سینەما

Thursday, 12/10/2017, 23:22

9232 بینراوە


(کارگەیەک لە فیکشن لەژێر کۆنتڕۆڵی سینەماتۆگرافدا) ژاک رانسێر
-----------------------------
تا ئەم چەکەساتەش هیچ وەڵامێکی دیاری کراو باوەڕپێکراو گشتگیر نییە کە پێمان بڵێ سینەما چییە. بۆ کەسێکی وەک رۆجەر ئیبیرتی نووسەر و ڕەخنەگری سینەمایی کایەیەکی هەستەکیە نەک ئەقڵانی ، بۆ ئەندری بازینی باوکی جوڵانەوەی سینەمای نوێی فەرەنسی ژیانە لە جوڵەی بەردەوامدا .
لەم دوو بۆچوونەوە کە یەکێکیان لە ئەمریکاوە و یەکیان لە ئەوروپاوە دێنە دەر لەو جیاوازیە بەرچاوەی سینەمای هۆلیوود و ئەوروپی تێئەگەین .
هۆڵیوود وەک دەزگایەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی هەمیشە لەهەوڵدایە بۆ ئاراستەکردنی سینەما بە ئاراستەیەکدا کە زیاتر بچێتە چوارچێوەی جۆرێک لە سێرک ، تێکەڵەیەک لە چێژ و نمایش و جار جار تۆزقاڵێ لە فکر و هونەری تێکەڵبکە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڕەخنەکان .
سینەمای ئەوروپیش هەر لەسەرەتاوە بەسەر هەرسێ کایەی (فەلسەفە و سیاسەت ، هونەر ، ئەدەب)دا دابەشدەبێت و ئەوبیرۆکە پەنهانانەی هزی مرۆڤ کەتا سەهەڵدانی سینەما لە پەنگخواردن و خۆخواردنەوەدا سوراوەتەوەو بیرۆکەکان هەمیشە بە ناتەواوی گەیەندراون ، ئەمجارە بەشێوازێکی کامل پێشکەش بکرێت ، لەبری ئەوەی گوێگر بیری لێ بکاتەوە ، تیایدا بژی و تاقیبکاتەوە .
لێرەوە بیرۆکەیەکی نوێ دێتە ئاراوە بۆ بەکارهێنانی سینەما لەپێناو خزمەتکردن بەکلتوور و پێشکەشکردنی لەپێناو بەستنەوەی ئاکتە کلتووریەکان بە بەها ئەخلاقی و ڤرۆڤایەتیەکانی گەردوون ، لە هەندێ حاڵەتیتری وەک هۆڵیوود و سینەمای سۆڤێتش بۆ خزمەت بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی هێز دێتە بوون. ئەمە هەمان ئەو بیرۆکەیەی سینەمایە کە لە هزری کۆمەڵایەتیماندا ئەزرنگێتەوە ، هەرکاتێک لە میدیایەکەوە باس لە سینەما ئەکریت یان بانگێشتی سینەماکاران ئەکرێت یەکەم پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئەوان تا ئێستا نەیانتوانیووە سینەما بەکاربێنن بۆ ناساندنی کورد وەک کۆمەڵێکی سیاسی  یان وەک قوربانیەکی سیاسی ؟ لە کاتێکدا ئەبوایە پرسیارەکە بەم شێوەیە دابڕێژرێت ئێوە وەک سینەماکار بۆ نەتانتوانیووە دۆزی کورد و کۆمەڵگای کردی وەک بەشێک لە مرۆڤایەتی پشانبدەن ؟ بۆ هیچ سینەماکارێک تا ئێستا نەیتوانیووە چەک لەشانی کارەکتەرەکانی داگرێت و مرۆڤێک بخاتە ناو چاوی کامێراکەیەوە؟ ئەمەو زۆرێک لەو پرسیارانەی کە لەگەڵ بینینی فلیمی پاسکیل دزی دێ سیکا ، بێدەنگی سکۆرسیسی ، ژێرزەمینی ئتمیر کۆستوریکا پێویستە لە خۆمانی بکەین.
 
کەواتە سینەما چییە ؟
ڕەنگە ئەمە قورسترین پرسیار بێت لەهەر کایەیەک کە ئەکرێت (ئەدەب چییە ؟ فەلسەفە چییە ؟ هونەر چییە؟) وەلە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا نەبێ ئەم پرسیارە لەناو مەعریفە و تێڕوانینێکی جدیدا دەسوڕێتەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پرسیاری کۆمەڵانێکە کە هەرگیز تاقەت بە خۆیان نادەن بۆ چەند چرکەیەکیشە تێبگەن و بیربکەنەوەو هەمیشە دەیانەوێ لەلایەنی ئەویتری بەرامبەرەوە وەڵامێکی حازری لەناو پاکەتدا بۆ بێنێتە دەرەوە. لە ڕاستیدا لەوانەیە هیچ کایەیەک نەبێت بەناوی سینەماوە ئەوەی کە هەیە یەکەمین خەونی مرۆڤە و دێتە دی ، سینەما ئەو بۆشاییەیە کە  لێیەوە لەگەڵ مەرگدا گفتوگۆ ئەکەین (مۆری حەوتەمی بێرگمان) ، بە ئازاری کۆڵبەرەکانی پشت چیامان ئاشنا ئەکات (ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکانی قوبادی) ، لە چاوی باڵندەکانەوە لەزەوی ئەڕوانێت (باڵندەکانی هیچکۆک) ، ئەو وێرانکاریانە ئەبینین کە لەسەر زەوی دروستمان کردووە (خوێ و ئاگری هێرزۆک)، لە ناخ و ئازاری سایکۆلۆجی قوربانیانی چەکە کیمیایەکان ئاشنائەبین (خۆشەویستم هێرۆشیمای ئالان ریسناس .... هتد .
هێنانەوەی ئەم پرسیارە بۆ ئەوەیە کە لە سەردەمی ئێمەدا بە پێچەوانەی سەردەمی زێڕینی سینەما ،  سینەما بووە بە کار و چینێک درووست بووە  بەناوی سینەماکاران و کەسانی بواری سینەما ئەمەش وای کردووە کە لە ٪٩٥ ئەو فلیمانەی دەردەکرێن دوور و نزیک پەیوەندیان بە کایەی سینەماوە نییە و تەنها وەک پیشە هەرشتێک بەخەیاڵدا بێت ئەخرێتە ناو چاوی کامێراکانەوە بۆیە کاتێک کە سەیریان ئەکەین لە کات کوشتن و بێمانای هیچی وانەیەکی ترمان پێ ناگات .
 لەم ماوەیەی دوایدا کورتە فلیمێکی کوردیم بینی و ڕاستەوخۆ دوای تەماشاکردنی بۆ نووسەر و دەرهێنەرەکەیم نووسی (چی لەم چیرۆکەدا وای لێکردی سینەما بەکاربێنی بۆ گەیاندن؟ بۆ نەکرا بە نووسین پێمان بگات؟) وەڵامەکەی تووشی ڕاچڵەکانی کردم . نووسیبووی ( من نووسەری چیرۆک نیم ، تەنها ئەتوانم بە فلیم ڕاو بۆچوونەکانم بگەیەنم ) ئەمویست زیاتری بۆ بنوسم بەڵام وەڵامەکەی لەوە بێهیواکەرتر بوو تا تاقەت بدەمە بەر خۆم و بکەومە گفتووگۆ ، ڕەنگە ئەم بەڕێزە تەنها نەبێت و زۆرینەی زۆری کەسانی (سەرقاڵی بواری سینەما) هەمان ئەرگۆمێنتیان هەبێ وەک وەڵامی پرسیارێک لەم شێوەیە (ئێمە سینەماکارین نەک نووسەر)، وەک ئەوەی سینەما پیشەیەک بێت و بەیەکجار فێربوونی تەواوی ژیانت سەرقاڵیبە  ، نەخێر بەڕێزان سینەما جێیەک نییە بۆ دەربڕینی ڕاو بۆچوونەکان ، ڕاوبۆچوون پەیوەندی وشەیە بە هزرەوە ، جووڵاندنی بابەتگەلێکن دەچنە ناو دیالەکتیکەوە . بەڕێزتان کە بۆ دەربڕینی ڕاو بۆچوون توانای نووسینی ستونێکتان نییە چۆن چاوەڕێ ئەکەیت ئێمەیەک وەک بینەر پێشوازیت لێ بکەین ، بەڕێزتان کە بێئاگان لەوەی سیناریۆ بەشێکە لەناو ئەدەبدا چۆن ڕێ بەخۆتان ئەدەن گرتە بکەن و ناو لە خۆتان بنێن دەرهێنەر و بەو ڤیدیۆیانەشتان بڵێن فیلمی سینەمایی .
لەم بیرکردنەوانەوەیە کۆمەڵانێک بانگەشەی مەرگی سینەما ئەکەن ، تا ڕادەیەکی زۆر ئەبێ هەقیان پێ بدەین کاتێک چەند هەفتەلەسەر یەک سەیری فلیم ئەکەیت و هیچ کامێکیان شتێکی نوێت پێشکەش ناکەن لە خۆدووبارە کردنەوەو چیرۆکە بێمانایانە نەبێ کە کەسێک ئەچێت بۆ ڕزگارکردنی کەسێکی تر ، سوپەرهیرۆیەک زەوی ڕزگار ئەکات ، پیاوێک سەدان کەس بەچۆکدا ئەدات و هیچ بیرۆکەیەک لە پشت ئەم کێشمەکێشمەوە نەوەستاوە ئەبێ بڵێین سینەما لە گیانداندایە ، کاتێک کە لە ٪٧٠ فلیمەکان هیچ پەیوەندیەکی دوور و نزیکیان بە ژیانەوە نەماوە ئەبێ بڵێین سینەما ڕؤئەچێت ، کاتێک ئەبینین فلیمەکان بەرهەمە ئەدەبیەکان وێران ئەکەن، لە کۆنسێپتەکانیان دائەماڵن ئەبێ ئێستێک بکەین و لە یەکەمین پرسیارەوە دەست پێ بکەینەوە. سینەما چییە ؟
بۆ منێک کە لە شوێنێکی دوورەوە و چەند کەسێکی کەم نەبێ هەست بەبوونم ئەکەن و بەلای ٧ ملیارەکەی ترەوە هیچ بوونێکم نییە سینەما ئەکرێت(ئەدەب ، فەلسەفە ، هونەر) بێت لەوکاتەدا کە ئەم کایانە شتێک وایان لێ ئەکات  بیرۆکەکان پێویستیان بە هۆکارێکی تربێت بۆ گەیاندن ، شتێک نوقسانە بە سینەما نەبێت دەرنابڕدرێت . ئەبێ ئەمە بێت سینەما ئەگەر نا هەرهەوڵێک بۆ گێڕانەوە بە سینەما لە پارەبەهەدەردان زیاتر هیچی تر نییە ، کاتێک بتوانیت بە پێنووس و کاعەزێک هەمان بابەت بێ کەم و کورتی بگەیەنی با سینەما بەکارنەیەنین  ، کاتێک بە فۆتۆیەک دیمەنێک بگوازیتەوە با سینەما بەکارنەیەنین ، لەبری ئەوە پاسکیلێک بەرە بۆمنداڵێک لەو کەمپانەی کە ڕۆژانە خەمی قوڕاویبوونی پێڵاوەکانیەتی، عەزیەک بۆ منداڵێک بەرە کە خەون بە شازادەوە ئەبینێت ، دەستی پیرەپیاوێک بگرە و لە شەقامێک بیپەڕێنەوە ، زەرفێکی قورس بۆ پیرێژنێک تا ماڵەوە هەلگرە .
چیژبەخشترە ، زیاتر سوود ئەگەیەنیت ،ئەکات ڕەنگە ببیت بەکارەکتەری ناوخەیاڵدانی کەسێک کە بیر لە سینەما ئەکاتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە