کوردستان، بەرزاییەکانت دەکرێن بە "گۆڕستانی بنەماڵە و خێزان"!

Thursday, 05/10/2017, 14:52

8518 بینراوە


سەرانی پارتەکانی باشوور بیست وشەش ساڵە، هەرچی دیاردەی ناشرین هەیە لە باشووری وڵات کردویانە بە کەلتوور و بە میللەتیان ناساندوە. گەلیان راهێنا لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپی سوک و نزم. خەڵکیان لە سەر بنەمای هەڵە پەروەردە کرد. سوودمەند بوون لە سادەیی خەڵک و بە کۆیلەکردنیان.
بیست وشەش ساڵە، هەر یەک لە سەرانی پارتەکانی باشوور هەرچی شوێنێکی ستراتیژی جوگرافی باش هەبووبێت کە موڵکی گشتی بووبێت، داگیریان کرد و  بۆ حەوانەوە و بازرگانی تایبەتی خۆیان بەکاریان هێناوە. ئەمە بووە بە دایاردە و کەلتوورێکی ناشرین کە شاخ، چیا و گرد و گردۆڵکە لە باشووری وڵاتدا نەماوە یەکێک لە سەرانی پارتە دەستڕۆیشتووەکان بۆ خۆیان دەستیان بە سەردا نەگرتبێت، دوای مردنیشیان بۆ خێزان و کەسوکاریان جێیان نەهێشتبێت!
ئەمڕۆ، سەرانی پارتە شەرمەزاربووەکانی باشووری وڵات، دابونەرێتێکی تازەیان داهێناوە کە پێچەوانەی گشت کەلتوور و دابونەرێتی کۆمەڵگەیی کوردیی، ئیسلامیی، مەزهەبی، ئاینیی، مەدەنیی و عیلمانییە. بۆ هەزاران ساڵ دەچێت کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا دابونەرێتێکی تایبەتی هەیە و پەیرەو دەکرێت بۆ بەخاک سپاردن و ناشتنی مردو  لە "گۆرستان".
جیا کردنەوەی "گۆڕستان" لە شوێنی نیشتجێبوون، شوێنی کار، نەکردنی ئەرز و خاكی تاپۆکراو بە "موڵکی تایبەت" و بە 'گۆڕستان" لە یاسا و و دەستووری میللەتاندا ددانی پێدانراوە، دابونەرێتێکی شارستانییە کە هەنوکە لە دنیادا هەموو نەتەوە و میللەتان پەیرەوی دەکەن.
ئەو لێپرسراوانە لە نووسین و تێکستەکانیان باسی "سەروەری یاسا" و "داد و دادوەری"ی و بونیاتنانی "کۆمەڵەگەیی مەدەنیی" و "عەداڵەتی کۆمەڵایەتی" و پێشکەوتنیان کردەوە، کەچی خۆیان دوای مردنیشیان هەموو یاسا و دابونەریەتی کۆمەڵاییەتیان پێشێل کردووە.
پەروەردە بووی قوتابخانەی "جەلالیە"ت، جگە لە بە پراکتیک کردنی هەموو ئەو دابونەرێتانەی کە لە قوتابخانەی" بارزانی" فێرببوون و خستیانە بواری کار پێکردن وەکو خیانەت کردن و دەست تێکەڵاو کردن لەگەڵ دەزگا جاسووسییەکانی ناوچەکە و دنیا و بە بنەماڵە و خێزان کردنی پارت و بزوتنەوەکان و حکومەت و دەست بەسەرا گرتنی سامانی گشتی، لە پاڵ ئەوەشدا  خەریکە دیاردەیەکی تازە بە کۆمەڵگەی کوردیی باشوور ئاشنا دەکەن و دەناسێنن کە تایبەتە بە پەروەردەی قوتابخانەی "جەلالییەت" و میللەتیش لێی بێدەنگە! ئەویش ئەوەیە کە دەبێت دوای مردنیان لە سەر چیا، گرد و شوێنی کارکردن و حەوانەوەیان بە خاک بسپێردرێن!
گومانی تێدا نییە کە ئەو کولتوورە لە گەشەکردن و پەرەسەندنندا دەبێت. لە داهاتوودا خێزان و ماڵ و منداڵی ئەو لێپرسراوە مردوانە کە "وەسیەتنامە" دەنووسن، داوا دەکەن دوای مردنیان لە پاڵ باوک، هاوسەر، خوشک و دایک بنێژرێن.  ئەگەر وا بڕوات لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەموو سەر چیا، گرد، شاخ و باخچە و هاوینەهەوارەکانی باشوور دەکرێن بە مەزارگەی لێپرسراوان و خێزانەکانیان وەک چۆن تا لە ژیاندا مابوون دەستیان بەسەر ئەو شوێنە گشتیانە گرتبوو، خوازیارن دوای مردنیشیان ئەو شوێنانە موڵکی ئەوان بمێنێت و تا هەتایێ نەگەڕێتەوە بۆ موڵکی گشتی، کە ئەمە ئاوێنەیەکە ڕەنگدانەوەی ناخی بۆگەنیی و و عەقڵیەتی پیس و تەماحی  ئەو لێپرسراوانە دەردەخا!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە