ڕۆژنامەی دی ڤێلتی ئەڵمانی رۆژی ٢٦/١١/٢٠١٧،وتارێکی لە نووسینی Felix Stephan ، بڵاوکردۆتەوە،بووە مایەی سەرنجم. وەک وەرگێڕان و ئامادەکردن ، بە کورتی پوختەیەکیتان پێشکەش دەکەم.
لە ٢/١١/٢٠١٧ تا ٨/١/٢٠١٨، پێشانگایەک لە مەڵبەندی کولتووری جیهانی بەرلین، Haus der Kultur der Welt لە ژێر ناونیشانی پاراپۆلەتیکPARAPOLITIK، ئازادیی کولتووریی و شەڕی سارد دا نمایشت دەکرێت.
دیاترین باسی ئەم پێشانگایە، پرسی کار و بەرهەم و چالاکی کۆمەڵێ کەسایەتی هونەریی و کولتووریی دیارە، لە نێویاندا وێنەی پۆترێتەکەی پاپلۆ پیکاسۆیە Pablo Picasso، کە کێشاوێتی بە بۆنەی کۆچی دوایی ستالین لە ١٩٥٣ دا ،لەسەر داخوازی لیوس ئاراگۆن،کە ئەو کات سەرنووسەری ڕۆژنامەی L, Humanite بوو لە پاریس ،نووسەر ناونیشانی "نرخی ئازادی" پێداوە.
پیکاسۆ ئەو کات ، وەک وەک کۆچبەرێک لە پاریس ژیاوە و هاوڕێیەتی لەگەڵ دەستە و گرووپی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەی فەرەنسا هەبووە،وەک Louis Aragon,Comu,Sartre,Joliot Curie. ئەمانەش بەشی زۆریان لە پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسادا ئەندام بوون. ئەو رۆژگارە بەشی هەرە زۆری شاعیر و وێنەکێش و ئەدیب و ڕۆشنبیر و فەیلەسووف،خۆیان لەبەرەی شورەویدا دەدییەوە. هەموو ئەمانە دەیانویست و هەوڵیان دەدا، شورەوی شەڕ و ململانێکەی سەردەمی شەڕی سارد بباتەوە و لە ڕووی مۆڕاڵی و ڕۆشنبیرییەوە باڵادەست و هەژموندار بێت. بەم جۆرە ، زۆرینەی ئەقڵە هەڵکەوتوو و بلیمەتەکان و کەسە دیارەکانی ئەم بوارانە،هەموویان تا ماوەیەک کەوتنە ژێر باندۆڕی ئایدۆلۆژیی و سیستەمی بەرەی رۆژهەڵاتەوە.
پیکاسۆ وەک نموونە، لەبەینی دوو جیهانبینیدا، تلاوتلی بووە. لە لایەک سەرسام بووە بە شورەوەی و بەرەی رۆژهەڵات،کەوا هەڵگری گیانی سەردەم و داهێنانە نوێیەکانی مرۆڤە، لە لایەکی دیکەوە حەزیشی لە دنیای سەرمایەداری کردووە، کەوا دەستەبەری ئازادی و موڵکی خودی مرۆڤی کردووە. ئەمەش بۆ ئەو ڕۆژگارە،ڕەنگە واقعیترین دید و بۆچوون بوو بێت، چونکە ستالین و تیرۆرکردنەکانی، شورەوی و سیستەمی تۆتالیتاریستی ،دەرگای بە ڕووی ڕۆشنبیرانی ناوخۆ و دەرەوەی شورەویدا دادەخست، بە هەر شت ڕەزامەند بن و چاو لەو دیاردە دزێوانە بنووقێنن.