هەندێک زانیاری لەسەر BHL

Saturday, 07/10/2017, 22:46

9138 بینراوە


BHL تایبەتمەندیەکی زمانی فەرەنسیە کە بۆ ناوی شەریکە یان پیاوێکی سیاسی بەکار دێت، کاتێک ناوەکان دور و درێژن وشەکە کورت دەکەنەوە، کاتێک دەڵێین BHL دەبێتە کورتکراوەی ناوی؛ بێرنارد هێنری لێڤی، وەک چۆن دەڵیین؛ Vtt بۆ ناوی ئەو پاسکیلانەی کە بە هەموو ڕێگایەکدا دەڕۆن، بە مانای پاسکیلی هەمو ڕیگاو بانێک.
ساڵی ڕابردوو کاتێک ئۆفیسی کوردانی ڕۆژاڤا لە پاریس کرایەوە، بەو بۆنەیەوە نزیکەی سەد و پەنجا کەسێک لە پیاوانی سیاسی فەرەنسی بانگ هێشت کرابوون، لەوانە بێرانرد کوشنەر و، زۆر لە نووسەر و ئەو کەسانەی بەڕاستی شانبەشانی کوردانی ڕۆژاڤا خەباتیان کردووە بە نووسین و کاری جیاواز، وەک نووسەر و گەڕۆک، Patrice Franceschi کە خاوەنی کتێبی مردن لە پێناوی کۆبانیدا، چەندەها جاریش سەردانی ڕۆژاڤای کردووە، بەڵام ئەو کەسەی کە بۆ ئەم بۆنەیە بانگهێشت نەکرابوو BHL بوو، ئەمەش لەبەر ئەوە نەبوو، کە لەبیریان چوو بێت، بەڵکو دەزانن BHL کێیە و لە چ کانیەک ئاو دەخواتەوە.
کاتێک دەبینن لە پڕ BHL لە نیوەی کۆبوونەوەکەدا خۆی دەکات بە ساڵۆنەکەدا، دەبێتە مقۆ مقۆ و چرپە چرپ، بەڵام خەڵکی دان بەخۆیاندا دەگرن لەبەر خاتری کوردانی ڕۆژاڤا نایانەوێت ببێتە دەنگە دەنگ، پاشان BHL بەبێ مۆڵەت دەچیتە بەردەم مایکرۆفۆن و دەست دەکات بە قسەکردن، هەر خێرا Patrice Franceschi دەچێتە بەردەمی و.پێی دەڵێت:
- تۆ چی دەکەیت لێرە ؟ ئێمە تۆمان بانگهێشت نەکردووە ؟ 
BHL یش دەمی تەتەڵە دەکات و دەڵێت ئاخر فلیمێکم لەسەر کوردانی باشوور کردووە.
ئەویش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ئەم ئێوارەیە باسی کوردانی رۆژاڤا دەکەین ئێمە.
لەبەر ئەوەی دەزانن دەوری بارزانی چی بووە بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژاڤا ڕێگەی پێ نادەن قسان بکات، ئەویش بە لوت شکاوی و تۆراوی ساڵۆنەکە بەجێ دەهێڵێت.
ئەم ڕوداوە لە زۆر رۆژنامەدا باسکرا لەبەر ئەوەی لە فەرەنسا خەڵکی دەزانن، کە BHL کێیە و چۆن حەزی بەخۆ دەرخستنە نەک بەرگریکردنێکی ڕاستەقینە.
کاریکاتۆری BHL
BHL کەسێکە فەلسەفەی خوێندووە بەلام نە دەرسی فەلسەفە دەڵێتەوە، نە کتێبێکی گرنگی هەیە لەسەر فەلسەفە، هەروەها نە تیۆرییەکی فەلسەفی تازەی بەرهەم هێناوە. کتێبەکانی زیاتر هەوڵدانی فەلسەفین، لە سالانی حەفتادا هەندێک فەیلەسوف هەوڵیاندا، کە بزانن بۆچی ئەم کابرایە هێندە نووسەرێکی خراپە لەگەڵ ئەوەشدا ئاستێکی بەرزی فەلسەفی نییە، بەڵام لە میدیا و لە ڕۆژنامە و لای خاڵک هێندە باس دەکرێت، پاشان ژیل دلوز فەیلەسوفی فەرەنسی ئەڵێت: ئەم فەیلەسوفە تازانە کۆنسێپتێک دروست دەکەن، بەڵام وەک دانێکی گەورەی کرمێ بوو وان.
بیرۆکەکانی BHL زیاتر لە کەڵچەری کۆمێنتی فەیسبوک دەچیت هەتاوەکو بیرکارێکی فەیلەسوف، بەلام لەلایەن ڕۆژنامەگەرانەوە وەک کەسێکی فەیلەسوف دەبینرێت.
BHL کەسێکە خۆی وا پیشان ئەدات مرۆڤدۆستە، بەڵام زیاتر بەتەنیشت ئەو حکومەتەوەیە کە حوکم دەکات و هەرگیز رەخنەی لێ ناگرێت، وەک سیاسەتی سەلەفیەکان لە سێبەری حکومەتەکاندا دەژی. چەندەها کاری هەیە؛ نوسەرە و ئێدیتەرە، و برادەری سەرنوسەری ڕۆژنامەکانە، هاندەری پیاوە سیاسیەکانە، لە نێوان پیوانی سیاسی و ئەنتەلەکتوێل (رووناکبیر) و کەسانی بازرگاندا توانای کۆمۆنۆیکاسیۆنی زۆر بەرزە، پرۆدیکتەری فلیمە و فلیمێکی خراپیشی کردووە کە خۆی دەرهێنەری بووە. 
BHL کەسێکی بەرەی چەپ نییە لەبەر ئەوەی کە هەرگیز باسی بەتاڵە ناکات و بەرگرییان لێ ناکات، باسی هەژاری و بێکاری خەڵکی ناکات، باسی نایەکسانی ناکات، بەڵام خۆی دەخاتە بەرەی چەپەوە و خۆی بە ئاوێنەی فکری چەپ دائەنێت، لەگەل ئەوەشدا کە فکری کۆنسێرڤاتەری هەیە، سەری لە خەڵکی شێواندوە لەسەرێکەوە چەپە و لەسەرێکی ترەوە ڕاستە یاری بەوە دەکات. بۆ لیبییا وەک هەموو پیاوانی سیاسی بەهەمان لۆژیک باسی هەلگرساندنی شەڕیکی دەکرد بۆ دامەزراندنی دیموکراسی، ئەو وتارانەی، کە نووسی بۆ بەرگریکردن، کە سارکۆزی بۆ شەڕی دژی قەزافی ئەمەش وای کرد کەس ڕەخنەی لێ نەگرێت لەسەر لێدانی لیبیا لەلایەن فەرەنساوە.
لە ڕابوردوودا کتێبی زۆر فرۆشتووە، بەلام ئێستاکە کەس کتێبی ناکڕێت. لەبەرنامەیەکدا دەڵێت ئێمە گۆشت و ئێسقان و خوێن نین، ئێمە وشەین. شتی تازەی پێنەماوە و قسەی بێ مانا دەکات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لای خەڵکی رەسیدی نەمێنێت، وا خۆی نیشان ئەدات گوایە کەسێکی ئەنتەلەکتوێلی ئەم سەردەمەیە و بەردەوامی ئەدات بە فەیلەسوفەکانی وەک سارتەر، کامۆ، مالغۆ، ئەیەوێت خەڵکی وەک ئەوان بیبینن، بەڵام ئەو مۆدێلە کۆنە بەسەر چووە، کە کەسانێک هەموو شتێکیان زانیووە و باسی هەموو شتێکیان کردووە.
لەنەبوونی جەماوەری لە فەرەنسا، بۆ ئەوەی ئێسپاسێکی تر بۆ خۆی دروست بکات چوو بۆ ئەمەریکا، لەوێ ئەمریکییەکان لەبەر ئەوەی بەچاوێکی کۆن و فۆلکلۆری سەیری فەرەنسا دەکەن کەسایەتی بێرنارد بەو خەیالەوە دەگونجێنن. پاشان سایتێکی بۆخۆی دروستکردووە، کە زیاتر باسی خۆی دەکات هەتاوەکو فەلسەفە و ئەدەب و شتی تر، فەیسبوک و تیوتەر، کە هەموو ڕۆژێک تازەدکرێنەوە وەک سیستەمێکی کۆمۆنیکاسیۆنی مۆدێرن، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێت وەلامی ئەو ڕەخنانە بداتەوە کە ڕوو بە رووی دەبنەوە و بەو هۆیەوە بازاڕی دابەزیوە. شوێنێکی گەورەتری گرتووە لەوەی، کە هەیە.
 بێرنارد بە پێچەوانەی فەیلەسوف و نووسەرەکانەوە کەسێکی بۆشە، بەلام وەک کاڵایەکی ئەم سەردەمە پشتی بە مارکێتین دەبەستێت و بۆ ئەمەش پێویستی بە سەرمایەیەکی زۆرە، وەک کالای لۆرێیالی فەرەنسی هیچ بایەخێکی نییە، بەڵام بەناوبانگە و دەفرۆشرێت لە بازارا لەبەر ئەوەی مارکێتینی زۆر بەرزە، بۆ مارکێتینیش پارەیەکی زۆرت پێویستە بۆیە لە کوردستانی باشور دەگیرسێتەوە لای پیاوەکانی عەشیرەتی بارزانی، نەک لە کۆبانی، چونکە دەزانێت لە کۆبانێ خەڵکی نابنە خزمەتکاری و پول و پارەی نادەنێ، لەگەڵ ئەوەشدا باش دەزانێت، ئەوەی کە دژی داعش وەستایەوە و پشتی داعشی شکاند کۆبانێ بو نەک بارزانی.
فلیمەکەیم نەبینیوە کە لەسەر کوردستانی باشور کردویەتی بە ناوی پێشمەرگەوە، لەبەر ئەوە باسی ناکەم، بەڵام هەندێک کەس ڕەخنەی لێ دەگرن کە زیاتر خۆدەرخستنی خۆیەتی لە سەنگەرەکاندا لەگەڵ پێشمەرگە.
کاتێک لەگەڵ وەفدەکەی کوردستان هات بۆ فەرەنسا هەموو سەرۆک لەشکری ناوچەکانی کوردستانی بە فارنسوا ئۆلەند لە کۆشکی ئێلیزێ ناساند، کە سەرە گەیشتە سەر سیروان بارزانی وتی: میوانە دانسقەکەمان؛ سیروان بارزانی. بۆچی دەبێت سیروان بارزانی دانسقە بێت، وادیارە خۆتان وەڵامی ئەو پرسیارە دەزانن، یان وەڵامی ئەو پرسیارە لای ئەو پۆلیسە فەرەنسیەیە کە باسی بۆکردم کە ئەو گاردی مەسعود بارزانی بووە کاتێک بەسەردانێک هاتووە بۆ فەرەنسا، پاش هەفتەیەک مەسعود بارزانی و وەفدەکەی دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، وەک پۆلیسەکە بۆی گێرامەوە هێندەیان پارە و دیاری پێداوە کە هەرگیز پاشای عەرەبی سعودی هێندەی پێ نەداون، سەری سوڕمابوو لەو هەموو دیاری و پارەیە لەلایەن کەسێکەوە، کە هەتا ئەو کاتە نەی دەناسی، هەرچەندە پرسیارم لەو پۆلیسە کرد، پێم بڵێ ئەو دیاری و پارانە چەند بوون، بە زەردەخەنەیەکەوە پێی وتم کە ناتوانێت پێمی بڵێت.
BHL لە کاتی وتار خوێندنەوەدا خەڵکی کێکیان تێگرتوە وەک گاڵتە پێکردن پێی کە ئەمە لە ئەوروپادا باوە
 
دوو ساڵ لەمەو بەر شارەوانی پاریس بۆ یەکەمین جار لە هۆڵی شارەوانی پاریس جەژنی نەورۆزی بۆ کوردان ڕێک خستبوو، کە ناخۆشترین جەژنی نەورۆز بوو، کە من بەسەرم برد، نەمزانی کە تەنها وتاری سیاسیە و دوورە لە ئاهەنگ. کوت و پڕ لە دەور و پشتمدا هەستم بەڕاکە راکە و فرتە فرتێکی زۆر کرد، بینیم چەند جامانە بەسەرێک بەجلی کوردییەوە، وەک ئەو جامانە بەسەرانەی کە ڕایان دەکر بەدوای سەید رەئیس (سەدام حسەێن)دا، ئەمانیش بەدوای کەسێکدا ڕایان دەکرد، پێوەی نووسابون، وەک خزمەتکار بۆ هەر شوێنێک دەچو ئەوان بەدوایدا پێوەی لکابون، لەدڵی خۆما وتم ئەمانە هەر فێری خزمەتکارین، ناتوانن پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ کەسێکدا هەبێت، دەبێت هەمیشە ببنە نۆکەری کەسێک، وا کەسێکی تریان دۆزیەوە هەتاوەکو ببنە جاشی، ئەم تایبەتمەندییەش هەر لە کۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، بەخۆمم وت: ئەی بۆچی ئاوا رایان نەدەکرد بەدوای دانیال میتراندا؟ لەبەر ئەوەی دانیال میتران خۆی نەکردبو بە ئاغا بەسەریانەوە و بەرتیلی وەرنەدەگرت لێیان.
ئەمانە فێرن بەدوای ئاغایەکدا ڕاکەن، کڕنوشی بۆ بەرن بۆ کەسێک، کە ئەو ڕێزە ناهێنێت، خۆ من لێرەدا ناڵیم، نابێت پەیوەندییان لەگەڵ ئەم پیاوەدا نەبێت، بەڵام بۆچی ئاوا خۆیان بەسوک پیشان ئەدەن لەبەردەمی کەسێکدا کە ئەوە ناهێنێت؟!
BHL لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە کۆشکەکەیدا لە مەراکش
بە کورتی BHL، فەیلەسوفێکی پلاستیکە زیاتر لەو گەنجانە دەچێت، کە لە سەر فەیسبوک و ئەنستاگرام، یان هەندێک لە بەرنامەی تەلەفزوێنی بۆ هەرزەکاران، کە چۆن خۆیان دەنوێنن بۆ ئەوەی زۆرترین جەماوەر بەلای خۆیاندا رابکێشن لە پێناوی ئەوەی خۆیان وەک کاڵایەک بفرۆشن بۆ بەدەست هێنانی موڵکێکی زۆر. دەچیتە هەرشوێنێک، وێنەکان وەک ئەوەی کەسێکی پرۆفیشناڵ ڕێکی خستبێت، هیچ شتێک بە ڕێکەوت لە وێنەکاندا نابینرێن، هەموشتێک حساباتی خۆی بۆ کراوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی جوانی پلاستیک نەک فکرێکی قوڵ و بە پیت بدات بەدەستەوە.

 BHL لە  لیبیا لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر


کوردستانپۆست سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم بابەتەی پێشووترمان لە خوارەوە رادەکێشین، کە دیسان پەیوەندە بەو کەسەی کە لێرەدا قسەی لەسەر کراوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە