نادیە موراد: دەبوو کەسێک ئەم چیرۆکانە بگێڕێتەوە

Wednesday, 29/11/2017, 4:31

6762 بینراوە


 راپۆرتى: ئاننە مارییە
وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف
---------------------
چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى قەڵا سەرەکییەکانیان لە دەستداوە، بەڵام بۆ ئێزیدییەکى رزگاربووى وەک نادیە موراد، شەڕێکى نوێ تازە دەستى پێکردووە. 
دواى سێ ساڵ لە راکردن لە چنگى چەکدارەکانى باکوورى عێراق، نادییە موراد پەردە لەسەر یادەوەرییەکى تۆقێنەر هەڵدەماڵێت " دوایین کچ" لەبارەى ئێش و ئازار و نەهامەتیى ئەوە وەک کۆیلەیەکى سێکسى. هەوڵە تاکەکەسییەکانى نادیە موراد، لەرێى ئەمەل کلۆنى پارێزەرى مافەکانى مرۆڤەوە، بۆ پەلکێشکردنى ئەندامانى دەوڵەتى ئیسلامییە بۆ بەردەم دادگا بەهۆى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ و کۆمەڵکوژیى لە دژى گەلى ئێزیدى. 
"ئەوە شتێک نییە خۆم هەڵمبژاردبێت" نادییە مورادى تەمەن ٢٤ ساڵان لە دیمانەیەک لە لەندەن واى وت. "دەبوو کەسێک ئەم چیرۆکانە بگێڕێتەوە. ئەمە ئاسان نییە"
کاتێک دەوڵەتى ئیسلامى لە ٢٠١٤ دەستى گەیشتە ناو باکوورى عێراق، هەزاران کەس لە ئێزدییەکان کوژران و بە هەزاران زیاتریش رفێندران، لەنێویاندا ژنان و کچەکانیان کرانە کۆیلەى سێکسى. بەرپرسانى نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) رایانگەیاندووە کە ئەو توندوتیژییەى لە دژى ئێزیدییەکان ئەنجامدرا چووە خانەى جینۆساید، هەروەها ئەنجومەنى ئاساییشى نەتەوەیەکگرتووەکان تیمێکى پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەى بەڵگەکان لەبارەى ئەو کارە وەحشیانەى لەمبارەیەوە لە عێراق ئەنجامدراون. 
نادیە موراد بووە یەکەمین باڵیۆزى فەخریى نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) بۆ رزگاربووانى دەست بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ٢٠١٦، ئەو هەروەها هەوڵ و کۆششەکانى خۆى چڕکردووەتەوە لەبارەى چارەنووسى هەزاران لە ژنان و کچانى دیکەى ئێزیدى کە تائێستا یان لەژێردەستى داعش ماون یانیش لە کامپەکاندان ئەوانیش لەوێدا دەرباز بکرێن. 
"ئامانجى ئەم کتێبە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەى کە هەموو کەسێک بزانێت چى بەسەر ئێزیدییەکاندا هات و ئەوان تووشى چ ئێش و ئازارو دەردەسەرییەک بوونەوە" نادییە واى وت. "کەسانى دیکەى رزگاربوو ماون کە خەون بەوە دەبینین رۆژێک بێت ئەوان قسەکانیان وەربگیرێت لەبارەى ئەوەى کە دەوڵەتى ئیسلامى چى بەرامبەر بە ئەوان کرد. دەکرێ چیرۆکەکانمان جیاوازى بێننە کایەوە"
کاتێک شەڕەکە دەستى پێکرد، نادیە موراد ئەو لە گوندەکەى خۆیان لە کۆجۆ لە باکوورى عێراق خوێندکار بوو ژیانێکى ئارامى خۆى دەژیا. 
"هەموو کەس هەژار بوون" ئەو واى وت. "ئێمە رازى بوون بەو ژیانە سادەو ساکارەى کە هەمانبوو"  "ئێمە خەڵکێکى ئاشتیخواز و کراوە بووین"
چەکدارەکان لە ئابى ٢٠١٤ گەیشتنە کۆجۆ و فەرمانیان بە هەموو خەڵکەکە کرد کە بچنە نێو قوتابخانەى گوندەکە. دواتر پیاوەکان ناچارکران کە قوتابخانەکە بەجێبهێڵن، و زۆرى پێنەچوو دەنگى تەقە بیسترا. بەمەش دەیان پیاو هاتنە کوشتن، لەنێو کوژراوەکاندا شەش براى نادیەى تێدا بوو.   
نادیە لەگەڵ کچە گەنجەکانى تر، کەس و کارەکەى و دراوسێیەکانى خرایە نێو پاسێکەوە، و چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى دەستیان کرد بە دەستبردن بۆ جەستەى کچ و ژنەکان. یەک لە چەکدارەکان کراسەکەى لەبەر نادییە دەکاتەوە و هەوڵدەدات شتێک بکات "کە لەنێوان دوو عاشقدا روودەدات ئەو کاتەى کە هاوسەرگیرى دەکەن" دەوڵەتى ئیسلامى دایکى نادیە جودا دەکەنەوە بۆئەوەى بیکوژن. ئەوان ئاگر لە ژنێکى بە تەمەن بەردەدەن.
نادیە لەگەڵ کچە گەنجەکانى تر دەبرێنە ماڵە دەوڵەمەندێک لە شارى موسڵ، لەوێدا حەشامەتێک لە پیاو دەست دەکەن بە پڕکێشکردنى ئەو کچە گەنجانە و هەرکەس کچێک بۆ خۆى رادەکێشێت. 
پیاوێک جغارەکەى بەسەر گەدەى نادیە دەکوژێنێتەوە. پیاوێکى تر سێ ژن هەڵدەبژێرێت، لەبەرامبەردا دۆلارى ئەمریکیان پێدەدات. باقى ترى کچ و ژنەکان دەبرێنە بازاڕى ئاشوبى کۆیلە، و هەر ئەو کەسەش بۆ خۆى دەیبات کە یەکەمین کەس دەبێت ئازارو ئەشکەنجەى دەدات. 
 
"من وردەکاری"یەکان لە کتێبەکەدا باش دەکەم، لەبەرئەوە ناکرێ هەموو جارێک چیرۆکەکە بگێڕمەوە" ئەو بەوپەڕى نائومێدییەوە واى وت.
سەرکردایەتى دەوڵەتى ئیسلامى لۆژیکێکى ئایینى تایبەت بەخۆیانى هێنایەکایەوە تاوەکو رەوایەتى بە دەستدرێژیى سێکسى بۆ سەر کچان و ژنانى ئێزیدى بدات، لەنێویاندا کچانى تەمەن نۆ ساڵانیش.
بەشێک لە ژنانى ئێزیدى ژیانى خۆیان لەمەدا لەسەر دانا. 
نادیە دەستدرێژیى سێکسیى بەکۆمەڵیشى کرایە سەر وەک سزادانێک لەبەرامبەر ئەوەى کە هەوڵى راکردنى دا بوو. 
"ئەوەى هێزى دایە بەر من ئەو سەدان کچە بوو، ئەگەر نەڵێم هەزارانیش، کە هاوشانى من دیل کرابوون" نادیە واى وت. "بەخۆمم وت، ئێمە دەبێ لەم کارەساتە بە زیندوویى بمێنینەوە و دەرباز بین"
رۆژێک، چەکدارێکى دەوڵەتى ئیسلامى نادیە بەتەنیا لە خانووێک بەجێدەهێڵێت، و نادیەش دەبینێت دەرگایەک کراوەتەوە. ئیدى دەچێتە حەوشە، بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەگەڕێت و خۆى فڕێدەداتە خوارەوە بۆ نێو شەقامێکى چۆڵ و سامناک. 
"مەسەلەکە پەیوەندى بە بوێرییەوە نەبوو" ئەو واى وت. "تۆ لە بارودۆخێکدایت کە تۆقێنراویت بەوەى بوونت خراوەتە ژێر هەڕەشەى مەرگ یان ئەشکەنجەدان. بۆیە تەواوى ئەوەى کە بیرى لێدەکەیتەوە ئەوەیە کە چۆن بتوانیت بەزیندوویى بمێنیتەوە و رزگارت بێت"
نادیە بەخێرایى بەنێو شەقامە تاریکەکانى موسڵدا بە پێ دەڕوات، رووخسارى بە حیجابێکى درێژ داپۆشراوە. لەناکاو بەتوندى لە دەرگاى ماڵێک دەدات و داوایان لێدەکات کە بەهانایەوە بچن. 
ماڵەکەش رێگەى پێدەدەن کە بچێتە ژوورەوە و دواجار بە رێگاى قاچاخ دەیگەیەننە دەرەوەى ناوچەکانى ژێردەستى دەوڵەتى ئیسلامى، بەناوى ژنى یەک لە پیاوەکانى ماڵەکەیان دەیپەڕێننەوە. لەو کاتەى کە بەنێو دوایین خاڵى پشکنیندا تێدەپەڕن، نادیە لەناکاو چاودەکەوێتە سەر وێنەى خۆى کە لەسەر کاغەزێکى نمایشکراو وەک یەکێک لە کەسە راکردووە داواکراوەکان. 
نادیە رێگاى کەمپى پەناهەندەیى دەگرێتە بەر و لە ٢٠١٥ وەک پەناهەندەیەک لە ئەڵمانیا قبوڵ دەکرێت. ئەو ئێستا، وەک بێوەژنێکى جەنگ، لەگەڵ خوشکێکى دەژیت، لە ئەپارتمانێک لە شتوتگارت. 
 نادیە ئێستاش هەر خەفەتێکى زۆر لەوە دەخوات و توڕەیە لەو خەڵکەى نێو موسڵ کە زۆربەیان ئامادە نەبوون یارمەتى ژنانى ئێزیدى بدەن بۆ دەربازبوونیان لە دەست داعش. 
"نزیک بە دوو ملیۆن هاووڵاتى مەدەنى لە موسڵ دەژین و ٢٠٠٠ کچ و ژنى رفێندراویشى لێیە" ئەو واى وت. "هەزاران خانەوادە لە موسڵدا هەن کە دەیانتوانى یارمەتى کچە ئێزیدییەکانى تر بدەن، بەڵام نەیانکرد. ژنان لە موسڵ دەبوو حیجاب بپۆشن. لەبەرئەوە ئاسان دەبوو تاوەکو بەهۆى ئەمەوە ژنانى ئێزیدى دەرباز بکرێن"
ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى شارەکە کە یارمەتى ئێزیدییەکانیاندا بۆ رزگارکردنیان بە رێگەى قاچاخ ئەوا داواى هەزاران دۆلاریان دەکرد- براژنى نادیە یەک لەو ژنانە بوو کە بەبڕى 20,000 دۆلار بۆ ناوچەیەکى ئارام دەرباز کرا، نادیە واى وت.
هاوینى رابردوو، نادیە گەڕایەوە ماڵەکەى خۆیان لە کۆجۆ وەک پاڵەوانێک پێشوازى لێکرا، و ئەو کاتەى کە پێى نایە نێو ماڵە وێرانکراوەکەى خۆیان، ئیدى دەستى بە گریان و فیغانێکى زۆر کرد.
"ئێمە تەمەننامان دەکرد چارەنووسى ئێمەش وەک چارەنووسى پیاوەکان ببوایە و بکوژراباین، بەڵام لەجیاتى ئەوە، چەکدارە ئەوروپیەکان، سعودییەکان، تونسیەکان و هى وڵاتانى تریش هاتن و دەستدرێژى سێکسیان کردە سەر ئێمە و کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە کرد" نادیە لە لێدوانێکى ئیرتیجالى لە گرتەیەکى ڤیدیۆیى ئەوەى بە پەیامنێران وت. 
نادیە ئومێدەوارە رۆژێک بێت ئەو لە دادگا چاوى بەو پیاوانە بکەوێتەوە کە دەستدرێژیى سێکسیان کردبووە سەر ئەو و لاقەیان کردبوو، هەروەها تراژیدیاى ئەو ببێتە دوایین تراژیدى کە لەمبارەیەوە بەسەر کچان دابێت. 
ئەو خۆزگە و بەرخوازییەکى (تموحێکى) دیشى هەیە و دەخوازێت ببێتە کەسێکى دەستڕەنگین لەبوارى مکیاژ و قژبڕین، یان تەنانەت بتوانێت ببێتە خاوەنى ئارایشگاى خۆى- ئەو شوێنەى کە عادەتەن خۆشترین شوێنە بۆ ژنان کە تێیدا نازیان رادەگیرێت و خزمەت دەکرێن.  
"دەکرێ خەڵک لە ئایندە من وەک ستایلستێک بەیادبهێننەوە، نەوەکو وەک کەسێکى رزگاربووى دەست مەرگ"ى دەوڵەتى ئیسلامى، ئەو واى وت. "ئەوان دەکرێ ئەوە لەبیربکەن"

تێبینى: ئەم راپۆرتە لە رۆژنامەى واشتن پۆست لە رۆژى ٢٣ نۆڤێمبەرى ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە. 
https://www.washingtonpost.com/world/middle_east/somebody-had-to-tell-these-stories-an-iraqi-womans-ordeal-as-an-isis-sex-slave/2017/11/22/4241145c-c8be-11e7-b506-8a10ed11ecf5_story.html?utm_term=.02645c8d92c7




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە