدا.
پێشتریش وتومەو ئێستاش دوبارەی ئەكەمەوە كەوا دامەزراندنی سیستەمێكی دیكتاتۆرییانەی ستالینیانە لەكوردستاندا قوربانییەكانی بەپلەی یەكەم ئەو كەسانە ئەبن كە كۆیلەو زەلیلن لەبەردەم بارزانیدا، لەبیرمان نەچێ كە هەڵگەرانەوەی ستالین لەسەرتای دیكتاتۆریەكەیدا بەسەر نزیكترین هاوڕێی خەباتەكەی بو كە ترۆتسكی بو، سەدامیش بەر لەوەی بكەوێتە گیانی عیراقییەكانەوە، 22 ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەی خۆی تەسفیە كرد كە لەناویاندا هاوڕێی خەباتی زۆر نزیكیشی تێدابون.
عیبرەت هەمیشە لەكۆتای روداوەكانە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە