قاسملوو لە سەرووی ئەفسانەیەکدا (بەشی پێنج)

Sunday, 29/10/2017, 17:49

12093 بینراوە


قاسملوو نە بۆ خۆی دێمۆکڕات بوو،نە بیری لە پەروەردەکردنی مرۆڤی دێمۆکڕات دەکردوە.

قاسملوو و شۆڕشی فەرهەنگی:
تەواوی شۆڕشگێڕانی مەزنی دونیا کە بوونە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕەکان پەیامی خۆیان بە شۆڕشی فەرهەنگی دەستپێکردوە. لەو ڕیگوزەرەدا هەوێنی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگایی وسیاسی وئابووریان مسۆگەر کردوە. کەسانی وەک: مارکس،مهاتماگاندی، نێلسۆن ماندێلا، لنین،مائۆ، ئابڕاهیم لینکۆڵن،چێگوارا، ئۆجەلان و... ئەگەر ئامانجی جیاوازیان لە نەزەرداهەبووە،بەڵام لە ڕێبازی شۆڕشگێڕیدا خاڵی هاوبەشیان هەبووە. ئەو کەسانە فەرهەنگ وبەهاکانی رابوردوو کە کۆمەڵگایان بە رەو دەمارگریژی ودوگماتیزم وپووکیی هزروڕامان بردبوو، بە چەشنی ڕامان وئەندیشەی نوێ، توانیان بیبەنە ژێر پرسیار وڕیبازێکی نوێ بۆ داهاتووان.
هیچ مرۆڤێک ناتوانێ شۆڕشێک بگەیەنێتە ئامانج، مەگەر بۆ خۆی خاوەنی هزری شۆڕشگێڕی نەبێ. ڕێکاری سەرەکی ئاڵۆگۆڕەکانی بنەڕەتی فەرهەنگی لە کۆمەڵگادا ئەو ئەرکە لە سەرووی بە دەستەوەگرتنی هێزی سیاسی یان ئازادی خاکێکە. بەواتایەکی دیکە رزگاریی فکری وفەرهەنگی پێش رزگارییە لە چەنگ دەسەڵاتی سەرکوتکار ودیکتاتۆڕە. پێویستە لە چوارچێوەی رزیوی فەرهەنگی رابوردووپەڕشو بڵاو، بونیادی فکری وفەرهەنگی نوێ بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤی نوێ بۆ دروستکردنی دونیایەکی نوێ ومرۆڤایەتی داڕێژڕابێ بۆیە دەلێن: تا مێشکەکان نەجووڵێن هیچ شتێک ناجووڵێن. بە دەرلەو حاڵەتە خەڵک شۆڕشی کردوە لە سەر ئەساسی فۆڕمی خۆی کە هەمان سیستمی سیاسی وفەرهەنگی وئابوری وکۆمەڵایەتی پێشوودووبارە بونیاد دەکاتەوە.!
لە جیاتی ئاڵوگۆڕەکانی سیستم،تەنیا دەمووچاوەکان ئاڵوگٶڕێان بە سەر هاتووە. ئەو نەتەوانەی کە بە بێ شۆڕشی فەرهەنگی شۆڕشەکان، کۆدتاکان، ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانیان ئەزموون کردوە لە جێگای ئاسایش وئازادی وبەرابەری وپێشکەوتن کەوتوونەتە ناو زلکاوی نەزانی وتاریکی وپاشکەوتوویی وتێیدا خنکاون. زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕآست لە سەدەی رابوردوودا تووشی وەها چآرەنووسێک هاتون! رووداوی کۆمێدی تڕاژیدیکی بەهاری عەڕەبیمان کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد، لە ناو منداڵدانی خۆیدا، ئەحڕاولشآم،بەرەی نوسرەو داعشی لێ لە دایک بوو! بۆیە لە خێری ئازادی وبەرابەری ودادی کۆمەڵایەتی بێ بەش کران ولە حاڵی حازرداچآوەڕوانی پاییزی ئەو بەهارە ناپیرۆزەن!
دەسەڵاتی ئاغاوەتی وعەشیرەگەریی پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق لە ژێڕ ناوی حکومەتی خۆماڵی لە باشوری کوردستان نموونەی ئەزمووونێکی تاڵە بۆ نەتەوەی کورد،دەوڵەتی دیکتاتۆڕی سەددام ئیدی دەسەڵاتی لە باشوری کوردستاندا نییە وکورد خاوەنی دەسەڵاتی خۆیەتی. بەڵام ئەو دەسەڵاتەکوردیە لە سەرڕێکاری تاڵانی ژێڕخانی ئابووری کوردستان دامەزراوە. گەندەڵی ماڵی، گەندەڵی بەڕێوەبەریی، جوداخوازی، دابەشبوونی چینایەتی ، ترۆڕی دەوڵەتی رۆژنامە نووسانی جودابیر، کوشتاری ژنان لە سەر بنە مای ناموس، سەرکوتی ئازادیخوازان وپەرەپێدان وتەشەنەی دواکەوتوویی و...دەستی دیکاتۆڕەکانی ناوچەیی لە پشتەوەڕآ بەستووە ولەوان پیسترە.
پەرەپێدانی بەرابەری ژن وپیاو هیچکات لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕاندا پێگەی نەبووە. کاتێك ریزبەندیی ئەندامانی کومیتە ناوەندی ودەفتەری سیاسی لە ژێڕ ڕێبەرایەتی قاسملوودا چآو لێدەکەین بە وردبینیش بگەڕێین زۆر کەم ناوی ژن دێتە بەرچآو!ئەو میراتە ئێستیش لە هەر جووت لەدا دەبینرێ!لە ناوەوەشدا پیاوسالارییەکی ئاشکرا ورووت وقوت دەسەڵاتی هەیە. ئەو حیزبە لە بواری مەودای چینایەتیشدالە کوردستان نە تەنیا خاوەنی پڕۆژەی فەرهەنگی نوێ نییە، بەڵكوم لە ڕێبەندانی ١٩٧٨ز بە کردوە لە کێشەی نێوان گووندیەکان وموڵکداران کە چەپەکان لایەنگریان لێدەکردن،حیزبی دێمۆکڕات بە هێزی چەکداری بە قازانجی موڵكدارەکان کردەوەی نیشآندا!
هەر ئەوڕۆش زۆربەی خاوەن موڵکدارەکان، بنەماڵەی دەوڵەمەندەکان وچێن وتوێژی دەسترۆیشتووی کوردستان لایەنگری دێمۆکڕآتەکانن. شیکردنەوەی دەیەی هەشتای زایینیداکۆمەڵە وەکو کارە تێۆریەکانی دیکەی، لە ئاست بورژوازی بونی حیزبی دێمۆکڕات، زۆر کرچ وکاڵ ولاواز بوو. چون بورژوازی میللی تایبەتمەندی شۆڕشگێڕی تێدایە، گووندەکان ئازاد بکەن،ژنان لە کارتێکەریی بنەماڵەیی رزگار بکەن، فەرهەنگی ئاغاوەتی وموڵكداری دەخاتە ژێرپرسیار.بورژوازی میللی لە کوردستان هەلی خۆ نیشاندان وپەرەسەندنی پێ نەدراوە تا بۆ خۆی شکڵ بگرێ. هەر چەند چواربەشی کوردستان لە ڕێگای دەوڵەتەکانی دواکەوتووی ناوچە داگیرکراوە ، بۆیە کوردستان لە پێگەی خوارووی داگیرکاری هەڵكەوتووە.
حیزبی دێمۆکڕآتی کوردستان لە نیگای چینایەتی، نوێنەری چینی باڵادەستی کۆمەڵگائە! ( بورژوازی بچووک ومام ناوەندی بۆ سەروو،بورژوازی بێ لایەن) ئەو چین وتوێژە هیچ وێچوونێکی دەگەڵ بورژوازیی کلاسیکدا نییە.تایبەتە بە کوردستان وخەڵكی ژێر ستمی جیهانی سێهەم کە وەک دەڵاڵی سەرمایە یان دەڵاڵەکانی سەرمایە کە هۆی وڕێخستنی بەرهەمەکانی دەوڵەت نەتەوەی باڵا دەستی ناوەندین لە بازاڕەکانی کوردستان . لەوێڕاهەناردەکردنی پێویستتیەکانی ژێڕخانی ئابوری، ئاژەڵداری،کشتوکاڵ بۆ پیشەسازی ناوەندیی شآرەکان تێدەکۆشن. چوارچێوەی جموجۆڵی ئەوان تەنیا کەرەستەی ماددی نییە. بەڵكوم فکرودونیابینی، مامڵەی سیاسی، دەگەڵ دەوڵەت نەتەوەی حاکمیش دەگرێتەوە. بەرژەوەندی ئەو چین وتوێژانە بە رزگاری میللی دەکەوێتە ژێڕ مەترسی، بۆیە میللی گەرایی ئەوان بەربڵاووسەرپۆشێکی تەسکی هەیە!
ئامانجی ناسیونالیزمی ئەوان هاوبەشە دەگەڵ ئامانجی نەتەوە دەوڵەتی باڵادەست کە بە قازانج وەرگرتنە لە سەر سەرووتوسامانی کوردستان! حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕان لە دیدگای سیاسیەوە نوێنەری هزری راستی سوننەتیە باڵا دەستبونی جۆرێکە لە فەرهەنگی ئاغاوەتی ودەرەبەگایەتی لە شکڵ وقالبی مۆدڕێن کە لە تایبەتمەندیەکانی ئەو حیزبەیە! بۆئەوەی نەکەوێتە بەر زلکاوی دوگماتیزمی چینایەتی مارکسیستی کلاسیک پێویستە لە بیرمان بێ کە چینی باڵادەست لە کوردستان هیچکات نەیتوانیوە حیزبی دێمۆکڕات بکاتە دەستەمۆی خۆی. بە تایبەت لەوسەردەمانەی کە چینی خوارووی کۆمەڵگاورووناکبیر وچینی مام ناوەندی توانیان دەسەڵاتی خۆیان بە سەر ئەو حیزبەدا بسەپێنن.
لە سەردەمی کۆمەڵەی / ژ،کاف / وکومیتەی شۆڕشگێڕی ئەو حیزبەدا لە ساڵەکانی ١٩٦٥تا١٩٦٧. هەروەهالە ساڵی ١٩٨٠ز تائەوڕۆ کە رادیوی ئەو حیزبە / دەنگی کوردستان / بە بڵاوبوونەوەی چەند ئایەتی قوڕعان دەست پێدەکا! لە حاڵیکدا نە تەنیا لە ریزی کومیتەناوەندی، بەڵكوم لە ناو کادرەکانیشدا کاتی بڵاو بوونەوەی قورعان دەنگی رادیوکە دەکوژێننەوە! ئەوەشمان لە بیر نەچێ ئەو حیزبە لە ئەساسنامەی خۆیدا دین ودەوڵەتی لە یەکتر جودا کردۆتەوە. مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئایاتی قورعان ئایا دان پێدادانە بە ڕێبازی شۆڕشی فەرهەنگی؟ یان کەڵک وەرگرتنە لە هەستی ئایینی خەڵک بۆ ڕاکێشآنی ئەو خەڵكە؟ بۆ لای خۆیان. یان سەرەراستکردنی رێگای وتووێژە دەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی سەردەست؟ لە وڵات.
" پێگەی پڵۆڕالیزم وجودابیری لە سیاسەتەکانی قاسملوودا"
ناوەند گەرایی سەردەست لە ناو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان جێگایەکی بۆ فرە رەهەندی وفرەدەنگی وجودابیری نە هێشتۆتەوە. لە دەیەی ساڵەکانی ١٩٦٠تا ١٩٨٠ ز ئەحمەد تۆفیق بە هاوکاری مەلا مستەفای بارزانی توانی ببێتە هێزی یەکەم، هۆی دەرکردنی ئەندامانی حیزب شەڕێکی خوێناوی لێ دروست بوو!کادرورێبەرایەتی وشیاروپێشکەوتووی وەک: ئەسعەد خودایاری، سەددیق ئەنجیری تڕۆرکران.! وتاقمێکی وەک قاسملووو کەریم حیسامی وچەند کەسێکی دیکە پەنایان بردە وڵاتانی ئورووپایی!کەسانێکیش بە ناچاری جودا بوونەوە وکومیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتیان پێکهێنا بۆ ئەوەی پێش بە کوشتارورادەستکردنەوەیان بە ئێڕان بگێرێ! ئەوتاقمە سەرهەڵداةێکی خێرایان دەستپێکرد ولە ماوەی ١٨ مانگدا زۆرترین کادروڕێبەرەکانیان بە دەستی / مەلامستەفای بارزانی / یانژی حکومەتی ئەو کاتی ئێڕان کوژران /١٩٨٦تا١٩٦٧/.(و: ئەوەیە بەشێکی دیکە لە ژیاننامەی بنەماڵەی بارزانی، سەرشۆڕی وگەمژەیی بۆ ئەو رووناکبیررشاعیرونووسەرەی کە هەواداری ئەو بنەماڵەیەیە)
قاسملوو لە ماوەی دە ساڵ دەسەڵاتی خۆی / ١٩٨٩ تا١٩٧٩ز / دەگەڵ هزروڕامانی پلۆڕالیزم وجودا بیری وتاقمێک لە حیزبەکان وکۆڕو کۆمەڵی سیاسیدا لە دژایەتیکردندا بووە! بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەوان بێتەوە دوو شێوەی یان دووجۆر سیاسەتی بە کار دێنا:
یەک: شآرلاتانیزمی سیاسی.
دوو: فەرزکردنی شەڕی براکوژی بە سەر حیزبەکانی دیکەدا.
شآرلاتانیزمی سیاسی: قاسملوو دەیخواست حیزبەکەی بێ رکابەرو تاقانە بێ. تەنیا ئەو بێ لە بواری سیاسیدا لە کوردستان فەرمان بدا. بۆیە رێکاری خراپ ودزێوی بەکار دێنا! بە کۆمەڵەی دەگووت: سازمانێکی ئاناڕشیستیە هەروەها بە کەیفی خۆی ئاناڕشیزمی لێک دەدایەوە وبە هەرچی پەرچی وبێسەرەبەریی پێناسەی دەکرد! لە حاڵێکدا بۆ خۆی ژیانی سیاسی لە ئورووپا تێپەڕآندبوو ودەیزانی ئاناڕشیزم یەکێکە لە پێشکەوتووترین رێکاری مرۆڤوانە کە پڕۆژەی دێمۆکڕآتیزەکردنی بە پێکهێنانی دامودەزگای خەڵکی وخۆ بەڕێوەبەری ناوچەیی وکەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت یان لە ناوبردنی دەوڵەتە.کە لە ناو بردنی دەوڵەتی دیکتاتۆڕی ونابەرابەری کۆماڵگایی بە ڕێبازی ئاناڕشیزم چارەسەر دەکرێ. هەروەها کۆمەڵە دەگەڵ رێبازی ئاناڕشیزم بیانی بوو( و: کە کۆمەڵە باسی ئاناڕشیزمی دەکرد خەڵک وایدەزانی باسی خرچەی وڵاتی سۆماڵی دەکا!).بەڵام شکڵ وناوەرۆکی دەستڕٶیشتووی حیزبی دێمۆکڕات زیاتر بێ سەرەوبەرەیی وهەرچی وپەرچییەتی پێوە دیار بوو!
بۆیە قاسملوو بۆ چووک کردنەوەی گرووپەکانی دیکە دەیگووت؛ تەواوی ئەندامانی ئەو گرووپانە بە قابڵەمە دۆڵـەمەیەک تێڕدەخۆن!یان بە مەلا شێخ عێززەدینی دەگووت کومونیست وجار جاریش دەیگووت ساواکییە!(و: ئەوە زمانی ئاخاوتن وزمانی کەسێکی سیاسی نییە کە لە هەندەران دەرسی خوێندبێ وچەند زمانی بیانیش بزانێ). قاسملوو نە بۆ خۆی دێمۆکڕات بوو نە بیری لە پەروەردەکردنی مرۆڤی دێمۆکڕات دەکردەوە!
" درێژەی بابەت"
سپاندنی شەڕی براکوژی بە سەر...
لە نووسینی: رێزدار نەوید دانشپوویان.
وەرگێڕآنەوە بۆ هەنگوین زمانی کوردی: جەعفەر کەریمی.
سندوقی : کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە