ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت. کە گەلی کورد لە باشوور دۆست و پاڵپشتی نییە!

Sunday, 12.03.2017, 0:07

5884 بینراوە


هاو سەنگی نێوان ژیان و مردن. لە وێنەیەکەوە دەبینرێت. 
لە مێژە ئێمە ئەوە دەزانین، کە پەکەکە گەلی کوردی لە باشوور فەرامۆش کردووە. هەرچییەک بەدەست ئەو خائین و مافیا و دزانەوە رووبدات، هیچ بە لایەوە گرنگ نییە. ئەوەتا لە ئاست بەرپرس و خۆفرۆشێک، بازرگانێک و ترسنۆکێکی هەڵاتووی خائینێکدا کە نیشتمانی ئێمەیان هەراج کردووە. ئەمان پێشوازییان لێدەکەن.
کۆرێکان دەڵین : "دژی هەرکەسێک شەڕت کرد. خێراترین ڕێگا. لە سەرۆکەکەیان بدە. کاتێک لە سەرۆکەکەشیان دەدرێت، یان بێنرخ دەبێت. ئەوسا یارییەکە بەرەوە سەرەتای کۆتایی دەچێت".
قەندیل بۆتە خێر و بەرەکەت بۆ چەتەکانی پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان. هەر جارێک گرفتێک ئێخەی بەرپرسێکی ڕیسوا دەگرێت. ئەوا دەچنە قەندیل و چەند وێنەیەک لەگەڵ پڵنگەکانی ئەوێدا دەگرن. ئیتر ئەمانیش خۆیان لێدەبێتە پڵنگ و دەگەڕێنەوە کەسیش لە گوڵ کاڵتریان پێناڵێت، وەک قارەمانێک لە نێوەندی بێهیوایی و کارەساتدا دەردەکەون. یان قارەمانێک لەماوەی مەینەتیدا دەردەکەون و پاساو بۆ خیانەت و ڕاکردن و ترسنۆکییان دەهێننەوە. دەبنە پاڵەوان، ئێمەش دەبێت دانیشین بە چاکە و پیاوەتیی باقییان بدەینەوە.
ئەوەی دەتوانیت بیکوژی. دەتوانی ڕزگاریشی بکەیت. ەمە ڕێک ئەوەیە لە بری ئەوەی قەندیل بێت، ئەم پیاوە دزەی پاراستن سزا بدات، کە بۆ خۆی هاتووە، ئەمان لەو بێشەرمی و خیانەتەی پاک دەکەنەوە و ڕزگاری دەکەن و ئابڕووی تکاوی بۆ دەسڕن.
هەموو کەسێک لە ژیان و خەباتی سیاسییدا شتێک فێر دەبێت. ئەوە ئێمەین فێی نەبووین و پێمان ئاساییە، کە خائینەکانمان بچنە قەندیل و ببنەوە پاڵەوان. دەیانەوێت وەکو کەسێکی پاک و بێگەرد خۆیان پیشان بدەن. نوێژ لەسەر داوێنیان بکەین. ئیشکردن بەئامانجی پاک و بێگەرد گرفت بۆ کەس دروست ناکات، لێ کارکردن وەک خائینێک بەپێی پلان ئەوە دەبێتە گرفت. ئەگەر قەندیل ئەم پیاوە پوتانە ئاوا بە عەشقەوە پێشوازی بکات. ئیتر هیچ هیوایەک بۆ ئێمە نامێنێت. کە ڕۆژێک بێت ئەمانە لەجێگەی تاوان و خیانەتەکانیان دادگاییان بکەین و ڕیسوایان بکەین.
ئێمە لە سایەی جەلایی و مەلایی خائینزادەکانەوە، ڕابردوومان لە دەستمان داوە، ئێستاش و داهاتووش لەسایەی منداڵ و نەوەکانی بۆتە دڵەڕاوکێی، نازانین چی چاوەڕیی نەوەکانی داهاتووی خۆمان دەکات!؟ نەوەی نوێ بەهیچ جێگەیەکی ئازادی ناگەن.ئێوەش لە قەندیلەوە ئەم پێشوازیانەتان لەم خۆفرۆشانە... لەم خائین و دزانە هێندەی تر نیگەران و قوڕەکەمان بۆ خەست دەکەنەوە.
ئێمە لە کەرکوک ڕەنگە نەمان توانیایە سوپای داگیرکەران تێک بشکێنین، بەڵام دەمان توانی لایەنی کەم خۆمان لە شکست لادەین، بەڵام لەسایەی تاڵەبانی و عەشرەتەکەی و مەلامستەفا و خێڵەکەی تووشی گەورەترین کارەسات و تێکشاندن بووین، نمونەی ئەم کۆیلانەی کە وێنەی لە گەڵتاندا گرتوە لە قەندیل و پێدەکەنێت پێمان دەڵێن، کە هەموو ساڵێک ئێمە شکست دوای شکست و ماڵوێرانی و تێکشکان دەدورینەوە. ئێوەش لەدوای ڕۆژەکانی ١٧ی شوباتەوە پشتان کردۆتە گەلی باشور. ڕۆژێک بەعسییەکی وەک محەمەد ئەمین پێجوێنیمان بۆ دەکەنە پاڵەوان. ڕۆژێک هەڤاڵ قەرەیلان دەڵێت: تالەبانی کاریگەری لەسەر هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە، یان دەڵێت ئێمە چەند جار لەگەڵ نێچرڤاندا دانیشتوین و قسەکانی ئەرێنین. ڕۆژێک پرسە بۆ تاڵەبانی دەنێرن، ئەو تالەبانییەی کە پێی دەوتن چەکەکانتان دانێن سەردەمی گیڤارا بەسەر چووە، یان لە کۆبوونەوەی (کەنەکە)، تەها رەسوڵێکی کۆنە کۆمۆنیست و بازرگانی شەوە سوورەکان، کە کۆپی فەرەیدون عەبدولقادرە، بانگ دەکەن بۆ کۆبوونەوەی ئەو رێکخراوەیە، لەپاڵ ساڵح موسلم دایدەنێن و ستایشی دەکەن، لەبەر ئەوەی چەند دۆلارێکی لە پارەی حەرامتان پێدەدات!
لە باشوردا دەتوانێرت بۆگەنی گەندەڵی و خیانەت لەئاسمانەوە بۆن بکرێت، ئێوە چاک دەزانن ئەم دەسەڵاتە خۆفرۆشە چۆن هەموو کایە مەعریفیی و ژیانیان لەباشور ورد و خاش کردوە. لە ڕێگەی ئەم خائینە ناپاکانەوە پلانی تورک و عەجەم و عەرەب زۆر هوشیارانە و بێسڵەمینەوە جێبەجێ دەکەن.
ئەم جیهانە تەنها ئەوکاتە بۆ ژیان گرنگە، کە مرۆڤەکان بایەخ بە یەکتری بدەن و ئەوانەی کە خەڵکی هیوای لەسەر هەڵچنیوون، رێکخراوێکی سیاسیی بۆ تۆپەڵێک چەتەی خائینزادە پشت ناکەنە گەلی خۆیان. ئێوە دەزانن کە سەربەرزیی وەک خۆراک بۆ ژیانی مرۆڤ بەنرخە. لەسایەی ئەم دەسەڵاتەی پارتەکانی باشوور ٢٦ ساڵە ئێمە ئەتک دەکرێین. ئێمە سەرمان لێ تێکچووە نازانین ڕوو لە کوێ بکەین؟
کاتێک کتێبی "مێژوویەک لە ئاگر"م خوێندەوە لەو کاتەدا یەکەم شەڕی پەکەکە لەگەڵ دەرەبەگێکدا بووە و ڕەواییان پێداوە، کەچی بۆ باشور سەدان دەرەبەگ و جاش و موستەشار ئەو هەموو ناڕەوایی و خیانەتە دەکەن و دەستی داگیرکەر پەلکێش دەکەن، کەچی پەکەکە نایەوێت ئێمە دژی ئەوان بین و پەیتا پەیتا سەرمایەدارە دزەکان و ئەوانەی لەگەڵ داعشدا بازرگانیان دەکرد، دەچنە قەندیل، ئەمانیش پێشوازییان لێدەکەن، بۆ نمونە "فاروقی مەلامستەفای دز دەڵێ: "بۆ جەژن شیرینیم بۆ قەندیل ناردووە" ئێمە ڕوولە کوێ بکەین و باوەڕ بە کێ بهێنین ؟ 
ئێمە چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەین لە قەندیل، داوایان لێدەکەین یان هاوپەیمانی لەگەڵ چەتەکانی باشور، یان ڕووکردنە گەلی باشور
چاوەڕوانی وەڵامین.
تێبینی:
دوای نووسینی چەند کۆمێنتارێک لەلایەن خوێنەرەکانەوە، بە پێویستم زانی ئەم چەند دێڕەی خوارەوەش بخەمە سەر مەبەست و ناوەرۆکی نووسینەکە.
قسەکردن لەسەر ئەو وێنەیە ، یان هەر وێنەی بەرپرسێک و بازرگانێکی خوێنی کورد، هیچ لە کروک و جەوهەری مەسەلەکە ناگۆڕێت، ئەو سەردانانە دوێنی کرابێت یان ئەمڕۆ، پەکەکە دەبێت لەوە وریاتر بێت و لەمەبەستی ئەو کاتە نا، بەڵکو دوای ئەو کاتەش بگات، کەسەکان بناسێت، بۆ نمونە ئەدەهەم بارزانی کاتی خۆی وێنەیەکی لەگەڵ ئۆجەلاندا گرتووە، کەچی لەم دواییەدا وەکو هاوڕێی خۆی ناوی دەهێنا.
ئەم بەرپرسانەی کوردی باشوور بە مەبەستیش وێنە دەگرن، تا کەسە جوان و دڵسۆزەکان وەکو خۆیان ناشرین بکەن و لە کاتی تەنگانەدا بەکاری بهێنن و وێنەکە بڵاوبکەنەوە، بازرگانی پێوەبکەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم: پێویستە ئەو پاشاگەردانییە لە قەندیل رابگیرێت.