ئەرێ مەرحوم درۆ دەکات یان "فەرەیدون عەبدولقادر"ی قەناس بەدەست"!؟

Tuesday, 14/11/2017, 3:39

12712 بینراوە


(دیداری تەمەن یان خیانەتی تەمەن)!؟
لە بەشی دوومی (دیداری تەمەن)، بەشی (هەشتەم) و کۆتایی
لە دوای "کۆڕەو"ی ساڵی ١٩٩١وە  سەرانی پارتەکانی باشوور، بێهودە بەرهەمی خەباتی میللەتانی باشووریان بۆ خۆیان و خێزانییان پاوان کرد و کەوتنە دزینی ئەرز و سامانە سروشتییەکانی کوردستان.
سەرانی باشوور، سەڕەرای سەرقاڵ بوونیان بە دزی، بەڵام لە یادییان نەچوو، کە پێنووسەکانیشیان بخەنە گڕ بۆ تۆمارکردنی درۆودەلەسە و خۆ دزینەوە لە لێپرسراوەتیی شەڕی براکوژی، بوون بە جاشی بەینەلمیلەلی و  ئاشبەتاڵەکان و خۆ کردن بە "فسس، فسس" پاڵەوانی گۆڕەپانی ئازایەتی و نەبەردیی و شێواندنی مێژوو! 
 "فەرەیدون عەبدولقادر لە پەڕتوکی هەڵۆ سوورەکانی قەندیل"   وا دەریدەخا  کە گوایە ئەو لە شاخ "قەناس بە دەست بووە"!؟ ئاخر دڕۆ وا نەبێت دەبێت چۆن بێت!؟  لە هەمان پەڕتووک و  لاپەڕە(٥٨٠) دا دەنووسێت ( لە مانگی تەموزدا هێزێکی تری پارتیزانی ڕەوانە کران،  کاک "عوسمان"، یەکێک بوو لە خۆشەویستەکانم، بۆیە قەناسەکەی خۆمم پێشکەش کرد)!؟ "های هایی"!
ئاشکرایە کە لە رۆژانی سەخت و قۆناغی شاخدا، شەڕە گەورەکان و نەبەردییە بێ هاوتاکان پێشمەرگە لە ئاست خوارەوە ئەنجامیاندەدا، قەناس، دۆشکە، تەکتریۆڤ، بی.کەی.سی و ڕەشاش تەنها لە شانی پێشمەرگەی کوڕی هەژاری چینی زەحمەتکێشی نێو کۆمەڵگەیی کوردیی باشوور بینراوە. لێپرسراوەکان تەنیا بۆ جوانی دەمانچەیەکی چواردە خۆریان لە کەمەڕیان دەبەست!
بەرژەوەندیی، لە توانایدا هەبووە لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بووبێت، سەرانی پارتەکانی باشوور لە ژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە، لە ئەنجامی ئەوەدا  کاتێک کە ئەوان ڕووداوەکانییان بۆ مێژوو تۆمار کردوە، هەوڵیانداوە هەڵوێستە دۆڕاوە نەشیاوەکانی وەک  "شورەیی، ملکەچی، خۆفرۆشتن، دزین، جاشاییەتی، خیانەت و ڕاکردن"، بۆ یەکتر  پینە بکەن!
 هەموو سەران و بەشێک لە پێشمەرگەی  یەکێتی و سەرانی پارتەکانی تری باشوور، لە قۆناغی شاخدا، ئەو ڕاستییەیان دەزانی کە "تاڵەبانی و هێرۆ" لە ساڵی ١٩٨٧وە لە شاخ نەماون تا دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١، بەڵام "فەرەیدون عەبدولقادر" لە پەڕتوکی "هەڵۆ سوورەکانی قەندیل" لە لاپەڕە (٥٧٨) دا دەنووسێت " (مام جلال) پاش چەندین هەوڵ و چالاکی سەرکەوتوی دیبلۆماسی لە شوباتی ساڵی ١٩٨٩دا گەڕایەوە". ئیتر نووسەر ئاماژە بەوە ناکات کە (تاڵەبانی) گەڕایەوە بۆ کوێ؟  لە کوێ "فەرەیدون عبدولقادری" دیوە؟ لە کوێ کۆبونەوەیان لەگەڵدا کردوە؟ ئایا لە شاخەکانی کوردستان بووە ؟ یان لە هوتێل گران بەهاکانی "دیمەشق و تاران و ئەوروپا"!؟ 
سەڕەرای ئەوەش، "تاڵەبانی لە پەرتوکی "دیداری تەمەن" بەشی دووەم خۆی ددان بەوەدا دەنێت کە لەو مێژووە دیاریکراوەدا ئەو لە وڵاتانی ئەوروپا بووە و لەویوە چووە بۆ "ئەمریکا"  لە لاپەڕە "١٩٣" دا "تاڵەبانی" دەنووسێت " " لە نیسانی ساڵی ١٩٨٩ دا، من چومە واشنتۆن بۆ یەکمجار نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکی منیان بینی، لێپرسراوی دیسکی عێراق و من و دکتۆر لەتیف و حەمە جەزای ئەندازیار و" هێڕۆ" یان بینی." لە دەرئەنجامدا خوینەری ئێستا و ئاییندە، توشی سەرلێشێوان دەبن لە خوێندەوەی ئەو دوو بابەتە، روون نابێت بۆیان کە کام لەم دووانە  لە تۆمارکردنی ئەو مێژووە  دیاریکراوەدا ڕاستگۆ بوون، "مەرحوم"  یان "قەناس بەدەست"!؟
کۆتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە