شەهیدانی کەرکوک، لە بڕیاری "خۆ بە دەستەوەدان" یاخی بوون!

Wednesday, 18/10/2017, 22:47

5450 بینراوە


بڕیاری شەهیدەکانی کەرکوک لە بەرواری ١٦/١٠/٢٠١٧دا وەک بڕیاری ئەو پێشمەرگانە بوو کە دوای هەڵاتنی سەرانی ینک بۆ ئیران و ئەوروپا لە ساڵی ١٩٨٨دا، لای خۆیانەوە بڕیاری دروستکردنی مەفرەزەی پارتیزانیی و بەرەنگاریی بوونەوەیان دا دژ بە رژیمی "سەدام" لە ناوچەکانی کەرکوک، سلێمانی و هەولێر.
ساڵانی هەشتاکان و حەفتاکان لە کوردستان، دنیای میدیا وەک ئەمڕۆ نەبوو، بە ئاسانی جەماوەر گوبیستی ڕاستییەکان ببێت و بیانبینێت، کە ئەمە گرنگترین هۆکارە سەرانی ڕاکردووی یەکێتی و پارتی لە کۆتایی هەشتاکان، توانیان مێژوو بشێوێنن و خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەو هەڵوێستە بەرزانە و ئەو نەبەردانەی کە کوڕی هەژاری نێو کۆمەڵگایی کوردیی باشوور لە ساڵانی هەشتاکاندا نواندییان.
ساڵانی هەشتاکان، ئەمرۆ ئاسا سوپای پاسدارانی ئیران بە یارمەتی سەرانی ینک و پدک سەر لەشکری پلان دانان بوو بۆ بە کۆمەڵ بە کوشتنداننی میللەتی کورد بە دەستی رژێمی بەعس، بگرە لە بە کۆمەڵکوشتنی،

یەکەم، بارزانییەکان،
کۆمەڵکوژی بارزانییەکان لە ئەنجامی هاوکاری کردنی سەرانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بوو لە هێرشەکانی ئیران، لە ناوچەی "حاجی ئۆمەران" دژ بە سوپای عیراق. لە ئەنجامدا رژێمی سەدام لە "بەحرکە و قوشتەپە" هەر بازرانییەک لە رەگەزی نێر کە تەمەنی لە چواردە ساڵ بەسرەوە  بوو گرتی و شوون بزری کردن. سەرانی پارتیش لەو دیوی سنوور بسەکەی سمێڵییان دەهات!

شەڕی "داستانی رزگاری"،
. شەڕی "داستانی رزگاری"، سەرانی یەکێتی لەگەڵ سوپای پاسداران ریککەوتبوون و پەیمانیان ورگرتبوو بۆ ئەوەی گوایە شاری "سلێمانی" رزگار بکەن بەڵام بە مەرجێک پێشمەرگە دەستپێشخەر بێت لە شەڕەکان دواتر سوپای پاسداران لە شاخی "گمۆ"وە هێرش بهێنیت. کاتێک کە پێشمەرگە کەوتنە شەڕ سوپای پاسداران پشتیان لە پێشمەرگە کرد و سوپای عیراق سوڕایەوە بۆ پشتی شاخی "گمۆ" و پێشمەرگەیان حەسر کرد. لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەکی زۆر شەهید بوون گەلێکی زۆریان بریندار بوون  و سەرانی یەکەتیش لەسەر خوانی چەوری سوپای پاسداران کەوتنە هەڵلوشینی شیرینیەکەی.

ئەنفال و هەڵەبجە،
ئەنفال و هەڵەبجە، لە ئەنجامی ئەوەدا بوو کە سەرانی یەکێتی پاسداری ئێرانیان هێنا سەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک لە ساڵی ١٩٨٦ دا. هەروها ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش لەگەڵ سوپای پاسداران لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستان!

ئاشبەتاڵی یەکێتی لە ساڵی ١٩٨٨،
بە رێنامیی سوپای پاسداران بوو و داوایان لە سەرانی یەکێتی کردبوو کە دەوری هەزار چەکداری گەنج لەگەڵ خۆیان بهێڵنەوەو بنەکەیەک لە گوندی "قاسمەڕەش"ی نێو سنووری ئیران دابمەزرێنن. ئەو ئاشبەتاڵەش کاردانەوەی هەبوو لەسەر هەستی پێشمەرگە وەک ئەمڕۆ ئاسا پێشمەرگە هەبوو دەگریا، هەبوو  لە رقان زویر دەبوون و بەناچاری روویان لە عیراق دەکردەوە، بەڵام سەرانی یەکێتی بە تایبەتی "جەلال تاڵەبانی" ئەو بابەتە جێگەی سەرنجی نەبوو ئەو کات لە ئەوروپا لێی پاڵدابووەوە.

ڕاپەرین و کۆڕەو،
لە ساڵی ١٩٩٠ سەرانی یەکێتی و پارتی و هەموو موعارەزەی عیراقی لە نێو ئیران لە ژێر پەرچەمی سوپای پاسداران کۆکرانەوە بۆ خۆ سازدان بۆ دروست کردنی هەڵایەک لە سەرتانسەری عیراق بە گوێرەی ئەو پلانەی کە لە خزمەتی سوپای پاسداران بێت. لە ١٥/٢/١٩٩١ دا فەرماندەی سوپای پاسداران "نەصر" لە شاری کرمەشان لەگەڵ (مەسعود بارزانی و نەوشێروان مستەفا ئەمین) کۆبونەوە بۆ کێشانی نەخشەی "ڕاپەرین" کە سەرکەوتوو نەبوو و "کۆڕەوەی" بە دوادا هات. فەرەیدون عەبدولقادر لە پەڕتووکی هەڵۆ سوورەکانی قەندیل لە لاپەڕە ٥٨٧ دا نووسیویەتی ( لە رۆژی ١٥/٢/١٩٩١دا نوێنەرانی یەکێتی و پارتی بانگ کران بۆ کرمەشان و لەوێ لەو چاوپێکەوتنەدا کە هەر دوو بەرێز ( مەسعود بارزانی و نەوشێروان مستەفا ئەمین) ئامادە بوون، لەسەر بەرنامەی ڕاپەرین قسە کرا).
ئەوەی لە بەرواری ١٦/١٠/٢٠١٧دا لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستان روویدا و خۆفرۆشان کەرکوک و ناوچەکانی تریان ڕادەستی دوژمن کرد ئەو پیشەی ئەمرۆی سەرانی ینک و پدک نییە بەڵکو لە مێژوودا بە سەدان جار هەڵوێستی لەرزۆکی لەو جۆرەیان هەبووە بەڵام بە گشتی میللەت بێ ئاگا بووە لێیان و ئەوانیش توانیویانە سوودمەند بن و بازرگانی بە هەست و توانای میللەت بکەن.

جیاوازی لە نێوان نەوەی ئەمرۆ و دوێنی چیە؟
نەوەی دوێنی، زۆر بە سەختی دەیتوانی زانیاریی دەربارەی ئەو رووداوانە دەستبکەوێت وە ئەگەر دەستیشی بکەوتایە، ئەوا دوای هەوڵدانێکی زۆر و کاتێکی درێژی دەخایەند تا دەیتوانی بگا بە ڕاستییەکان، کە لە ئەنجامدا ئەمە بۆتە گرنگترین هۆکار کە نەوەی ڕابردوو درەنگوەخت هەڵوێستیان وەردەگرت دژ بە سەرانی ئەو پارتە خاینانە.
نەوەی ئەمڕۆ، لەو ڕووەوە خۆشبەختە کە بە ئاسانی لە رێگەی میدیاکان و ئەنتەرنێت و تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان و موبایل بە ئاسانی دەتوانیت بگات بە ڕاستییەکان کە لە دەرئەنجامدا دەتوانێت هەڵویستی ڕاست لە کاتی خۆیدا دەرببرێت و ئیتر بە قسە و گفتی ئەو سەرکردانە هەڵنەخەڵەتێت و لە ئەلتەرناتیڤی تر بگەرێت و بە دوای کوڕ و کچی ئەو خاینانە نەکەوێت.

تێبینی: ئەو رووداوانەم بە درێژی لە زنجیرەکانی "لە سێبەری شاخ" باس کردوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە