16ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی دیکەی هێزە بەکرێگیراوەکان

Tuesday, 10.17.2017, 23:16

1816 بینراوە


تاڵەبانییەکەی خۆتان  ووتی: " کێشەی کورد وەکو نەشتەرگەری مێشک وایە هەر هەڵەیەک دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشەکە".
--------------------
ئەمڕۆ بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتێ پەیڕەوانی ڕێبازەکەی تاڵەبانی بە خیانەتێک پارچەیەکی جەستە نەخۆشەکەی نیشتیمانیان فرۆشت.
خیانەت لە مێژووی پارتی و یەکێتی دا وەکو پوولی دۆمینە وایە هەر پولێک ڕووخا ئیدی یەک بە یەکی پولەکانی دیکە دەڕووخێت . هەر خیانەتێکیان کرد ، ئیدی خیانەتەکانیان وەکو دەنکی تەزبیح ڕیز دەبێت ، لە خیانەتی 1966 ەوە بۆ ئاشبەتاڵەکەی 1974 و دواتر بۆ پەلاماردانی بیرە نەوتەکانی کەرکوک بە هاوپەیمانی یەکێتی و پاسداران لە 1986 دا ، پاشان بۆ داگیرکردنی هەڵەبجە لە 1988 دا بە هاوپەیمانی پارتی و یەکتی و بزووتنەوە و شۆسیالیست لەگەڵ سوپای پاسداران ، و پاشان کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە 16/3/1988 دا لێکەوتەوە ، دواتر بۆ شەڕی حکومەتەکەی یەکێتی و پارتی بە وەکالەتی تورکیا لەگەڵ پەکەکە لە 1992_1994 ، پاشان بۆ خیانەتی 31ئاب لە 1996 دا ، پاشان بۆ تەواوی شەڕی ناوخۆی هێزە خیانەتکارەکان ، و دواتر دوو ئیدارەی تاکو دووهەزار و سێ و ڕۆژگاری ئەمڕۆ و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی مافیایی و تاڵانچێتی و گەندەڵی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ، پاشان دوای هاتنی داعش و چۆڵکردنی ناحیەی گوڵاڵە و دواتر هەڵهاتنی بێ بەرگری لە شەنگال ، و دوا خیانەتیان چۆڵکردنی ئەمڕۆی کەرکوک بوو بێ بەرگری.
خیانەتی ئەمڕۆ دەرئەنجامی سیاسەتی یەکێتی بوو ، کە لە کاتی هاتنی داعش یەکێتی شیعەکانی تەلەعفەر و ئامرلی لە هێڵی کەرکوک سلێمانی کەلار خانەقینەوە بە ئیمکانیەتی یەکتێی گواستەوە بۆ بەغداد، دواتر لە دوو هەزار و پانزە دا لە پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بۆ بەیاسایکردنی حەشدی شەعبی .
کەرکوک جێ نفوز و هەژموونی یەکێتی یە و یەکێتی خۆی بە خاوەنی ئەو شارە دەزانێت ، و لە ڕووی کارگێڕی و ئەمنییەوە بە شێوەیەکی گشتی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دایە ، نەوت و ئابوری کەرکوک لەلایەن پارتییەوە قۆرغکراوە بێ ئەوەی داهاتی نەوتەکەی دیار بێت ، ئەمە لە کاتێکدا پارێزگاری کەرکوک سەر بە یەکێتییە ، بەڵام لایەنگری بارزانی و پارتییە ، ئەمەش لای یەکێتی قبوڵنەکراوە ، لەلایەکی دیکەوە یەکێتی پێی وابوو بەشداریکردنی لە ڕیفراندۆم بە تایبەتی لە کەرکوک هەڵەیەکی ستراتیجی کردووە ، لەبەر ئەوە یەکێتی نە لەڕووی سیاسییەوە نە لە ڕووی کارگێڕی و یاساییەوە نەیدەتوانی هاوکێشەکە ڕاست بکاتەوە ، پەنا بردنیش بۆ هێز شەڕی ناوخۆی لێدەکەوتەوە بە قازانجی حکومەتی ناوەند و داعش ، دواجار دوای نەمانی داعش لە حەویجە ، بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی پەنای بردە بەر خیانەت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکەی لەگەڵ پارتی لەگەڵ حەشدی شەحبی ڕێکەوت و کەرکوکی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد ، هاوشێوەی سی و یەکی ئابی ، بەڵام بە فۆرمێکی سەوز ، چۆن پارتی لە سی و یەکی ئاب دا سوپای سەدامی هێنایه سەر هەولێر، یەکێتیش حەشدی شەعبی هێنایە سەر کەرکوک . لەڕاستیدا پارتی لە دوای هاتنی داعشەوە نەوتی کەرکوک دەفرۆشێت ، کەچی ئەمڕۆ ڕێبەرانی ڕیفراندۆم و بانگەشەکارانی دەوڵەتیش بەرگریان نەکردوو هەڵهاتن.
کاتێک پارتی شەنگالی بێ بەرگری ڕادەستی داعش کرد و ئێزدییەکان دووچاری جینۆساید بوونەوە ، هێزەکانی پەکەکە بەهانای خەڵکەکەوە هاتوو ، بەشێکی گەورەی خاک و خەڵکی شەنگالی ڕزگار کرد ، و دوای ڕزگاری تەواوی شەنگال لە بری دەست خۆش ، کە ناچەیەکی گەورەی بۆ ڕزگارکردوون و حوکمداری ئەو ناوچەیەی بۆ ئاسانکردوون و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە بکەن ، کەچی پارتی بە هاوکاری تورکیا هێزی جاشمەرگەی دروستکردوو ، و لە خیانەتێکی دیکەدا پەلاماری شەنگالیاندا و وەکو دەسەکەوتی نیشتیمانی ئەم خیانەتە سەرنەکەوتووەیان بە خەڵک دەفرۆشتەوە ، پەکەکە لە ماوەیەکی کەمدا هێزێکی گەریلای مەشق پێکراوی دروستکرد و بەوپەڕی ئیرادەوە بەرگری لە شەنگال دەکەن .
بەڵام پارتی لە لە ساڵی 1942 ەوە حیزبە و لە ساڵی 1992 ەوە فەرمانڕەوا و خاوەن هێزی پێشمەرگە ، و یەکێتیش لە 1976 ەوە حیزبە و لە ساڵی‌ 1992 ەوە فەرمانڕەوا و خاوەن ئیمکانیەت و پێشمەرگەیە، دوای بیست و شەش ساڵ حوکمداری نەیانتوانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی دروست بکەن و بۆ یەک ڕۆژ بەرگری لە کەرکوک بکەن ، لە بەر تاڵانی و مافیایی و حیزبایەتی و بنەماڵەچێتی. بەڵام شەرڤانانی یەپەگە دوای چەند ساڵێکی زۆر کەم لە دامەزاندنیان بە ژمارەیەکی کەم و چەک و کەرەستەی سەربازی دواکەوتوو ، توانیان بەرگرییەکی بێ وێنە لە کۆبانی بکەن لە دژی داعش، کە داعش تورکیا و ووڵاتە عەرەبیە سوونەکان ووڵاتە ئەوروپییەکان هاوکارییان دەکرد، بەڵام بەرخودانی شەڕڤانان کۆتایی بە قۆناغی کۆڕە و فیرار هێنا و سەرکەوتنێکی مەزنیان تۆمارکرد.
کاتێک ڕیفراندۆم کرا کوردی ناوچە کوردییەکانی مادەی سەد و چل بەتایبەتی کەرکوک بەو پەڕی خۆڕاگری و گیانی نەتەوەییەوە دەنگی بە بەڵێ دا ، بەڵام لەم ڕۆژە سەختەدا تاڵانجیانی نەوتی کەرکوک و خاوەن دەستەواژی کەرکوک قودسی کوردستان ، و بانگەشەکارانی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردی بێ بەرگری هەڵهاتن ، و خیانەتیان لەو شارە کردوو ، زۆنی سەوز و زەردیشیان گەڕاندەوە بۆ ئۆتۆنۆمییەکەی پێش دووهەزار و سێ . لێرەدا دەپرسین پەیوەندییە دبلۆماسییەکەتان و ووڵاتانی پشتیوانی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردی لە نێوانیاندا ئیسڕائیل لە کوێن ؟ دەوڵەت نا هاوکارتان بن تا لەمەزیاتر نەبنە گاڵتەجاڕی حەشدی شەعبی . پاڵپشتی ئسڕائیل بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی دوژمنکاری عەرەب بوو لە دژی خۆی بۆ دژایەتی کورد ، بەڵام ئێوەی گرێدراوی خێڵەکی جاش پاسدارانی فریودا .
یەکێتی و پارتی خاوەن هێزێکی حیزبی و بێ دسپلینن ، لەگەڵ ئەوەشدا لە شەڕی داعش دا سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکرد ، بەڵام مەکتەبی سیاسییەکانیان هەمیشە لە گفتوگۆ و دانوستان و هاوکێشە سیاسییەکان سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەیان دۆڕاندووە و پیرۆزی پێشمەرگەیان شێواندووە ، دواتریش بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێی سیاسییەکانی ناوخۆیان بەکاریانهێناوە ، و بەردەوامیش بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و داواکارییەکانی خەڵکی مەدەنی بەکاریان هێناوە و دەهێنن .
دەرئەنجامی ئەم هەڵهاتن و خیانەت و فرۆشتنی کەرکوکە جەنگێکی خوێناوی مەترسیدارە ، و هەروەها دروستبوونەوەی دوو ئیدارەی و لکاندنی زۆنی سەوزە بە بەغداد و حکومەتی شیعەوە ، و دروستبوونی ئیدارەیەکی بنەماڵەیی لاوازی گەندەڵی خیانەتکارە لە دهۆک و هەولێر ، کە لە هەر کاتێکدا یەکێتی و پارتی خیانەتی گەورەیان لێ چاوەڕواندەکرێت .
پەیڕەوکردنی دوو ئیدارەی و تاڵانجێتی و مافیایی و خیانەت و گرێدراوی دەرەکی و پشت بەستن بە کۆمەڵێک ڕاوێژکاری جوولەکە و ئێرانی و تورکی ، خیانەت و تاوانکاری گەورەتریان لێ چاوەڕواندەکرێت ، بانگەشەکارانی دەوڵەتی کوردی بە جۆرێک خەیاڵ پڵاو بوون بە پشت بەستن بە ڕاوێژکارانی فیتنە ، میللەتیان دووچاری کارەساتێکی گەورەی چارەنووس نادیار کردوو ، و بەرخۆدانی پێشمەرگەشیان گەڕاندەوە بۆ ئۆتۆنۆمییەکەی پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدامی دیکتاتۆر ، و گواستنەوەی شێوازە دیموکراسییە بنەماڵەیی و بێ پەڕلەمانی و میلیشیاییەکەی هەرێمیش بۆ بەغداد وەرچەرخا بە داگیرکاری کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبی و دروستبوونەوەی دوو ئیدارەی بەهۆی مافیایی و گەندەڵی و جاشایەتیەوە .
لە مێژووی کورد دا خیانەتی گەورە ڕوویداوە لە لایەن جوڵانەوەکان و ئەمارەت و میرنشین و پارت و حیزبەکانەوە ، بەڵام لە مێژووی کورد دا هێزی وەکو پارتی و یەکێتی بێڕەوشت و خیانەتکار دروست نەبووە و نابێت ، چونکە دروستبوونیان لەسەر بنەمای گرێدراوی دەرەکی و خزمەتکردنی دوژمنان بووە ، و هەمیشاش خیانەتەکانیان بە خەبات و دەسکەوت لە میدیاکانیانەوە بە میللەت فرۆشتۆتەوە ، ئەمەی ئێستا لە میدیاکاندا دەگوزەرێت بەڵگەی ئەم ڕاستییەیه .
خیانەتیان کردە چارەنووسی شکۆی میللەت و بێ ئابڕوانە داوای گەڕانەوە بۆ بەغداد دەکەنەوە ، بەڵام ڕاستی سەرانی پارتی و یەکێتی شکۆیان بە جۆرێک لە بەغداد شکا ئیدی تاڵانجێتی و پۆست و پلە و پایەی بەغدادیش نە پێیان دەدرێتەوە نە سەنگ و قورسایشیان ماوە .




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)