لە ئەنجامی ڕێکەوتن و هاوپەیمانی پارتی و یەکێتیەوە کوڕ و نەوەکانی ماڵباتی بارزانی و تاڵەبانی بوونە خاوەن پۆست و پلە و پایە گرنگەکانی حوکمەت، نەک لەبەر لێهاتوویی و پڕۆسەی دیموکراتی و مەدەنی، گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.
پارتی لەناوخۆی هەرێم دا ڕێگەی نەدەدا یەکێتی لەوە زیاتر لاواز بێت، تا وەک پایەیەکی ڕاگری بنەماڵەی بارزانی بمێنێتەوە، بەڵام لە ئاستی دەرەکی دا پارتی و بنەماڵە بە سیستمی دیوەخان پەیوەندییەکانیان دروست دەکرد، لەگەڵ حوکمەتی ناوەندیشدا پارتی بە تەنیا بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدا لە سەر بنەمای ناسیۆنالیزمی شوانکارەیی و خێڵەکی.لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دەستی گرتوە بەسەر تەواوی ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی کە هاوپەیمانان لە جەنگی داعش دا دای بە هێزەکانی پێشمەرگە.
پارتی بەردەوام بانگەشەی دەوڵەتی کوردی بۆ مانەوە و چەسپاندنی پاوەنخواز و هەژموونی خۆی بەکاردەهێنا، تا لە 25/9 دا سەرکردایەتی ڕیفراندۆمی کرد و ڕیفراندۆمەکەش سەرکەوتنێکی گەورەی ناوخۆی بە دەستهێنا، و یەکگرتوو و یەکێتی و چەند هێزێکی بچوکی دیکە کە ژمارەیان حەڤدە حیزب بوو، بە هەموو توانایەکیانەوە بەشداری ڕیفرانۆمەکەیان کرد، بە ڕابەرایەتی بارزانی، سەرکەوتنی گشت پرسێکە بووە هۆی زیاتر غروور و گەورە بوون و تاکڕەوی پارتی.
سەرانی یەکێتی و پارتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدامەوە نموونەیەکی جوانی حوکمی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانیان لە کەرکوک جێبەجێنەکردووە، کە ئەمە زەروورەتێکی واقعی و حەتمییە، کە هەر پێکهاتەیەک لە کەرکوک پەیڕەوی لە بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان نەکات سەر ئەنجامەکەی شکستە.یەکێتی و پارتی دوو ئیدارەیەکەی سلێمانی و هەولێریان گواستەوە بۆ کەرکوک و دەستیان کرد بە حیزبایەتی و تاڵانجێتی و مافیایی و بە هەدەردانی سامانی گشتی کەرکوک و دیکتاتۆری و تاکڕەوی و ستەمکردن لە پێکهاتەکانی دیکە.