هونەر و کولتور و کاری سیخوڕی

Sunday, 03/12/2017, 0:40

4317 بینراوە


ڕۆژنامەی دی ڤێلتی ئەڵمانی  رۆژی ٢٦/١١/٢٠١٧،وتارێکی لە نووسینی Felix Stephan ، بڵاوکردۆتەوە،بووە مایەی سەرنجم. وەک وەرگێڕان و ئامادەکردن ، بە کورتی پوختەیەکیتان پێشکەش دەکەم.
لە ٢/١١/٢٠١٧ تا ٨/١/٢٠١٨، پێشانگایەک لە مەڵبەندی کولتووری جیهانی بەرلین، Haus der Kultur der Welt لە ژێر ناونیشانی  پاراپۆلەتیکPARAPOLITIK، ئازادیی کولتووریی و شەڕی سارد دا نمایشت دەکرێت.
 دیاترین باسی ئەم پێشانگایە،  پرسی کار و بەرهەم و چالاکی کۆمەڵێ کەسایەتی  هونەریی و کولتووریی دیارە، لە نێویاندا وێنەی پۆترێتەکەی پاپلۆ پیکاسۆیە Pablo Picasso، کە کێشاوێتی بە بۆنەی کۆچی دوایی ستالین لە ١٩٥٣ دا ،لەسەر داخوازی لیوس ئاراگۆن،کە ئەو کات سەرنووسەری ڕۆژنامەی L, Humanite بوو لە پاریس ،نووسەر ناونیشانی "نرخی ئازادی" پێداوە.
پیکاسۆ ئەو کات ، وەک وەک کۆچبەرێک لە پاریس ژیاوە و هاوڕێیەتی لەگەڵ دەستە و گرووپی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەی فەرەنسا هەبووە،وەک  Louis Aragon,Comu,Sartre,Joliot Curie. ئەمانەش بەشی زۆریان لە پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسادا ئەندام بوون. ئەو رۆژگارە بەشی هەرە زۆری شاعیر و وێنەکێش و ئەدیب و ڕۆشنبیر و فەیلەسووف،خۆیان لەبەرەی شورەویدا دەدییەوە. هەموو ئەمانە دەیانویست و هەوڵیان دەدا، شورەوی شەڕ و ململانێکەی سەردەمی شەڕی سارد بباتەوە و لە ڕووی مۆڕاڵی و ڕۆشنبیرییەوە باڵادەست و هەژموندار بێت. بەم جۆرە ، زۆرینەی ئەقڵە هەڵکەوتوو و بلیمەتەکان و کەسە دیارەکانی ئەم بوارانە،هەموویان  تا ماوەیەک کەوتنە ژێر باندۆڕی ئایدۆلۆژیی و سیستەمی بەرەی رۆژهەڵاتەوە.
پیکاسۆ وەک نموونە، لەبەینی دوو جیهانبینیدا، تلاوتلی بووە. لە لایەک سەرسام بووە بە شورەوەی و بەرەی رۆژهەڵات،کەوا هەڵگری گیانی سەردەم و داهێنانە نوێیەکانی مرۆڤە، لە لایەکی دیکەوە حەزیشی لە دنیای سەرمایەداری کردووە، کەوا دەستەبەری ئازادی و موڵکی خودی مرۆڤی کردووە. ئەمەش بۆ ئەو ڕۆژگارە،ڕەنگە واقعیترین دید و بۆچوون بوو بێت، چونکە ستالین و تیرۆرکردنەکانی، شورەوی و سیستەمی تۆتالیتاریستی ،دەرگای  بە ڕووی ڕۆشنبیرانی ناوخۆ و دەرەوەی شورەویدا دادەخست، بە هەر شت ڕەزامەند بن و چاو لەو دیاردە دزێوانە بنووقێنن.
 پیکاسۆ لەو ژینگەی تێدا بوو،کەوتبووە ژێر کاریگەڕێتی هاوڕێکانی، ساڵی ١٩٤٤،لە دەمی جەنگی جیهانی دووەمدا  بووە ئەندامی پارتی کۆمەنیستی فەرەنسی .ئاراگۆنی هاوڕێی پیکاسۆ، بە بۆنەی مردنی ستالینەوە ساڵی ١٩٥٣،داوای لێ دەکات پۆترێتێک بکێشێ و ئەویش بەو شێوە خرپنە دەموچاوی ستالین،لە کارە هونەرییەکەیدا نیشان دەدات و ئاراگۆن لە لاپەڕەی یەکەمدا بڵاوی دەکاتەوە. ئەم پۆترێتە لای کۆمۆنیست و چەپەکان دەبێتە مایەی نیگەرانی و پێیان وایە سوکایەتی بە ستالین کراوە و ئەوان و بیروباوەڕەکەیانی پێ بچووک کراوەتەوە.
بەرامبەر بە بلۆکی ڕۆژهەڵات و ئەو هەژموونەی لە ئەوروپای رۆژئاوا و جیهان دا پەیدای کرد، ئەمەریکا زلهێزی تازە هەڵکەوتوو، ترسی لێ دەنیشێ و دەکەوێتە خولیای سازدانی پلان و بەرنامەیەک، بۆ ڕاگرتنی تەشەنەسەندنی ئەم هەژموون و بەهێزبوونی ئەم تەوژمە هونەریی و کولتوورییە. کەواتە هونەر و کولتووریش بە شەڕی ساردەوە، تێوە گلان و هەر بەرەیەک دەیویست، ئەم بوارانە وەک چەکێکی بە بڕند و کاریگەر، لە مەیدانی خۆیدا بەکار بهێنێ .
 ساڵی١٩٥٦، لە ڕێگای دەزگای سیخوڕی ناسراو بە CIA،لە بەرلینی ڕۆژئاوا ، ئەمەریکاش کۆمەڵەیەک پێک دێنێ بە ناوی "کۆنگرەی ئازادی کولتووری"Congress for Cultural Freedom(CCF),، بۆ پشتیوانیکردنی تەوژمی " یەکێتی ڕۆشنبیرانی ئەنتی تۆتالیتاری"کە لە پاریسەوە وەک بارەگای سەرەکی کەوتبووە گەڕ.ئامانجی CCF،  پشتیوانی و سازدانی زمانێکی جیهانی مۆدێرن بوو بۆ ئەدەب و هونەر و مۆزیک  بوو. بە واتایەکی تر شەقڵ و مۆرکێکی تری رۆژئاوایی بدەن بەو بوارانە،لەبری ئەوەی دنیای کۆمۆنیزم زاڵ بووە بەسەریاندا و خەریکە مۆری خۆی لە یەک بەیەکی ئەو بابەتانە دەدات.
کۆنگرەی ئازادیی کولتووری، لەو ماوەیەی کارکردنیدا، پشتیوانی لە چەندین پرۆژەی هونەریی و کولتووریی  هونەرمەندانی جیهان لە ئەوروپا و ئەمەریکای لاتینی و ئەفریکا و خوارووی ئاسیادا دەکات. هاوکات چەند بڵاوکراوەیەکی وەک :Der Monat,The Paris Review دەردەکات. کارەکانی لە لایەن :Tennessee Williams,Sebastian Haffner,Dolf Sternberger;Adolf Grimme،ئەم کۆمەڵە کەسە پشتیوانیان لە کارەکان دەکرد و لە بەرلینیش کەسانی وەک Heinrich Böll,Siegfried Lenz و دواتر Jackrub Pollock، زۆری تر لە پێشڕەوان ئاڤانتگاردەکانی ئەوروپا هاتنە ناو کارەکانەوە.
جیاوازی کاری ئەمان، دەگەڕایەوە بۆ بایەخ و گرنگی دان بە ئازادی تاکگەرایی و بەها بەرز و پیرۆزەکانی "مرۆڤ"،ئەوەی لە دنیای لیبەراڵی رۆژئاوادا بۆتە پێداویستییەکی ڕۆحی ،چونکە ئەمانە پێیان وابوو لە هەناوی کاپیتالیزمدا، باشترین دەرفەت بۆ بەرجەستەبوونی ئەو داخوازی و ئامانجانە هەیە،تاوەکو مرۆڤ بتوانێ هێدی هێدی هەنگاو بەرەو دوا کەوشەنی هەرە بەرزی مومارەسەکردنی ماف و ئازادییەکانی بنێ. لە ئوردوگای ڕۆژهەڵاتدا،لەبەر هەبوونی ئایدۆلۆژی  وکۆمەڵێ کۆتوبەندی دیکە،دەرەتانی هاتنە کایەی ئەم ژینگەیە نەبوو. تاک لەناو سیستەمەکەدا داماڵەخاس کرا بوو.
بەم پێیە، ئەمەریکا یاخود کاپیتالیزم، لە ڕێی چالاکی سی ئای ئەیەوە،توانی لە ماوەیەکی کورتی دوو دەیەدا، وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی هونەر و کولتووردا بکات و ڕابەرایەتییەکە لە ڕۆژهەڵاتەوە بگێڕتەوە بۆ ڕۆژئاوا و تاموبۆ و شەقڵ و سیمای خۆی  و ڕەهەندە کولتوریی و هونەرییەکانی ببەخشێ  بەو بوارانە.
ساڵی ١٩٦٧، دەستی سی ئای ئەی ئاشکرا دەبێت،کەوا لە پشت ئەم کار و پرۆژانەوەیە.ئیدی خانەگومانی و پشێویی لە جیهانی ڕۆشنبیریدا دروست دەبێت، مێژوو بە جۆرێکی تر قلپ دەبێتەوە و زۆر بەرهەم و کەسایەتی دەکەونە ژێر پرسیارەوە. 
هاوکات پرسیارگەلێ  دروست دەبێت وەک : ئایا CIA تا چەند کاریگەری لە کارو بەرهەمی ڕۆشنبیراندا هەبووە؟ ئایا ئەو پارە و خەڵاتانە ڕاستەوخۆ چۆتە گیرفانی بۆل و پۆلاک و پیکاسۆ و لێنتس و ئەوانەوە؟. گەلێ کەس تووشی شۆک و سەرسوڕمان دەبن. دەپرسن داخۆ چۆن بتوانن مێژوو جارێکی تر بگێڕنەوە بۆ سەرەتاکانی یەکەم؟
پێشانگای ناوبراو ئەرشیفی هونەرمەندان لە ١٩٣٠ وە تا ئەمڕۆ نیشان دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە