سیاسی زیرەک

Monday, 11.06.2017, 22:27

2564 بینراوە


سەدان ساڵە ئەوەی بە خوێن و خەبات بە دەستی دەهێنین ، بەهۆی سیاسەتی  نەزانەوە ، زۆر بە ئاسانی  لە دەستی دەدەین .  هۆکارەکەشی تەنها ئەوەیە ، ئەو کەسەی لە وڵاتی ئێمەدا سیاسەت دەکات ، لە هونەری سیاسەت نەگەیشتووە ، جا ئەو کەسە سەرۆک بێت ، یان سیاسییە ئەڵقە لە گویی کانی دەوروبەری سەرۆک بن .  پاشان ئەوەی  جێگای سەیروسەمەرەیە و هۆکاری هەرە گەورەی شکستەکانمانە ، کاتێک سەرۆکێکمان  بە مردن ، یان  بە هەرەس و نسکۆوە  بەجێماندەهێڵێت ، ڕاستەوخۆ نەوەیەکی لەسەر تەختی قۆرخکراوی باوکی دادەنیشێت و خۆیمان لێدەکاتەوە بە سیاسی و دەبێتەوە بە سەرۆکمان  و کوێرانە و سۆزەکی دوای دەکەوین ، تا سەرلەنوێ ڕووبەڕوی  شکستێکی گەورەترمان دەکاتەوە .  بێگومان  هۆکاری ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانە  ، چەند لە ئەستۆی سیاسییە  هەلپەرستەکاندایە ، ئەوا سەدان جار لە ئەستۆی ئەو میللەتەدایە ، کە بیر ناکاتەوە و بە مێژووی  خوێناوی  خۆیدا ناچێتەوە و جیاوازی لە نێوان سیاسی دڵسۆز و سیاسی پۆست و پارە  و ڕابەری بازرگاندا ناکات ،  کە بەردەوام  بوونەتە بــەڵای سەری کورد .  جا لێرەدا جێگای خۆیەتی تیشکێک بخەینە سەر سیفاتەکانی کەسانی سیاسی زانا ، کە خەمی گەل و نیشتمانەکەیان لە کۆڵ دەنێن  ، بەو هیوایەی سودێکی هەبێت و لە سیاسییە نەزان و ومشەخۆرەکانیش  دوورمانبخاتەوە ،  کە جگە لە کۆست و کەسەر و نسکۆ و ئاشبەتاڵ ،  هیچ شتێکی تریان لیێ چاوەڕوان ناکرێت .  
سیاسەت خۆی لە خۆیدا هونەرە ، سیاسەتی ڕاستودروست  بەرەو کەنارێکی ئاراممان دەبات  ،  هەڵەی سیاسیش کارەساتی گەورە و گرانی لیدەکەوێتەوە ، هەر بۆیە پێویستی بە بیری ورد و شارەزایی زۆر و کەسانی زیرەک و بلیمەتی خۆڕاگرە ، چونکە دنیای فراوانی سیاسەت ،  پڕە لە ململانێ و ناکۆکی بەربڵاو ،  بە پلەی یەکەمیش هونەری سیاسەت بە ندە بە شیکاری ورد و تاکتیکی زیرەکانەوە ، ئەمەش پێویستی بە ئەزمون و بەهرە و بیری تیژە ، تا  بە سەرکەوتوویی و بێ زیان   لەو کێشە و ناکۆکییانە بێینە دەرەوە  .  بێگومان کەسانی سیاسی ڕاستەقینەش  ، ئەو کەسە زیرەک و بلیمەتە خۆنەویستانەیە ، کە دوور لە بەرژەوەندی خۆیان ، دەبن بە دەمڕاستی میللەت و  بە هەموو شێوەیەک خزمەتی گەل و نیشتمانیان   دەکەن  و لە شکست و نسکۆ و کارەسات  دەمانپارێزن .  پێویستیشە  سیاسی هەڵکەوتوی زرنگ و سەنگین ،  هەڵگری ئەم سیفەتانە بێت : 
١ -  بەهرەدار و دیدەفراوان  بێت ،  تا بەهرەکەی یارمەتی بدات بە باشی لە ڕووداوە  سیاسییە  ئاڵۆزەکان بگات و بە زیرەکی و شارەزاییەوە خوێندنەوەیان  بۆ بکات ، بە بێ ئەوەی سۆزی تێکەڵ بە هەڵویست و بڕیارەکانی بێت . 
٢ -  خاوەنی ڕاستگۆییەکی تەواوبێت .  نابێت بە هیچجۆرێک شەرم لە دەربڕینی  بۆچوونە سیاسییە ئەرێنی و  نەرێنییەکانی خۆی  بکات ،  پێویستیشە  بە شێوەیەکی ئاشکرای سوکوئاسان  باری سەرنجی دەربخات ،  تا هەمووان بە باشی لیێ تێبگەن . 
٣ -  بایی نەبوون ،  یەکێکە لە سیفاتە گرنگەکانی سیاسی زیرەک ،  کارێک دەکات لای خەڵکی جێگای ڕیز و خۆشەویستی بێت و  بۆچوونەکانی بە هەند وەربگرن ،  بە پێجەوانەشەوە ، کەسانی لوتبەرزی  لە خۆ بایی ، ناتوانێ  لە ناو دڵودەروونی خەڵکی دا جێگا بۆ خۆی بکاتەوە و هەمیشەش لوتبەرزی ملی مرۆڤی شکاندووە . 
٤ -  نزیک بێت لە بیرکردنەوەی خەڵکی و ئاگاداری ژیانی ڕۆژانەو بارودۆخیان  بێت و لە هیچ چاکەیەک خۆی نەبویرێ ، تا بتوانێت زۆر بــە باشی گوزارشت لــە خواست و کێشە و داواکانیان بکات .
٥ -  هێمن و سنگفراوان بێت و دوور بێت لە هەڵچوون و توڕەبوون ، چونکە تووڕە بوون و هەڕەشە و  هەڵەشەیی دەبێتە دیوارێک لە نێوان خۆی و خەڵکی و رووداوە سیاسییەکاندا  و ڕاستەوخۆش بڕیارەکانی دەربارەی رووداوەکان  هەڵە و هەڵچوونی پێوە دیار دەبێێت .
٦ -  باوەڕی تەواوی بە خۆی هەبێت ، ئەمەش نیشانەی ڕاستگۆیی سیاسییە بەرامبەر بە خەڵکی .  بێگومان ئەو کەسەی باوەڕی بە خۆی نەبێت ، کەسێکی لاوازی ترسنۆکە و  ناتوانێ لە ڕووداوەکاندا باری سەرنجی خۆی بە ڕاستی دەرببڕێت و ناشتوانێت بە چاوێکی سیاسییانەوە  هەمـوو  لایەنێکی کـێشــە و ڕووداوەکـان  ببینێت . 
٧ -  پشودرێژ و خۆڕاگر بێت ، چونکە بیرۆکەی ڕاستودروست و دەربڕینی سیاسییانە ، کە خۆی باوەڕی پیێ یەتی ، پێویستییان بە خۆڕاگری و پشوودرێژی هەیە ،  تا خەڵکی باوەڕی پێبکات و بۆچوونەکانی پەسەند بکەن . 
٨ -  خاوەنی بیرۆکەی زۆر ورد و بەرنامەی درێژخایان بێت ، چونکە پیلانی پەلە و بیرکردنەوەی ڕاگوزاری  تەمەنیان کورتە و ناتوانن  ئامانجەکان بپێکن .  بەمەش ئەو سیاسییە ڕاستگۆیی خۆی لە دەستدەدات  و خەڵکی باوەڕیان پیێ نامێنێت ،  هەربۆیە سیاسی سەرکەوتوو ،  ئەو کەسەیە ، کە چەندین ساڵ کار لە داڕشتنی پیلانێکی تۆکمەی بێ کەموکورتیدا دەکات . 
٩ -  خاوەنی ورەیەکی بەرزبێت ، باوەڕی تەواوی بە ئامانجەکانی هەبێت ، سوربیت لەسەر جیبەجێکردنی بەرنامە سیاسییەکەی و توانای داهینان و تازەکردنەوەشی هەبیت .
١٠ -  بوێر و ئازا و نەبەز و خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزبێت ، بتوانێت بۆچوونەکانی ڕاستەوخۆ و بێ تەمومژ  دەرببڕێت . 
١١ -  لە بیرکردنەوەدا توندڕەو نەبێت ، توانای قبوڵکردنی ڕەخنە هەبێت و بەو پەڕی سنگفراوانییەوە ڕا جیاوازەکان  وەربگرێت و بە حاڵەتێکی  تەندروستی زۆر باشی بزانێت .
١٢ -  ئەزمون و شارەزایی لە ڕابەرایەتیدا هەبێت و  ئیداری بێت و بتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت و بە باشیش کاربکاتە سەر خەڵکی .
١٣ -  قسەکەرێکی چاک بێت ، خاوەنی زمانێکی پاراوی بێگرێوگۆڵ  بێت ،  توانای چاوپێکەوتنی هەبێت  و گوێگریێکی زۆر باشیش بێت . 
١٤ -  ڕێز لە کات بگرێت  ، باشیش بزانێت لە چ ئانوساتێکدا  پێویستە هەڵویست وەربگرێت و لە چ کاتێکیشدا پێویستە بکشێتەوە . 
١٥ -  توانای ڕازیکردنی خەڵکی هەبێت ، چاوبخاتە سەر ئەو کەس و لایەنانەی بیروباوەڕی ئەویان  بە دڵە  و بە گەرمی پێشوازیان لێبکات ، پاشان  پیویستە زۆر  بە وردی شارەزای هەموو بەندەکانی دەستور و ئەو یاسایانە بێت ، کە خزمەتی  ئامانجەکانی خۆی و دۆزی  وڵات و میللەتەکەی دەکەن . 

تێبینی : ئەو خاڵانەی سەرەوەم بە دەستکارییەکی کەمەوە ،  لە نووسینێکی ( عاتکە البورینی ) م وەرگرتووە ، کە بە ناونیشانی ( کیف تصبح سیاسی محنک ) ە و  لە نۆفەمبەری ٢٠١٥ دا لە سایتی ( موضوع ) دا بڵاوکراوەتەوە .