کاریگەریەکانى ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا

Wednesday, 08/11/2017, 23:46

2668 بینراوە


ئەبێت چاوەڕێى جەنگى نێوان ئەو دوو سەرباگەیەبین تابزانین، کام لایان باڵا دەستتر دەبێت لە ناوچەکەدا، چونکە گۆڕانکاریە نوێکانى ناوچەکە نیشانەى جەنگێکى گەورەترى لە هەناوى خۆیدا هەڵگرتووە.
------------------
ئەگەر پاش ڕوخانى یەکێتى سۆڤیەت و هەڵوەشانەوەى بلۆکى ئیشتراکى ، ووڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا خۆى بە شوان و تاکە زلهێز و بێ ڕکەبەر دەزانى لە جیهاندا ، بەڵام ڕوداوە دروستکراو و خێرا و جۆراو جۆرەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەمریکا وهەموو هاو پەیمانەکانیشى ناتوانن ئەوەى ئەوان دەیانەوێت بە ئاسانى بۆیان بچێتەسەر، چونکە ئەمڕۆ هێزێکیتر هەیە لە ناوچەکەدا بەتەنها لە بەرامبەر سیاسەتەکانى ئەودا وەستاوەتەوە ، کە ئویش وڵاتى ئێرانە.
ئەگەر هەردوو وڵاتى عێراق و ئێران بە نمونە وەر بگرین کە هەردو وڵات بەهۆى ڕژێمە دکتاتۆریەکەیانەوە جۆرێک لە دابڕانیان لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگەى نێودەوڵتیدا دروستکردبو، هەرچەندە هەردوو ڕژێمەکەش لەلایەن گەلانى خۆیانەوە ڕژێمێکى مەقبوڵ نەبون، بەڵام کاتێک هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى دروستکرا لە دژیان ، رژێمى عێراق توانى تەنها بیستو یەک ڕۆژ بەرگرى لە بون و مانەوەى خۆى بکات ، بەڵام ڕژێمى سوریا ئەوە زیاتر لە شەش ساڵە بەرگرى لە خۆى دەکات، یان بەرگرى لێدەکرێت، ڕاستە ڕەوشى ئەوکاتى عێراق جیاوازە لە ئێستەى سوریا و هەروەها جۆرى جەنگى هاوپەیمانانیش جیاوازە، بەڵام جیاوازیە گەورەکە لەوێدایە ، ئەوەى یەکەمیان خواستى ڕوخانى ڕژێمەکە هامان خواستى وڵاتى ئێرانیش بووە، بەڵام ووڵاتى دووەم پێچەوانەى خواستى ئێران بووە! بۆیە چارەنوسى عێراق ئاوا بو ، و سوریاش ئاوایە.
وەنەبێت ئەم دەرەنجامە تەنها لە دژایەتى وڵاتە خاوەن سیادەکاندا ڕەنگى دابێتەوە، تەنانەت لە حیزب و ڕێکخراوەکانیشدا هەمان دەرەنجام خۆى نمایش دەکات، ئەگەر سەیرێکى کۆتایى هەرسێ ڕێکخراوى (قاعیدە و تاڵیبان و داعش) بکەین چونکە هەردو وڵات (ئەمریکا و ئێران ) هاوڕابون لەسەر لە ناوبردنیان ، ئەوا درەنگ یان زوو هەرسێ ڕێکخراوەکە بە جۆرێک لە نێو براون ، (من باسى ئەوەناکەم کە ئەو ڕێکخراوانە دروستکراوى کێ بون و دەستى کێیان لە پشت بوو) ، بەڵام بۆچى سێ ڕێکخراویتر (حیزب الله و حەماس و حوسیەکان) هەرچەند ئەمریکا و ئیسرائیلیش ویستى لەناو بردنیانیان هەبوو، چونکە ئەو خواستەیان پێچەوانەى خواستى ئێرانە تائێستەش ئەوەى ئێران ویستویەتى ئاوا گوزەراوە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەى هەر هیچ نەبێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەوە تەنها ئەمریکا نییە یارى بەکارتەکانى دەستى دەکات ، مەگەر لەکاتێکدا ئەو گەمەیە هاوتەریبى بەرژەوەندیەکانى ئێران بێت، بەدیوێکیتردا کارتەکانى ئێران گەر بەهێزتر نەبێت لەکارتەکانى ئەمریکا ئەوا لە کارتەکانى ئەو لاوازتر نییە.
ئیتر ئەو زەمەنە بەسەرچوو کە ئەوەى ئەمریکا بیەوێت هەر ئەوە دەبێت، بەڵکوو ئەوەى ئێرانیش بیەوێت دەبێت ئەوە ببێت.
ئەو ڕوداوانەى ئەم دواییەى (هەرێمى کوردستان و لوبنان و یەمەن)یش ئەو ڕاستیانەى سەرەوە زیاتردەسەلمێنن.
ئیتر ئەبێت چاوەڕێى جەنگى نێوان ئەو دوو سەرباگەیەبین تابزانین، کام لایان باڵا دەستتر دەبێت لە ناوچەکەدا، چونکە گۆڕانکاریە نوێکانى ناوچەکە نیشانەى جەنگێکى گەورەترى لە هەناوى خۆیدا هەڵگرتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە