ئاممانە، ئەم جارە دەبن بە جاشی کێ!؟"حكومه‌تی تازە‌ پشتیوانیی ئیقلیمی ‌و نێوده‌وڵه‌تی هەیە‌"!

Wednesday, 25/10/2017, 12:30

6084 بینراوە


دوای ‌هێرشە سەربازییەکانی سوپای عیراقیی و حەشدی شەعبیی لە بەرواری  ١٦/١٠/٢٠١٧دا بۆ سەر کوردستان، بارودۆخێکی ناخوازیاری پڕ هەستیار هاتۆتە ئاراوە. بۆ چارەسەری ئەو دۆخە، پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی "بنکە فرەوان"ی نێچیرەوان بارزانی، دەیانەوێت لە ژێر ناونیشانێکی تردا بەردەوامیی بە دەسەڵاتەکانیان بدەن کە ئەویش " دامەزراندنی حکومەتی رزگاری نیشتمانی"یە بە بەشداری گشت پارتە سیاسییەکانی حکومەتی بنکە فرەوان. بۆ بە قەبە کردنی ئەو پرۆژەیە هەندێک لە میدیا کوردییەکان لە زمانی ئەندامانی ئەو پارتانەوە رایانگەیاندوە کە گوایە ئەوان توانای خۆیان خستۆتە گڕ و پشتیوانی ئیقلیمی و نێودوڵەتییان بەدەستهێناوە بۆ پرۆژەکەیان!

بیستوشەش ساڵ پێش ئێستا کاتێک کە عیراق لە ئەوپەڕی بێهێزیدا بوو هەمان کەساییەتی و پارت لە مەیدانەکە بوون، تا ئەمڕۆ هەموویان بە پارەی دزراوی میللەت لە سەر گرد و  شاخ و بەرزاییەکان دا نیشتجێن و هەریەکە بە جۆرێک دەرامەتێکی باشی بۆ خۆی دابین کردوە و پێگەی حزبی و سیاسیی و کۆمەڵاییەتیی و ئابوورییان بۆ خۆیان مسۆگەر کردوە. تازە هێرشەکانی سوپای "عیراقیی و حەشد" بە گەماڕۆدانی سنوورەکان و زۆربەی ناوچەکانی باشوور،  لەو خەوە شیرینەدا بە ئاگایان دەهێنێت و داوای "حکومەتی رزگاری نیشتمانیی" دەکەن!؟

چواردە ساڵ پێش ئێستا واتە  لە ساڵی ٢٠٠٣وە کە ئەمریکا "سەدام"ی رووخاند، هەر هەمان کەس و پارت  بەشدار بوون لە نووسینەوەی دەستوری عیراقی و دامەزراندنی سوپای هەڵوەشاوەی عیراق!  لە ژێر دروشمی دەچین "شەڕی دەستور دەکەین لە بەغداد" ! کۆمەڵێک کەس بە سەڕۆکایەتی "جلال تاڵەبانی" هەڵتک هەڵتک چوون بۆ بەغداد، بۆ گیرفان پڕ کردن و سازش کردن لەسەر مافە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان!

 بیستوشەش ساڵە، هەمان کەس و پارت هەر جارێی لە ژێر ناوێک و دروشمێک کۆ دەبنەوە بۆ هەمان مەبەست و مەرام، لە کەناڵە تەلەفزیۆنی و ماڵەپەڕی فەرمیی پارتەکانییان و ماڵەپەرە تایبەتیەکانیان، پروپاگەندە بۆ خۆیان دەکەن، وێنەی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، کە لەگەڵ فڵانە لێپرسراوی سوپای پاسداران یان لەگەڵ فیسارە لێپرسراوی میتی تورکیی و سەڕۆکی ئەم وڵات و ئەو وڵاتدا  دەستیان لە نێو دەستناوەو بە خەندەوە وێنەیان گرتوە! ئەو جۆرە پروپاگەندانە و ئەو جۆرە وێنانە کە بڵاودەکرانەوە تەنیا بۆ چەواشە کردنی میللەت بوو  گوایە ئەوان هەژمار بۆ پێگەو گفتیان دەکرێت لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیم! بەڵام ئەزمونی "رایفەرەندەم" و هێرشی "سوپای عیراقی و حەشد" لە بەرواری ١٦/١٠/٢٠١٧دا و نەبوونی پشتیوانی نێو دەوڵەتی و ئیقلیمی، دەریخست کە  ئەمانە یەکسانن بە "قەوارە بە تاڵ"، ئەمانە وەک نوێنەری پرسی میللەتێک مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە و لای هەموو لایەک تەنیا وەک بەکرێگیراو و جاش چاویان لێکراوە!؟ 

دوای بیستوشەش ساڵ، ئەزموونی پڕ لە جاشایەتیی و شەرمەزاریی، ئەمڕۆ هاتوون لە ژێر دروشمی "دامەزراندنی حکومەتی نیشتمانیی" دا پروپاگەندەی ئەوە دەکەن کە گوایە پشتیوانی ئیقلیمیی و نێو دەوڵەتییان مسۆگەر کردوە.!پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە کامن ئەو دەوڵەتە ئیقلیمییانە کە گفت و بەڵێنیان داوە دووبارە، ئایا سەڕۆکی کام قەرارگەی سوپای پاسدارانن یان سەڕۆکی کام هەواڵگری میتی تورکیین؟!

ئاممانە، پێمان ڕابگەیەننن ئەوجارە نیازتان وایە بمانفڕۆشن بەکێ؟ و دەبن بە جاشی کێ!؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە