مەسعود بارزانی زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی سڕکرد


روونکردنەوە و چەند گوتەیەکی پێویست بۆ زنجیرەی "لە سێبەری شاخ"

Friday, 11.10.2017, 19:10

7617 بینراوە


لە سەرەتادا گەلێک سوپاسی ستاف و بەریوەبەرانی "کوردستان پۆست" دەکەم بە تایبەتی سەرنووسەری کوردستانپۆست (کەمال جەمال موختار) کە بەبایەخ پێدانێکی زۆر هەوڵ و یارمەتییان دام بۆ ئەوەی بتوانم مێژووی ئەو رووداوە گرنگانە بە خوینەر و گەلەکەم بگەیەنم ، ئەگەر تەقەلا و کار ئاسانی کردنی "کوردستان پۆست" و ستافەکەی نەبوایە رەنگە من نەمتوانیبوایە ئەوە پرۆژەیە بەوشێوە کارێگەرە ئەنجام بدەم. هەروها سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو کەسانەی پەیوندییان کردوە و وێنە و زانیارییان ناردوە دەربارەی شەهیدەکان.
بێرەوەییەکانی من بەشێکن لە مێژووی نەتەوەکەم، کە خۆم بە خاوەنی نازانم، مێژوو کە دەنووسرێتەوە، دەبێتە پێناسەیەک بۆ پاشەڕۆژ کە ئەو میللەتە خۆی لەسەر خاکەکەی تۆکمە و پتەو دەکات، ئەو خاکە موڵکدارێتی پێدەدرێت. ئەوانەی کە مێژوو بە درۆ دەنووسنەوە، تەنیا یەک مانا دەدەن، ئەویش ئەوەیە، کە نە خۆیان بە ئەندامێکی ئەو گەلە دەزانن، نە مەبەستیشیانە ببنە وێنەیەکی راستەقینەی ئەو مێژووە، چونکە گومان دەوری کەسایەتییەکانیانی داوە، ئەو گومانەش لە خۆپەرستییدا نوقم و لە خیانەتدا درۆ دەگێڕنەوە، تا تارمایی خیانەتەکانیان لە ناو درۆدا هەڵبکێشن و سەری خۆیان لە ناو رووداوەکاندا دەربهێنن، بڵێن مێژوو بە بێ ئێمە نانوسرێتەوە، مێژوو ئێمەن و لە دوای نەمانی ئێمە ئەو گەلەش دەبێت بمرێت. لەمەدا ئەوەمان بۆ دەسەلمێندرێت کە مێژووی درۆ میللەت لەناو دەبات، نەک زیندوو رایدەگرێت. من لێرەدا هەوڵم داوە هێندەی لە نزیکەوە ئاگاداربووبێتم ئەوەی دیومە بە راستگۆیی بینووسمەوە.
"لە سێبەری شاخ"، پرۆژەیەکی رۆشنبیرییە، بابەتێکە پەیوەستە بە رووماڵەکردنی مێژوویی رووداوەکانی ساڵانی هەشتاکان لەسەر بنەمای ڕاستیی گوتن و هەڵسەنگاندنی رووداوەکان، ئەوەی شانازیی پێوەدەکەم ئەوەیە، کە بەبێ لایەنی و بە پێنووسی پێشمەرگەیەک کە وەک شایەد حاڵێک لە نزیک رووداوەکان ژیاوە و ئاگاداری گەلێک ووردەکاری ئەو رووداوانە بووە، دەرکی بە خیانەت و تاوان و هەڵەکان کردوە. من پێم وابێت بۆ یەکەم جارە مێژوویەک پێش لە چاپدانی لە ماڵپەرەێکدا بخرێتە بەرچاوی خوێنەر و پەنجە بخاتە سەر مەسەلە و خاڵە بڤەکانی کۆمەڵێک کەس، بەبێ سڵمینەوە لەوەی کە ئەمڕۆ ئەو کۆمەڵە کەسانە لە لوتکەی دەسەڵاتدان هەروەها بێ باکانە لە وەڵامدانەوە و رەخنەگرتن لێی، ئەو هەلەم پێداون ئەگەر سەرنج و رەخنەیەکیان هەبێت بێنە دەنگ. ئەوەی جێگای سەرنجیشە دیسان ئەوەیە، کە ئەوانە کە خۆیان خاوەنی دەسەڵات و گیرفانی پڕن، هاتوون مێژووەیەکی ساختەیان بۆ خۆیان نووسیوەتەوە و خۆیان تێدا کردووە بە پاڵەوانی رووداوەکان، هەر یەکە لە لای خۆیەوە خاتری ئەوەی دیکەی گرتووە، واتە ویستوویانە وا مێژووەکە بشێوێنن، کە بڵێن ئێمەی قارەمان و ئێمەی پاڵەوان خاوەنی ئەو مێژوویەن. ئەو مێژووەش وەکو مێژووی دەسەڵاتەکەیان لە دوای راپەڕین ئەوەی سەلماند، کە ئەمانە زۆربەیان نە لە ئاستیی سەرکردەدا بوون، نە وەکو کەسانی سەربازیی عەقڵی تاکتیک و بەڕێوەبردنیان پێنەبووە، هەموو شکستیی و پێشمەرگە و کورد بە کوشدان بووە.
ئەو پاشکۆیەش، بەشێکە لە مێژووی خۆم بەڵام روون کردنەوەی خاڵێکی تریشە کە هەندێک کەس و لایەن پروپاگەندەی ئەوە دەکەن گوایە "من هەلم بۆ نەرەخساوە پۆست وەربگرم" دەنا ئەم بیرەوەرییانەی من لە دایک نەدەبوون، یان وەکو ئەوەی کە دەسەڵاتدارەکان نووسیویانەتەوە، پڕ دەبوو لە فیشاڵ و بە شان و باڵی خۆهەڵدان، گوایە لە ئەنجامدا ئەمە بۆتە هۆکارێک بۆ نووسینەوەی ئەو رووداوانە! 
لێرەدا ئەوەی گرنگە، ئەوەیە بیڵێم و ددانی پێدا بنێم، کە من لە هەندەران بۆ ژیانی تایبەتی خۆم سەرکەوتوو بووم و توانیم خۆم پێبگەیەنم چی لە ڕووی ماددی و کار کردن و چی لە ڕووی خوێندن و بەدەستهێنانی "بڕوانامەی ماجستێر" بە هەوڵ و ئارەقەی نێوچەوان و ماندووبوونی خۆم کە پێویستم بەوە نەبێ چاوم لە دزینی سامانی گشتی میللەتەکەم بێت وەک هەندێک کەس کە سەرکەوتوو نەبوون و چوونەتەوە نێو باوەشی دەسەڵات و بوونە دارودەست و بەشێک لەو سیستەمەی کە گەندڵیی تێدا لە دایکبووە. بۆ وەڵامی هەندێک لەو کەسانە، بۆ ئەم پاشکۆیە، ئەوەی خوارەوە دەنووسم:
• لە ساڵی ١٩٩٧ دا بە نووسراوێکی فەرمیی " لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستم لە کارکردن کێشایەوە" ئەو نووسراوەم بۆ "قادری حاجی عەلی" نارد، کە ئەو کات لێپرسراوی رێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات بوو، چەند جارێک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا کردم تا پەشیمان ببمەوە، بەڵام من لەسەر هەڵوێستەکەم سوور بووم.
• چەند جارێک داوام لێکراوە لەلایەن دەستڕۆیشتووەکانی نێو "یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان" بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە و پۆست وەربگرم، بەڵام من هەموویانم رەتکردۆتەوە، لەوانە:
1. لە شاری سلێمانی کۆسرەت ڕەسوڵ، بە ئامادە بوونی "سەعدون فەیلی و ڕێبواری هاوسەرم" ساڵی ٢٠٠١ و ٢٠٠٧. داوای لێکردم کە بگەڕێمەوە و کاریان بۆ بکەم، بەڵام من پەیوەندییم نەکردەوە.
2. ساڵی ٢٠٠٢ "شاناز ئیبراهیم ئەحمەد" لەگەڵ جەلال تاڵەبانی هاتن بۆ ئوسترالیا، لە شاری سیدنی بە ئامادە بوونی "ڕێبوار"ی هاوسەرم و "دکتور لەتیف" هاوسەری ".شاناز" و یەک دوو برادەری تر "شاناز" لەو دانیشتنەدا جیای کردمەوە و داوای لێکردم کاری لەگەڵدا بەکەم و بزنز کارتێکی خۆشی دامێ کە ناو ژمارەی تەلەفۆنی خۆی لەسەر بوو. بەڵام من پەیوەندییم نەکردەوە.
3. "بزوتنەوەی گۆڕان" لە شاری هەولێر ساڵی ٢٠٠٨ بە ئیمەیل و پەیوەندیی تەلەفۆنیی پێیان ڕاگەیاندم بگەرێمەوە کوردستان بۆ ئەوەی خۆم بۆ "٢٠٠٩ی پەرلەمانی کوردستان" هەڵبژێرم و ئەو کەسەی کە تەلەفۆنی کرد ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە ناوی "کاردۆ مەحمەد "، بەڵام من نەمکرد.
4. لە ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە ئەندامی دیاری "بزوتنەوەی گۆڕان" ""سەفینی مەلا قەرە" و "کاردۆ مەحەمەد" بە شاهێدی "حەسەن خونچە" دووبارە پەیوەندییان پێوە کردمەوە بۆ ئەوەی ببم بە کاندید بۆ "پەرلەمانی عیراق"، بەڵام من پەیمانم نەدا گوتم "خۆم دێمەوە بارودۆخەکە دەبینم و هەڵدەسەگێنم ئینجا بڕیار دەدەم". کاتێک کە چووم بۆ "هەولێر" و بارودۆخی جۆری ئیدارەدانی بزوتنەوەکەم دیت لە "شاری هەولێر" بەبێ دەنگی خۆم کشاندەوە.
5. دواتر لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٠٩دا لە شاری سلێمانی لە گردی "زەرگەتە" لەگەڵ "نەوشێروان مستەفا ئەمین" دانیشتم بە ئامادە بوونی "ئازاد چالاک" و "عومەری سەید عەلی". "نەوشێروان مستەفا" داوای کرد کە کاریان بۆ بکەم لە نێو شاری "هەولێر". لەو دانیشتنەدا بەڵێنمدا کە کار بکەم بۆیان لەو دیدەوە کە ئەو کات هەڵوێستی "نەوشێروان مستەفا"م بەرز نرخاند کە ئەو هەنگاوەی هەڵهێناوە و پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی دروست کردوە و توانیویەتی هەموو دەنگە نارەزاکان لە قەوارەییەکی دیاری کراودا کۆبکاتەوە کە ئاماژەیەک بوو لای من کە "نەوشێروان" وازی لە "جەلالییەت" هێناوە و دژە ئاراستەی "خێزانی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی" کار دەکات و سوومەند بووە لە ئەزمونی دوور و درێژی شاخ و هەمان هەڵە و ئاراستەی جاران ناگرێتە بەر لە ئیدارەدانی پەیوەندییە دەرەکییەکان و ناوخۆییەکان. بەمجۆرە رازی بووم بەوەی ببم بە کاندیدیان بۆ "پەرلەمانی عیراق". 
لە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، مانگ و نیوێک پێش هەڵبژاردنەکان "ڕاپۆرتێکم" نووسی بۆ "نەوشێروان مستەفا" و پێم ڕاگەیاند کە لە شاری"هەولێر" لە دوو کورسی زیاتر ناهێنین وە "گۆڕان" جەماوەری زۆر نییە و ئەگەر هەر زانییارییەکی تر گەیشتبێت بە جەنابیان ئەوا لە ڕاستی بەدوورە. ئەو ڕاپۆرتەش بە ئامادەبوونی "ئازاد چالاک" بە نووسین و دەست و دەم گەیاندم بە "نەوشێروان مستەفا" لە گردی "زەرگەتە"ی شاری سلێمانی ! 
دوای تەواو بوونی هەڵبژاردنەکان لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٠دا لەگەڵ "نەوشێروان" دانیشتم لە ماڵی خۆیان ئەو کات "شوعلەی" خێزانیشی لەوێ بوو لەگەڵ هاورێم "ئازاد چالاک"، ئەو رۆژە بوو کە تاڵەبانی " لە مەحکەمەی شاری سلێمانی داوای پێشکەش کرد بوو دژ بە "نەوشێروان مستەفا ئەمین"، لە ئەنجامی ئەوەدا "نەوشێروان" زۆر توڕە و نیگەران بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ من زۆر بە رێز و هێمنی قسەی کرد و گوتی " زانیارییەکانی تۆ ڕاست بوون"!، ئەوانەی "هەولێر" پێیان راگەیاند بووم کە "چوار کورسی" دەهێنین! لە وەڵامدا گوتم " دەبێت بە فشەی کەس بڕوا نەکەیت"! لە کاتی خواحافیزی تا دەرگای ماڵەکەی خۆیان هات بۆ بەرێ کردنم.
سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا لە شاری "هەولێر" کاریان بۆ دوو کەسی سەڕەکیی کرد بۆ دەرچوواندنیان لە هەڵبژاردنەکان 
یەکەم، شۆڕش حاجی 
دووەم، محەمەد کیانی
"سەفینی مەلا قەرە و کاردۆ محەمەد" وای لێ حاڵی بوون کە "بزوتنەوەی گۆڕان" لە شاری هەولێر "٤"  کورسی دەهێنێ! بەو هۆیەوە هەوڵەکانی خۆیان چڕ کردەوە بۆ دەرچواندنی کاندیدێکی ژن کە ئەویش ناوی (..........) بوو. یاسای هەڵبژاردنەکەن وابوو دوای سێ پیاو ئینجا کاندیدێکی "ژن" دەردەچوو لە هەڵبژاردنەکان. 
لە نێوان ساڵی ٢٠١٠و ٢٠١٣ دا چەند جارێک پەیوەندییان پێوە کردوم بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و کاریان لەگەڵدا بکەم بەڵام من لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٣دا، دووبارە لە گردی زرگەتە "نەوشێروان مستەفا"م بینی بە ئامادەبوونی "عومەری سەید عەلی و کۆمەڵێک کەسی کە) وە بۆم دەرکەوت کە نیازییەتی بەشداری لە دەسەڵاتی کرمێ بووی هەرێم بکات! منیش ڕای خۆم بە ڕاشکاوانە پێ ڕاگەیاند و گوتم "ئەوە هەنگاوێکی هەڵەیە و زەرەرمەند دەبیت و جەماوەرێکی زۆر لە دەست دەدەیت"!. دواتر کە گەڕامەوە بۆ شاری "هەولێر" دووبارە پەیوەندییان پێوە کردم کە ببم بە کاندید بۆ "پەرلەمانی عیراق"ی ساڵی ٢٠١٤، بەڵام من گوتم "نەخێر"، بەهۆی ئەوەی دوای دانیشتنم لەگەڵ "رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆم دەرکەتبوو کە ئامادەن بچنە نێو دەسەڵاتی کرمێ بووی هەرێم" وە کاتێک کە لە ساڵی ٢٠١٤دا "بزوتنەوەی گۆڕان" چووە نێو دەسەڵاتی "بنەماڵە و خێزان" منیش بە یەکجاری کشامەوە لە "بزوتنەوەی گۆڕان"یش. 
 ئەمەی خوارەوەش وەڵامی چەند کەسێکی بەڕێزە، کە بە پیویستم زانی لێرەدا وەڵامیان بدەمەوە: 
 
کاک دەیڤد سەلیم:
سەبارەت بە محەمەد موکری پرسیاری کردووە. سوپاس و دەربارەی "حەمە موکری" کاکە گیان ناوبراو لە ساڵی ١٩٨٠وە پێشمەرگە بوو تا ساڵی ١٩٨٩ واتە تا ئەشبەتاڵی ینک. لە ساڵی ١٩٨١ دا ڕۆمانی "سەگوەر"ی بڵاوکردەوە لە شاخ کە لە ئەنجامدا سەرانی ینک هەمووی دژاییەتیان کرد. "موکری" دەیتوانی وەک گەلێک نووسەری تر لە شاخ ماستاو بۆ "هێرۆ و جەلال" بکات و گیرفان پڕ کردن و هەندەران مسۆگەر بکات، بەڵام نەیکرد! بۆ ئەوەی دوای ساڵی ١٩٨٩ گوێبیستی هەندێک شتی بچووک بوویت، بەڵام لە بەرابەر ماندووبوونی ئەو نووسەرە بۆ ساڵانێکی درێژ لە شاخ ئەوە بایەخی نەبوو. 
زۆر پێخۆش حاڵم کەوا بە ووردی و بە چاوێکی فەلسەفی "لە سێبەری شاخ"ت خوێندۆتەوەو هەڵتسەنگاندوە. 
بۆ مەسەلەی موکری، باسی مێژوویەکی دیاریکراوە کە لە ساڵی ١٩٨٠- ١٩٨٩ یە لە دوای ئەوەوە بەرێزتان دەتوانن دەربارەی بنووسن. بە ڕاستی زۆر پێخۆش حاڵ دەبم ئەگەر بتوانی سەرنج و تێبینیەکانت بۆم بنێری پێش چاپ کردنی "لە سێبەری شاخ" بۆ ئەوەی بتوانم سوودمەند بم لێیان و بەرهەمەکە باشتر بکەم و ئینجا بۆ نەوەی دوارۆژ بەجێبهێڵم، بەو کارەت خزمەتێکی مەزن بە نەتەوەکەت دەکەیت بۆەیش دەڵێم نەتەوەکەت چونکە "لە سێبەری شاخ" ئیتر موڵکی من نەماوەو لە یادەوەریی من دەرچووە چۆتە نێو مێژوو و موڵکی نیشتمان و نەتەوەکەمە.  گومانی تێدا نییە ئەگەر بە رێگەی کوردستانپۆست یان ئیمەلی کوردستانپۆست بۆم ڕەوانە بکەی بێگومان دەگا بە دەستم و وە سوودمەند دەبم لێیان.
کاک دلە کوردییDla Kurdi:
سلاو شيره زن ,تكايه دوو برسيار,ئايا سه رداني كوردستانت كردوته وه .دوه م برسيار ,له به شه كاني بيشودا نوسيوته نه وشيروان به زني ئه ووت حورمه ,تكايه وشه ي حوره واتاي جيه ,جاوه رواني وه لامي به ريزتين
نەخێر وام نە گوتوە، بگەرێوە بۆ زنجیرەی (٣١) سەردانی "نەوشێروان مستەفا" چی گرفتێکی نایەوە؟ باشتر بیخوێنەوە کە ئەمە بەشێکیەتی، " منیش پرسیارەکەی کە لام دروست بووبوو، ئاراستەی "نەوشێروان"م کرد، گوتم "بیستومە تۆ بە ئافرەت دەڵێیت "حورمە" و تێکەڵاوی لەگەڵ ئافرەتان ناکەیت ئەوە ڕاستە؟ "نەوشێروان" گوتی نەخێر، ئەو ژنانەی لێرەن کەسیان هیج دەورێکیان نییە، هەر خەرێکی خواردن دروست کردنن، ئەوە هۆکاری ئەوەیە کە راوبۆچونم باش نییە لە سەریان".  ووشەی "حورمە" ووشەیەکی عەرەبیە، مانای ئەوەیە "ژن بێهێز و توانایە، هەموو کاتێک دەبێت بە چاوی کەمتر سەیر بکرێت لە پیاو". 
 
سڵاو کاک دڵشاد، پرۆژەی بە پەرتووک کردنی "لە سێبەری شاخ" لەبەردەستمدایە و هەنوکە کاری لەسەر دەکەم..

سڵاو کاک کوردی، سوپاس بۆ ئەوەی کە خوینەری بەردەوامیی بابەتی هەموو نووسەرەکانی، لە کۆمێنتارەکانت دیارە مرۆڤێکی پاک و دڵساف و لە سەر نییەتی خۆتی.
 
سڵاو کاک مەریوان، زۆر سوپاست دەکەم بۆ هاندان بە مەبەستی بەردەوام بوونم لە نووسینەوەی"لە سێبەری شاخ" و لە یەکەم زنجیرەوە کۆمێنتاری پۆزەتیڤانە ودڵخۆشکەر دەنووسی. پرسیارت دەربارەی  وێنەکان.
هەندێکی بە کامیرای خۆمان و هەندێکی تر بە کامیرای "رێبوار خالید ناسراو بە "ئەردەڵان" و هەندێکیان لە باشوور شۆراونەتەوە هەندێکی تریان لە رۆژهەڵات. وێنەی لەگەڵ "تاڵەبانی" ئەوا بە کامیرای ماڵی "تاڵەبانی" گیراوە.




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4.5/5)