تاڵەبانی وەک سیمبولی هەلپەرستی و خیانەت

Wednesday, 10.04.2017, 23:01

3587 بینراوە


سەرەتا وەکو ئەندامێکی ستافی کوردستانپۆست، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە نووسین دوورکەوتمەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی لە کوردستان ترس و گومانم هاتبووە سەر، خەریک بوو  لای دەسەلات ئاشکرا  بکرێم، کە لێرەدا درێژە بەمەیان نادەم، بۆیە  ماوەیەک چوومە قەندیل بە دوایدا بۆ  رۆژئاوا و کۆبانی، ئەمەشیان بە پێویست نازانم باسی بکەم، ئەوەی دەمێنێتەوە و قسەی لەسەر بکەم ئەوەیانە، ئیستا گەڕاومەتەوە و لە شوێنێکی ئەمینم و دەمەوێت چالاکی خۆم لە بواری راگەیاندندا درێژە پێبدەمەوە، هەرچەندە بەهۆی گۆڕینی ستایلی ژیان و کاری تایبەتی دیکە رەنگە نەتوانم وەک جاران زۆر چالاک بم، لێ هەوڵ دەدەم لەگەڵ برادەرانی کوردستانپۆست خۆم کارا بکەمەوە،بێمەوە بواری  راگەیاندنەکان.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت وەکو سەرەتایەکیش قسە لەسەر کۆچی دوایی جەلال تالەبانیش بکەم، لە نووسینێکی بەرپرسی کوردستانپۆست (کاک کەمال جەمال موختار) بەناونیشانی (ئایا ده‌کرێ په‌یکه‌ر بۆ که‌سێک دروست بکرێت، که‌ دژ به‌ نیشتیمانه‌که‌ی خۆی بووبێت؟) بکەمە دەستپێک، کە باس لە پیرۆزکردنی کەسایەتییەکان دەکات و دەڵێت:
میلله‌تێک، خاوه‌نی مێژووی خۆی نه‌بوو، پاش نیوه‌ سه‌ده‌ هه‌رچییه‌کی لێبه‌سه‌ر هاتبێت، پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌، ئێمه‌ی کورد چۆن ده‌بینه‌ میلله‌ت و شانازیی به‌ بوونی خۆمانه‌وه‌ ده‌که‌ین، کاتێک نه‌زانیین له‌ رابردوودا چیمان لێقه‌وماوه‌، باو و باپیرانمان چییان کردووه‌؟  کێ خائین و ناپاک بووه‌؟  کێ  دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ر بووه‌؟ کێ جوان بووه‌، کێ ناشرین؟!.
لە کۆتاییدا دەڵێت:
تکایە هه‌رگیز له‌گه‌ڵ هیچ به‌رپرس و سه‌رکرده‌کی ئه‌مڕۆدا وێنه‌ مه‌گرن، مه‌چنه‌ پاڵ په‌یکه‌ری هیچ مردووه‌یه‌ک تا مێژووه‌که‌ی نه‌خوێننه‌وه‌.
ئەو وتارە هانی منیشی دا کە  لەسەر کۆچی دوایی جەلال تالەبانی چەند قسەیەک بکەم، کە دەبینم زۆر کەس لەوانەی کوێرانە دوای تارمایی مێژووەکەی تالەبانی کەوتوون، ئەوەی لە مێژووی گەلەکەماندا تۆماری کردووە، پێچەوانەکەی دەخوێننەوە و قسەی لەسەر دەکەن. منیش دەڵێم، کە گەلێکی نەخوێنەوار، هەر ئەوەی لێدروستدەبێت کە رابردووی خۆی فەرامۆش بکات و قسە لەسەر ئیستا بکات، بەبێ ئەوەی دەرسی لە رابردوو  وەرگرتبێت، هەروەها سەرانی کورد لە خیانەتدا وەکو ئەکتەرێکی سەرکەوتوو ببینێت و باداشتی چاکەیان بداتەوە، هەڵبەت ئەمەش پەیوەندیی بە نەوەیەی ئیستاوە هەیە کە دەسەڵاتی کوردی پەروەردەی کردووە، دەبێت ئەوەی لێدەربچێت خۆیان لە قاڵبیان داوە، بۆ ئەم بەرپرس و سەرکردانەش هەر ئاوای بۆ بکەن، کە شایانی نییە، یان شایانی پێچەوانەکەیەتی. بۆ سەلماندنی بەڵگەی ئەم قسەیەم ئاماژە بە دەرهێنانی ئێسک و پروسسکی مارابۆ دەدەم لە دوای شۆڕشی فەڕەنسا، کاتێک زانییان خیانەتی لە گەلی فەڕەنسی و شۆڕشەکەی کردووە، هاتن لە  گۆڕستانی قارەمانەکانی خۆیان دەریان هێناو بردیانە شوێنیكی دیکە و فڕێیان دا.
کێ ئەوە دەزانێت کاتێک داوا لە ئەکتەر و هونەرمەندی هۆڵیود/ میسری (عومەر شەریف) کرا رۆڵی مەلا مستەفا ببینێت، ئەو ئەکتەرەی رۆڵی عومەر موختاری بینیبوو، ئەویش وەڵامی ئەمە بوو، کە هەڵەیە و ناکرێت رۆڵی هیچ کەسایەتییەکی مێژوویی ببینرێت، لە ژیاندا بێت، یان هێشتا مردنەکەی  نزیکەی سەد بۆ سەد و پەنجا ساڵ بە سەر نەمانییدا نەڕۆیشتبێت. هەرچەندە عومەر شەریف بەو وەڵامە خۆی لە داواکرییەکەیان دزییەوە، بەڵام راستییەک لە قسەکانییدا هەبوو، گوایە ئیستا ئەوەی باس دەکرێت و نووسراوەتەوە، گەرەنتی راستگۆیی نیین بۆ مێژوو، ئیستا نەوەیەک لەگەڵ ئەو کەسانەدا ژیاون و ماون، کە هەستزۆزانە دەیانەوێت جوانی بکەن و مێژووەکەی هەڵبگێڕنەوە، لێ پاش ماوەی چەند سەد ساڵێک ئەم نەوەیە نامێنێت و روویەکی زانستی لە گێڕانەوەی مێژووەکە دەکەوێتە روو، مافی تەواویی بەو کەسایەتییە دەدات.
هەر لێرەشەوە من دەمەوێت بەو بەڕێزانە بڵێم ئەوانەی کە دەڵێن: عێراق و کوردستان بۆیە وای لێبەسەر هات، چونکە تالەبانی نەخۆش کەوت و دوورکەوتەوە، بەوانە دەڵێم: ئێوەش لێبگەڕێن با مێژوو قسەی خۆی بکات، نەک ئێوە، چونکە دیارە ئێوە بە هەست و سۆزەوە قسە لەسەر ناراستیەک دەکەن، کە پێچەوانەکەی راستترە، ئەمە کاری ئێوە نییە، دڵداری لەگەڵ مێژووی تالەبانییدا مەکەن، لێبگەڕێن با منداڵ و نەوەکانی داهاتوو بچنە بنج و بناوانی ئەو مێژووەوە.
-------------------
ئیمڕۆ کە مردنی جەلال تالەبانی راگەیەندرا، زۆر کەس وای بۆ دەچن، کە نەک ئەمڕۆ بەڵکو چوارساڵ دەبێت جەلال تالەبانی مردووە، ئاخر ناکرێت مرۆڤ عەقڵ و هۆشی لەدەستدابێت، تۆ بە زیندووی دابنێیت!، هەموو دەزانن کە تالەبانی لەسەر کورسییەک دانرابوو، تەنیا دڵی لێی دەدا و هەندێک جوڵە و زەردەخەنەی پێ مابوو، ئایا دەکرێت تۆ بە زیندووی بزانیت؟! ئەوەی ماڵ و منداڵ و خانەوەداکەی بە ناوی تالەبانییەوە دەیانگوت و دەیانکرد، تەنیا بۆ رەواج و بازاڕگەرمکردنی خۆیان بووە لە ناو دەسەڵات و حیزبەکەیاندا، بەتایبەتی ئەو کاتانەی لە کوردستانی نوێ و تەلەفیزیۆنەوە بە ناوی تالەبانییەوە پەیامی سیاسیی و دەستخۆشیی و نامەیان ئاڕاستەی ئەندام و هاوڵاتیان دەکرد، گوایە ئەوە تالەبانی خۆیەتی ئەم قسانە رادەگەنێت، ئەمە سوکایەتیی بوو، لە پێش هەموو کەسێک بە خودی تالەبانیی خۆی. تالەبانی لە رووی سیاسییەوە دەمێک بوو مردووبوو، کارەکتەرێکی بێ گیان بوو ، هەرچەندە من بۆ خۆم تاڵەبانی لە ٢٠٠٥ ەوە وەک کارەکتەرێکی پاشکۆ و زەلیلی بنەماڵەی بارزانی دایدەنێم، لەو کاتەی ئیمزای لەسەر رێکەوتننامەی نێوان یەکێتیی و پارتیی کرد، سازشکارانە لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقدا، بۆ بنەماڵەی خیانەتکاری مەسعود بارزانی، یەکێتی کردە قوربانی حەز و خواستەکانی خۆی . تاڵەبانی پێش ئەو مێژووەش وەک خیانەتکارێک دەبێت چاوی لێ بکرێت کاتێک لە بەناو پەرلەمانی کوردستان ، لە ٤ ی ١٠ی ١٩٩٢ یەکەم بڕیاری شەریان دژی گەریلا دا و پێش سوپا و جەندرمەی تورکیا کەوتن بۆ کوردکوشتن.
ساڵی ٢٠٠٠ یش دووبارە وەپێش سوپای داگیرکەری تورک کەوت ، هێرشی بردە سەر قەندیل زیاتر لە ٧٠٠ گەریلا شەهید و بریندار بوون.
بە بۆنەی کۆچی دوایی تالەبانی نابێت مرۆڤ ئەو مێژووەی تاڵەبانی فەرامۆش بکات .
ئەو حەشامەت بە مێگەلکراوە، هەمیشە بەدوای سۆزی بێمانادا دەگەڕێت ، هەر زوو مێژوو لە بیر دەکات کە تاڵەبانی چ کارەکتەرێک بوو، تەواوی جومگەکانی ژیانی کوردیی لە هەرێم بۆ پارە و پۆست پێشکێش بە بنەماڵەی بازرانی کرد.
تاوانبار و تیرۆریست ئەگەر هەبێت لە باشووری کوردستان، مەسعود بارزانییە ، لێ تاڵەبانی رێگا خۆشکەر بوو، کە لەوە زیاتر ببێت بەو تاوانبارە گەورەیە.
تالەبانی وەک سیاسییەکی فاشیل، پێناسەی بۆ سیاسەت لە دەرەوەی ئەخلاق دەکرد، زۆر بڵێی و درۆزن دوو سیفەتی ئەو کەسە بوو. لە بیرتانە دەیوت، ئێمە هەژارین هیچمان نییە، ئەگەر مردین مەگەر شارەوانی بمان نێژێت! چ کەسێک درۆی ئاوا زەق لە زاری دەردەچێت و خەڵکی کوردستان ئەوەندە بە ساویلکە و نەزان دەزانێت!؟
ئەو بەرپرسانەی ئێستای ناو یەکێتی هەموو قوتابی قوتابخانەی تالەبانین لەوەی درۆ و خیانەت بکەن، هەل بقۆزنەوە بۆ چنگ گیرکردن لە پارە و پۆست، هەمیشە خۆیان لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان وەک دوژمن دەبیننەوە.
سەیری کۆسرەت رەسوڵ بکەن، هەروەها هێرۆ، مەلا بەختار و فەریدون عبدولقادر ئەوانی دیکە، هیچ حسابێک بۆ بەرژەوەندی گەل ناکەن، ئەمانە لە پێشبڕكێدان بۆ رازیکردنی مەسعود بارزانی بۆ پلە و پۆست و خۆفرۆشتن.
بۆ پشتیوانی گاڵتەجاڕییەکی ریفراندۆم ، هێرۆ رێگای لە میانی خەڵکی سلێمانییەوە خۆش کرد بۆ مەسعود بارزانی، تا سوکایەتی بە خەڵکی کوردستان بکات، ئەمە لە کاتێکدا تاڵەبانی لە خراپترین حالەت و سەرەمەگدا بوو، ئەو بەتەنیشت مەسعودەوە بوو .
کۆسرەتیش بە هەمان شێوە، بۆتە بەشێک لە پارتی و وەک کۆیلەیەکی زەلیل پارتی دەبینرێت.
ئەوانی دیکەش بە هەمان شێوە.سەیری قوباد بکەن وەک منداڵیکی گوێڕایەلکی بنەمالەی بارزانیی، کە دەیەوێت وەسیەتی باوکی جێبەجێ دەکات بۆ خۆ سوککردن و تەسلیم بوون بە بنەمالەی بارزانی.
بە گشتی هەموویان لەسەر ئەو رێگایەن و هەمان رێچکەی تالەبانیان گرتۆتەبەر بۆ خزمەتکاری بنەمالەی مەسعود بارزانی، ئەمەش گەورەترین خیانەتە دەرهەق بە دەیان هەزار شەهیدی یەکێتی کە لە شەڕی یەکیتی و پارتی تالەبانی بە کوشتی دان.