جیاوازی فەلسفە و زانست

Sunday, 03/12/2017, 1:07

7465 بینراوە


نووسینی: رۆماڵ بەختیاری
وەرگێڕانی: مەنسور جەلال

--------------------
بابەتی فەلسەفە و زانست چییە و هەتاوەکوو چەند پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و جیاوازییەکانیان چین، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت ئێمە بگەڕێنەوە بۆ مێژووی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و ئاشکرایە کە بە درێژایی مێژووی درووستبوونی کەلتوور و شارستانیەتەکان هەمیشە سوودیان لە ئەندیشەی فەلسەفە وەرگرتووە، لە ڕاستییدا ئەگەر ئێمە بتوانیین گوێ و چاومان دابخەین، بەڵام هێشتا ئەندێشەمان بیردەکاتەوە و بەردەوام لە کارکردندایە و هەرگیز ناتوانیین پێشی پێبگرین و بیوەستێنین، چوونکە ئەوە بابەتێکی دەروونییە، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە خۆمان لە هەموو شتەکانی دەوروبەرمان دوور بخەینەوە و خۆمان لە ژوورێکی تاریکدا زیندانی بکەین، هێشتا ناتوانین بیرنەکەینەوە و بەر بە ئەندێشەی خۆمان بگرین.
لەبەر ئەوە بابەتی فەلسەفە بابەتی بیرکردنەوەیە و بە گشتی ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە ڕوانگەی زانستەوە دەربارەی سروشت دەیانورووژێنن.
ئەفلاتوون دەڵێت ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە کە مەعریفە و زانست لە جیاتی بڕوا (ئیمان) دابنێت و بۆ سەلماندنی یاسا و ئەو تیۆرییە هەلانەی کە لەلایەن کۆمەڵگاوە کوێرکوێرانە و دواکەوتووانە پەیڕەودەکرێن، دەکرێت لە ڕێگای زانست و ڕاستییەوە حەلبکرێن.
بۆ نموونە فەلسەفە بابەتە گشتییەکان دەوروژێنێ و قسەی لەسەر دەکات، لێی ورددەبێتەوە و هەڵیدەسەنگێنێ و کاتێک لە ڕاستیی نزیکبووەوە ئەوە دەچێتە بواری زانستەوە و لەوێ ڕوونیدەکەنەوە، کە ئەم بابەتە دەبێت لە تاقیگەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و ئەندازەگیری بکرێ و لەڕووی زانستییەوە وردتر و گونجاوتر دەرکەوێ و بسەلمێندرێ..!
هەندێجار ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە دەڵێن فەلسەفە زانست نییە و دووشتی جیاوازن، یان لە فەلسەفەدا گوومانەکان زیاتر بوونیان هەیە و فەیلەسووفەکان زۆرتر هەڵە دەکەن، بەڵام لەم لاوە زاناکان کەمتر تووشی هەڵە دەبن چوونکە ئەوان لەگەڵ بابەتی مادی و ئەزموونی و ئەو بابەتانەی کە دەتوانن دەستیان لێبدەن و بە دەست هەستیان پێبکەن، سەروکاریان هەیە و بەپێی ئەو ئەزموونەی کە لە تاقیگەکاندا هەیانە لە کارەکانیاندا وردتر و سەرکەوتووترن، بەڵام فەیلەسووفەکان بە پێچەوانەوە دەچنە ناو بیری بیرکردنەوەوە، بۆ نموونە ئەندێشە چۆن دێتە ئاراوە و مرۆڤ چۆن بیردەکاتەوە یان کۆتایی ئەم کەونە چۆن چۆنییە و ئێمە لە کوێوە هاتووین و بۆ کوێ دەچین.
 لە ڕاستییدا هەر هەموو ئەمانە بابەتگەلێگی ئالۆز و فراوانن، بەڵام بەگشتی زانست زیاتر ڕوونیان دەکاتەوە و ئەو بابەتانەشی دەچنە بواری زانست و علمەوە ئیتر فڕیان بە فەلسەفەوە نامێنێ و ئەرکی فەلسفە لەوێدا کۆتایی پێدێت و ئەرکی زانستە کە بەرەو پێشەوەی ببات.
زۆر کەسیش پێیان وایە ئیتر فەلسفە ڕۆڵی خۆی لەدەست داوە و گەیشتووەتە ئاستێکی لاواز، ئەوە ڕاستە لەبەر ئەوەی زانست زیاتر پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام لەهەمانکاتدا هێشتا ئەرکی فەلسەفە کۆتایی پێنەهاتووە و زۆر بابەتی دیکە هەن کە تا ئێستاش فەلسەفە لەسەریان کار دەکات، بۆ نموونە ئێمە دەزانین بەهۆی شەپۆلی ئیلیکترۆنی و هێزی ڕاکێشانەوە (موغناتیسی) ڕادیۆکەمان گۆرانی دەچڕێ و ئەو شەپۆلانەش بە هۆی نێنەری ڕادیۆیەوە دەگەنە زاکیرەی ئێمە، ئالێرەدا ئەوەی ئێمە گوێبیستی دەبین پەیوەندی بە زانستەوە هەیە، چوونکە ئەو شەپۆلانە شیاوی ئەندازەگیرین و ڕیکخراون، بەڵام لە ئێستادا بابەتێکی تازەتر هاتووتە ئاراوە بەناوی (تەلەپاتی).
تەلەپاتی بابەتێکی فەلسەفییە و لە ئێستادا لەلایەن فەیلەسووفەکانەوە قسەی زۆری لەسەر دەکرێ کە ئایا ئەم بابەتە ڕاستییە یان هیچ بنەمایەکی درووستی نییە، لەبەرئەوە لەئێستادا زاناکان لە لێکۆڵینەوەدان کە ئەو مرۆڤانەی نە تەلفوونیان پێیە و نە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە چۆن دەتوانن ناڕاستەوخۆ کەم یان زۆر ئاگاداری حاڵی یەکتربن، یان دڵیان خەبەر دەدات و دەزانن نەخۆشن یان لە خەودا یەکتردەیبینن کە تووشی ڕوداوێکی نەخوازربوون، لەبەر ئەوە ئەو پەیوەندییە چییە کە لەمابەینیاندا بوونی هەیە ئایا شەپۆلێکی دیکە هەیە کە تا ئێستا لەلایەن زانستەوە نەدۆزراوەتەوە، ئەمەیە ئێمە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەین و پێی دەگووترێ بابەتی فەلسەفی.
ئەتوانین بڵێن زانست پەیوەندی بە ڕابردووەوە هەیە و ئەو بابەتانە لەخۆدەگرێ کە لەلایەن زاناکان و زانستەوە سەلمێنراون و فۆرموولەکراون و یاسایان بۆ دەرچووە، بەڵام فەلسفە بیر لە داهاتوو و ئەو بابەتانە دەکاتەوە کە لە داهاتوودا دێنە ئاراوە و بوونیان دەبێت و فەیلەسووفەکان دەیانگەیننە بواری زانستییەوە، (عیلمیەوە).
کە ئەم بابەتەتان خوێندەوە ئیتر وانەزانن کە ئیوەش دەتوانن ببن بە فەیلەسووف، لانی کەم ئەو کەسانە دەبێت پلەی پڕوفیسۆریان هەبێت و بتوانن پێشکەوتووانە لە بابەتە زانستیەکان تێبگەن، هەتاوەکوو لەبابەتە زانستییەکان تێنەگەن، دڵنیابن کە ناتوانن لە فەلسەفەش تێبگەن و بیاندۆزنەوە، دووهەزار ساڵ لەمەوپێش زانست و فەلسەفە یەکبوون و زانست وەکوو ئێستا پێش نەکەوتبوو، زانست هەم دەیتوانی لە پزیشکی تێبگات، هەم لە فیزیک و کیمیا و هەم لە موزیک و هونەریش، بەڵام ئێستا مرۆڤایەتی ئەوەندە پێشکەوتووە لە توانەی تاکە کەسێکدا نییە کە لەهەموو ئەو بابەتانە تێبگات..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە