لە پەراوێزى مەرگى تاڵەبانیدا

Tuesday, 10/10/2017, 22:35

4461 بینراوە


مردنەکەى تاڵەبانى زۆر شتى بۆدەرخستین کە پێشتر لامان شاراوە ونەزانراوبوو،،لەسەرو هەموو شیانەوە دەرخستنى کەسانى بن دیوار و دەستەمۆى حزب، کە تادوێنى لاى ئێمە ومانان قسە و جنێویان بەیەکێتى وتاڵەبانى دەوت، بەڵام زۆرێک لەو کەسانەمان بینى کە بۆ ئەو مەرگە سەرى خۆیان لەقوڕنا بوو، و شین و شەپۆڕیان دەکرد، لەبەردەم تیڤیەکان ئەیانلاواندەوە، شیعر و شانامەیان بۆ ئەوت. هەروا بێتەوە ئەو مردنە پەردەى لەسەر رووى کۆمەڵێک درۆزن و دوو روو هەڵماڵى،کە چ ماستاوچى وخزمەتکارێکى حزب و بنەماڵەن،کەئێمە بەکەسانى پاک و بەهەڵوێست و نیشتمان پەروەرمان ئەزانین.کەسى واى تێدا بوو کە پێشتر خزمى زۆر نزیکى خۆى کۆچى دوایى کردبوو،بەڵام زۆر ئاسایى بووە لاى، تەنانەت ئەرکى نەکێشابو بچێت دوو فاتیحاشى بۆ بخوێنێت،کەچى لەو پرسەیەدا لەتەنیشت بەرپرسە رەزا تاڵ و ناشیرینەکان، بە بەرگى رەش و سەرو قژى ژاکاوە وە خۆى دەنواند. تا بۆ سبەى رۆژى بیکاتە کاسپى و پاشخانێکى باش و، پۆست و موچە و داخوازى خۆى پێ بێنێتەدى. لەوانەش هەمووى سەیرتر لام دوو روویى و نیفاق و بێ هەڵوێستى ئەو حەشاماتە بوو،کە زارى هەریەکیان بکەیتەوە بەدەرزەن جنێو و قسە و گلەیى لە دەسەڵات و یەکێتى هەیە، و پێى وایە کە زەلیلبوون و تەسلیمونى یەکێتى بەپارتى بەهۆى هەڵەو سیاسەتى چەواشەى تاڵەبانى یەوە بوو، هەموویان لەدەسەڵات و یەکێتى ناڕازین، هەریەکەیان بۆخۆى دەریایەک رقو قینى لە یەکێتى و سەرانى هەیە.کەچى بەداخەوە بەدوو دروشم و لاوانەوە و قسەى باقو بریق، هەموو ئەو ناخۆشى و تاڵاویى و نەهامەتیانەیان بیرچۆوە، دووبارە بوونەوە بەکۆیلەى حزب و دەسەڵات، ئەمەش ئەو راستیە ئەسەلمێنێت کەهەر میللەتێک گەوج و نەفام وساویلکە بێت ، هەقى خۆیەتى هەمیشە وبەردەوام سوکایەتى و بێ رێزى پێبکرێت. بەچاوى کەم و بێ بایەخ لێى بڕوانرێت. من هیچم نى یە بۆ خەڵک و میللەتێک کەلەنزمترین ئاستدایە،لە ژێر دەستەیى و لەکۆیلە و خزمەتکارى زیاتر  هیچى تر بەخۆى رەوا نابینێت. تا دێتیش حکومەت و حزب بەوێنەى وڵاغ  زیاتر و زۆرتر بارى سەرشانى قورس وگران دەکات، کەچى لەبرى ناڕەزایى و هەڵوێست و پەرچەکردارى ،ئەوەى کە نەوت لەماڵیان نى یە ،برسى و گیرفانى خاڵى یە ،پارەى دەستەیەک حەبى زەخت و شەکرەکەى بۆ دابین ناکرێت، گاڵتە بەکەرامەت و کەسایەتى دەکرێت، بەزۆر و هەوەس موچەى پێنادرێت، کوڕو کچەکەى دەستێک جل و پێڵاوى باشیان نى یە بۆ قوتابخانە، دوو هەزارى پێى نى یە بیدات بەشیر و سیریلاک بۆمناڵە ساواکەى، بەمانگ خێزانەکەى  بۆنى خواردنێکى خۆش ناکات، کرێچى یە و لەتاو کرێى خانوو خۆى ئەشارێتەوە، کەچى  جەنابى دێت  لەسەعات شەشى بەیانییەوە بە گیرفانى بەتاڵ و،تەنانەت پارەى بوتێڵێک ئاو ،لەفەیەکیشى پێ نى یە، بۆ بەڕێکردنى جەنازەى تاڵەبانى حەوت هەشت سەعات وەک ... لەسەر ئەو جادەیە ئەوەستێت، بۆیە هێندە دەڵێم پیرۆزمان بێت، دیارە شانى خۆمان ئەو سوکایەتى و گاڵتە پێکردنەى دەسەڵات هەڵدەگرێت بۆیە وا بێخەمین. باشە توخوا چارەکى چارەکى ئەو خەڵکە ئەوها بۆ داواى مافى خۆمان بێینە سەر شەقام و، هاوار لەدزو گەندەڵکان بکەین،کە بارودۆخى ژیانمان چاک بکات،دەسەڵات بەجێ بهێڵن، بەچى باوەڕتان هەیە لەترسا تاڵەبانى و مستەفا بارزانیش لەنێو گۆڕەکانیانەوەدەتۆقن و هەڵدێن.
  شتێکى دیکە بە ئەندامە سەرزلەکانى بنەماڵە ویەکێتى دەڵێم:  تکایە .تکایە. ئەو دەیان هەزار پەڕۆ رەشەى لەملا ولا هەڵواسراون،زایەى مەکەن، بیدەنە من ، ئەینێرم بۆ دایکى شەهیدان و جەرگ سوتاوانى کیمباباران، و بەجێماو و رەشپۆشەکانى ئەنفال ، تا بیکەن بە سەرپۆش و جل وبەرگ،چونکە ئەوان لەسایەى سەرى ئێوەوە ژیانیان لەجاران خراپترە و، بەشێنەیى و لەسەرەخۆ ئەنفال دەکرێن،من دەزانم هیچ لەماڵیاندا نى یە، بێ پارەو مووچەن، ناتوانن هیچ شتێک بکڕن، بەهۆى قەیرانە دروستکراوەکانى ئێوە و دەست خستنە بینەقاقایان ناتوانن بەچەندین ساڵ جلێکى ئاسایى بکڕن،،تکایە ئەو لوتفە بفەرموون ئەو  قوماشە رەشانە بدەن بەوان، بڵێن دیارى رێکخراوى تاڵەبانى(1) یە.هەروەها ئەو موشەماو نایلۆن و فلێکسانەى کە بەدروشمى زل و وێنەى جۆراو جۆرى تاڵەبانى نەخشێنراون و هەڵواسراون، ئەوانەش خەسار مەکەن و فڕێ مەدەن، ئەوە بۆ ماڵە هەژارو خانووە قوڕەکان بەسوودە، لەبرى دەرگا و پەنجەرە و سەر خانوو بەکاردێت ، یان بۆ قوڕبەسەرێکى وەک ئەو پێشمەرگەیەى کە لەبەکرەجۆ خانوەکەى بەسەریا رما مناڵێکى تیاچوو،زۆر باشە ،ئەتوانێت کەلاوە تاریک و نوتەکەکەى پێ کون بڕ بکات، خۆبیرتانە هەمیشە تاڵەبانى ئەیوت با ئاوڕ لەخانوە قوڕەکان بدەینەوە. بێجگە لەوەش لەویادەدا بەسەدان تۆن ساردى و ئاو و شتومەک خورا، تکایە،کارتۆن و قوتوى بەتاڵ و دەبەو چى و چى فڕێ مەدەن، بۆ مەگەر نابینن سەدان مناڵ وهەژار و موحتاج، لەتانجەرۆ وزبڵخانەکان بۆکۆکردنەوەى ئەو شتانە لە بەیانیەکەى زووە ئەچنە سەر سەرەنوێلکەکان؟! تا بیان فرۆشێت و چەند دینارێک بۆ خانەوادەکەى بەرێتەوە. هەر هیچ نەبێت خۆ ئەتوانێت بەپارەى فرۆشتنى ئەو پاشماوانە جانتایەکى مەکتەب،جووتێ پێڵاوى لاستیک بکرێت.خۆ تاڵەبانى وحزبەکەى  بەدرێژایى مێژوو خێرى بۆهیچ کەس نەبووە، دەبا پاش مەرگى خۆى مناڵێک لەو پاشماوە و شتە فڕێدراوانە دوو پولى دەست بکەوێت.. دوا داواکاریم زۆر قورس و گرانە، بەڵام ئەگەر بکرێت بەبڕواى من هەر ئیمشەو تاڵەبانى بێ پرسگە و لێپرسینەوە وشت یەکەو راست بەرەو بەهەشت ئەڕوات، خێرو حەسەناتى وا نەبووە و ناێت،ئەویش ئەوەیە، ئەو پاشماوەى خواردنانە لە(کەباب ،قۆزى، ماسى ، مریشکى برژاو، بریانى و چلفراى و خواردنە جۆراوجۆرەکان) کە لە خۆتان و میوان و پرسەگێڕەکانتان دەمێنێتەوە،بەجیا بیکەنە ناو چەندین کیسەو سەبەتەو سەتڵەوە، تێکەڵى شتى دیکەى مەکەن. بەشکوم مناڵانى برسى و باوک کوژراو  وهەتیو وبێ دەرەتانانى لاى مزگەوتى گەورە ،بەبۆنەکەیدا بیدۆزنەوە، بۆ یەک جاریش بێت تامى ئەو پاشماوەى خواردن شتە خۆشانەبکەن و، بەدەم قرقێنە لێدانەوە دوعایەکیش بۆتاڵەبانى بنێرن.
(1) رێکخراوى تاڵەبانى_بۆیە لەئێستاوە ئاماژەم پێداوە،چونکە زۆر دڵنیام، وەک رێکخراوە بێ خێرەکانى بارزانى و برایم ئەحمەد،لەسەر حسابى میللەت و قووتى خەڵک و نەوتى دزراو ، رێکخراوێکیش بۆ ئەویش دروست ئەکەن و ئەکەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە