باشوری کوردستان چۆن لە دەست داگیرکاری خۆماڵی رزگاردەبێ؟

Sunday, 03/12/2017, 21:37

3290 بینراوە


کاتیك کە سەردەمی رووخانی دامودەزگای حیزبی بەعس گەییشت، نە بنەماڵەی تاڵەبانی ونە بنەماڵەی بارزانی هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە، چون دەتوانن ببنە رزگاریدەوباس لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بکەن؟ هەر کەس بەرآدەی سەردەرزییەک هزری سیاسی دەمێشکدا بێ باش دەزانێ دەسەڵاتدارانی سەردەستی وڵاتێک بە تفەنگی حیزب ومیزبان ناڕووخێن.بۆیە چآرەسەریی کێشەی کورد کارێکی هاسان نییە. ٢٦ ساڵە دەسەڵاتی کورد دوای نەمانی سەددام تەواوی ئاواتەکانی کوردی لە پێناو بەرژەوەندیەکانی بنە ماڵەییدا بە فیڕۆداوە. خاک دابەش بووە، دەسەڵات دوو ئیدارەییە، دزی دابەش بووە، خۆفرۆشی دابەش بووە،تاڵانی ژێر خانی ئابووریش کەوتۆتە دەست مافیا دەسەڵاتی جووت بنە ماڵە!لەو ناوەدا ئەوەی کە زەرەرمەند بووە خەڵكی بێ تاوانە لە باشووری کوردستان.دوای ڕێفڕآندۆمی بێسوود بارزانی وشکستی ئەو سیاسەتە سەرهیشکانەی کوڕێ مەلای خەتێ، ئیدی ئەو قورساییەی کە جاران لە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی حیسابیان بۆ ئەو دزانە دەکرد نەماوە. نێچیروان بارزانی دوای سووراوسپیاوکردنی دەمووچآوی بۆ خۆ نیشآندان لە سەرمێدیاکان، رۆژ نییە لە بەر عەبادی ودەسەڵاتی بەغدا نەپاڕێتەوە کە: ئەی هاوارو دادوبێدا: مامە مەسعودم ... خوارد. عێڕاق، عێڕاقی فیدڕآڵە وئێمەش هەر نۆکەروعێڕاقییەکەی ٢٤ عەیاری جارانین.وەرن ،وەرمان گرنەوە! کەچی کەس گوێزیشی بۆ ناشکێنێ!
"پەلە قاژەی بنە ماڵەی بارزانی"
دوای ڕیفڕاندۆمی کاک بێسوود وشکستی ئەو ڕیکارە هەڵەیە ، بنەماڵەی بارزانی وتەنانەت تاڵەبانیش بە خێڕایی بەرەو لێژی شکستی سیاسی وئابووری خلۆر بوونەتەوە.دوای کش ومات کردنی بارزانی وکوڕەکەی ، ئێستێ بە ناچاری وبە بێ رەزامەندیی بارزانی ،نێچیروانی برازای بۆتە دمڕاستی ئەو شکستە بۆ سەر لە نوێ هەستانەوە بە رواڵەت سیاسی لە باشووری کوردستان.دەسەڵاتی هەیی لە باشوری کوردستان وێنەی تاعونی لێهاتووە کە جەستەی بۆ گەنیوی خەریکە تان وپۆی وڵات داەپۆشێ. بۆیە ئەو دەسەڵاتە خاوەنی ئەو هێزە نییە کە بەغدا حیسابی بۆ بکا. پێش رێفڕاندۆم وڵات وێنەی نیمچە دەوڵەتێکی سەر بەخۆ رۆژانە بەڕێوە دەچوو،ئێستێ وەک جەستەیەکی شەکەتی لێ‌هاتووە،چۆن بەغدا وەک نوێنەریی سیاسی کورد هەمیسان وەریاندەگرێتەوە. خەڵكیش چۆن دووبارە ئەوانە دەکەنەوە بەرپرسی چارەسەریی بۆ ژیانی سیاسی خۆیان بۆ داهاتوو.بۆیە پەلە قاژەی نێچیروان بارزانی بۆ راستکردنەوەی هەڵەی مێژوویی مامی لە کۆتاییدا بێ ئەنجام دەمێنێتەوە. ئەگەر بەغداش بەو کارە ڕازی بێ، کۆماری ئیسلامی ئەو ئیزنە ناداتە عەبادی.
" باشووری وڵات چۆن زرگار دەبێ؟"
یەکەمجارە لە مێژوودا هەلێکی ئاوا مەزن هەڵكەوت بۆ کورد کە بتوانێ دەگەڵ کۆمەڵگای ناونەتەوەیی سیاسەتێکی هاوتەریب بمەشێنێ وکوردی پێ بگاتە ئامانجەکانی مێژوویی خۆی. بەڵام جووت بنەماڵەی دزسالاری باشوور زۆر نەفامانە سیاسەتیان کردە قەڵغان بۆ مانەوەی خۆیان وگەلیشیان تووشی ئەو رۆژگارە کرد کە لە بەر چآوانە.هەروەک دەبینین ماوەیەکە کۆبونەوە ودانیشتنی چەند قۆڵی وهاتووچۆی بە رواڵەت سیاسی بۆ ناوەندی چەقەخانەکانیان کە ناویان ناوە، ناوەندی بڕیاردان ،هەر بەردەوامە.باس، باسی سیستم یان حکومەتی کاتییە بۆ دەربازبون لەو قەیرانانە. ئەو دیدارانە هیچ سوودێکی ئەوتۆی تێدا بەستە نییە وناگاتە هیچ ئەنجامێک.نێجیروان بارزانی لە ڕێگای گۆڕان ودۆستەکانی دەخوازێ دەروازەکانی داخراوی بەغدا بە رووی بنەماڵەکەی دووبارە بکاتەوە.بە ئاشکرا بە گۆڕان وئەوانی دیکە دەڵێ: یان ئێمەش هەین، یان ئیوەش دەگەڵ خۆمان دەبەینە ژێر ئاو.
هۆیەکەش روونە.بنە ماڵەی بارزانی دە پەلە قاژەی سیاسیدا دەژین. تەواوی حەول وتەقەللایان مانەوەی خۆیانە لە سەر دەسەڵاتی داهاتوو. بۆیە باسکردن لە دەسەڵاتێکی جێگرەوە بە بەشداریی شکستخواردووەکانی پێشوو وەک ئەوە دەچێ کە پەرداخێک ئاو بدەن بە کەسێک وپێی بڵێن: ئەو پەرداخە ئاوە بجوو! لە کوێی دونیادا بینراوە کە لە ماوەیەکی زۆر کورت رێفڕآندۆمێک بەو جۆرە سڕ بکرێ یان دەسەڵاتی بەغدا یەک لایەنە هەڵیوەشێنێتەوە وخاوەن بڕێاردەری رێفڕآندۆمیش وەک جرجە مشک خۆی وەشاردبێ!
لە رێگوزەری سیاسەتی تەواوی دونیادا کاتێک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆڕی هەڵدەوەشێتەو وباس لە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە دەکرێ، بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتدارانی شکست خواردووی پێشوو سنگ ناهێنێتە پێش وداوای بەشداریی سەر لە نوێ بکاتەوە لە دەسەڵاتدا.ئەگەر لایەنەکانی ئێستای باشور دەخوازن جوابێکی سەردەمیانە بدەنەوە دونیای سیاسەتی دەرەوەی باشوری کوردستان نابێ ئیزن بدەن دزەکانی پێشوو تێکەڵاوی داهاتوویەکی نوێی سیاسی ببنەوە. لە دەروەی ئەو دەسەڵاتە ئەگەر ئۆپۆزیسیونێکی کارای هەبێ، پێویستە بە زوویی بیر لە جێگەرەوەی ئەو دەسەڵاتە دۆڕاوە بکاتەوە.
کار لێرە کۆتایی پێ نایە. ئەرکی سەرەکی دەسەڵاتی جێگرەوە، ڕاماڵین ورووخاندنی ئەو سیستمە گەندەڵەیە، یان سیستم بۆ خۆی بە خڕووپتوونی دەست لە کار دەکێشێتەوە یان بە هاندانی شەقام وشەق لە سەر کار لادەبرێ.ئەوکاتەیە کە سەرلە نوێی دامودەزگای دێمۆکڕاتیک ویاسایی وئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتی لە ماوەی ٦ مانگدا دەبێ دابمەزرێ وزۆر چآلاکانە خۆی بە سەر بەغدا داسەپێنێ. ئەو ڕێکارە یانی وەرگرتنەوەی متمانەی خەڵک وناو خۆی وڵات وناونەتەوەیی لە ئاستێكی بەرزدا. جودا لەو ڕێبازە، دبێتە ئەو واتایە کە سەرلە نوێ بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی وگەجەرگۆجەروپیروپەککەوتەی سیاسی ونەخۆش هەمیسان دەبنەوە کەڵەگا لە سەر خەڵکی هەژار.
" ئاکامێکی تاڵ"
باشووری کوردستان خاوەنی هزری سیاسی وهێزی بەڕێوە بردن نییە. ئەو حیزبانە بە چەپ وڕاستی ئەو توانایەیان نییە کە باری قورسی ئەو شکستە مەزنە راست بکەنەوە.خۆزگە من قەت پێش بینی وام نەدەکرد.بنەماڵەی بارزانی وەک بوونەوەرێکی برینداریان لێهاتوە کە بەو زووانە سارێژ نابنەوە. بۆیە زۆر زەحمەتە دەست لە دەسەڵات هەڵگرن.هەر کات هەست بکەن پەراوێزدەکرێن ڕەحم بە هیچ کەس ناکەن. بۆ مانەوەی خۆیان لە سەر هیز پەنا بۆ هەر ئاکارێکی چەپەڵ دەبەن/ لە رابووردووشدائاکاری ترٶڕو ڕفاندن وونکردنی کەسانی ئازادیخواز هەر بونی هەبووە ئەو کارەیان کردوە /. ئەگەر گۆڕان و لایەنگرەکانیان دەتوانن دوای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کاتی، دەسەڵاتی هەیی وەلابنێن وپاشآن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی نوێ وسەردەمیانە خەڵک بێننە سەر شەقام، دەتوانن سەرکەوتویی بە دەست بێنن. دەنا زۆر بە داخەوە باشووری کوردستان بەرەو شەڕێکی دیکەی خۆدڕێن ومەزنتر لە وەی پێشوو هەنگاو دەنێ. هیوادارم بۆ چوونەکەم هەڵە بێ.
"جەوهەری کەلام"
ڕێفڕاندۆم پەیامێکی گرینگی دایە گەلی کورد وپەیامێکی گرینگتربۆ دونیای ئازاد بەوواتایە سیستم بە ڕێبازی عەشیرەگەریی ناگاتە مەبەست. هەروەهادەبێ بزانین بنەماڵەی بارزانی هەر وا هاسان پەراوێز ناکرێن. راگەیاندنی حکومەتێکی کاتی تا هەڵبژارادنی داهاتوو کاتێک سەردەکەوێ کە تاقە یەک کەس لەو بنەماڵەیە نابێ بەشداری لەو دەسەڵاتە کاتیە بکەن.جگە لەوانەش وادیار دەرکەوێ کە دەسەڵاتی بەغداش بە پێی پیلانێکی نوێ قەراری داناوە کە هەر حیزبێک خاوەنی چەکدارومیلیشیا بێ مافی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکان لێ دەسێندرێتەوە. گۆڕان ودۆستەکانی هەلێکی مێژووییان بۆ هەڵکەوتووە تا شێرپەنجەی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی لە سیاسەت دوور بخرێنەوە.پەلە قاژەی بنەماڵە بارزانی تەنیا بۆ مانەوەی خۆیانە. ئەو بنەماڵە کورد فرۆشە بە بێ هێزی چەکداروپارەی دزێتی بەرگەی ٣ مانگ مانەوە خۆیان ناگرن.دامەزراندنی سیستمی رزگاریی نیشتمانی دەبێ بە بێ ئەو دەسەڵاتە دەست بەکارەکانی خۆی بکا. تایبەتمەندیی ئەو ڕێبازە کاریگەریی ئەرێنیش دەخاتە سەر داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان وحیزبە خەسیوەکانی کە چیدی ناتوانن گەمەی سیاسیمان لە سەر بەڕێوە بەرن. هەڵبژاردنی چەند مانگی داهاتوو قسەی زۆری پێیە. ئەگەر خەڵک هەمیسان دەنگ بدەنەوە بەو دەسەڵاتەی ئێستا دەبێ بڵێین: خەلایق هەر چی لایق.
جەعفەرکەریمی
سندوقی: کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە