کوێرەوەی ژیانی بندەستی کورد لەوەدایە، ئەوە سەدەی ٢١ یەکە و با دەیان ئامڕاز و هۆکار و ئامێری پێشکەوتووی تەکنەلۆژی هەبێت، کەچی هێشتا تاریکی و لێڵی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی و زۆر بواری دیکەی ژیانی نەڕەویوەتەوە.
هەلومەرجی سیاسی و هەڵکەوتی پرسی نەتەوەیی کورد، بەوەی خاوەن دەوڵەت و دامودەزگای تایبەتی ئەرشیڤ و پاراستنی سامان و کەلەپووری نەتەوەیی خۆی نییە، بارودۆخێکی وای بە درێژایی مێژوو خوڵقاندووە، چارەنووسی سیاسی نادیارە و ئابووری تاڵان دەکرێ و جڤاتی دەشێوێندرێ و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی بەردەوام، لەبەردەم شەپۆل و شاڵاوی فەوتان دایە و زۆرجارانیش تۆزی فەرامۆشی لێ دەنیشێ.
کەم شاعیر و نووسەر و خاوەن بەهرەی کورد هەیە، بێ کەلێن و کەموکوڕی سەرجەم بەرهەمەکانی لەبەردەستدا بێت.
کتێبێکی وەک شەرەفنامە، تا ئێستاش بە تەواوی نەخراوەتە بەردەست و نازانین ئایا چەند بەشە و چەندی دیار نییە؟!. دوورتر بڕۆین زەردەشت و ئاڤێستاکەی کورد و بە کوردی بووە؟ یان نا؟ بابە تاهیری عۆریان چی بۆ بەجێێشتووین؟ دەیان پارچە شیعری شاکاری نالی بۆ بێ سەروشوێنن!. نازانرێ خانی چەند بەرهەمی ونبووە؟. حەسەن زیرەک چەند گۆڕانی وتووە و تۆمار کردووە؟. حاجی قادر کەی لە دایک بووە و فڵان لە کوێ لە دایک بووە و ناوی ڕاستەقینەی چی بووە ؟ ئەوی دیکە بۆ ئاوارە بووە و نیشتمانی بەجێهێشتووە؟ و زۆر پرسیارگەلی دیکەی لەم چەشنە. کە ساڵانێکە بۆتە جێی مقۆمقۆی ڕۆشنبیرانی کورد، بەردەوام بەرۆکمان بەر نادات و هەر دڕێژەی هەیە.