ئەنجام یان ڕووداو؟!

Sunday, 29/10/2017, 0:14

3919 بینراوە


ئەوەی لەم هەفتەیەی ڕابووردوو هاتە کایەوە ڕووداوێک نەبوو کە ڕاستەوخۆ بووە هۆی ژێرکەوتنی کوردستان بە شێوەیەک کە شتی وەها نەدەبوو، نەدەشیا ببێتە ڕاستییەکی ژێر هەتاو. ئەم دۆڕاندنە ئارەزوومەندانەیە ئەنجامبوو نەک ڕووداوێکی ڕووت و ڕەها.
ئەنجامی ٢٥ ساڵی ڕابووردوو کە بریتیبوو لە چیایەک لە هەڵە، گردێک لە کەرایەتی، تەپۆڵکەیەک لە تاوان و بیرێک لە خیانەت و ناپاکی. 
سەبارەت بە گشتپرسی
گشپرسی پرۆژەیەکی سیاسی ڕەوایە بۆ هەموو گەلێک کە خاوەن خاکی خۆی بێت. پەیوەندیی ئەم کارە لەگەڵ هێرشی عیراق بۆ سەر کوردستان تەنها لە ڕووی کاتەوەیە نەک دوو ئەڵقەی هەمان زنجیر بۆ ئەوەی خودی فەرمانی هێرشکە بەرجەستەکرێت. بە واتایەکی تر، ئەم گشتپرسییە بوو بە کارتێک، بوو بە پاساوێکی چاک بۆ هێرشکردن. ئەگینا کاتێ کە گەلێک دەیەوێ بەم شێوە دیموکراتی وئاشتییانەیە ڕای خۆی دەربڕێ، نابێت و ناشێ ببێتە هۆی پەلاماردنی بە تۆپ و تانکەوە. حەشدی وەحشی کاتێ دەجەنگا بۆ ڕزگاریکردنی مووسڵ لە دەست داعش هەر ئەوسا بە ئاشکرا دەیگوت پاش مووسڵ نۆبەی کەکرکووک دێت یان نۆبەی کوردستان دێت. سەرکەوتنیانیش بەسەر داعش بە یارمەتی کورد و هاوپەیمانان بووە پاش هەستکردن بە هێزداری و سەرکەوتن ئەم کارەیان ئەنجامدا. یەکەم جار سوننەیان لاواز کرد و شارەکانیان کاولکرد، ئینجا نۆبەی کوردبوو.
داعش و حەشدی شەعبی
داعش دیاردەیەکی کاتییە بەڵام حەشدی شەعبی دیاردەیەکی هەمیشەییە وکوو پاسدارانی ئێران. بۆیە کێشە داعش نییە بەڵکوو ئەمەی دیکەیە. لە ڕاستیدا هاتنی داعش لە بەرژەوەندیی کورد بوو ئەگەر بیزانیایە چۆن دۆخەکە بەکاردەهێنێ، کەچی چەکدارەکانی پارتی ڕایان کرد و خەڵکی شەنگالیان بەجێهێشت بەبێ یەک تەقە. عیراق لە سایەی داعشەوە بە یەکجاری تێکشکا و لاوازبوو بەڵام دەسەڵاتی کوردستان هیچ سوودی وەرنەگرت لەم بارودۆخە. ئەم حەشدە لەسەر هەمان بیڕوڕای خومەینی دەڕوا کە چاردانیدا لەسەر کوشتنی کورد لە چوارچێوەی جیهادی ئیسلامیدا. واتا هێزێکی ئیسلامی شیعی فاشییە کەچی دەسەڵاتی کوردی ئەوەتا دەست دەنێتە ناو دەستی و دەیانەوێ پێکەوە کوردستان بەڕێوەبەرن، واتا ناوچە دابڕاوەکان کە لە ٢٠٠٣ بەبەلاش فرۆشتییان بە عیراقی عرووبە وئیسلامی شیعی فاشی.
بۆچی شەڕیان نەکرد؟
بێگومان تەنها شەرکردن هەبێت لەسەر ئەم زەمینە کە ڕەوابێ، کە شایەنی ئەوبێ کە بڕیاری لەسەربدرێ، کە مافێکی نەەتەوەیی بێ، ئەوا شەڕی بەرگریکردنی لە خاکی نیشتمان. ئەم جۆرە جەنگە هەموو دونیا ڕێزی لێدەگرێ و بەرز دەینرخێنێ. بەرگریکردن لە نیشتمان و گەل ئرکێکی سەرتایی هێزی چەکداری کۆمەڵگایە و نابێت درێغی لێبکرێ. ئەم جەنگە جێگای شانازییە، مایەی ئازادی و سەربەخۆیییە، جێگای شکۆمەندی و جوامێری و میرخاسی وئازایەتییە، مایەی سەربەرزی و شکۆمەندی و کەرامەت و شەرەف و ئابڕووە، بەڵام ئەم ئاوەڵناوانە واتا ئەم خەسڵەت و مۆرکانە بە هێچ شێوەیەک لە نێو دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی کوردستان نین و هەرگیزیش نەبوونە.
پاساوهێنانەوە 
پاساوهێنانەوە بۆ شەڕنەکردن و بەرگگرینەکردن لە نیشتمان و گەل قێزەونترین کارە لەلایەن هێزی سیاسی و سەربازییەوە.  چونکە پاساو بۆ هەموو شتێ بهێنرێتەوە بۆ ڕاکردن و جێهێشتنی خاک و جەماوەر بە منداڵ وژنەوە مایەی ترسنۆکی و جەبانی و بێکەرامەتی بەولاوە و هیچی تر نییە.
بێسوپایی
٢٥ ساڵە جەماوەر بەتەمای دروستکردنی سوپایەکی هاوچەرخی خاوەن دەستوور و قانووگەلی خۆیەتی، کەچی هەر نەیانکرد، تەنها بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی کەسەکی و پارتەکی بپارێزن و و خۆیان بکەن بە کەڵەگا بەسەر ئەو گەلە ستەمدیدەیەوە. ٢٥ ساڵە بە چەک ودۆلار فەرمانڕەوایی دەکەن نەک بە پێنووس و هزر و فەلسەفەی سیاسی و زانیاری و زانست. تەماشە دەکەی هەر بوونەوەرێک واتا هەر بەناو زەلامێک کۆمەڵێ چەکداری خۆی هەیە و بەناوی پێشمەرگەی نێشتمان. نیوەی گەنجی کوردستانیان کرد بە پاسەوانی کەسەکی واتا حیمایە. ئاخر ئەگەر کوردستان خاوەن سوپای سەربەخۆ بووایە چۆن پێشمەرگە ڕایدەکرد و بە قسەی چەند هەرزەکارێکی سیاسی دەبەنگ و بێهەستوهۆشی دەکرد.
کێ دوژمنی کێیە؟
دەبێ گەلی کورد بزانن کە ئەم هێڕشەی کە کرا دژ بە دەسەڵاتی کوردستان نەبوو، بەڵکوو دژی خودی کوردستان وگەلەکەی بوو. ئەم دەسەڵاتە هەرگیز دژی بەغدا نەبووە ئەوەتا ببینە تاکوو ئێستاش کۆمەڵێ کوردی خۆفرۆش و خاکفرۆش لەوێندەرێن پاڵیانداوەتەوە لەگەڵ برا شیعەکانیان. لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە ئەم کوردگەلە ناپاکانە هەموویان سوننەن وموسڵمانن و هەندێکێشیان یان حەج یان عومرەیان کردووە! باشە ئەوەتا دەبینن عەرەبە سوونەکان پێکناهێن لەگەڵیان تەنها لەبەر هۆی ئایینی کەچی کوردی سوونەڕێباز هیچ بیر لە ئایینەکەشی ناکاتەوە! لای ئەو تەنها دوو شت لەم ژیانە گرنگن: پارەوپووڵ و پلەوپایە وهیچی تر. ئەوانەشی لە هەولێر و سلێمانین ئەوەتا دەپاڕێنەوە لە عەبادی کە لە فاشییەکی شیعی بەولاوە هێچی تر نییە، دەپاڕێنەوە تاکوو گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و دیسانەوە بەرەو بەغدای عرووبە و ئیسلامی شیعی بە سەرشۆڕی و ملکەچی بگەڕێنەوە. بەڵام نێوبراو دەبێژێ نەخێر. ئەمانە تاکوو ئێستاکە وەها دەرەکەوێ نازانن کە مێژوو براوە و سەرکەوتوو دەینووسێتەوە نەک دۆڕاو و ژێرکەوتوو! ئەم دەسەڵاتەی لە باشوور هەیە هەمیشە دۆستی دوژمنانی هەر چوار بەشی کوردستان بووە، ئەمەش سەلماندنی سانایە ئەگەر مێژووی ڕەشیان بخوێنیتەوە. ئەمانە تەنها یەک دوژمنی ڕاستەقینەیان هەیە ئەویش گەلی کوردە. هەموو شتێکیش دەکەن تەنها بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێننەوە.
سەبارەت بە ساڵی ٢٠٠٣
هەموومان بینیمان کاتێ کە عیراق پاککرایەوە لە بەعس و دامودەزگای دەوڵەتەوە بە حکوومەت و سوپا و پۆلیس و تەنانەت بە پۆلیسی هاتووچۆشەوە. کەچی دەسەڵات بەوپەڕی خۆشییەوە گەڕایەوە بەغدا بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ برا عەرەبەکان گوایا عیراقێکی نوێ دروست دەکەن. بە واتایەکی ڕاست داگیرکەرێکی نوێ پێکدێنن! یەکەمین سەرباز لە سوپای نوێی عیراق کوردبوو! چونکە هەندێ پێشمەرگەیان برد بۆ بەغدا جلی سەربازیان کردە بەریان و لە پێشمەرگەوە بوونە سەربازی عیراق. تەماشای کەرایەتیی و بێحورمەتی و سووکایەتی بکە. لەمەش رانەوەستان لە سلێمانی یەکەم دەفتەری سەربازی کرایەو و جەلال بە لاوانی کوردی دەگوت بۆ نابنە سەرباز لە سوپای عیراق! دەستوور نووسرا بابەتی ٥٨ دانرا و کێشەی کوردیان بچووککردەوە و نیشتمانیان کردە یەک ماددەی دەستووری بێ ئەوەی هەوڵیشی بۆ بدەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت. ئەوسا ئەو ساڵەم ناونا بەهارەکەی جەلال لە خۆشییە نەیدەزانی چیبکات و هەر بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار و بەرامبەر ئەوەش لەگەڵ مەسعوود ڕێککەوتببوو کە ببێتە سەرۆکی هەرێم. ئەمە ئامانجی ئەم دوو بوونەوەرە بوو! ئەوەی ئێستا دەیبینین پاییزەکەی مەسعوودە، هەرچەندە هەردووکیان دوو ئەڵقەی یەک زنجیرین ئەمیان ڕووداو ئەویان ئەنجام. ئاخر ئەمەیە سەرچاوەی ڕاستەقینەی ئەمەی لەم ڕۆژانە ڕوویدا. تۆ دوژمن نەماوە کەچی داوای هیچ ناکات و بابەتە نەتەوەیییەکان دوادەخات بۆ ئەم ڕۆژە ڕەشە. بۆیە نابێت و ناشێت گلەیی و گازەندە بکەین یان ڕەخنە بگرین لە بەغدا یان لە ئەمریا یان لە ئێران و تورکیا و ئەمەش هەر بۆ نموونە. ئێمە خۆمان دەردەکەین وخۆمان دەرمانەکەین. پاش ١٥ ساڵ لە نووسینی دەستووری عیراق یەک مادە چییە جێبەجێ نەکراوە کە پەیوەستە بە فیدرالیزم و مافی نەتەوەییی کورد. کورد گەل هەر خەریکی ڕابوواردن و کاتکوشتن بوون وهیچی تر. 
چیرۆکێک لەسەر ڕووداوی ساڵی ٢٠٠٣
شوانێک دەبێ مێگەلەمەڕێکی دەبێ. هەمیشە دەستەیێ گورگ دێن پەلاماری مەڕەکانی دەدەن و هەندێکیان لێدەکوژن. ئەم کارە بەردەوام دەبێ تاکوو ماویەک دێتە پێشەوە کاکەی شوان تەماشا دەکا گورگەکان دەنگیان نییە و هێرش ناکەن. بۆیە زانخوازی دیگرێ و دەکەوێتە ڕێ بۆ ئەوەی نهێنی ئەمە بدۆزێتەوە. دەگاتە دۆڵێک تەماشا دەکا گورگگەل کەوتوونە جووڵەیان نایەت. کاتێ کە نزیکدەبێتەوە دەبینێ بارودۆخیان زۆر خەراپە و نزیکی مردن بوونەتەوە. یەکسەر دەڕوا ئاویان بۆ دێنێ و لەگەڵ خواردن و دەرمان و خزمەتیان دەکات تاکوو دێنەوە سەر خۆیان. ئینجا دەگەڕێتەوە لای مەڕەکانی. پاش ماوەیەک گورگەکان دێنەوە و هێرشدەکەن سەر مەڕەکانی و بە هەمان شێوەی جارەکانی دێرین! ئەمەبوو دەسەڵاتی کورد کردی لە ساڵی ٢٠٠٣ کە دەبوو بووبوایە ساڵی سەرکەوتنی کورد نەک قوڕگرتنەوەی نوێ بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە ڕەشەببینین کە ئێستاکەیە.
دەسەڵات و پەندی کوردی
ئەم دەسەڵاتەی لە باشووری کوردستان چەقی گرتووە واز لەو گەلە ناهێنێ پاش دەیەها خیانەت و ناپاکی و کارەساتی دڵتەزێن بە شێوەیەک سیاسەتوانی دەکات کە بریتییە لە چەند چەمکێک کە گوایا هەندێکیان پەندی پێشینانن بەڵام چ پێشینانێ، هەموویان لەسەر هەمان ڕێباز و ڕێچکە کە بریتین لە ترسنۆکی و جەبانی و خۆپەرستی و هەلپەرستی و ناپاکی درۆدەلەسە و ڕواڵەتبازی و خۆشاردنەوە و بێکەرامەتی و بێشکۆمەندی وبەێغیرەتی و خێروویەتی. دەبا ئەم پەندانە و ئەم دەستەواژانە بکەیەنە سەر مێز:
• دەسکە بان کڵاوەکەت تاکوو با نەیبات.
• حیزی و سەلامەتی ( حیزی واتا ترسنۆکی وبێغیرەتی).
• جاشایەتی وپاشایەتی ( ئەم دەستەواژەیە پەندی پێشینان نییە بەڵکوو لەسەر زاری خەڵکانێک هاتووەتە دەرەوە وەکوو ڕەخنەگرتن لە خائینان.
• ئەو دەستەی ناتوانی بیبڕیتەوە، ماچی بکە!
• ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە.
ئا ئەم وشەگەلاینەیە کە بوونەتە تەسبیحی دەست ئەو سیاسەتوانە گەمژان ەو بێئاکارانە کە نیشتمانیان کردووەتە گۆڕەپانی گەمەی سیاسیی قومارئاسا و گەلیشیان کردووە بە کەرستەی سەر مێزی قومارەکەیان.
سیاسەتی ئابووری
تاکوو ئێستا شتێک نییە لە کوردستان کە ناوی سیاسەتی ئابوور بێت. وڵاتی ئێمە بە پلەی یەکەم کشتوکاڵییە بەڵام ئەم کەرتە ستراتیجییە نەک هەر فەرامۆشکرا بەڵکوو دەتوانم بێژم کە بەئەنقەست و بەپلان کاولکرا بۆ خاتری چاوە ڕەشەکانی تاران وئەنقەرە. بۆ ئەوەی هەموو شتێکمان لەوێوە بۆ بێت. شانازیشیان دەکرد و دەیانگوت بازرگانیمان لەگەڵ تورکیا وئێرانده هەیە بەڵام بازرگانی دەبێ هەر شتومەکی هاوردە نەبێ بەڵکوو دەبێش تۆ شتێک بنێری بۆ دەرەوە. بۆیە دەیانگوت ئەگەر دەروازە سنوورییەکان دابخرێن، ئەوسا لەبرسا دەمرین! تەماشای دەبەنگی وگەلحۆیی و گەمژەیی بکە. ئەورووپا بریتییە لە وڵاتگەلێکی پیشەسازی کەچی یەکگرتەی ئەورووپا زۆرترین پارە تەرخان دەکات بۆ کەرتی کشتوکاڵ چونکە ئەم کەرتە بەستراوە بە ئاساییشی خۆراکەوە. ئەمانەی ئێمەش یەک کادر چییە نیانە لە هیچ بووارێکدا. بەڕاستی سیاسەتوان لای ئێمە مرۆڤێکی بێکارە چونکە هیچ ناکات و هیچ سوودێکی نییە بۆ کۆمەڵگا تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە و هیچی تر.
بەرامبەر بە گەل گورگی ڕەش، لەمەڕ دوژمنیش مشکی سپی
ئەگەر تەنها لە ١٩٩٢وەو تاکوو ئێستاکانە ژمارەی ئەو پێشمەرگانە بنووسین کە لەلایەن خودی دەسەڵاتەوە کوژران یاخود شەهیدکراون وەکوو خۆیان دەبێژن، ئەوسا ئەم ژمارەیە لە ١٠٠٠٠ پێشمەرگە زیاترە. بێگومان کەس بەتەواوەتی ژمارەکە نازانێ چونکە دەسەڵات ژیانی پێشمەرگە گرنگ نییە لەلای. تەنها بۆ شەری دژ بە پەکەکە نزیکەی لە نێوان ٢٥٠٠ بۆ ٤٠٠٠ پێشمەرگە کوژراون و ئەمەش بۆ خاتری تورکە فاشییەکان و هیچی تر. ئایا کام داگیرکەر و کام دوژمن توانای ئەوەی هەبووە کە نەک ١٠٠٠٠ بەڵکوو ١٠٠٠ پێشمەرگەش شەهیدبکات بەدرێژایی چەندساڵێکیش نەک چەند ڕۆژێک. 
لە هەشتاکانی سەتەی ڕابووردوو بوونە جاشی پاسداران و تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەرکووک بۆ ئەوی ڕێگا خۆشکرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی کوردستان کاولکات، ئەوەتا ئێستاکە خۆیان هەمان کەرکووکیان ڕادەستی پاسدارانی عیراق کرد. ئەوسا شەڕیان دەکرد چونکە دژی کورد و کوردستان بوو هەروەها لە بەرژەوەندیی دوژمن بوو، بەڵام کاتێ کە شەڕکردن جێگای شکۆمەندی و مایەی سەربەرزییە و بۆ کورد و کوردستانە نایکەن و هەڵدێن! ئەمانە پێستی مرۆڤبوونیان دڕیوە و بوونەتە جانەوەرێکی بێوێنە لەسەر ئەم زەمینە.
کاتێ کە منداڵێک یان هەرزەکارێکی کورد بەردێک دەدا لە پەنجەرەیەکی بارەگای پارتی، دەیکوژن، کاتێ کە خۆپێشاندانێ دەکرێ، جەماوەر بەر فیشەکدەدەن، کاتێ ڕۆژنامەنووسێ گوتارێ دەنووسێ سەبارەت بە گەندەڵی یەکسەر دەکوژرێ. فازیل میرانی سافیل دەیگوت ئەوەی لە بارەگاکانمن بدات دەستی دەبڕین. لەم ڕۆژانە حەشد لە خوورماتوو بارەگای یەکێەتییان سووتاند کەچی هەر وەکوو بڵێێ هیچ ڕووینەداوە و هەموو بۆیدەرچوون. ئەوەتا گەورەترین سووکایەتی بە کورد و کوردستان کراوە، کەچی هیچ ناکەن و داوای ئاشتی و گفتوگۆدەکەن بەبێ ئەوەی شەرمبکەن. ئەمە پیشەی سیاسی ڕاستەقینە نییە، ئەمە کاری گەوادی سیاسییە و هیچی تر. 
کاردانەویەکی سەیر
هۆشیمینە کاتێ کە ڤییەتنام لەژێر داگیرکردنی فەرەنسا بوو، چەند جارێ بانگکرا بۆ پاریس بۆ گفتوگۆکردن. ئەوەبوو بۆی دەرکەوت کە فەرەنسییەکان تەنها دەیانەوێ هەڵێخەڵەتێنن. بۆیە بۆ دواجا گەڕایەوە بۆ وڵات، گوتارێکی پێشکەشکرد بۆ گەلەکەی و گوتی لەگەڵ ئەم دوژمنە هیچ شتێک نایخوا تەنها هێز نەبێ. جاڕدانی جەنگی سەرانسەری ڕاگەیاند و گوتی ئەوەی چەکی قورسی پێیە با بەکاری بێنێ، ئەوەی تفەنگ با تفەنگبێ، ئەوەی تفەنگی نییە با خەنجەر هەڵگرێ، ئەوەشی خەنجەری نییە با چەقۆ هەڵگرێ و ئەوەشی هیچی نییە با بەرد بەکاربێنێ. ئەوەبوو سەرکەوتن و فەرەنسایان دەرکردە دەرەوە. ئاوها دەبێ پێشەوا و سەرکردە نەک وەکوو ئەوانەی ئێمە کە داوەشاون.
لە ساڵی ١٩٦٧ کە میسر لەجەنگی دژی ئیسرائیل ژێرکەوت و دۆڕاندنێکی گەورەی تۆمارکرد و سوپاکەی تەفروتونابوو، کەچی ئینجاش جەماوەر دەرچوونە سەر شەقام و داوای بەردەوابوونی جەنگیان کرد. 
کەچی لە کوردستان هێزی چەکدار هیچی بەسەر نەهاتووە تەنانەت باوەڕناکام یەک دانە تانکیش تێکشکێندرابێت کەچی هەموو ئیفلیجبوون و وازیانهێنا! دەبوایە جەماوەر دەرچووبانایە سەر شەقام وگۆڕەپانەکان و داوایان لە پێشمەرگە بکردایە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر حەشدی وەحشی کە نیوەی کوردستانی داگیرکردووە و ئاڵای کوردستانی بەر شەقداوە و ماڵی کوردی دووزی تاڵانکردووە و بازاری سووتاندووە، تەماشا دەکەی دەسەڵاتی بێغیرەت دەبێژێ ئێمە بە هیچ شێوەیەک شەڕناکەین. واتا ئێمە ئەو خاکەمان ناوێت و کوردستانمان ناوێت! دەپاڕێنەوە لە عەبادی لێیان خۆشبێ و تۆبەکەیان قبووڵبکات! ئێمەی کورد لەعالەمبەدرین! باسی دامەزراندنی حکوومەتی نوێ دەکەن و هەر وەکوو بێژی هیچ ڕووینەداوە لە کاتێکدا شکۆ و کەرامەتی گەلێک ڕیسواکراوە لەلایەن کۆمەڵێ سەرسەری عیراقی ڕەگەزپەرست وشیعەی فاشی. گەل هەیە ٣٠ ساڵ شەریکردووە بێ وەستان تاکوو گەیشتووەتە ئازادی و سەربەخۆیی. دەبوایە لە کوردستان بانگەشەی لاوان بکردرایە بۆ ئەوەی ئەوانیش چەکهەڵگرن دژی چەتەکانی حشد کە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ داعش من تێناگەم ئێمەی کورد بۆ ئاوها نەفەسکورتین بۆ بە چرکەیەک کۆڵدەدەین دەبێژین تەواو! گەر چەند ڕۆژێک خۆراگربووینایە ئێستاکە هەموو هاوکێشەکان دەگۆڕان لە بەرژەوەندیی کورد، چونکە ئەوسا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەهاتە دەنگ هەر وەکوو لە بۆسنە و کۆسۆڤۆ ڕوویدا چونکە ئەم گەلانە شەریانکرد هەرچەندە هێزێکی زۆر کەمیان هەبوو. هەرچەندە ئەگەر خیانەت نەکرایە  و کورد شەڕیکردایە ئەوسا لەسەتاسەت سەرکەوتوو دەبوو، هەر بۆیەش عیراق نەیدەوێرا هێرشکات و بۆیە قاسم سلێمانی ڕێکەوتنی کرد لەگەڵ بەرماوەکانی جەلال و بەم شێوەیە توانییان بەم کارە هەڵسن. ئێمەی کورد ئەوەی دەستمان دەکەوێ بە ٥٠ ساڵ دەیدۆڕێنین بە ٥٠ چرکە! باشە ئەوە گوتمان کوردستان دەوڵەتە ئەی تۆ نابێت بەرگری لێبکەیت واتا ئەگەر ئەم دەسەڵاتە دەوڵەتیشی دروستکردایە، ئامادەنەبوو بەرگری لێبکات. ئایا ئەمە چ لۆجیکێکە و چ هاوکێشەیەکە لەم وڵاتەی ئێمە دەگوزەرێ؟!
ئایا چارسەر هەیە، ئەگەر هەیە کامەیە؟!
ئێستاکە پاش خیانەتی مەزن و ڕاکردن وهەڵهاتن وەک بەرزەکی بانان لە نیوەی زیاتر لە خاکی کوردستان، بانگەشەی دروستکردنی حکوومەتی کاتی دەکەن یان حکوومەتی ڕزگاری. ئەمەش لەلایەن گۆڕان وکۆمەڵەوە هەروەها بەرهەم تالیحیش باسی ئەمەی کردووە. من نازانم ئەم حکوومەتە لە کوێ سازدەکەن لە هەولێر یان لە سلێمانی. خۆ لە هەولێر پارتی پەسەندی ناکات و لە سلێمانێش هەر دەبێ یەکیەتی سەرپەرشتی بکات. بە واتایەکی تر هەر هەمان تاکگەل دێنەوە سەر حوکم. ئەوشمان لەبیرنەچێ ئەگەر مەسعوودیش بڕوا هەر یەکێ لەو دوو پارتە دێن و هیچی تر. ئایا نازانین کە پارتی و یەکیەتی دوو ڕێکخراوەی چەکدار و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین دەستلەکاربکشێننەوە. پاشان حکوومەتی ڕزگاری چی، واتا لە چی ڕزگارمان دەکەن لە داگیرکەر یان لە دوژمن یان لە یەکیەتی و پارتی؟! 
ئەمڕۆ یەک چارەسەر هەیە ئەگەر بۆ نموونە گۆڕان ڕاستدەکات و لەگەڵ گەلدایە، ئەویش ڕاپەڕین و سەرهەڵدان وخۆپێشاندان ومانگرتنە وهیچی تر. ئەم کارانەش مافێکی دیموکراتیی ڕەوای جەماوەرە. دەبێ خۆپێشاندانی یەک ملیۆنی سازکرێت لە هەولێر و لە سلێمانی بۆ ئەوی ئەو دەسەڵتە گەندەڵ و خیانەتکارە وازبێبێت ئاشتییانە ئەگەر نا ئەوسا بە هێزی جەماوەر و پێشمەرگە کە لە دواساتە هەر دێتە بەرەی گەلەوە. مەگەر ئەوانەی دێنە سەر شەقام هەمووی خزم و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە نیینە! بۆچی لە ڕۆژاوە لە سەرکەوتن بەولاوە هیچ شتێکی تر نابیستی، بەڵێ چونکە لەوێندەرێ جەماوەر شۆرش دەکەن نەک خیانەتکار و گەندەڵان و چڵکاوخۆران. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە