بۆ ئەوەی نەوەکانیشمان نەبنە کۆیلەی منداڵی سەرکردە و بەرپرسە خائینەکان

Sunday, 05/11/2017, 1:12

4920 بینراوە


کاتێک گەلێک لەسەر چارەنووسی خۆی دەبێتە تەماشاکەر و هیچ ناکات، ئیتر کەسانی تر دێن دەبنە دەمڕاست و بەدار و بەردیدا دەدەن.هەموو ئەو خەڵکانەش کە لە ڕابردوودا ماندوو بوون و تەمەنێکیان لەگەڵ ڕووداوەکاندا بەسەر بردوە و هیچیان پێنابێت بۆ ووتن، سەریان کزۆڵە دەکەن وەک پارچەیەک تەختەی کەشتیەکی کون‌تێبوو، لە ناچارییدا خۆیان دەدەنە دەست چارەنووسی شەپۆلەکان....! نەکەس دەپرسێت! نەکەس توانای بەدووا چوونی هەیە، بۆ ئەوەی ئەم دوومەڵە پیسانەی لەشی ئەو گەلە بتەقێنێت و دووری بخاتەوە، پرسیار بکات، کە چۆن ئەمانە هاتوونەتە پێشەوە؟ چۆن بوون بە بەرپرس و یاری بەچارەنوسی گەلێک دەکەن؟ 
 بەر لە هاتنی ئەمەریکییەکان و داگیرکردنی عێراق و هەرەسپێهێنانی بەعس، شەوێک لە کەنەکەوە میوان بووم، لەوێ ڕادیۆیەک هەبوو." بارزانی قالەی خەڵوز" گێڕایەوە کە جارێک خەریکی وێنە گرتن دەبن بۆ یەکێک لە کارە هونەرییەکانیان پێویستیان بە بەرگ و تفەنگ شتی وادەبێت دەچنە سکرتارێت و لە قەڵاچوالان یەکێک لە کوڕەکانی تاڵەبانی دەبینن دەڵێن هاتووین ئەم شتانە قەرز بکەین! نازانم کامیان دەبێت ؟"قوباد، یان باڤڵ" دەڵێ: بوەستە با بچم بە دایکم بڵێم، بارزان دەیووت پێم ووتوە پرسی دایکتی بۆ چییە ؟ خۆ ئێمە نەهاتووین بۆ "پنە و تیرۆک".
 لێرەدا ئەمە سوکایەتی نییە بەگەنجێک کە هەموو ژیانی لە ئەوروپا بەسەر بردبێت قسەیەکی وا بکات، ئەو مافی خۆیەتی، لێ ئەوەی کە مافی نییە، سیاسەتکردنە لە نیشتمانی ئێمەدا، کە بۆتە بازرگانیی و دوکاندانان، وەک میرات بۆ خێزان و نەوە دوای نەوە بە میرات دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ سیاسەتیش لە نیشتیمانی ئێمە وای لێهاتوە.
ئەگەر ئەو هۆکارە نەبێت، ئیتر دەبێت بپرسین ئاخر چۆن، کەی، بە چ ڕێگەیەک ئەم منداڵە وردکانە بوونەتە ئەندام و بەرپرس؟ 
لە کاتێکدا هەر چەکلێک لەوانە لە مەکتەب سیاسیەک سەرکردایەتییەک زیاتر ڕۆڵیان هەیە، هیچ بەرپرسێکی تر ناتوانێت لە حوزیاندا قسەیەک بکات، بۆیە لە هیچەوە بوون بەکەڵەگا بەسەر گەلێک، کە بە درێژایی مێژوو هەموو قوربانییەکی داو.
 ڕۆمانی "نرکەی چیاک" کە "یاسۆناری کاواباتا" نوسەرەکەیەتی و بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، ئەو وەرگێڕە نوسیوێتی، کە ئەم کتێبە لە سەر ئەرکی " لاهور شێخ جەنگی " چاپکراوە، لێرەوە بەشێکی دیکەی تراژیدیای کوردم خوێندەوە، زانیم بەتەواویی ئەو هەرێمەی ئێمە توشی داڕمانی ئەخلاقی بووە.ئاخر لاور شێخ جەنگی و ڕۆمان و ئەرکی بەچاپگەیاندنی، وەک قاپقاپ و حوشترە، ، چۆن ئەو وەرگێڕە ناموبارەکە رێگای بەخۆی دا، ئاوا سوکایەتی بەئەدەب و کتێب بکرێت، کە خۆشی دەگرێتەوە؟ باشە لاملهور جەنگی بەچی ئەرکی چاپکردنی گرتۆتە ئەستۆی خۆی، ؟ بەکامە داهاتی، ئەگەر پارەی دزی نەبێت شەپشەپێنی پێدەکەن؟ 
 لێرەوەیە کە ئەولاد و خزم و عەشرەتی بەرپرسە ناسیاسییەکان هەموو کایە و جومگە کۆمەڵایەتییەکانیان داگیرکردوە.جاران خەڵکانی وەک "عەلی بۆسکانی" ئەرک و تێچونی کتێبیان دەگرتە ئەستۆ، بەر لەوەی بریار بدەن ئەرکی وا بگرنە ئەستۆ، خۆیان کتێبەکەیان دەخوێندەوە، بەڵام داخۆ لاملهورێکی هەرزە ڕۆمانی "نرکەی چیاکە"ی خوێندۆتەوە؟ بە دڵنیاوە نا، ئەوان پێویستیان نییە هیچ بخوێنەوە، چونکە تەنها ئەوەیان دەوێت ناویان لەهەموو جێگەیەک بنووسرێت، تەنانەت لە ناو ئاودەستی مزگەوتەکانیش، بەڵام وریابن ئێستا کامێرای لێیە شتی وا نەنوسن، چونکە دەزگا ئازاکەی دژە تیرۆر چاویان لە هەموو کوچەو کۆڵان و ئاودەستخانەیەکە، بۆیە هەمیشە بەو بۆنەش حەیرانن و لە باوەشی داگیرکەراندا شەو بە رۆژدەکەنەوە.
 لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەم خێلە زیاتر دەرکەوتن، نەک هەر ئەمانە بەڵکو ئەولادەکانی مەسعود و کۆسرەت و خزم و خوێشی هەموو بەرپرسە فاسیدەکان وەک دوکاندار، کە هەموویان پیشەیان بۆتە سیاسەت و خەڵکانی دەست و پێ سپی و بێکار و بێبەرهەم و نەخوێندەوارن و گونیان بەسەر میللەتەکەماندا شۆڕکردۆتەوە و منەتی پێشمەرگە بوون و سیاسی زان و سیاسەتمەداریان لێدەرچووە، ئازایەتیمان بە مسقاڵ پێدەفرۆشنەوە.
کاتێک باس لە چاندنی نەمام دەکرێت، بەرپرسێک وەک بەرهەم ساڵح دێت و خاکەنازێک دەگرێت بەدەستەوە نەمام دەچێنێت.ئەو تەنیا وێنەیەکی پێویستە کە دوایی بڵاوبکرێتەوە!
ئەم بەرپرسە پیس و ترسنۆکانە پرسەکانیشیان قێزەون کردوە، لە پرسەکاندا کە دەر دەکەون ئەم سەرو ئەوسەری مزگەوتەکان دەبێتە حیمایەی ورگن و لەخەڵک مۆڕدەبنەوە.
چۆن ئەم پاشا گەردانییە ڕاگرین ؟
 لەساڵی ١٩٩١دا کاتێک سوپای عێراق لە کوێت تێکشکا و هێزە عێراقییەکان بەرەو بەسرە کشانەوە، ئەفسەرێک لە ناو تانکێکەوە تۆپێکی گرتە وێنە زەبەلاحەکەی سەدام و ئەو بتەی شکاند کە هەموو خەڵک لێی دەترسا و ڕاپەڕین دوای ئەو تۆپە دەستی پێکرد، وەک ئاگری ناو کا هەموو شارەکانی خواروی ئێراقی گرتەوە، کەچی کاتێک خیانەتێکی ئەم بەرپرسە کوردانە روودەدات و چەکدارانی کورد تێک دەشکێن و پاشەکشێ دەکەن، نە کەسێک گوللەیەک دەتەقێنێت بەڕووی بەرپرسێکی ترسنۆکدا، نە گوللەیەک بە وێنە بڵحەکەی تاڵەبانی و بارزانییەوە دەنێت، بەڵکو هەموو دەکوڕوزێنەوە و دەگرین، داوای موچە دەکەن.چ دەبەنگییە هیوات بەوە بێت کە ئەم دەسەڵاتە چاک دەبێت و بیردەکاتەوە ؟ 
 چارە لەدەرەوەی ئەم حیزب و پارتە کلاسیکی خۆفرۆشانەدایە کە کەرامەتی یەک بە یەکمانیان شکاندووە، شکۆمەندی کاتێک دەگەڕێتەوە بۆمان، کە ئەم دەسەڵاتە خۆفرۆش و گەلفرۆشە لەناو بچێت.مەلامستەفاو مەسعود و تاڵەبانی باک و باپیرانی ئێمەیان لە چاڵنا و ئێمەشیان بەرەو پیری نارد، ئێستا وا خەریکە ئەولادە حەرامزادەکانیان بە سەرخۆشیی بەرۆکی منداڵەکانمان دەگرن و ئەوان دەبنە نمایندەی منداڵەکانمان.دەبێت ئەم سیستەمە دروستکراوە ڕاگیرێت.ئایا نامەکەی شەهید باوکی لەیلاتان بیر نییە بۆ لەیلای ناردبوو، ئاوای نووسیبوو؟ 
"ئەرکمان ئەوەیە کە بەرگری بکەین و کار بکەین و بجەنگین لە پێناو داهاتووی تۆ و منداڵانی وەک تۆ.بۆ ئەوەی ئەو قسەیە دووبارە نەبێتەوە وەک چۆن ئێمە بە باوک و باپیرانمان ووت هیچیان بۆ نەکردین".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە