نەوەی ئایندە و هەڵە سیاسیەکان

Friday, 17/11/2017, 21:25

3086 بینراوە


کە دەربارەی دەسەڵاتی ڕەها دەخوێنینەوە ڕەنگە پێمان وابێ شوناسی ئەو دەسەڵاتە لە هەموو وڵاتێکی دنیا وەک یەک بێ و پێناسێکی گشتی هەبێ بۆ دەربڕینی ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەم دەسەڵاتە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە ئەوەش بە جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی و توانای دەسەڵاتدار بۆ بەڕێوەبردن ، دەسەڵات ڕای میللەت دروست دەکا بە باش و بە خراپ ، باش و خراپیش وەک دوو پەیکەری پەرستن وان ئەوەی باش تا ماوەیەکی درێژ لە بیر و هزران دەمێنێتەوە و ئەوەی خراپیش بە شکاندن و مەرگی ئەو پەیکەرە بە کۆتا دێ .
جۆرج ئۆرویل لە کتێبی ۱۹۸٤ دا جوانترین وێنای دەسەڵاتداری و سیستەمی بەڕێوەبردنی کردووە  ، کاتێک کە کۆمەڵێک کەس دەست دەکەن بە دروست کردنی وڵاتێک لەسەر خاکی بەریتانیا ، دەسەڵاتی ئەم وڵاتە نوێیە ژیانێک بۆ خەڵکەکە دروست دەکەن بە فرو فێڵ و درۆ ، لە هەموو شوێنێک تی ڤی گەورە دادەنێن بۆ ئاراستەکردنی خەڵک ، ئەوەی ئەم ئاراستەیەش بەڕێوە دەبا دوو پارتن یەکیان پارتی (ناوەخۆ) و ئەوەی تریان پارتی (دەرەوە) و لەسەروی هەموشیانەوە (برای گەورە) یەک هەیە کە ئاراستەی دوو پارتەکە و گشت دەکا ، وەزارەتی راستی کاری تەنها بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاستە ، وەزارەتی ئاشتی گرنگی تەنها بە شەڕ دەدا و وەزارەتی خۆشەویستی تەنها کار لەسەر ئازاردانی ناخ و دەرون و مێشکی خەڵک دەکا. لەمەودای ئەم کتێبەوە دەتوانین وێنای بارودۆخی کوردستان بکەین کە چۆن بەڕێوە دەبردرێین لەلایەن پارتی ناوەخۆ و دەرەوە و چۆن تی ڤی یەکان کاتێک هەواڵێک دەخەنە بەر گوێمان بە ئۆ کەی یەکی باوەڕ بەخۆهێنەر وەڵامیان دەدەینەوە و هەواڵەکەیان لێوەردەگرین و چۆن وەزارەتەکان درۆ و شەڕمان توش دەکەن و خەڵکێکی هەژار دەبێ باجەکەی بدا ، هەرچی وشەی خۆشەویستیە بوونی نەماوە و لە شوێنی ئەو سیاسەتی چەوت  و بێ دەنگ کردن بە کوشتن لە هەمبەری هەیە . ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی کوردستان بەڕێوە دەبا شکستی خۆی ڕاگەیاندووە ، نزیک ٢٠ مليار دۆلاری قەرز بۆ نەوەی دوای خۆیان لە دەسەڵات وەک میرات دەهێڵنەوە ، نیوەی خاکی لەدەست دراو و نیوە لە ئەگەری هەموو خولەکێک حازری شەڕ بە دەهێڵنەوە ، لە هەمویشی گرنگتر کۆمەڵێکی گەنج کە مێشکیان جگە لە چەک قسەی تر وەرناگرێ دەهێڵنەوە ، لەنێو ئەم هەموو گێژاوە سیاسی و ئابوری و فیکریە نوقتەیەک لە هیواش نابینرێ لەم هەموو ڕەشبینی و تاریکیە بۆ نەوەی ئایندە لە حوکمڕانی کوردستان چونکە هەڵە سیاسیەکان هێندە زەق و ئابوریەکان هێندە بێ ئومێدی و فیکری گەنج هێندە شەرمهێنەرە کە نازانی کام ڕێگایە بەرەو ئاسۆیە ، وەک دکتۆر ئەحمەد زوەیل ڕوو دەکاتە کۆمەڵانی خەڵکی عەرەب بە تایبەتی گەنج و لەدژی دەسەڵاتدارانی عەرەب پێیان دەڵێ ( ڕۆژئاوا زیرەک نین ، ئێمە گێلین ، ئەوان تەنها دێن پشتگیری دەسەڵاتی شکست خواردوو دەکەن تا سەرکەوێ ، ئێمەیش دژایەتی سەرکەوتوو دەکەین تا بکەوێ ).لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژە بەو بدەم کە چەمکی شکستم هێنا پێویست بوو ببێ بە جۆرێکی فەلسەفە و فەلسەفەزانان لێکدانەوەیەکی باشیان بۆ کردبا بۆ ئەوەی دەسەڵات هەرگیز پێی شەرم نەبوایە بڵێ شکستم هێنا.
ئارام ئازاد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە