ئەنجومەنی سەركردایەتی سياسى كوردستان- عێراق، هەیئەتێكی ناشەرعی بۆ حوكمرانیەتی رەها

Monday, 02/10/2017, 19:36

3480 بینراوە


زۆرێكمان ئەنجومەنی قیادەی بەناو سەورەی عیراقیمان بیرە، ئەنجومەنێك بو لەژێر هەیمەنەی دیكتاتۆرو لە پێناو سەقامگیركرنی دیكتاتۆریەت بو، هەمو دەسەڵات وبریارێكی یەكلاكەرەوەش لە عێراق لای ئەو ئەنجومەنە بو، تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنەكەش حەلقەیەك بون لە پەنجەی سەدامی دكتاتۆر، ئیتر دامەزراوەكانی تری وەك(ئەنجومەنی نیشتمانی) بەحساب پەرلەمانێكی هەڵبژێردراو بو جگە لەدامەزراوەی كارتۆنی بێ‌ دەسەڵات شتێكی تر نەبوون.
---------------------------------
دوای راپەرینی بەهاری 1991 حیزبە كوردستانیەكانی شاخ وهەندەران لەسایەی راپەرینی خەڵكی كوردستان بەدیداری وڵات شاد بونەوە ، بەناوی بەرەی كوردستانی حوكمی ئەو هەرێمەیان گرتە دەست وەك دەسەڵاتێكی دیفاكتۆ. دواتر ئەو دەسەڵاتە دیفاكتۆیە بو بە دەسەڵاتێكی قانونی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی دامەزراوەی حوكمرانی (پەرلەمان وحكومەت و قەزا)، دوای روخانی رژێمی سەدام لە 9/4/2003 ئەو دەسەڵاتە لەلایەن دەستوری عێراقەوە دانی پیانرا . 
هەرچەندە ئەو دەسەڵاتە خۆی بەسستەمێكی دیموكراتی عەیارە بیست وچوار دادەناو زۆر جار بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە حكومەتی عێراق سوود لە ئەزمونەكەیان ببینێ‌، بەڵام لە راستیدا ئەو دەسەڵاتە لەسەرەتای دروستبونیەوە دوور بوو لە هەمو بنەمایەكی دیموكراسی، دامەزراوە حوكمرانیەكانیشی دامەزراوەی كارتۆنی بێ‌ دەسەڵات بون وبریاری یەكلاكەرەوە لە دەست كەسی یەكەمی حیزب و بنەماڵەی خاوەن حیزبەكان بو...ئەو راستیەش هەرچەندە بەڵگەنەویست بو بەڵام دواتر هەر خۆیان بۆیان سەلماندین كاتێك ساڵی 2015 دەرگای پەرلەمان داخراو كۆمەڵیك وەزیری لایەنێكی سیاسی نیردرانەوە ماڵەوە ، بەو هەنگاوەش پەرلەمان نەما حكومەتیش پشتیوانی یاسایی لە دەستداو بو بە حكومەتی راهیكردنی كارەكان، ئەوە جگە لەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمیش كە سەرچاوەی كێشەكان بو لە 2015 ەوە ماوەكەی كۆتایی هاتوە، ئەو دۆخەش تا ئێستا بەردەوامە .
لەو بارو دوخەدا كۆمەڵیك حزبی سیاسی لەبری ئەوەی بریارێكی بوێرانە بدەن لەسەر بەكارخستنەوەی دامەزراوە حوكمرانیەكانی هەرێم بە شێوازی یاسایی، هاتن لە 7/6/2017 وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان لە 25/9/2017 راگەیاند و خۆشیان بە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم ناو زەد كرد.
نارەزاییەكان زۆربون دژ بە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكەو دونیا، بەڵام لەوادەی خۆی ئەنجامدرا، گوێ‌ نەدرا بەو هەمو هۆشداری و هەرەشانەی ئاراستەی هەرێم كران. لە راستیشدا بیرۆكەی ریفراندۆم وئەنجامدانی زادەی بریارو ویستی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بو، دەوری ئەنجومەنی باڵای ریفرانۆمیش تەنها پشتیوانیكردنی ویست وبریارەكانی ئەو بو، بێئەوەی جورئەتی دەربرینی راو بۆچونی جیاوازیان بوبێ‌ لە بەرانبەریدا !! 
لە ئەنجامی جێبەجێكردنی هەندێك لە هەرەشەكانی حكومەتی عێراق لە هەمپەر هەرێمدا، ئێستا هەرێم لەبارودۆخێكە هیچ كارتێكی رووبەروبونەوەی بەدەست نیە لە راست بەغدا جگە لەنەرمی نواندن وپاشگەزبونەوە نەبێت، ئەوەتا بە دەستپێشكەری ئەیاد عەلاوی رازیبون بەڵام حكومەتی عیراق رەتیكردەوە، ئێستا بە دەستپێشكەری مەرجەعی شیعەكان سیستانی رازین هەرچەندە دەستپێشكەریەكەی هێندەی لە بەرژەوەندی حكومەتی ناوەندە هێندە لە بەرژەوەندی هەرێم نیە، بەڵام هەر دەیانەوێت دۆخەكە وەك خۆی لێ‌ بێتەوە بەهەر نرحێك بێت ودەسەڵاتیان نەكەوێتە مەترسیەوە.
دوێنێ‌ 1/10/2017 لەو بارودۆخە ناهەموارەی هەرێم تێی كەوتوە وچاوی میدیاكانی دونیای لەسەرە، لە بریارێكی چاوەروان نەكراودا، (ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان) كرا بە (ئەنجومەنی سەركردایەتی كوردستان – عێراق) !!. ئەمە لەكاتێكدا خۆی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمیش هەیئەتێكی نایاسیی وزیادبو كە دامەزرا لە غیابی پەرلەمانێكی پەكخراو، دەبوایە لەبری دامەزراندنی ئەنجومەنی ریفراندۆم شەرعیەت بۆ پەرلەمان ودامەزراوە قانونیەكانی تری هەرێم بگەرابوایەوەو بخرابانەوە كار، تا وەك نوێنەری میللەت بریار لە پرسێكی وا چارەنوسساز بدەن. ( كاتی خۆی لە وتارێكمان بەناوی - تێروانینێكی یاسایی لە بریاری ریفراندۆم وپێویستی ئەنجامدانی- بۆچونی خۆمان دەربارەی ئەو بریارەو ئەنجومەنی ریفراندۆم خستۆتە روو). 
ئەوەی دەربارەی ئەنجومەنی ریفراندۆم لەوێدا گوتومانە هەمان شت دەڵێینەوە بەزیاترەوە دەربارەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كوردستان - عێراق. ئێمە بەو هەنگاو و بریارە گەراینەوە سەردەمی بەرەی كوردستانی ساڵی 1991( واتە 26 ساڵ بۆ دواوە) بەڵام بە جیاوازییەكی زۆرەوە، چونكە ئەوسا بەرەی كوردستانی بەهەمو كەم وكوریەكانیەوە شەرعیەتی شۆرشگێری هەبو، حیزبەكان تیایدا یەك هەڵوێست بون و خەڵك پشتیوانی لێدەكردن ورازیبون لەسەر حوكمرانیەتی بەرە بۆ ماوەیەكی كاتی وەك دەسەڵاتی دیفاكتۆ بۆ قۆناغی گواستنەوە بەرەو حوكمرانیەتێكی قانونی، بۆ ئەو مەبەستەش یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی ژمارە (1) ی ساڵی 1992 دەركرا بە ئیمزای نوێنەری تەواوی حیزبەكانی بەرە، لەبەر رۆشنایی ئەو قانونەش یەكەم هەڵبژاردن ئەنجامدرا و دامەزراوە قانونیەكان پێكهێنران لە پەرلەمان وحكومەت و دەسەڵاتی قەزا. كەواتە دوای بە قانونیكردنی دەسەڵاتی حوكمرانی هەرێم ودانپێنانی دەستوری عێراق بەو دەسەڵاتە، تازە دەمانەوێت بە بریاری ژوورە تاریكەكان لەلایەن كۆمەڵێك حیزبەوە كە هەندێكیان تەنیا ناون وناوەرۆكیان نیە واتە هیچ پێگەیەكی جەماوەریان نیەو دەكرێ‌ بڵێین دوكانی سیاسین نەوەك حیزبی سیاسی، دامەزراوەیەكی نا شەرعی دروست كەین و ببێتە مەرجەعی دامەزراوە شەرعیەكان !!
بێگومان پێوەر بۆ زانینی شەرعیەتی هەر هەیئەتێكی حوكمرانی پێویستە ئەو هەیئەتە شەرعیەت لە هەیئەتێكی ترەوە وەربگرێ‌، سەرچاوەی شەرعیەتی هەمو هەیئەتەكانیش گەل خۆیەتی، بۆ نمونە حكومەت شەرعیەت لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت و پەرلەمانیش لە میللەت، ئیتر بەو شێوەیە بۆ هەمو دامەزراوەكان، بەڵام دەپرسین ئایا ئەو ئەنجومەنە شەرعیەتی لە كوێ وەرگرتوە ؟!
ئەو ئەنجومەنە بەبریاری كۆمەڵێك حیزب دامەزراوە، زۆربەیان توانای بە دەست هێنانی كورسیەكی پەرلەمانیان نیە، جگە لەوەش ئەو حیزبانە لە بارودۆخی ئەمرۆدا گوزارشت لە كۆدەنگی نیشتمانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكەن، سەرەرای ئەوەش بونی ئەو ئەنجومەنە پێویست نیە لە وجودی دامەزراوەی حوكمرانی یاسایی كە ئێمە لە ساڵی 1992 ەوە هەمانن گەرچی ئەمرۆ لە تەنگژەی سیاسیشدابن، لە كۆتاییشدا وەها ئەنجومەنێك بۆ سیستەمێك كە لافی دیموكراتیەت لێبدا مایەی گالتە جاری وئیهانەكردنە بە ئیرادەی گشتی خەڵك. چونكە ناكرێ‌ تۆ خۆت بە حیزب وحوكمی دیموكراسی بزانی و لە سەدەی بیست ویەكدا بێیت و ئەنجومەنێكی ناشەرعی بكەیتە مەرجەعی دامەزراوە شەرعیەكان كە گوزارشت لەئیرادەو خواستی خەڵك دەكەن. ئەو حیزبانە بۆیان نیە بەناوی میللەتەوە بریار بدەن و هەوڵی شەرعیەتدان بدەن بە دەسەڵاتێكی ناشەرعی رەها لەدەست هەركەس ودامەزراوەیەك بێت، لە رێگای بریاری ناشەرعی بە دروستكردنی هەیئەتێكی لەوجۆرەی ناشەرعی. 
بۆیە بە هەمو پێوەرێكی دەستوری و یاسایی ئەو ئەنجومەنە ئەنجومەنێكی فەرزكراوە لەلایەن دەسەڵاتێكی رەهاوە كە لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵك وبنەما دیموكراسیەكان حوكم دەكات، دوورونزیك بە شێوەیەكی راستەوخۆیا ناراستەوخۆ لە ئیرادەی خەڵكەوە هەڵنەقوڵاوە، بەدەرە لە هەمو شەرعیەتێكی قانونی و واقیعی ، هەنگاوێكی مەترسیدارە روەو سەقامگیركردنی حوكمی رەها لە كوردستان، بۆیە پێویستە لە سەر هەر یەكێكمان دڵسۆزانە بە زارو كردار بە روویدا بوەستینەوەو داوای هەڵوەشانەوەی بكەین، وەك زۆر بریاری نایاسایی تر بەسەرمان نەسەپێنرێ‌، چونكە سەپاندنی وەها ئەنجومەنێك بۆ مەبەستی دەستەمۆكردن وبەكۆیلەكردنی خەڵكە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە