لۆگۆکانی بەرەی نوێ چیمان پێ دەڵێن!

Sunday, 12/11/2017, 21:58

12850 بینراوە


بەرهەم ساڵح کە یەکێکە لە بەرپرسە سیاسیە دیارەکانی کوردستان، بۆ پارتە نوێکەی بەناوی؛ هاوپەیمانی نوێ بۆ دیموکراسی، بە لۆگۆیەکی نوێوە خۆیمان پێ دەناسێنێت.هەر بە تێروانینێکی خێرا دەبینین کە ئەم لۆگۆیە کۆپی کالیگرافی ناوی ئەڵایە بە گۆڕانکاریەکی کەمەوە.وەک سەرەمێکوتەیەک سەرەکەی پەرابێت.پێدەچیت ئەوکەسەی کردویەتی بەبێ ئەوەی بیری لە ناوی ئەڵا کردبێتەوە ئەم نەخشەیەی کردبێت، گوایە باڵی باڵندەیەکی کردوە، بەڵام زیاتر رواڵەتێکی دینی پیوە دەبینرێت هەتاوەکو باڵی باڵندەیەک.ئەم کالیگرافیەی ئەڵا کە هەمو ڕۆژێک لەدەوروبەرماندا دەیبینین و پێی ڕاهاتوین کاریگەریەکی راستەو خۆی هەیە لەسەرمان، ئایا بکەری ئەم لۆگۆیە پێی ئاشنا و هۆشمەند بووە یان نا؟
بۆ دروستکردنی شکڵێکی نوێ، هونەرمەند دەتوانێت شکڵێکی ناسراو؛ مانگایەک، گوڵێک، یان هەرشکڵێکی تر وەک سەرەتایەک بەکار بهێنێت، لەم شکڵەوە شکڵێکی نوێمان بۆ دروست بکات، بەڵام لێرەدا شکڵە بنەڕەتەکە کە ئەڵایە ناسنامەی خۆی ون نەکردوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، و ئاشکراشە کە ئەو وشەی ئەڵایە تێگەیشتنێکی دینی هەیە، بۆ لۆگۆیەکی سیاسی هەروا ناتوانێت تێپەڕ بێت، کاریگەری خۆی دەبێت.
هونەر، داهێنان، دروستکردنی شکڵێک هەرگیز ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم جیهانە بێت کە تیایدا دەژین، ئەو هەموو دیمەن و شکڵانەشی لە دەوروبەرماندا بونیان هەیە، لە هۆشماندا جێگیر بوون کە دەبنە رەمز و جگە لەوەی مانایەکی ڕاستەخۆیان هەیە لەهەمان کاتیشا مانایەکی رەمزیشیان هەیە لە هۆشی هەموو مرۆڤێکدا.ئەم شکڵانە لە خەودا، واتە لە ناهۆشمەندیدا دەوری خۆیان دەبینن بۆ دەربڕینی باسێک، کە هەندێک جار مرۆڤ خۆی بە ئاسانی لە ماناکانی تێناگات، رۆڵی هونەرمەند ئا لێرەدایە ئەوەیە کە ئەو رەمزانە بەبێ بیرکردنەوە و شیکاری نەکات.
هەموو هونەرێک، دروستکردنی شکڵێک، دەبێت لە بیرکردنەوەیەکی ژیرەوە، لەبیرکردنەوەیەکی هۆشمەندەوە بێت ئەگەر نا گەرەکمان بە هونەرمەند نییە، ئەگەر نا هەموو کەسێک دەزانێت لۆگۆیەک، شکڵێکی نوێ بکات، گرنگی هونەر ئەوە نییە شکڵێکمان بۆ بکات کە بوونی نەبێت، گرنگ ئەوەیە ئەو شکڵە هەڵقوڵاوی فکرێکی قوڵ بێت، هەڵقوڵاوی هۆشمەندی بێت، ئەمەیە جەوهەری هونەر.هیچ هونەرێک جوان نییە، ئەگەر جوانیییەکەی هیچ مانایەک نابەخشیت لە هونەردا ئەگەر گوزارشت لە فکرێکی هۆشمەند و قول نەکات.
ئەگەر هونەرمەند یان بکەری ئەم نەخشە هۆشمەند بێت بەو شکڵەی کە کردویەتی، واتە وەک جۆرێک ستراتیژیی ئەم نەخشەیەی هەڵبژاردوە لەلایەن ئاندامانی پارتە سیاسیەکەوە بۆ ڕاکێشانی دەنگی ئیسالامی بەڵای خۆیان دەبێت بگووترێت ئەوە زیرەکیە، وەک چۆن کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا پێش هەڵبژاردنەکان وێنەیەکی خۆی بڵاو کردەوە لە پشتیەوە کالیگرافیەکی دینی دەبینرا، لێرەدا ئەو وێنەیەی نەوشیروان بۆ کاتێکی دیاریکراوی هەڵبژاردنەکان بوو، بەڵام لۆگۆ بۆ کاتێکی دیاریکراو ناکرێت وەک ڕێکلامێک نییە، بەڵام ئەگەر ئەم نەخشی لۆگۆیە بەو مەبەستە نەکرابێت، واتە کاکی هونەرمەند یان بەرهەم ساڵح و دەوروبەرەکەی هۆشمەند نەبن بەوەی ئەم شکڵە شکلیکی رەسەن نییە و دەچێتەوە سەر کالیگرافی دینی، ئەوا بێ شک ئەمە گەوجییە، وەک چۆن گۆڕان بۆ لۆگۆی پارتەکەی بەناوی گۆڕانەوە مۆمێکی دانا، جگە لەوەی، کە مۆم گوزارشت لە شکڵێکی رابوردوو دەکات، مۆمەکەش بە شکڵێکی مۆدێرن یان کالیگرافیەکی نوێ نەکرابوو، کەواتە ئەو کەسانەی باسی گۆرانیان کردوە نەیان توانیوە گۆران لە هەموو ڕویەکەوە ببینن، تێراوانینان بۆ گۆران قوڵ نەبووە.ئەگەر سەرنجێک بدەینە لۆگۆی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال، کە ئەویش مۆمێکی بەکار هێناوە بۆ لۆگۆکەی بەڵام بە گرافیزمێکی مۆدێرن کە تەواوی ماناکە دەگۆڕیت.بۆیە کاتی خۆی کە باسم لە لۆگۆکەی گۆڕان کرد، دەموت کە ئێوە ناتوانن بیگۆڕن لەبەر ئەوەی پارتێکی سیاسی باسی گۆران بکات و مۆمێک بکاتە لۆگۆکەی، چۆن ڕێی تێدەچێت، خۆ ئەگەر مۆمەکەش بە گرافیزمێکی نوێ بکرایە، وەک لۆگۆی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال، ئەوا هەر ڕێی تێدەچوو، بەڵام مۆمەکەی گۆڕان مۆمێکی کلاسیکی و رۆمانتیکییە.مانای وایە ئەو کەسانەی، کە باسی گۆڕانیان کردوە، بیرکردنەوەیەکی فراوانیان بۆ گۆڕان نەبووە، بۆیە نەیان توانیوە لۆگۆیەک بکەن کە جەوهەری گۆڕان بدات بەدەستەوە.وەک چۆن ئەگەر بە منداڵێک بڵێین درەختێکمان بۆ بکێشە، ئەوا دەتوانین کارێکتێر و هیوای ئەم مندالە لەو نەخشەدا ببینین.بێگومان ئەمە قاوەگرتنەوە و فاڵچێتی نییە، لێکدانەوەیە، کە پێمان دەڵێت ئەوان تێڕوانینێکی سادەیان بۆ گۆران هەبووە، نەک تێڕوانینێکی فەلسەفی یان گۆڕان وەک تێگەیشتنێکی قوڵ کە هەمو بوارێک دەگرێتەوە، بۆیە ئەم لۆگۆیە بەرهەمی فکرێکی ناهۆشمەندە، وەک ئەو کەسانەی باسی نیشتمان پەروەری دەکەن و خۆفرۆشن، دژی دین دەوەستێنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە مەلاکان کۆنسرڤاتۆرترن.
نەبوونی هۆشمەندی بە سیستەمێکی کۆمۆنیکاسیۆن و گۆڕان لە هەموو بوارێکدا توانای ئاستی ئەو ڕێکخراوەمان پیشان ئەدات لە تێگەیشتنی بۆ گۆڕانکاری، لەوانەیە کەسێک بڵیت؛ نا وا نییە، ئێمە بۆ کۆمەڵگەکەمان خەبات دەکەین و بە زمانی ئەوان گوزارشت لە گۆڕان دەکەین، ئێمە لۆگۆیەکمان کردووە بۆ کۆمەڵگایەک، کە فێری ئەو جۆرە شکڵانە بووە.کەواتە باشتر وایە کە باسی گۆران نەکەین، بۆچی دەتانەوێت بیگۆڕن، کە ناتانەوێت شکڵێکی نوێ بەرهەم بێنن هەتاوەکو تێڕوانینی ئەوان بگۆڕن؟ یان وادیارە ئێمە لە کوردستانی باشور هەر خەباتی بەرگریمان کردوە، شۆڕشمان نەکردوە وەک کوردانی ڕۆژاڤا.
 ئەگەر بێینەوە سەر لۆگۆکەی بەرهەم ساڵح، وادیارە هەڵبژاردنی ئەو شکڵە کارێکی گەوجییە، چونکە کاتێک لۆگۆیەک دروست دەکەین بۆ ڕێکخراوێک، پارتێکی سیاسی، یان کۆمپانیایەک، دەبێت ئەو لۆگۆیە ببێتە جۆرێک لە ناسنامەی ئەو ڕێکخراوە، واتە ببێتە ئاوێنەی فکر و ستراتیژی و هیوا، لە کاتێکدا بەرهەم ساڵح کەسێکی مۆدێرنە و دوورە لە هەمو وتارێکی دینی بڕوا ناکەم بەلای دیندا بیشکێنێتەوە، بۆیە نەخشکردنی لۆگۆیەک بەبێ ئەوەی هۆشمەند بین بەو شکڵەی کە کردومانە تاوانێکی گەورەیە.
کەواتە چەندە بکەری ئەو لۆگۆیە تاوانبارە هێندەش بەرهەم ساڵح و ڕاوێژکارەکانی ئەگەر هەیان بێت، ئەوانیش تاوانبارن، چونکە کەسانی سیاسی ئەگەر شارەزاییان لە هونەردا نەبێت ئەوا دەبێت پرس بە کەسانی شارەزا بکەن لەو بوارەدا، بەڵام وادیارە لە ڕۆژهەڵاتدا ئەو کەلتورە نییە، خۆ ئەو سەردەمەش بەسەر چوو، لە لادێ بە کەسێکی بەساڵا چویان دەوت نەخشەی خانویەکیان بۆ بکات، ئەویش دەهات بە خۆیی گوریسێکەوە نەخشەکەی بۆ دەکردن، وادیارە ئەمانیش کەسێکیان بینووە، کە تەنیا رەسم دەزانێت، پێیان وتوە لۆگۆیەکیان بۆ بکات.لە کاتێکدا کردنی لۆگۆیەک کاری تاکە کەسێک نییە و کاری کۆمەڵە کەسانێکە، کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتەدا بڕیار دەدەن.
ئەگەر بێینە سەر ڕووەکانی تری لۆگۆکە، جگە لە شکڵە سەرەکیەکە، ئەوا لە هەندێک رووەوە سەرکەوتوو بووە؛ ڕەنگی لۆگۆکە، رەنگێکی سەرەتایی و زەق نییە، سەوزێکە بەسەر شیندا دەڕوانێت، جۆرێکە لە جیابوونەوە لە ڕەنگی سەوزی چیمەنی، وەک لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی، واتە هەر بەدەوری سەوزا دەڕوانێت، بەمەش پێمان دەڵێت لەسەر هەمان خەبات بەردەوام دەبێت بە گۆرانکارییەکەوە، بەم هۆیەشەوە هەندێ لە هەوادارەکانی یەکێتی بەلای خۆیدا ڕادەکێشیت.شین و سەوز دوو ڕەنگی سۆشیالن، ئەگەر بەرنامەی ئەم پارتەش نەزانین چییە ئەوا لەگەڵ کارێکتەری بەرهەمدا دەگونجێت، زیاتر ڕەنگێکی ئاسودە و هێمنە، ئارامە، لەگەل هەموو ڕەنگەکانی تردا دەگونجێت، تیژ نییە، وەک دەم و چاوی بەرهەم ساڵح بازنەییە، کە بەهەمان شیوە وەک جەلال تالەبانی وایە و لە سیاسەتیشا کەسێکی توندڕەو نییە، خۆی دەگونجێنێت، سازش دەکات، واتە گۆشە تیژەکان دەکات بە بازنەیی، شکڵەکەش ئەوەمان پیشان ئەدات، کە بەهەمان شیوە سوچ و گۆشەی تیژی تیا نییە، بەڵام بەداخەوە شکڵە ڕەسەنەکەی کە ئەڵایە هەمو ئەو سیفاتانە دەشارنەوە.
 لەزمانی کوردیدا ئێمە تەنها وشەی هونەرمەندمان هەیە، بەڵام وشەیەکمان نییە بۆ ئەو کەسەی کە تەنێکی جوان دەکات و دەست ڕەنگینن، جیاوازیەکەیان ئەوەیە کە هونەرمەند شکڵێکی پڕمانا بە هۆشمەندی دەکات، بەڵام ئەو کەسەی تر دەست ڕەنگینە و شکڵێکی دڵگیرمان بۆ دەکات، زۆرجار ئەو کەلوپەلانەن، کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاری دەهێنین، مەبەست لێرەدا ئەوە نییە ئەمیان شانازی بەسەر ئەوی ترەوە بکات، نەخێر، مەبەست لەوەیە دووکاری جیاوازن بۆ دوومەبەستی جیاواز.
پاشان با باسی بەرەی نوێ بکەین، بەرەی شاسوار
پاش ئەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی لە کالیگرافی وشەی ئەڵاوە لۆگۆیەکیان دروستکردوە، بەرەی نوێ راستەوخۆ لە لۆگۆکەی ئاکەپەیان کۆپیکردوە.هیچ شکڵێکی ترمان نەدۆزیەوە لە هیچ گۆشەیەکی ئەم سەر زەویە، ئەگەر تەنیا لاساییکردنەوەی لۆگۆکەی ئاکەپە نەبێت؟ بێگومان ئاکەپەش لە لۆگۆی ترەوە وەریگرتوە، بەڵام دانیشتوانی کوردستان هەر خێرا ئەو گڵۆپە ئەچوێنن بە لۆگۆی ئاکەپە و ئەمە گەورەترین هەڵەی لۆگۆکەیە.ئەم شکڵە ناخی ئەو پارتەمان پێ دەناسێنێت، کە چەندە هەڵشە و گەوجن.جێی شەرمە بەناو پارتێکی سیاسی لە کوردستان کۆپی لۆگۆی پارتێکی دوژمن بە کورد هەڵبژێرێت، ئەمەش بەرهەمی سیاسەتی ئەو ماوە درێژەیە، کە کوردستان وەک هەرێمێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتی دەکرد، پیاوانی سیاسی نەیان توانی کیانێکی کوردی دروست بکەن؛ گەنجێکی خاوەن باوەر بەخۆی کە بتوانێت لە قوڵایی ناخی خۆیدا وێنەیەک، شکڵێکی رەسەن دروست بکات کە گوازرشت لە ئاواتی خۆی بکات.خۆ ئەگەر پارتێکی ئیسلامی لە کوردستان ئەو لۆگۆیەی بکردایە هەر خێرا هوهایان لێدەکێشان.
هەمان پرسیار دێتە پێشێ، کە ئایا بکەر یان بڕیاردار هۆشمەند بووە بەم شکڵەی کردویەتی؟ بەڵێ هۆشمنەد بووە و دەزانێت کە ئەمە لە لۆگۆکەی ئاکەپەوە وەرگیراوە، بەڵام ئایا دەزانن چەندە لە سەریان دەکەوێت؟ چەندە تاوانە بۆ مێژوو؟ چەندە هەڵەیەکی گەورەیە؟ یان پێدەچیت، کە هەر لێکدانەوە و بیرکردنەوە کاری ئەوان نەبێت.پرۆژەی دەروازەی هەڵەبجەش بەرهەمی هەمان ئەقڵە.
ئەم پارتە پێویست بەوە ناکات پێمان بڵێت، خۆی کێیە، بەو لۆگۆیە خۆیمان پێ دەناسێنێت.پەندێکی فەرەنسی هەیە دەڵێت؛ پێم بڵی کێ دەناسیت و هاتوچۆی کێ دەکەیت، ئەوا پێت دەڵیم تۆ کێیت، منیش دەڵێم تۆ لۆگۆکەتم پیشان بدە ئەوا پێت دەڵێم تۆ کێیت.با بزانین ئەم لۆگۆیە چ مانایەک ئەدات جگە لەوەی، کە کۆپی لۆگۆی پارتێکی دوژمن بە کوردە.

کاتێک پارتێک باسی بەرەی نوێ دەکات، مەبەست ئەوە نییە، کە ئەو پارتە کەسێک بێت لە بەرەی نوێ، مەبەست زیاتر ئەزمونی ئەوانە بۆ بەرەی نوێ، کە پێ دەچێت بەرەی نوێ خۆیان هۆشمەند نەبن بەخۆیان، هۆشمەند نەبن بە خەو و ئاواتیان، بۆیە لۆگۆکە دەبوایە باسی بەرەی نوێ بکات نەوەکو بدرێتە دەست گەنجێکی ناهۆشمەند بۆ دروستکردنی لۆگۆکەیەک بۆ بەرەی نوێ.
کەسێکی نێرینەی گەنج لە ناو گڵۆپێکدا تیشکەکانی وەک ڕەنگی ئالای کوردستان وایە، دەست و باڵی کردۆتەوە وەک ئەوەی لەسەر شانۆیەک لە بەردەمی جەماوەرێکدا وەستابێت، وا دیارە گوزارشت لە سەرکەوتن دەکات.لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا بینیم، کە گۆڕانکارییەک کرا بۆ لۆگۆکە، ئەویش زیادکردنی نیوە لەشێکی مێینە لەناو هەمان شکڵدا، وەک ئەوەی لە بیریان چووبێت، کە باسی مێینە بکەن، بەڵام ئەمە لە بیرچوون نییە، بەڵکو بیکردنەوەیانە.لەشە مێینەکە ئەکتەر نییە، وەک چۆن لە بایبڵدا هاتووە، کە ژن لە ئێسکێکی پیاوەوە دروست بووە بەهەمان شێوە لەم لۆگۆیەدا لەشە مێینەکە هەمان دەوری هەیە؛ لەو دەست بڵاوکردنەوەدا زیاتر بە بەدەنی کوڕەکەوە بەستراوەتەوە.رەنگی ناو گڵۆپەکە سپیە، گەنجەکە لەسەر سەکۆیەک وەستاوە، کە لە دوو لوتکەی شاخ دەچن، گەنجەکە گوایە نەوەی نوێیە دەستی بڵاوکردۆتەوە وەک پاڵەوانێک دەبینرێت، لە خوارەوە نووسراوە نەوەی نوێ.رەنگی لۆگۆکە رەنگێکی گەش و زەقە و لەگەڵ مۆدێرنیتێ و نەوەی نوێدا دەگونجێت.
نەوەی نوێ ناوێکی جوانە، بەڵام ناوێکی کاتییە، وەک شێرەبەفرینە دەتوێتەوە، نەمر نییە، وەک ئاو زوو هەڵدەچیت وخێراش دائەمرکێتەوە، پارتێکی سیاسی نابێت ناوێکی کاتی هەڵبژێرێت، هیچ نەوەیەک بە نوێیی نامێنێتەوە، پارتێکی سیاسی بۆ چەند ساڵێک دروست نابێت، نەوەی نوێ چینەکانی تر لە خۆی ناگرێت پاشان دیاردەی بە پاڵەوان بوون ناگونجێت لەگەڵ مۆدێرنیتێ و نەوەی نوێدا زیاتر کاری بە کۆمەڵ رەسیدی زۆرترە، کاتێکیش دەڵیین نەوەی نوێ مەبەستمان لە تاکە کەسێک نییە بۆیە دەبوایە کۆمەڵە کەسێک بوونایە لە ناو ئەو گڵۆپەدا.
کوڕە گەنجەکە وەک سەرچاوەی تیشک و ڕۆژەکە دەبینرێت، بەڵام شکڵی گەنجەکە بە شکڵێکی کلاسیکی کراوە زیاتر لە لۆگۆکانی ساڵانی شەست ئەچێت وەک کەسێکی شۆڕشگێر، کە ئەوە باوی نەماوە؛ شۆڕش بە دەست ڕاوەشاندن و ڕاپەڕین ناکرێت، بەڵکو ئێستا باوی بیرکردنەوە و قوڵبونەوەیە، دیزاینی گڵۆپەکە سادە و ساکارە، وەک خۆی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، گەنجەکەش بە شێوەیەکی کلاسیکی نەخش کراوە وەک مۆمەکەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەشدا باسی نەوەی نوێ دەکەین، ئەمەیە بێئاگایی پیاوانی کوردستان، بەمە دەڵێین ئەوپەڕی ئاستی ناهۆشمەندیی، بۆیە هەرگیز ناتوانن ببنە ڕێ پیشاندەر بۆ نەوەیەکی نوێ، چونکە نەیان توانی بەزمانێکی نوێ گوزارشت لە نەوەی نوێ بکەن.
بۆچی گڵۆپ؟ لەبەر ئەوەی ئاکەپەی تورکیا هەمان لۆگۆی بەکار هێناوە؟ یان وادیارە هێندە بێ کارەبایی هەیە لە کوردستان گلۆپ کاریگەری لە سایکۆلۆژی خەڵکی کردووە.گڵۆپ هیمای سەردەمێکی مۆدێرنە، هەرچەندە ڕۆشنایی ئەدات، بەڵام زیاتر دەبێتە رەمزی شەریکە و زانست و کۆمپانیا هەتاوەکو لۆگۆی پارتێکی سیاسیی، ئەگەر ئاکەپە هەڵەیەکی کردووە پێویست بەوە ناکات، کە ئەو هەڵەیە دووبارە بکرێتەوە، گڵۆپ تیشکێکی سروشتی نییە و دەستکردە، ئەگەر ڕۆژێکمان هەبێت، کە بۆتە رەمز و ئاڵای کوردستان، ئیتر چ پێویستمان بە گڵۆپە یان مۆم.ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، کە ئەو شکڵانەی دروستکراون بەرهەمی ئەقڵێکی دەوڵەمەند نین، خۆڕسکین و دەرئەنجامی لێکدانەوەیەکی ژیر نین، هەموویان بەرهەمی هەڵەشەیین.

ئەگەر بە خێرایی دەستێک بهێنین بەم لۆگۆیەدا و هەڵەکای راست بکەینەوە، ئەگەر دەمانەوێت باسی نەوەی نوێ بکەین و بەو پێیەش مۆدێرنیتێ، کەواتە دەبێت شکڵەکان مۆدێرن بکەینەوە؛ پێش هەموو شتێک پێویستمان بە گڵۆپ نییە و کاریگەرییەکی هێندە گرنگی نییە لەویدا جگە لەوەی، کە شوناسی پارتێکی دوژمنە.ئەتوانین ئەو گڵۆپە لابەرین و بیکەین بە بازنەیەک، کە بازنە خۆی لە خۆیدا رەمزی کۆمەڵە، رەمزی پێکەوە ژیانە، رەمزی کۆمەڵگایە، شکڵێکی سۆشیالە، لەهەمان کاتدا جێگای شکڵی ڕۆژەکەش دەگرێتەوە، پاشان لە بری تاکە کەسێکی پاڵەوان، کۆمەلە کەسێک بە ڕەنگی جیاواز دادەنێین، کە مەبەست لە کۆمەڵگایەکی پلورالیستە، ئەوە ڕزگارمان بوو لە گڵۆپەکەی ئاکەپە و لە پاڵەوان، لە نایەکسانیی ژن و پیاویش، بێگومان ئەمە وەک پێشنیارێکی سەرەتایی، بەڵام هەرگیز شکڵی وا قبوڵ ناکەن چونکە بە ناشرینی دەزانن، بەناشرینی دەزانن لەبەر ئەوەی لە گەڵ بیرکردنەوەیانا ناگونجێت، ئەوان هەر پێویستیان بە بەتەلە، لەگەڵ ئەوەشدا باسی نەوەی نوێ دەکەن.
ئەم دوولۆگۆیە بۆ ئەم دووپارتە نوێیە؛ لۆگۆی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و نەوەی نوێ ئەوەمان پێ دەڵێن کە هیچ داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ کوردستانی باشور بەدی ناکرێت، هیچ گۆڕانکاریەکی نوێ نابینرێت، تەنها دووبارەبوونەوەیە لەسەر هەمان ئەقڵ.
داهێنانی شکڵێکی نوێ، خۆی لەخۆیدا وەک کارێکی ئاسان دێتە پێش چاو، بەڵام لە راستیدا پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی ژیرو نوێ هەیە، پێویستی بە فکرێکی سەرپەل هەیە کە لەدەرئەنجامی تێپەڕبوونێتی بە زریانا، لە دەرئەنجامی گەڕانەوەیە لە سەفەرێکی دوور و درێژدا بۆ ناخی خۆ، قەبوڵکردنیشی بەهەمان شێوە.هۆکاری ئەوەیە، کە لە ڕۆژهەڵاتدا لە هەموو بوارێکدا خەڵکی داهێنان بە ئەستەم دەکەن، ئەمەش کاریگەریی کەڵچەری لەبەرکردن و کۆپیکردنە، هاتنە سەر سفرەی ئامادەکراوە.بۆ گەلێکی ژێردەستە باوەڕ بە خۆ نەبوو.کەڵچەر و دین و مێژو کاریگەریەکی ڕاستەو خۆیان لەسەر داهێنان هەیە، ئەگەر گەلی جولەکە ئەو شانسەیان هەبێت، ئەوان هەر لە منداڵییەوە پێیان وتراوە، کە ئەو گەلێکی هەڵبژێراوە لەلایەن ئێزدانەوە کەواتە دەبێت لە ژیانیدا ئەم راستیە بسەلمێنێت، کە دەبێتە هاندەری بۆ داهێنان.لە کەڵچەی مەسیحیدا هەستی خۆ بە قوربانیکردن، پاشان لە دیدەی ئاینەکاندا یەک خاڵیان بۆ دەست نیشان ناکراوە؛ کوڕ و باوک و، ڕۆحی پیرۆز، ئەم سێ خالە بیرێکی کۆمپلێکس دروست دەکات هەتاوەکو فکرێکی یەک جەمسەری، کە توانای لێکدانەوەی کەمتر دەبێت، کاتێک کە پێیان دەوترێت خودا یەکە و پێغەمبەر ڕەوانەکراوی خودایە، تۆش کارت ییرکردنەوە و لێکدانەوە و قوڵبونەوە و پرسیارکردن و داهێنان نییە، ئیتر تۆ تەنها کارت جێ بەجێکردنی فەرمنەکانێتی.دەبڕۆ ئاو بێنە و دەستت بشۆ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە