سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


رێک شاسوار لە برایم زەبۆکی رۆمانی قۆڵبڕەکەی عەزیز نەسین دەچێت!

Wednesday, 06/12/2017, 23:43

11857 بینراوە


بۆ ئەوەی شاسوار عەبدولواحید بناسیت لە پێشدا بڕۆ چیرۆکی برایم زەبۆک  بخوێنەرەوە، لە نووسینی عەزیز نەسین، کە خوێندتەوە، ئەوسا شاسوار دەناسیت، دەزانیت کێێە و چ رۆڵێکی هەیە، بۆت دەردەکەوێت کە شاسوار هەمان ڕۆڵی برایم زەبۆک  لە فرت و فێڵ و قۆڵ بڕین و فریودانی خەڵکی ساویلکەدا دەبینێت.
تەماشای کۆشک و ماڵەکەی بکە، ئایا ئەو پرسیارەت لا دروست نابێت، بڵێیت سەرچاوەی ئەو هەموو پارەیەی کە بە دەستی هێناوە  ئەگەر لە رێگای ناشەرعی و دزیی نەبێت، ئەی بە چی بەدەستی هێناوە؟ کەسێک ناپرسێت، چۆنە شاسوار ئەوەندە بێ شەرمە رووی دێت، باسی نەوەی نوێ دەکات و بۆچی دەیەوێت رێخراو و حیزب دروست بکات!؟ ئەو کە شەرم ناکات، ئەی ئێوە بۆ ناکۆڵنەوە، ئەم شاسوارە چۆن لە پڕێ بوو بە کوڕێ؟! کێ لە پشتییەوە وەستاوە؟ ئایا گومان لەوە ناکەن، دەستێک هەیە یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی خەڵکی چەواشە بکات و سەرقاڵیان بکات، بەم بەزم رەزمەی ناوی ناوە نەوەی نوێ!؟ ئایا کەس لەم کابرایە ناپرسێت: تۆ ئەگەر دز نیت، کێ هەیە چۆن لەژێر دەسەڵاتی مافیاکانی یەکێتی و پارتی پرۆژەیەک دەکەیت، هیچ بەرپرسێک و حیزبێک ئێخەت ناگرێت!؟ ئەگەر بەرپرسێکی دز لەگەڵتدا شەریک نەبێت!؟ بۆچی خەڵک لەم شاسوار زەبۆکە ناپرسێت: تۆ ئەم هەمو پارە و کۆشک و تەلارەت لە کوێ هێناوە؟ جا کە تۆ نەتپرسی کەوایە تۆ کەسێکی ساویلکە و گەمژەیت؟! تۆ دەتەوێت لە داخی دەسەڵاتی مافیا پەنا بۆ دزێکی هەتیومچە بەریت، کاتێکیش رووی ڕاستەقینەیان دەردەکەوێت ئەوجا گەمژەکان وەک مێگەل پەنجەی پەشیمانی دەگەزن و بەدوای شوان و چەقۆی قەسابێکی تردا دەگەڕێن. ئەوانەی تا ئیستا بڕوایان پێیەتی دڵنیایان دەکەمەوە، کە لە کۆتایشدا شاسوار بە داری گۆڵتاندا دەدات.
تەماشای مێژوو بکە مەلا مستەفا دژی یاسای چاکسازی کشتوکاڵیی وەستایەوە، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی جوتیار و ڕەنجبەردا بوو، بەمە کۆمەڵێک ئاغا و دەرەبەگی لە خۆی کۆکردەوە، ناوی لێنا شۆڕش؟ لە کوێی دنیادا ڕووی داوە کەسێکی ستەمکاری خێڵەکی شۆڕش بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی هەژار بکات!؟ هەرگیز لە مێژوودا شتی وا بەرچاو ناکەوێت، کاتێکیش خەڵک دوای ئەم چەواشەکاریە کەوتن، ئەوەبوو لوتیان بە ئاشبەتاڵێکی شومدا تەقییەوە، ئێستاش میللەتێک باجی ئەو ساویلکەیی و بێئەقڵییە دەدات!.
لێ ئێستا خەڵک لە سەرانی مافیا و تاڵانچی یەکێتی و پارتی بێزارە٫ کەچی کەسێکی بازرگانی هەڵتۆقیوی هەتیومچە، بەناوی پشکی چاڤیلاند،قۆڵی دەیان و سەدان کەسی لە سلێمانی بڕیوە، ئەمەشی بۆ چۆتە سەر، وا ئیستا دەیەوێت بە ناوی سیاسەت و راگەیاندنەوە، جۆرێکی دیکە لە دزیی و خیانەت بکات، کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کردۆتەوە تا ئەوانەی کە پارەیان نییە و نەیانخستۆتە پرۆژە بازرگانییەکانیەوە، دەیەوێت سپۆنسەری عەقڵیان بکات و بڕوای پێ بهێنن. کەسێکی بازرگانی قۆڵبڕ چۆن دەتوانێت ژیانتان خۆش بکات!  کە خۆی دز و قۆڵبڕ بێت!؟ چۆن دەتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک فەراهەمبکات، کە لە ئیستاوە بەسەر فەرشی سوردا پێ هەڵبهێنێت، من هەرچەندە لە وێنەکاندا دەیبینم بە کەسێکی نەخۆش دێتە بەرچاوم، کە شەو خەو بە پادشایی و سەرکردەییەوە  دەبینێت و لە خەوییدا خەڵکی لەبەر پێیدا وەستاون، ئەو هەنگاوانەی کە لەناو کۆشک و دەرەوە دەیبینم بە کەسێکی نۆرماڵی نازانم، بە شێت و وێت دێتە بەرچاوم کە حەز و خواستی دەسەڵات هاری کردووە!  ئای لەم مێگەلستانە، کە هەمیشە خۆی وەک مەڕ دەبینێتەوە  بە دوای شوانێکدا وێڵە، کە بیخاتە بەردەم چەقۆی قەسابەکان.

 تێبینی: ئەو تێکستانەی خوارەوەم لە فەیسبوکی چەند بەڕێزێک وەرگرتووە، بە دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە لەسەر برایم زەبۆک نووسیویانە.
* ئیبراهیم زەبۆک / ناوی پاڵەوانە ساختەچییەکەی چیرۆکێکی بە ناو بانگی "عەزیز نەسین"ە کە هەر ڕۆژەی بە بەزمێکی تازەوە کڵاو دەکاتەوە سەر خەڵکیی و خەڵکیش پاش هەر کەڵەکبازییەکی ئەم کابرایە تێر جنێوی دەکەن، بۆ بەیانی جارێکی تر دەکەونەوە داوی پەیمان و درۆکانی، رێک شاسوار عەبدولواحید ئەمڕۆ ئەو رۆڵە دەبینێت.
----------------
ڕۆمانى قۆڵبڕ
ڕۆمانى قۆڵبڕ یەکێکە لەبەرهەمەکانى نووسەرى تورکى عەزیز نەسین لەلایەن عەزیز گەردى بەشێوەیەکى جوان بۆسەر زمانى کوردى وەرگێڕاوە.
ڕۆمانەکە باس لەکەسێک دەکات بەناوى ئیبراهیم زەبووک زادە کە لەشارۆچکەیەکدا دەژى کارى بریتییە لە دەستبڕینى خەڵک بەردەوام لەڕێگاى زمانیەوە بەفرتوفێڵەکانى خەڵکى شارۆچکەکە فریودەدات، وا خۆى پیشان دەدات کە سەرۆکوەزیران و پارێزگار و وەزیرەکان دەناسێت و هەر کارێکى بووێت بەئاسانى بۆى جێبەجێدەکەن، ئەمەش وا دەکات خەڵک ڕووى تێبکەن بۆ ڕایکردنى کاروبارەکانىان زەبوک زادەش بەوەرگرتنى بڕێکى زۆر پارە بەڵێنى جێبەجێکردنى کارەکانیان دەدات، بەڵام هیچ کارێک ڕاى ناکات تەنیا دۆریان لەگەڵ دەکات.
زۆربەى خەڵکى شارۆچکەکە بەکاربەدەستانیشەوە لەلایەن زەبوک زاردەوە قۆڵیان بڕاوە.
ئەم چیرۆکە لەلایەن مامۆستایەکەوە کە تازە هاتووە بۆ شارۆچکە دەگێڕێتەوە بەنامە بۆ هاوڕێیەکى دەنێرێت، مامۆستاکە زۆر دڵ گران دەبێت کە ئەو خەڵکە لەلایەن زەیوک زادەوە فریو دەدەرێن زۆرجاریش خەڵکەکە هەڕەشەوگوڕەشە دەکەن دەڵێن دەبێت لەناوى ببەین، بەڵام کاتێک دەچنە لاى دووبارە فریو دەدرێن.
ئەم ڕۆمانە ئاماژەیەکە بۆ خەڵکێکى ناسادەو ناهۆشیار کە چۆن لەلایەن کەسانى قۆڵبڕەوە فریو دەدرێن ژیانى خۆیان دەدەنە دەستى کەسێکى دەستبڕ.
پێشەکى عەزیز نەسین بۆ ڕۆمانەکە بەمجۆرەیە:
(کۆمەڵ باشترین مامۆستایە کە دەرزى ژیانمان فێردەکا، لەم دونیا تێکەڵ و پێکەڵەیەدا کەسانى جۆراوجۆر زۆرن.هەر کەسە بیرێکى لەسەر و سەودایەکى لە دڵدایە.
جا دەبێ هەر چاوێکمان بکەینە چوار چاو ئاگادارى خۆمان بین.
قۆڵبڕەکان دەورگێڕى شانۆى پیس و کرێتى ئەم کۆمەڵەیەن کە لەوڵاتى ئێوە، لەشارى ئێوە، لەگەڕەکى ئێوەو بگرە لەماڵى ئێوە خۆیان دانووساندووەو داویان داناوەتەوەو خۆیان بۆ ڕاو ئامادەکردووە.
ئەو قوڵبڕانە، ئێمە دروستیان دەکەین ... ئەگەر ئێمە کارمان دروست بێ، ئەگەر پێویستمان بەوە نەبێ بەڕێی ناڕەوا یچینە پێش، قوڵبڕ پەیدا ناین بۆ ئەوەى ببن بە بەڵاى سەرى خۆمان و کۆمەڵەکومان)
شایەنى باسە دراماى نامەکانى ئەشرەف، کە چەند ساڵێک لەمەوپێش نمایشکرا لەم ڕۆمانەوە وەرگیراوەو ماهیر حەسەن ڕۆڵى ئیبراهیم زەبووک زادەى دەبینى.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە