دەنگی پای مامی بچوک دێت

Saturday, 21/10/2017, 21:40

5506 بینراوە


ڕێبوار کەریم رۆژنامەنووسی دەمحاڵی پارتی و بارزانی، پێش ئەم ڕوداوانە، وتارێکی نووسیبو بەناوی؛ (دەنگی پای مامی بچوک دێت)، مامی بچوک مەبەستی لە قوباد تالەبانی بوو، کە ماوەیەکە لە گەڵ خیزانی بارزانیدا شەریکە دزینی نەوتە، واشیان نیاز بو ئیتر بەم وتارانە سابون بدەن لە بنی پێی قوباد، وەکو باوکی بیکەن بە شەریکی تاوان، بەلام بەداخەوە گوێیان لە دەنگی پای مامی ڕیوی نەبوو، مامی ڕێوی واتا پاڤێڵ.
هەر لە پێش ئەم ڕووداوانەدا وەک کادرێکی یەکێتی بۆی گێرامەوە، لەکاتی ناشتنی تەرمی جەلال تالەبانیدا، ئەندامانی پارتی لە ئەوروپا زیاتر بەپەرۆشتر بوون وەکو لە هەوادارانی یەکێتی، زیاتر گرنگیان بە سێرێمۆنی ماتەمینی تالەبانی داوە، بەجۆرێک یەکێتیەکان سەریان سوڕماوە.یەکێتی هیوا و پشتیوانی بارزانی بوو، ئەگەر هەر لەسەرەتاوە ئامانە بەشداری ئەو خیانەت و دزییە نەبونایە هەڵبەت ئێمە ئاوامان بەسەر نەدەهات.
ئێستا پارتیی بە تەنها یەکێتی دابەش نەکردوە بەسەر دوو بەرەدا، بەڵکو خێزانی تاڵەبانیشی کردوە بە دووبەشەوە.بۆیە دەڵێن گوایە قوباد تەلەفۆنی بۆ دایکی کردوە و گلەیی لە پاڤێل کردوە، کە ئەو خیانەتەی لێکردوە، دایکیشی لە وەڵامدا وتویەتی گوایە پاڤێڵی برای هەقی سەردەمی منداڵی لێکردۆتەوە؛ کاتێک مندال بوون باوکی ڕەحمەتیان پاسکیلێکی دووتایی بۆ کڕیون، قوباد هەر خۆی لێی خوڕیوە و هەرگیز نەیداوە بە پاڤێل سواری بێت، ئیتر ئەم بەسەرهاتە بۆتە هۆی دووبەرەکی نێوان میللەتێك.
 لە فلیمی دەرهێنەرێکی نایابی ئەمەریکیدا ؛ کازاڤێت، لەسەرجوتێک پۆستاڵێ دڕاو، دوو لەشکر دەبێتە شەڕیان، سەدەها کوژراوی لێدەکەوێتەوە.ئەم رووداوانە هەندێک جار لە کارەساتێکی بچوکەوە روو ئەدەن بەڵام دەچنەوە ناو رەورەوەی لۆژیکی ژیانەوە.ئەو رەوڕەوەیەش پێمان دەڵێت کە کوردوستان دەبێت بە سێ هەرێم، لەبەر ئەوەی ئێمە نەمان توانی لە پرۆگرامی خوێندندا زمانی بادینی بخوێنین لەتەک عەرەبیدا، تەنها ڕێگریش لەبەردەم کوردستانێکی گەورە بارزانی بوو بۆیە دەبێت بارزانیی ملی بشکێنێت.
ئەمریکییەکان نەچون بە بارزانی بڵێن ڕێفێراندۆم نەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە چون هانی بدەن بیکات، بۆ ئەوەی بەم دەردەی بەرن، وەک چۆن پیش شەڕی کوێت، بە براکەی سەدامیان وت لە سویسرا: ( ئەگەر نەکشێنەوە لە کوێت ئەوا دەتان گێڕینەوە بۆ دەوری بەرد).دەیانزانی کە ئەوانە ئەقڵی عەشایەریان هەیە ئەم جۆرە ئیهانانە ئەوندەی تر هانیان ئەدا، بەهەمان شیوە بە بارزانیان وت، کە گوایە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچووە و پاشان پێی وتن، کە حسابی هیچی بۆ ناکەن، ئەوەیە ئەقڵی عەشایەری کە ناتوانێت ولاتێک ببات بەریوە، ئەگەر ئەوکەسەشی دەڵیت گوایە نێچیرڤان فێری سیاسەت بووە و جیاوازە، باسەری بات لەبەرد چونکە ئەویش هەر عەشایەرە و لەبنەماڵەی بارزانییە.
یەکەم جارە لە مێژوی کورد و کوردستاندا، کورد دەستەو ئەژنۆ دانیشتوە و سەیری داگیرکەر دەکات، بەرگری لە خاکی ناکات، خۆ ئەگەر سەرۆک لە سەدا نەوەدی جەماوەری کوردستانی لەگەڵدا بوایە دەیتوانی حساب بۆ ئەمەریکا نەکات، ئەوساکە منداڵانی کۆلانیش بەرگریان تێدەکرد.
هەتا بارزانی لەسەر حوکم بێت کورد دژی حەشدی شەعبی ڕاناپەڕێت، جەیشی عێراقیش ناتوانێت بەتەنیا کوردستان بگرێتەوە، بۆیە ئەمەریکا چاوی داخستوە ئەو کارە بە حەشدی شەعبی دەکات، وەک چۆن لە چەند کاتێکدا یارمەتی داعشیان ئەدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بەڵام پاش ڕۆیشتنی بارزانی هاوکێشەکان دەگۆڕێن.
لە چاوەڕوانی بەسەرهاتەکاندا، لە هەواڵێکی روداودا نوسراوە ؛ ئەو دەرمانەی دژی خەمۆکێیە، نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات، وا دیارە ئەم هەواڵە سەرزەنشتیە لە سەرۆک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە