دەمانچەیەکی ئاڵتونی و گەلێکی ئەتک کراو

Sunday, 29/10/2017, 1:55

7469 بینراوە


مەحمود سەنگاوی دەیەوێت لەم وێنەیەدا چیمان پێبڵێت ؟ 

پرسیارێک لەسەر ئەم وێنەیە لامان دروست دەبێت، رەنگە مەحمود سەنگاوی بۆ خۆی نە چاوەڕوانی پرسیار و وەڵامەکەش نەبووبێت، پرسیارەکەش ئەمەیە: ئاخۆ خۆنمایشکردن بەدەمانچەیەکی ئاڵتونییەوە، بۆ ئەم سمێڵ بۆیاخکراوە چی بگەیەنێت؟ وەڵامەکەش ئەوەیە کە ئەمە نیشانەی بچوکی و خۆ بە کەمزانینە کە لە ناو ناخی ئەم مرۆڤە تێکشکاوەوە هەڵدەقوڵێت، چونکە ئەوەی کە مەحمود سەناگاوی گەیاندووە بەم پایە و پۆستە، دەزانێت کەسایەتییەکەی لە ئاستی ئەو عەقڵەدا نییە، بۆیە خۆشی بڕواناکات و وەکو خەو دەیبینێت، بۆ ئیستا خۆ نمایش دەکات، دەزانێت بە خوێن و پیاوکوشتن بێی گەیشتووە، ئیستاش بەو دەمانچەیەوە دەیەوێت مێژووەیەکی ساختە بۆ خۆی بنووسێتەوە، بەو دەمانچەوە خۆ پێوە بادەدات، ئەو دەمانچەیە ئەو مانایەش دەدات، کەوا پێمان دەڵێت ئێوە موچەتان نییە، پارەتان لە گیرفاندا نییە، لێ پارە و رابواردن  و هەموو شتێک لە من زیادە، بۆیە ئەم دەمانچە ئاڵتونییە دەکڕم. ئێوەی پێشمەرگەش کە پارەتان لە گیرفانا نییە ئێمە دەتاننێرین بۆ کوشتن، کاتێک فیشەکتان لێدەبڕێت، ئێمەش بەو پارە زۆرەی لەبەر دەستماندایە  دەمانچە و فیشەکی ئاڵتونینی پێدەکڕین.
ئەو وێنەیە ئەوەش دەڵێت، کە ئەم بیچمە ناشرینە، بە بۆیاخی سەرو سمێڵ، شاڵی هەورامان دەمانچەی ئاڵتونی و ژوورێک پڕ لە کۆمەڵێک کەرەستە و کەلوپەلی گرنابەها کە بە چاویلکەیەک تێیان دەڕوانێت و خۆی پێوە بادەدات.
 ئیلهامی ئەم وەستان و ڕاگرتنی دەمانچەیە بەم شێوەیە تەنها لاسایی کردنەوەی یەکێکە لە کاوبۆی و چەتەکانی ناو فیلمەکانی هۆڵیود.
 من گومانم نییە کە مەحمود سەنگاوی دەیەوێت هەمان وێنەی بۆ بکەنە پەیکەر و لە شەقامێکی سەنگاو بۆی دابنێن و بلێن هەر لە شەڕدا ئازا نەبوە بەڵکو دەمانچەی ئاڵتونیشی پێبوە، ئاڵتونەکە خۆی لەکانەکان کۆی کردۆتەوە و کردوێتی بەم چەکە، کە بۆڕی کاوبۆیەکانی داوەتەوە.
 مرۆڤ کاتێک هیوای درۆینە دەخوازێت بەوەی وەک قارەمانێک وێنەبکرێت، مەرگی خۆی ڕادەگەیەنێت.
 من هیچ جیاوازیەک لەمابەینی ئەم وێنەیە و وێنەی سیروان مامز و کوڕەکانی مەسعود بارزانی و هەموو ئەو جەنەڕاڵە سەرتاپا خۆیان لەقایش و قروش بەستوە نابینم، چونکە هاموویان کۆکن لەسەر ئەوەی وێنەی خۆیان لە چەشنی پاڵەوانی ڕووداوەکاندا نمایش کەن و پێمان بفرۆشنەوە، کە ئێمە هیچمان لەباردا نی یە و ئەوانن بەرگری لە ژیان و بونمان دەکەن.
کاتێک کە قەومانە دێت دەمانچە ئاڵتونی و تفەنگە قەناس و دەرعو قاتە شاڵەکانیش بیخاوەن دەبن و جێدەهێڵرێن، چونکە ئەوان هیچ بەو شتانەوە ماندوونەبوون و لە نیشتمانی ئێمەدا هیچ شتێک بەهای نییە، چونکە دەست مرۆڤە بێبەهاکان کەوتوە لەخۆڕا.
 ئێمە لەسەر دەمێکدا دەژین کە ڕۆژانە وێنە باران دەکرێین جا لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتێکانەوە بێت یان مێدیاکانەوە، وێنەکان زۆرن، کورد ووتەنی: "زۆرو بۆر" لەناویاندا وێنەی خەڵکانی پوچ سەرکردەی قەبیح قەشە و مەلای ساختەچی، بەرپرسی سەربازی ترسنۆک، جەنەڕاڵی شەرواڵ پیس، مرۆڤی سیخوڕ، درۆزن، فایلدار، ماستاو چی، زۆرجاران مرۆڤ ئاوات بەکوێرێک دەخوازێت، لایەنی کەم کوێرێک ئەم هەموو وێنە دزێوانە نابینێت، ئاوات بەکەڕێک دەخوازێت لایەنی کەم هەواڵی ئەم ئاژەڵە دووپێیانە نابیستێت، ئاوات بەشێتێک دەخوازێت لایەنی کەم تێناگات کە چی دەگوزەرێت لەهەناوی ئەم وێنانەدا ئەم دەنگە دزێوانەدا.
ئیتر کەس بە مەحمود نەڵێت : "ئەم دەمانچەیەت لەکوێ پەیدا کردوە"؟ چونکە ماڵەکەی پڕە لە تفەنگی گران بەها، کەچی کە قەومان دێت، تفەنگەکان لنگیان وەک خاوەنەکانیان دەکەن بەناوگەڵیاندا.
بەڕاستی من لەجێگەی مەحود سەنگاوی نمونەکانیان تەریق دەبمەوە، گەلێک هەرەسی ئابوری لە لوتکەدا بێت بەڵام سەرانی بە چەکی ئاڵتونینەوە خۆیان نمایش دەکەن.بەڕاستی نازانم ئەمانە چۆن و کێ کردبوونی بە"کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان"؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە