ئێمیل دورکهایم (Durkheim, Emile)

Thursday, 16/11/2017, 17:33

19365 بینراوە


ئێمیل دۆرکهایم کۆمەڵناس و فەیلەسووفێکی فەرەنسی بوو کە لەنێوان ساڵانی ( 1858-1917 ) دا ژیاوە . بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانستی کۆمەڵناسی دەزاندرێت .

کارەکانی / بۆچونەکانی
ئێمیل دۆرکهایم بەشداریەکی گەورەی هەیە لە دامەزراندن و گەشەکردنی زانستی کۆمەلناسی بەوەی کە چەندین بیردۆزی داڕشتووە لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵناسی کە گرینگترینیان بریتین لە :
یەکەم / رێسا مەنهەجیەکان لە زانستی کۆمەڵناسیدا .
بەڕای دۆرکهایم زانستی کۆمەڵناسی پێویستی بە مەنهەجی ( یان رێبازبەندی ) زانستیانە هەیە لە کاتی توێژینەوە لە کۆمەڵگە و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان . ئەو چەند خاڵێک دەستنیشان دەکات کە تویژەرانی کۆمەڵناسی پێویستە پێیانەوە پابەند بن کە بریتین لە :
١- توێژەر پێویستە وا لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان بڕوانێت وەک دیاردەگەلێک کە قابیلی تێبینی و ئەزموون کران بن .
٢- تویژەر پێویستە خۆ لابدات لە هەر بیرۆکەیەکی پێشوەخت سەبارەت بەو دیاردەیەی کە دەیەوێت توێژینەوەی لەسەر بکات بۆ ئەوەی توێژینەوەکەی بێلایەنانە بێت .
٣- توێژەر پێویستە پێناسەی ئەو دیاردەیە بکات کە دەیەوێت توێژینەوەی لەسەر بکات .
٤- تویژەر پێویستە لەکاتی توێژینەوە لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان ئەوپەڕی سەرنج بدات بۆ ئەوەی بزانێت ئاخۆ ئەو دیاردانە بەچی لە رەهەندە تاکەکەسییەکانی جیا دەکرێتەوە .
دۆرکهایم سەبارەت بە هەنگاوەکان یان مەنهەجی زانستیانەو توێژینەوە چەندین خاڵ دەستنیشان دەکات کە دەتوانین بەم شێوەی خوارەوە کورتیان بکەینەوە :
١- پێویستە توێژینەوە بکرێت لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی دیاردەکان و توخمە پێکهێنەرەکانی .
٢- پێویستە توێژینەوە بکرێت لە گۆڕان و گەشەکردنی دیاردەکان بە هەموو شێوەکانیانەوە .
٣- پێویستە توێژینەوە بکرێت لە پەیوەندی هەر دیاردەیەک بەدیاردەکانی دیکەوە .
٤- پێویستە سوود لە بەراووردکاریەکان وەربگیرێت لە کاتی توێژینەوە لە دیاردەکان .
٥- پێویستە ئەرکی کۆمەڵایەتی هەر دیاردەیەک روون بکرێتەوە .
٦- پێویستە توێژەر ئاماژە بەو یاسایانە بکات کە لەئەنجامی توێژینەوە پێی گەیشتووە و هەروەها پێویستە ئەم یاسایانە بە شێوەیەکی وورد دابڕیژێت .
دووەم / دابەشکردنی کار و هاوکاری کۆمەڵایەتی
دۆرکهایم دەڵێت کە دابەشکردنی کار دیاردەیەکی نوێ نییە بەڵام لایەنە کۆمەڵایەتیەکەی لەسەدەی هەژدەمەوە بە ئاشکرا دەرکەوتووە . ئەو دابەشکردنی کار بە پرۆسیەکی مێژوویی دەزانێت کە یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە نێوان مرۆڤەکاندا . دۆرکهایم پێیوایە کە دابەشکردنی کار تەنیا دیاردەیەکی ئابووری نییە بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتی ژیانیشە .
دۆرکهایم هاوکاری کۆمەڵایەتی دابەش دەکات بە دوو جۆر کە بریتین لە هاوکاری میکانیکانە Mechanicla Solidarity و هاوکاری ئەندامیانە Organic Solidarity .
هاوکاری میکانیکیانە لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان و کۆنەکاندا باوە و کە تێیدا دابەشکردنی کار زۆر کەمە . بۆ نموونە جوتیارێك لە کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی و ساکاردا هەموو کارەکان وەکو کێلان و چاندن و دروێنە و هتد خۆی بەتەنیا ئەنجام دەدات .
هاوکاری ئەندامیانە یان ئۆرگانیک لە کۆمەڵگە نوێکاندا باوە بۆ نموونە لە کارگەیەکی سەیارە دروست کردندا هەر کرێکارێک بەشداری دەکات لە دروست کردنی بەشێکی سەیارەکەدا . واتە کارەکان بەووردی دابەش کراون .
لە کۆمەڵگە سەرەتایی و کۆنەکاندا کە دابەشکردنی کار تیایاندا کەمترە خەڵک زیاتر پابەندن بە داب ونەریت و بیروباوەڕ و هەروەها هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی زیاترە و لایەنگیری تاکەکانیش بۆ کۆویژدان یان ویژدانی دەستجەمعی زیاترە . کە ئەمەش بریتییە لە کۆمەڵێک باوەڕ و هەست و سۆز کە تاکەکانی کۆمەڵگە هاوبەشن تیایدا .
دۆرکهایم پێیوایە کە ئەو فاکتەرانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی دابەشکردنی کار بریتین لە ژمارەی دانیشتوان ، چڕی دانیشتوان و توندی کارتێککردنی کۆمەڵایەتی .
سێیەم / لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی بۆ ئاین
لای دۆرکهایم ئاین وەهم و خەیاڵ نییە بەڵكو حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتیە کە پێویستە لە چوارچێوەی بونیادی کۆمەڵایەتی لێی بکۆڵینەوە . ئەو پێیوایە کە ئاین هەژموونی هەیە بەسەر رەفتارەکانی مرۆڤ و نابێت رۆڵی ئاین کورتبکرێتەوە بۆ تەنیا چەند پێداویستییەکی دەروونی و بایۆلۆجیانە ( یان زیندەزانیانە ) .
درۆکهایم هەروەک مارکس پێیوایە کە ئاین دەربڕینێکی کۆمەلگەیە بۆ تێگەیشتن لەخۆی کە وەستاوەتە سەر پێشمەرجە ماددیەکان . ئەو هەروەها دەڵێت کە ئاین پێویستە بۆ داڕشتنی ناسنامە و شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی رەفتارەکان .
دۆرکهایم لە ئوسترالیا تویژینەوەی کرد لەسەر هۆزە رەسەنەکانی ئەوێ بۆ ئەوەی لە بنچینەی ئاینەکان تێبگات . لەوێ بۆی دەرکەوت کە تەوتەمیزم ساکارترین شێوەی ئاینە کە بریتیە لە باوەڕێکی ناخەکی بە هێزێکی پیرۆز یان غەیبی یان بنەماگەلێکی رۆحی کە هانی لێپرسراویەتی ئەخلاقی دەدەن لە کۆمەڵگەدا و لەهەمان کاتیشدا سزاگەلێک دەستنیشان دەکات بۆ ئەو کەسانەی پێشێلکاری دەکەن .

چوارەم/ خۆکوژی
دۆرکهایم پێناسەی خۆکوژی دەکات بەوەی کە هەر حاڵەتێکی مردنە کە ئەنجامی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی کارێکی نەرێنی یان ئەرێنییە کە خۆکوژ خۆی پێی هەڵستاوە و خۆیشی دەزانێت کە ئەمە ئاکامەکەی دەبێت . ئەو خۆکوژی دەکات بەچوار جۆرەوە کە بریتین لە :

١- خۆکوژیی خۆبەختکارانە Altruistic Suicide
بەڕای دۆرکهایم خۆکوژیی خۆبەختکارانە بەمانای خۆکوشتنی یەکێک دێت لەپێناوی پەیڕەوکردن Practice لە نەریتێک Tradition یان خۆ کردنە قوربانی Sacrifice بۆ سەلامەتی و بەرژەوەندی Interest کەسانێکی دیکە لە گروپێکدا کە خۆیشی ئەندامێکە Member لە هەمان گروپدا . بۆ نموونە خۆکوشتنی ژنێکی هیندۆس دوای مردنی مێردەکەی یان رۆیشتنی هەندێک سەرباز بەسەر کێڵگەی میندا بۆ تەقاندنەوەیان کە بەمەش خۆیان دەکەن بە قوربانی بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هاوڕێکانیان لە چوارچێوەی پلانێکی سەربازیدا .
٢- خۆکوژیی وێڵانە Anomic Suicide
بەڕای دۆرکهایم خۆکوژیی وێڵانە کەسانێک ئەنجامی دەدەن کاتێک کە ئەو کۆمەڵگەی تیایدا دەژین تووشی قەیرانی ئابووری قوڵ دەبێت هاوکات لەگەڵ داڕمانی سەقامگیری Stability و پێوەرە ئەخلاقیەکان Moral Standards کە ئەمانەش دەبنە هۆی باڵكێشانی شپرزەیی و خەمۆکی Depression بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا .
٣- خۆکوژیی خۆپەرستانە Egoistic Suicide
بەڕای دۆرکهایم خۆکوژیی خۆپەرستانە بەمانای خۆکوشتنی کەسانێک دێت بەهۆی لاوازی Weakened پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان Social Realtions کەمی تێکەڵاوی Integration لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا . لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا هاوسەرگیری کردن Marriage و ئاین رۆڵیان هەیە لە سنووردانان بۆ ئەم جۆرە خۆکوژییە .
٤- خۆکوژیی چارەنووسگەرا Fatalistic Suicide
بەڕای دۆرکهایم ئەم جۆرە خۆکوژییە کەسانێک ئەنجامی دەدەن کە خراونەتە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەخت و بە کۆمەڵێک بەند و کۆتی Constraints رێسابەند Regulated گەمارۆدراون Surrounded . ئەم جۆرە کەسانە لە ئاست سەرکوتکردن و پاڵەپەستۆ دەروونی و جەستەییەکان خۆیان راناگرن بۆیە پەنادەبەنە بەر خۆکوژی . نموونە بۆ ئەم جۆرە خۆکوژییە ئەو کۆیلە ( یان دیل ) Slaves و زیندانیانەن Prisoners کە خۆیان رادەستی ئەم چارەنووسە دەکەن چونکە پێیانوایە کە بارودۆخی سەختی ژیانیان تەنیا بە خۆکوشتن کۆتایی پێدێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە