کەریم زەند و وەڵامێک بۆ ئاکام دەرگەزێنی!

Saturday, 04/11/2017, 21:42

8680 بینراوە


ناوزڕاندنی کەسایەتێیەکی مەزن دەبێت ڕەخنەوە و تێبینیەکان لەسەروی شکۆیی بەرزیی ئەتەکێتی ووژدانی پیشەکەتەوە بێت، بۆ ئەوەیی نیازپاکی پیشەکەت بپارێزیت، ئەگەر وویستت ڕەخنە یان سوکایەتی بەرامبەر کەسێکی ماندوونەناسی نیشتمان پەروەربی وەک شکۆمەند مامۆستا کەریم زەند بکەیت، دەبوایە (وویژدانی مەردبوون) دادوەریی ئەم نا ئاکام دەرگەزێنیە بوویایە، چ ناویی ڕاستەقینەیی خۆیی و وێنەیی خۆیی دابنایە و کەم تا زۆریش ڕاستیەکانی لە بێژەنگی جوامێرانەیی ویژدان بدایە.
دکتۆر لیی براوان، پرۆفیسۆریی دەروونناسی سیاسی لە پەڕتوکی ناکۆکی سیاسیدا دەڵێت؛ کۆمەڵگایی سەقەت پێش ئەوەیی سیاسیە سەقەتەکانیان دادگایی بکرێن، دەبێت نووسەرە سەقت و گێرەشەوێنەکانیان دادگایی بکرێن، چوونکە ڤایرۆسی دووبەرەکی، ناکۆکی و ناوزڕاندن بڵاودەکەنەوە.
زۆر سەیرە لەنێو ئەم کۆمەڵگا سەقەتەیی ئێمەدا مرۆڤ ئازادنەبێت چۆن بیربکاتەوە، دەبێت هەموو بەیەک ئاراستەوە و بە یەک بۆچونی ئایدەلۆژیی سەقەت بیربکەینەوە کە بەرامبەرەکەمان لێمان داوادەکەن، لە کوردستانی باشوریی داڕماودا، داڕماو لە جوانی، داڕماو لە هەڵوێستی لادان لە ئینتمایی نیشتمانی و ووڵاتپارێزیی، ئەگەر بەبایی شەماڵی ئەم لایەن و ئەو لایەن کاوێژنەکەیت یان ئەگەر لە دهۆک و هەولێر ژییات دەبێت وەک پارتی بوون بیربکەیتەوە، وەئەگەر لە سلێمانیش ژییات دەبێت وەک یەکێتیەک یان وەک گۆڕان بیر بکەیتەوە، ئەگەر وانەبێت تۆ مافی جێ بوونەوەت وەک هاوڵاتی نیە، مامۆستا کەریم زەند، پێش هەمووشتێك کوردبووە، کوردێک پڕاو پڕ لە جوانی، پڕا و پڕ لە سۆزیی باوکەیاتی و نیشتمان پەروەریی، مامۆستا تا دووا ساتەکانی ژیانی مووچەخۆری هیچ لایەنێک و کەسێک نەبووە، هیچ زەوی و خانوویەکی پێنەدراوە، پاش ٧٠ ساڵ کوردایەتی و ئاوەرەیی و بەندبوونی سیاسی لەسایەیی ئەم ووڵات فرۆشیەدا کە خوێنی هەزاران کوردیان کرد بە باروتی ووڵاتێکی سوتماک و ڕەشپۆش.
مامۆستا کەریم زەند و زەندبوون.
ئێمە وەک ووتەیی باب و باپیرمان کە ووتەکانیان میراتەوە و پشتاو پشت بۆمان ماوەتە، دەڵێن؛ پاش تێکشکاندنی دەسەڵاتی زەندەکان لە لایەن قاجارەکانەوە ١٧٩٤ زەندەکان ئاوارە دەبنوو هەندێکیان ڕوو لە ناوچەیی زەندئاباد دەکەن و ئەو ناوچەیە ئاوەداندەکەنەوە، نزیک کوڵەجۆیی کفری و کەلار، پاش گەورە بوونی خێزانەکانی زەند و ئاوارەبوونی زەندەکان زیاتر هەندێکیان ڕوو لە شاری کەرکوک و بەشێکی تریشیان ڕوو لە شارباژێڕ دەکەن و لە گوندی چنگی ئەوکات، کە ئێستا پێدەوترێت چنگیان لەنگەر دەگرن و دبێتە زێدیی نوێی زەندەکان، لەوێشەوە بۆ شارە نوێیەکەیی سلێمانی، بە ووتەی ئەمین ئاخایی باپیرە گەورەمان کە ئەو لە چنگیان لە دایکبووە و دەڵێت؛ باپیرەگەورە م لوڕە و باوکم بە ئاوارەیی هاتۆتە کوڵەجۆیی کوردستانی باشوور و پاشان هاتووین بۆ چنگیان، ئەمە بۆ ئێمەیی زەندەکان سەربەرزیە کە نەوەیی هەر میراتگیریەک بین، گرنگ ئەوەیە ڕابووردویەکی پڕ لە بەرخودان و ئینتمایی ووڵاتپارێزیی کوردبوونمان هەیە، سەرمان بەرزە لە ناو کوردا کە زەندەکان یەک خۆفرۆش و داوێن پیسمان تیادا نیە، بۆیە ئێمەیی زەندەکان خۆمان بە نەوەیی مامۆستایی گەشمردە مامامۆستا کەریم زەند دەزانین و سەریشامان بەرزە کە ئەو سەردار و مامۆستایی فێرگەیی کوردایەتمان بووە.
١٠/١٠/٢٠١٧ کاتژمێر ١٠ی بەیانی مامۆستا کەریم زەند ماڵئاوایی لێکردین و بۆ هەتا هەتایە بە جەستە جێیهێشتین، بەڵام بە بیردۆزە شۆڕشگێریەکەیی بۆ هەمیشە لەناوماندا دەژیی، ژیانێک بە هیچ ئاسەوارێک و ڕەخنەیی نەزۆکێک ناسڕێتەوە و بەڵکو گەورەتر و گەورەترییکرد، پاش بەڕێکردنی تەرمی پیرۆزیی کە بەرە و دووا گڵکۆیی ئارامی گردی سەیوانی سێ بەڕێکرا، ماڵی مامە کەریمم لە گەڕەکی مەڵکەندیی لەسەر شەقامی گۆران یان جادەیی ئۆرزدی پێدەوترێت، یەکێکە لە شەقامە قەڵباڵەخەکانی شار بە هۆیی بوونی کلنیکی دکتۆرێکی زۆرەوە لە محاڵ محاڵترە دەرچوون لەو شەقامەدا بە ئاسانی، جەستەیی پاکی مامۆستا زەند بە ئومبوڵاس لەوێوە برا بۆ گردیی سەیوان، ئومبوڵانسەکە دەستیکرد بە لورە و جێگایی بۆکرایەوە و بەئاسانی دەرچوو، بەڵام زۆربەیی ئێمە کەوتینە قەڵبالخیەوە و زۆرمان پێچوو تا دەربازبووین، کە گەیشتینە دووا ئارامگایی مامۆستایی هەمیشە خۆشەویستمان بە خاکیش سپێدرابوو تەنها فریایی ئەوە کەوتین چنگێک خۆڵ بکەین بەسەر گڵکۆیی گەشمردە مامۆستادا و کەسانێکی زۆرتریش نەیان زانیبوو گردی سەیوانی سێ لە کویە و هەندێکیش هەربۆیان نەدۆزابووە و دووایی هاتنە ماڵ، ئەوەی کە بۆ ئێمە زۆرگرنگ و جێگایی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەیی خەڵکی خۆشەویستی مامۆستا بکەین، ئەویش ئەوەیە کە بە هەزاران خەڵکی خۆشەویست بۆ دوو ڕۆژ هاتوونەتە پرسەیی مزگەوت و یان هاتوونەتە ماڵ، بە هەزاران تەلەفۆن، کۆمێنتی فەیس بووک، نامە، ئیمێڵ و شیعر لەسەر مامۆستایی خۆشەویستی کۆمەڵگایی کوردپەروەر هاتوونەتە گۆ، هەرچی تەلەڤیزۆنی ئەم ووڵاتە بە تایبەتی هی شاریی سلێمانی ڕۆماڵی پەخشەکانیان لەسەر مامۆستا کەریم زەند بووە، ئەوان خەمی ئێمەیان ڕەوانەوە، دوو ڕۆژیی پرسەکەیی لە مزگەوتی پێشەوا قازیی نەمردا لەبەر قەڵبالەخی چەندین جار خەڵك بە پێوە دەوەستان، کە ئێمە وەک خانەوادەیی زەند خۆمان بەقەرزارباریی خەڵکی بەشەرەفی سلێمانی دەزانین و بە تایبەتی بۆ ئەوکەسانەیی لە دوورەوە هاتبوون، ئەیی کاکی کۆلکە نانووسەر تۆ دیارە نابینابوویت لە بەردەم ئەو هەموو ڕاستیەدا، کە ڕاستی بنەمایی ئەخلاق و ئەتەکێتی هونەریی پیشەییە.
نووسەری بابەتەکە، چەند ووتەیەکی هەڵبەسراووی هۆنیوەتەوە بە ئارەزوویی خۆی یاری بە شکۆی کەسایەتیەکی گەلێکی بەشخوراو دەکات، گەلێک ئەگەر تەباو یەکڕیز بوایە ڕەنگبوایە ئەم پاشخان و سەرگەردانیەیی بەم شیوەیە بە بەرۆکدا نەدەدووردرا، گەلێک چەندین ساڵان لە کێشمە کێشی دۆزیی ناڕەوایی بەشخوراویدا گنگل دەخوات و هێشتا هەر نامۆیە بە کێشەکانی چوونکە کەسی شیاو بۆ جێگایی شیاو شکنابات و دەبێت نووسەریی دەرباریی یەکێ لە سستمە نیپۆتیزمەکانی ئەم گەندەڵکارە بیت تا بۆ ئەوەیی بنووسیت و بژێویی ژیانی خۆت دەستەبەر بکەیت، کام نووسەری مشەخۆرنیە یان مووچەیی بندیواریی نەبێت، نووسەر لە دەستپێکی بابەتەکەیدا هاتوە بەناویی مامۆستاوە چەندین ووشەیی بێمانای ڕیزبەند کردووە و وەک ... دەڕشیتەوە بە تەشتی بەرماوەیی نان خواردنیدا، کە ئەو ووتانە دوورن لە ڕاستیەوە، تەنها ناوهێنانی مامۆستا زەندی گەورە و  کوردپەروەر و خاوەن وەفا ئەوەندە بەسە کە هەرناوهێنانێکی مامۆستا خەڵک فرمێسک ئاهو ئەسرینی بۆ هەڵدەڕێژن، مامۆستا قوتابی قوتابخانەیی کوردایەتی بووە، خاوەن خەباتێکی بێوچانی ماندوونەناسی بووە، بۆ ئینتمایی ٧٠ ساڵ بەرخودانی سپڵە دەرنەچوو بەرامبەر وەفایەک بۆ پێشەوایی نەمر و لە گەڵ هاوڕێی هاوخەباتی خۆیی مستەفا بارزانی کە گەشتی ئاوارەبوونیان بەرەو سۆڤیەت دووایی ڕووخانی کۆماریی کوردستان لە مهاباد لە ساڵێ ١٩٤٦ دا هاتە ڕەو کە ئەمەش مافی خۆیەتی بەرگریی و بوێریی و ڕاستگۆیی خۆیی پێناسە پێبکات بۆ ئەو ڕۆژگارانەیی کە چ وەک ئەندام یان وەک پێشمەرگە داکۆکی کەری دۆزیی ڕەوایی خۆیبێت، نووسەر ئەگەر یەک تۆز شەهامەتی تیادا بویە دەبویە بە چاووی ئەو ڕۆژگارەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ژیان و خەباتی مامۆستا بکردایە، کە دووایی لەدەستدانی کۆماریی کوردستان لە مهاباد تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق لە گۆڕەپانی کوردستاندا مابوو، ئایە کەس دەتوانێت نکۆڵی بکات لە ڕۆژگاریی ڕابووردووی خۆیی، کە ئەندام یان پێشمەرگەبووبیت و خەرمانێک سەروەریی هەبێت، ئەگەر وابێت لە بەرخاتریی ئەم نووسەرە بێ دەبێت تەنها و تەنها بۆ حیزب و گەندەڵخۆر بنووسیت یان ئەوەتە پێنووسەکەت دانێتوو هیچ نەنووسیت چوونکە وەک ئەو بیرناکەیتەوە.
کلێتەکەیی پێشەوایی نەمر بۆ مامۆستایی هێژا کەریم زەند.
کەسێک ٧١ ساڵ هاوڕێی کلێتەیەک بووبێت ئەگەر یەک تۆز لۆژیکیانە بیربکەینەوە، هەموو جوانیەکان لەنێو خۆیدا بەرجەستەدەکات، نووسەر زۆر ئەنارشیزمیانە خوێندنەوەیی هەڵەیی بۆ کلێتەکەیی گەشمردە مامۆستا کەریم زەند نووسیوە، من دووجار ڤیدۆکەم سەیرکرد کە هیچ لەنگی و پێناسەیی هەلەیی تیادا بەدیناکرێت و چ مامۆستا و چرۆخانی کچی پێناسەکەیان وەک یەکە، ئەمە لە لایەک لایەنە مێژووەکەشی من لە ماڵی مامۆستا چەندین کەسایەتی ناوداریی کوردم بینیوە وەک مامۆستا هێمنی شاعیر، حوسێنی قزڵچی، کەریمی حسامی، هەژاریی شاعیر و چەندین کەسایەتیتر کە دەیانووت گێرەیی بە مامۆستا کەریم زەند دەبەین کە ئێمەش وەک ئەو خاوەنی دیاریەکی پێشەوایی نەمرنین وەک (کلێتەكە) نووسەر (ئاکام دەرگەزێنی) خۆیی شاهێدیی درۆ لە سەر خۆیدەدات و هیچ پاساوێک ناتوانێت درۆی گومڕابوونەکەیی هەڵبوەشێنێتەوە، چوونکە مێژوو ئەوەنیە کە نووسەرچۆن بیەوێت وایی بۆ بنووسرێتەوە، مێژوو ئەوەیە کە ڕۆژگار چۆن خۆی پێناسەدەکات و ڕاستیەکان بە وویستی من و تۆ نانووسرێت، مێژوو ئەوەیە ڕاستیەکان تۆمارکراوون و بە کەسانی مشەخۆر ناشەوێندرێن.
 مامۆستا کەریم زەند، دەمێکە وازیی لە کێشمە کێشی بەرەیی ململانانەی سیاسی ئەم حزب و لایەنانە هێناوە، ئەو گەڕیدە، جوگرافی ناس، مێژووناس و مامۆستایی خۆبەخشی بنبڕکردنی نەخوێندەواریی بووە لە کوردستاندا بۆیە ئێستا موڵکی هەموو تاکێکی کوردە، ئیتر چ پێویستی بە شاباش و دڵشکاندنی ئەم لایەن و ئەو لایەنانەبێت یان بۆچ لەسەر ئەو ڕووداوانە هیچ هەڵوێستەیەکی نەبووە، ئێمە هێندە ڕابووردوویەکی قێزەوەن و ناشرینمان هەیە بە هیچ جۆرێک شایەنی نەنوسینن یان هەڵوێستە لەسەرکردن نین، چوونکە ناکۆکیەکان هەر هەمووی دەچێتە خانەیی بەرژەوەندیی تاکە کەسی و شکاندنەوەی تاکڕەوی حیزبیەوە بۆیە باسنەکردنیان لە باسکردن زیاتر خزمەت بە دۆزیی کورد دەگەیەنێت.
مامۆستا کەریم زەند و بڵاوکراوەکانی.
مامۆستا کەریم زەند، خاوەنی زیاتر لە ١٦ پەڕتوکی بڵاوکراوە و ٦٠٠ ووتاری بە پێزیی لە سەر دۆزیی کوردنووسیوە و پەڕتوخانەیی کوردستانی پێدەوڵەمەند کردوە، کەم کۆڕ و سیمینار هەیە مامۆستا ووتار یان بەشداریی تیادا نەکردبێت ئەگەر لە هەر شوێنێک بووبێت چ خۆبەخش یان لەسەر ئەرکی گیرفانی خۆیی گەیاندۆتە ئەو شوێنە، مامۆستا ١٣ ساڵ وەک چاووگ و گەڕیدە بۆ ساخکردنەوەیی جوگرافەیی دزراوی کوردستان دێ بەدێ گەڕاوە و مێژوویی ڕاستەقینەو ڕەسەنی کوردبوونی لەژێر زەوی هێناوەتە سەر زەوی وە یەکەم خاوەنی زیندووکردنەوەیی تاپۆیی ڕەشی کوردستانە، ئەوە من نیم وادەنووسم ئەوە مێژووی مامۆستا کەریم زەندە کە گەواهیدیی ئەو ڕاستیەدەدەن، بۆیە کە مرۆڤ دەنوسێت نابێت بێویژدانبێت بەرامبەر ڕابوردووی کەسێک کە لێوا و لێو، پڕاو پڕ هەڵوێستەیی جوانی مرۆڤبوونی تیادایە، کەسێک هەموو ژیانی خۆی تەرخانبکات بۆ دۆزیی ڕەوایی بەشمەینەتی گەلەکەی، مامۆستا کەریم زەند قەت چاوەڕێی ئەوەیی نەکردوە ڕۆژێک لە ڕۆژان پاداشبکرێتەوە، تەنها هیوایی ئەوەبووە گەلەکەیی وەک گەلانی دنیا ئازاد بژی و دادپەروەری و شارستانی پێناسەیی سستەمی دەسەڵاتداریی بێت، بەڵام مخابن لە نێو کۆمەڵگایی دوواکەوتی وەک ئێمەدا کەچۆن ووڵات پڕبووە لە دەعاشی نووست و ئاوەهاش پڕن لە ئاکام دەرگەزێنی تێکدەر و گومڕا.
------------------------------------------
١- تەواویی نوسینەکەیی ئاکام دەرگەزێنی لەم لینکەدا دادەنێم.
٢- نامەیی دەسنووسی چەند کەسایەتیەکی ناوداریی کورد لەسەر بەرخودانی مامۆستا کەریم زەند (نووسینی فەریدون ئەمین) کە مامۆستا یەکەم شانەی حیزبی شیوعی ئێراق بووە لە گەڵ فەهدا، دووایی ئەندام بوونی لە گەڵ ژیانەوەی کورد هتد.
٣- پرسەنامەیی سەرۆکی عەشیرەتی زەند.
٤- ناویی تەواویی ئەو کتێبانەیی کە بڵاوکراونەتەوە و لەبەردەستن.
٥- ئەو دۆکۆمێنتانەیی کە بڵاو بوونەتەوە لەسەر گەشمردە مامۆستا کەریم زەند، خوێنەر دەتوانێت گوگڵی بکات.
تێبینی/ گلەییەک لە کوردستان پۆست، دەبێت کوردستان پۆست کوردستان پۆستی چەکوشەکە بێت، نەک لانەیی مرۆڤە گوومڕا، نەخۆش و تێکدەرەکان بێت، نووسینەکەیی ئاکام دەرگەزێنی، بمانەوێت و نەمانەوێت دەچیتە خانەیی دەنگی دووەمی کوردستان پۆستەوە کە ناهەقیەک بەرامبەر کەسێکی پڕ لە هەڵوێستی ئینتمایی نیشتمان پەروەریی کراوە کە هەموو جوانیەکانی پێناشرین کرد و چەکوشەکەشی پێ ژەنگاوییکرد.
--------------------------
تێبینی کوردستانپۆست: لەو نووسینەی ئاکام دەرگەزێنی  پشت بەستراوبوو بە  دەنگی تۆمارکراو و نووسینی کچەکەی کەریم زەند لەسەر گێڕانەوەی چیرۆکی کلێتەکەی مامۆستا کەریم زەند، ئاکام دەرگەزێنی سوکایەتی بە مامۆستا کەریم زەند نەکردووە، بەڵکو باسی لە هەڵویستی سیاسیی  کردووە بەرامبەر بە بنەماڵەی بارزانی کە مێژییان بە ئیستاوە هەمووی خیانەت و ناپاکیی بووە، هەر بۆیە ئێمەش ئەو نووسینەمان بڵاوکردۆتەوە وکە دووربووە لە سوکایەتیی و مەسەلەی شەخسی. کوردستانپۆست دەرگای واڵایە بۆ هەموو نووسەرێک کە لە خزمەت کورد و نیشتیمانکەیدا بنووسێت و خەمی هەڵگرتبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە