پارتی و یەکێتی دوو ڤایرۆسی کوشندە لە جەستەی میللەتێکی جینۆساید کراودا!

Friday, 20/10/2017, 23:01

3043 بینراوە


خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر لە دەرئەنجامی چییەوە بوو؟ لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی چی دەبێت؟
خیانەتی 16/ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی شکستی یەکێتی و فراوانخوازی و پاوانخوازییە ئابوری و سیاسییەکانی پارتی بوو، گەورە بوون و قەبەبوونی پارتیش دەرئەنجامی بێ هەڵوێستی هێزەکان بەگشتی و سیاسەتی هەڵەی یەکێتی بوو، کە لێرەدا شرۆڤەی ئەو بارودۆخ و هەڵە سیاسیانە دەکەین:
دوای ئەوەی لە 2005 دا ئیدارەی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی شکڵی یەکیانگرتەوە، لەو کاتەوە پارتی لە ڕووی سیاسی و سەرباز و کارگێڕی و یاساییەوە بە هۆی ململانێی ناوخۆی و بێ هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەوە خەریکی فراوانخوازی و پاوانخوازی حیزبی و بنەماڵەییە.لە دوو هەزار و پێنجەوە تا دووهەزار نۆ مەسعود بارزانی لە ڕێی پەڕلەمانەوە بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی و لە بەڕامبەردا جەلال تاڵەبانی بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق.لە دووهەزار و نۆ تاکو دووهەزار و سیانزە لەڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە بۆجاری دووەم بارزانی بویەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 30 حوزەرانی 2013 تا 30 حوزەیرانی 2015 یەکێتی و پارتی دەسەڵاتی بارزانییان درێژکردەوە بە بیانووی بۆشایی سیاسییەوە، ئیدی لەو ڕۆژگارەوە تاکو ئێستا هەژموونی پارتی و دەسەڵاتی ماڵباتی بارزانی زیاتر لە کوردستاندا دەچەسپێ لەڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێ یاسا لە پەڕلەمانی کوردستانەوە، و دەستخستنی مەلافی ئەخلاقی کۆمەڵێ سەرکردەی یەکێتی، و کڕینی بەشێکی دیکەی مەکتەب سیاسی یەکێتی، و هاندانی هەندێ سەرکردەی دیکەی یەکێتی تا سەرمایە کەڵەکە کراوەکانیان لە هەولێر بخنە گەڕ و دواتر لە بۆ فشاری ساسی بەکاریانبهێنن، و ئەوانیش بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان بێ دەنگ بن لە گەندەڵێ و پاوانخوازی ماڵباتی بارزانی، لەلایەکی دیکەوە پارتی و بنەماڵەی بارزانی کەسه هەواڵگیرییەکانیان لە دام و دەزگا گرنگەکان و هێزە ئەمنییەکاندا دامەزراند، و میدیای زەبەلاحیان بە پارەی نەوت دامەزراند بۆ بە جێگەیاندنی پڕۆژە بنەماڵەی و حیزبییەکەیان.
لە دوای 2003 وە یەکێتی و پارتی پێکەوە حوکمی کوردستانیان کردووە، پۆست و پلەو پایەکانی حوکمڕانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە، پارتی سەرۆک وەزیران و یەکێتیش جێگر، وەزراتەکانی دیکەش بە هابەشی، لە ساڵی 2009-2011 بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیران بوو ئەگرچی دەسەڵاتەکەشی لاواز بێت، لە ساڵی 2011 دا خەڵکی زۆنی سەوز خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورەیان دژی نادادپەروەری و گەندەڵی ئەنجامدا، پارتی هەموو ڕێگەیەکی گرتە بەر تا ئەو خۆپیشاندانە نەتەنرێتەوە بۆ زۆنی زەرد هێزیشی جوڵاند بۆ سلێمانی تاهاوکاری یەکێتی بکات لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکەدا، ئەوە بوو دوای زیاتر لە دوو مانگ، دواجار یەکێتی بە هاوکاری پارتی لە 19 نیسانی 20011 دا خۆپیشاندانەکەیان بە زەبری هێز سەرکوتکردوو، ژمارەیەک هاوڵاتیش بوونە قوربانی.
لەدوای 2003 وە بە دیاریکراوایش دوای ڕێکەوتنە ستراتیجێکەیی نێوان یەکێتی و پارتی و دوای چوونی تاڵەبانی بۆ بەغداد، یەکێتی بەردەوام سەرقاڵی ململانێی و تەکەتولات و پارچە پارچە بوون و باڵ باڵێن بووە و ڕۆژێکی بێ کێشە و قەیرانی ناوخۆیی بەڕێنەکردووە، لە بەرامبەردا پارتی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژە حیزبییەکەی بووە، و بۆ ئەم مەبەستەش لەشکرێکی گەورەی لە خەڵکی دادەمەزراند و چاکدارکرد و بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی خەڵکێکی زریان بە پلەی باڵاو فەرمانبەر خانەنشین و بە بن دیوار کرد، ئەمە جگە لەوەی پارتی و خەریکی سیخوریکردن بوو بەسەر هێزەکانی دیکە بە گشتی و یەکێتی بە تایبەتی، هەروەها بۆ خزمەتکردنی پڕۆژەکانی ڕاگەیاندنی زەبەلاحی دروستکرد بە پارەی نەوت، و لە ڕێگەی پەڕلەمانەوە دامەزراوە حیزبی و هەواڵگیرییەکانی بە یاسایی کرد، و هەر یاسایەک لە پەڕلەمانەوە دەردەچوو هەژموونی پارتی بەسەرەوە دیار بوو، بە جۆرێک پەڕلەمان وەکو ئۆرگانێکی حیزبی پارتی بوو.
پارتی و یەکێتی هەرگیز پشتیان لە یەک نەکردووە، سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوانیان، تەنانەت لە 2013 دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردن، کاتێک گۆڕان و پارتی ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حوکمەت، پارتی پشتی نەکردە یەکێتی، و بەڵکو بە پێی قورسایی خۆی بەشداری پێکرد لە حوکمەتدا و جێگری سەرۆک وەزیران و چەند وەزارەتێکی گرنگی پێدا.کاتێکیش نێوان گۆڕان و پارتی تێک چوو لە 2015 دا لەسەر هەمواری هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە پەڕلەماندا، یەکێتی نەک هەڵوێستێکی جدی نەبوو بۆ گۆڕین سیستمی سەرۆکایەتی بۆ پەڕلەمانی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە یاسای و ئاشتی، بەڵکو کاتێک پارتی کودەتای کرد بە سەر پەڕلەماندا و وەزیرەکانی گۆڕانی و سەرۆک پەڕلەمانی دەرکرد بۆ ئەم دیو بازگەی دێگەڵە و زۆنی سەوز، یەکێتی پشتی نەکردە پارتی و هەوووێستێکی ڕوونی نەبوو بەرامبەر بە تاکڕەوی و مافیایی پارتی.
لەدوای 2005 وە دوای ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا و دواتر پڕۆسەی ئەنجامدان و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، پارتی بوو بە خاوەن ئابورییەکی گەورە و یەکێتیش بەشێکیان کە پۆست و پلتی حوکمیان هەبوو باسیان لە ئاگاداربوون لە خاڵ بە خاڵی ڕێکەوتننامەکان و داهاتی نەوت هەیە، بەشێکی دیکەیان بە ڕەهای ڕەتیان دەکردەوە کە یەکێتی ئاگاداری ڕێکەوتننامەکان و داهاتی نەوت بێت، پارتی ڕێکەوتننامەی پەنجا ساڵی نەوتی لەگەڵ تورکیا هەیە، و داهاتی نەوت پارتی کردە هێزێکی تاکڕەوی ملهوڕ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە یەکێتی شەریکە دزی پارتی بووە و داهاتی تەنکەرە نەوتەکان بۆ یەکێتی بووە.پارتی بانگەشەی ئابوورییەکی سەربەخۆی دەکرد لە بە پشت بەستن بە نەوت، ئەمە بووە هۆی ئەوەی حوکمەتی ناوەندی بە بڕیاری نوری مالیکی لە ساڵی 2013 دا بڕیاری بڕینی لە %17 بوودجەی هەرێم بدات، پارتی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی تۆمەتبار دەکرد بەوەی فشاریان لە مالکی کردووە تا ئەو بڕیارە بدات، بەڵام کاتێک پارتی وەزارەتی دارایی لە حوکمەتەکەی حەیدەر عەبادی وەرگرت و هۆشیار زێباری بوو بە وەزیر، نەک هەر نەیتوانی کارێک بکات بودجەی هەرێم بگەڕێنێتەوە، بەڵکو لە سەر گەندەڵی متمانەی لێسەندرایەوە و ڕەوانەی هەولێر کرایەوە، هەردوو هێز هەرێمی کوردستانیان ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی گەورەی ئابوری و سیاسی و یاسایی و کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و جوگرافی کردۆتەوە، پارتی و یەکێتی دوو ڕووی یەک دراون، هەردووکیان دوو ڤایرۆسی کوشندەن لە جەستەی میللەتێکی جینۆساید کراوی بەش خوراوی خۆخۆری دابەشکراودا.
لە ئەنجامی ڕێکەوتن و هاوپەیمانی پارتی و یەکێتیەوە کوڕ و نەوەکانی ماڵباتی بارزانی و تاڵەبانی بوونە خاوەن پۆست و پلە و پایە گرنگەکانی حوکمەت، نەک لەبەر لێهاتوویی و پڕۆسەی دیموکراتی و مەدەنی، گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.
پارتی لەناوخۆی هەرێم دا ڕێگەی نەدەدا یەکێتی لەوە زیاتر لاواز بێت، تا وەک پایەیەکی ڕاگری بنەماڵەی بارزانی بمێنێتەوە، بەڵام لە ئاستی دەرەکی دا پارتی و بنەماڵە بە سیستمی دیوەخان پەیوەندییەکانیان دروست دەکرد، لەگەڵ حوکمەتی ناوەندیشدا پارتی بە تەنیا بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدا لە سەر بنەمای ناسیۆنالیزمی شوانکارەیی و خێڵەکی.لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دەستی گرتوە بەسەر تەواوی ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی کە هاوپەیمانان لە جەنگی داعش دا دای بە هێزەکانی پێشمەرگە.
پارتی بەردەوام بانگەشەی دەوڵەتی کوردی بۆ مانەوە و چەسپاندنی پاوەنخواز و هەژموونی خۆی بەکاردەهێنا، تا لە 25/9 دا سەرکردایەتی ڕیفراندۆمی کرد و ڕیفراندۆمەکەش سەرکەوتنێکی گەورەی ناوخۆی بە دەستهێنا، و یەکگرتوو و یەکێتی و چەند هێزێکی بچوکی دیکە کە ژمارەیان حەڤدە حیزب بوو، بە هەموو توانایەکیانەوە بەشداری ڕیفرانۆمەکەیان کرد، بە ڕابەرایەتی بارزانی، سەرکەوتنی گشت پرسێکە بووە هۆی زیاتر غروور و گەورە بوون و تاکڕەوی پارتی.
سەرانی یەکێتی و پارتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدامەوە نموونەیەکی جوانی حوکمی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانیان لە کەرکوک جێبەجێنەکردووە، کە ئەمە زەروورەتێکی واقعی و حەتمییە، کە هەر پێکهاتەیەک لە کەرکوک پەیڕەوی لە بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان نەکات سەر ئەنجامەکەی شکستە.یەکێتی و پارتی دوو ئیدارەیەکەی سلێمانی و هەولێریان گواستەوە بۆ کەرکوک و دەستیان کرد بە حیزبایەتی و تاڵانجێتی و مافیایی و بە هەدەردانی سامانی گشتی کەرکوک و دیکتاتۆری و تاکڕەوی و ستەمکردن لە پێکهاتەکانی دیکە.
کەرکوک جێ نفوز و هەژموونی یەکێتی یە و یەکێتی خۆی بە خاوەنی ئەو شارە دەزانێت، و لە ڕووی کارگێڕی و ئەمنییەوە بە شێوەیەکی گشتی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دایە، نەوت و ئابوری کەرکوک لەلایەن پارتییەوە قۆرغکراوە بێ ئەوەی داهاتی نەوتەکەی دیار بێت، ئەمە لە کاتێکدا پارێزگاری کەرکوک سەر بە یەکێتییە، بەڵام لایەنگری بارزانی و پارتییە، ئەمەش لای یەکێتی قبوڵنەکراوە، لەلایەکی دیکەوە یەکێتی پێی وابوو بەشداریکردنی لە ڕیفراندۆم بە تایبەتی لە کەرکوک هەڵەیەکی ستراتیجی کردووە، لەبەر ئەوە یەکێتی نە لەڕووی سیاسییەوە نە لە ڕووی کارگێڕی و یاساییەوە نەیدەتوانی هاوکێشەکە ڕاست بکاتەوە، پەنا بردنیش بۆ هێز شەڕی ناوخۆی لێدەکەوتەوە بە قازانجی حکومەتی ناوەند و داعش، دواجار دوای نەمانی داعش لە حەویجە، بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی پەنای بردە بەر خیانەت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکەی لەگەڵ پارتی لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕێکەوت و کەرکوکی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد، هاوشێوەی سی و یەکی ئابی، بەڵام بە فۆرمێکی سەوز، چۆن پارتی لە سی و یەکی ئاب دا سوپای سەدامی هێنایه سەر هەولێر، یەکێتیش حەشدی شەعبی هێنایە سەر کەرکوک.خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر دژایەتی و ململانێ و تۆڵەی یەکێتی بوو لە پارتی، لە کاتێکدا سیاسەتی هەڵەی یەکێتی پارتی گەورە کرد، کە وەکو لقیێکی پارتی مامەڵەی دەکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی یەکێتی پارتی بە جۆرێکە هەرکاتێک هەستیان کرد بێت بوونیان لە مەترسیدایە پەنایان بردۆتە بەر هێزی دەرەکی لە نموونەی هێنانی سوپای پاسداران بۆ کەرکوک لە ساڵی 1986 دا و هێنانی پاسدار بۆ هەڵەبجە لە 12/3/1988 دا، و پەلکێش کردنی سوپاس تورکیا بۆ کوردستان لە ساڵی 1992-1994 بۆ شەڕی پەکەکە و پاشا 31ئاب، و بۆ جاری دوام هێنانەوەی سوپای تورکیا لە ساڵی 1999-2001، کە تا ئێستا لە باشوری کوردستاندا ماون، و دواینجار هێنانی سوپای پاسداران بۆ کەرکوک لە 16 ئۆکتۆبەری 2017 دا.
هەروەها یەکێتی لەڕووی سیاسییەوە شوێنکەوتەی پارتی بوو، بەڵام پارتی لە ڕووی سەربازییەوە شوێنکەوتەی یەکێتی بووە، بە درێژایی مێژووی پڕ خیانەتی ئەم دوو هێزە، پارتی هەرگیز بە تەنیا نەیتوانیوە بەرامبەر سوپاکانی حوکمەتەکانی عێراقی سەرکەوتنی سەربازی بە دەستبهێنن بێ یەکێتی، لە کاتی هاتنی داعشیش پارتی شەنگالی ڕادەستی داعش کرد، و یەکێتیش جەلەولای ڕادەستی داعش کرد، تا یەکێتی بەرگری نەکرد، پارتیش نەیتوانی بەرگری بکات و تەنانەت هەولێریش ڕووبەڕوی داگیرکاری و کاولکاری بوویەوە، لە خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەریشدا گەر یەکێتی بەرگری بکردایە و کەرکوکی نەفرۆشتایە، پارتیش بەرگری دەکرد، بەڵام کە یەکێتی خیانەتیکرد، پارتیش بێ بەرگری هەڵهات و دواتر تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی ماددەی سەد و چل یەک یەک کەوتن و لەلایەن هێزە عێراقییەکان بەتایبەتی حەشدی شەعبییەوە داگیرکرا.
ئەمە جگە لەوەی شکستی کەرکوک پلانێکی تورکی - ئێرانی بوو، حوکمەتی شیعەی عێراقی جێبەجێی کردوو، یەکێتیش خیانەتەکەی ئەنجامدا، چونکە یەکێتی هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری پلانەکانی ئێران بێت، ئەم هێزە لە زۆربەی قۆناغەکانی تەمەنیدا دەیان ڕێکەوتنی نهێنی و ئاشکرای لەگەڵ ئێران هەیە و هەبووە، لەزۆربەی شەڕەکانی تەمەنیدا بە چەک و کەرەستەی جەنگی ئێرانی شەڕیکردووە، تەنانە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2012 ئێران فریای شکستەکەی یەکێتی کەوتوو، لە ئەلبیسەکەی سلێمانی تەزویر و خروقاتێکی زۆری بۆ یەکێتی ئەنجامدا یەکێتی لە شکستێکی گەورە ڕزگارکرد.تورکیاش تا ڕێگە لە زیاتر گەورەبوونی پارتی بگرێت، و ڕیفراندۆم مایە پووچ بکاتەوە، بەشداری دروستکردنی هیلالی شیعە بوو.
ئەو کەسایەتیانەی کە بەرپرسی خیانەتی 19 ئۆکتۆبەرن بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەم خیانەتە دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی 25/9 یە، لە کاتێکدا هەر ئەم کەسایەتیانە و تەواوی یەکێتیش لە بانگەشەی ڕیفراندۆم دا بە تەواوی قورساییانەوە بەشداریان کرد، و دەنگیان بە بەڵێ دا، و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە یەکێتی خاوەنی مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسینە.لەبەر ئەوە تاوانبارکردنی پارتی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هێنانەوەی پاساو بۆ خیانەتەکەیان هیچ مەنتیقی نیە و هێنانی پاسدار و حەشدی شیعە بۆ کەرکوک هیچ پاسا و بیانوویەک هەڵناگرێت جگە لە خیانەتێک کە لە ئەستۆی یەکێتی دایە.
بوون و ستراکتۆری هێزەکانی دیکەش ستراکتۆری نەتەوەیی سیاسی نیه، کە ستراتیجیەت و ئامانجی نەتەوەیی و سیاسی گەورەیان هەبێت، و لە ڕێگەی گۆڕانکاری گەورەی سیاسی و ئابوری ڕیشەیی ئەنجامبدەن، بەڵکو وەکو لق و ناوچەیەکی پارتی مامەڵە دەکەن، هەر کات بارزانی بانگێشتی کۆبوونەوەی دەکردن بە هەڵەداوان دەگەیشتنە پیرمام و سەری ڕەش، و گوێیان بۆ ئاوازە خێڵەکییەکانی بارزانی قوڵاخ دەکرد، هەروەها سیاسی حیزبەکان کاتێک وەکو نوێنەر یاوەری وەفدەکانی بارزانیان دەکرد بۆ دەرەوە و بۆ بەغداد، کاتێک بارزانی خەریکی کۆبوونەوە و ڕێکەوتن بوو لە ژوورە داخراوەکاندا، ئەوانیش وەکو دەرگاوان و پاسەوان لە دەرەوەی هۆڵەکاندا چاوەڕوانی ڕێکەوتنە شکست خواردووەکانی بارزانیان دەکرد.
لەزۆربەی ووڵاتانی دنیا بەهۆی بچوکترین کەمتەرخەمی و گەندەڵییەوە کاربەدەستە گەورەکان دەست لە کاردەکێشنەوە و حوکمەت هەڵدەوەشێتەوە، و لە زۆربەی کاتدا بەرپرسیاری ڕووداوەکان دادگای دەکرێن، بەڵام لە باشوری کوردستان خیانەتی گەورەی نەتەوایەتی دەکرێت، نەک دەست لە کارکێشانەوە و حوکمەت هەڵوەشاندنەوە ڕوونادات، بەڵکو وەکو دەستکەوتی نیشتیمانی بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە، بێ ئابڕویانە بانگەشەی نەتەوەیی دەست پێدەکەنەوە.دەبوو هێزەکانی دیکە لە دژی خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر شەقامیان دژی پارتی و یەکێتی بورژاندایەوە، و تەواوی دنیایان لەم هێزە خیانەتکارانە پڕ بکردایە، حکومەتیان ناچار بە هەڵوەشاندنەوە، و کاربەدەستانیش ناچار بەدەست لەکارکێشانەوە بکردایە، و دواتر سەرانی خیانەتیش دادگای بکەن و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنن، بەڵام نەک ئەمە نەکرا بەڵکو:
گۆڕان دوای هەموو ئەو موئامەرە و کودەتایانەی پارتی لێیکردو، دواتر نەخۆش کەوتن و مردنی نەوشیروان مستەفا بۆتە هێزێکی سواوی چەقبەستووی خاوەن بەیاننامە، کە هەر گۆرانکارییەکیش ئەنجامبدات تەنیا دەبێتەوە کۆپی یەکێتی و پارتی.
کۆمەڵیش هێزێکی شوێنکەوتەی گۆڕانە، و ڕۆڵەیەکی بە وەفایی ئێرانە، نە هەڵوێستی بووە و دەبێت، نە هیچ گۆڕانکارییەکیشی پێ دەکرێت.
یەکگرتووش کە لە مێژە بە فەرمانی تورکیا بۆتە هاوئاوازی پارتی، و شانازی بە ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە دەکرد، کە بەهاوکاری لایەنەکانی دیکە بڕیاری هەڵدانی ئاڵای کوردستانی لە کەرکوک داوە، بەڵام لە سەر خیانەتەکەی شانزەی ئۆکتۆبەر نە هەڵوێستی بووە و دەبێت، نە دەتوانێت لەو چەقبەستوویی و شوێنکەوتییە ڕزگاری بێت، باشترین ڕێگە بۆ یەکگرتوو ئەوەیە لە هێزێکی سیاسییەوە ببێتە ڕێکخراوێکی خێرخوازی و داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان.
لێکەوتەو دەرئەنجامەکانی خیانەتی 16/ئۆکتۆبەری 2017 :
پارتی لەمەو دوا زیاتر دەبێتە هێزێکی تەنازولکاری بچوکی گەندەڵی بنەماڵەچی خێڵاکی فەرامۆشکراوی چەقبەستووی عێراقی، کەمتر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەسڵێکەی خۆی کە خیانەتکاری پشت بەستوو بە ئێران و تورکیا، لەبەرئەوەی لە دوای دوو هەزار و سێوە ڕووی کردۆتە تورکیا و پشتیکردۆتە کەرەج، ئێرانیش زیاتر پشت بە حەشدی شەعبی کۆپی سوپای پاسداران و یەکێتی دەبەستێت نە پارتی، تورکیا و ئاک پارتی و ئەردۆغانیش کە لە دووهەزار و سێوە پارتی بەکاردێنێت، بەڵام ڕیفراندۆم تورکیایی لە پارتی تۆران، و وای لێکدایەوە کە ماڵباتی بارزانی و پارتی فێڵیان لێکردووە، ئیدی تورکیا و ئێران تۆڵە لە پارتی و ماڵباتی بارزانی دەکەنەوە، و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵدا نابەستن کە ببێتە هۆی گەورە بوونی پارتی.ئەو کاتە پارتی قبوڵ دەکەنەوە کە خیانەتی گەورەیان بۆ ئەنجامبدات دژی کورد باکور و خۆرهەڵات و خۆرئاوا 
یەکێتیش بە شێوەیەکی ڕەها تەسلیمی ئێران و سوپای پاسداران دەبێت، هەوڵدەدات زۆنی سەوز بە حوکمەتی ناوەندییەوە بلکێنێتەوە، بەو پەڕی لاوازی و دەستەمۆییەوە.
کاتێکیش کورد بەلاوازییەوە گەڕایەوە بۆ بەغداد، ئیدی حوکمەتی مەرکەزی بوودجەی سەدا حەڤدە ناگێڕێتەوە بۆ کورد، بەڵکو گەر میزانیای هەرێمیش لە ئەنجامی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی و یەکێتی دا ڕەوانە بکات، بە ڕێژەیەکی زۆرکەمتر لە ڕابردوو ڕەوانەی دەکات.ئەمە جگەلەوەی ئەو پۆست و پلەو پایانە کە مافی کوردن لە بەغداد و پارتی و یەکێتی قۆرخیان کردبوو بۆ بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی، عێراق هەرگیز بە کوردی ڕەوا نابینێتەوە، واتا هەر دوو ڤایرۆسەکە ئەو پۆستانەش لە دەست دەدەن.
ئەگەریش گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کوردستاندا ڕوونەدات لە ژێر چاودێری ئەوروپا و ئەمریکادا، ئەوە یەکێتی و پارتی بە شێوەیەکی هۆڤانە تر لە جاران دەبنە دوو هێزی پۆلیسی داپۆڵۆسێنەر، دوای بەزین و خیانەت لەکەرکوک، ڕێگە لە هەر جوڵانەوە و ناڕەزایەتیەک دەگرن، هەموو ئەو کەرەستە سەربازییانەی هاوپەیمانان لەجەنگی داعش دا دایان بە پارتی و یەکێتی لە ناوخۆد بەکاریدێنن، و پەڕلەمان و دام و دەزگاکان دەبنەوە بە ئامڕازێکی گەوجاندن و فریودانی جەماوەر.ئەگەرچی میللەت ترسێکی گەورەی هەیە لە دروست بوونەوەی دوو ئیدارەی و گەڕانەوە بۆ ئۆتۆ نۆمییەکەی هێڵی سی و شەش.
کورد لە ئاستی دەرەکی دا زۆر لاواز دەبێت، هەموو ئەو ووڵاتانەی لە جەنگی داعش دا هاوکاری حوکمەتی هەرێمیان دەکرد و کوردستانیان کردبوو، بە بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی کەرەستە جەنگییەکانیان، لەم و دوا گوێ لە داواکارییەکانی پارتی و یەکێتی ناگرن، کە دوو هێزی کلاسیکی و تەقلیدین و پێشێلکاری گەورەی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری ئەنجامدەدەن.
هەموو ئەو خیانەت و ڕووداوانە بوونە هۆی زیاتر دوورخستنەوەی گەلی کورد لەباشوور لە ئامانجە نەتەوەیی هەمیشەییەکەی، کە لە پێناویدا ڕووبارێک خوێن بۆ ڕشتووە، بەڵام سیاسییە خێڵەکی و نەزانەکانی لە سیاسەتدا هەڕاج فرۆشیان کردوون.
گەلی کورد لە باشوور دەبێت وانەیەکی گەورە فێربووبێت، کە ئیدی هێزەکانی باشوور هێزگەلێکی نەتەوەیی و خاوەن فکری نەتەوەیی نین، بەڵکو هێزگەلێکی خیانەتکار و مافیا و تاڵانچی و بەکرێگیراون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە