کورتەیەک لە مێژووی" رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە".(بەشی یازدەهەم)

Saturday, 09/12/2017, 21:50

3079 بینراوە


شانۆگەریی یەکگرتن و یەکگرتنەوە:
سەرەتا پێویستە،ئاماژە بە راستیەک بکەم. لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتانەی بەردەوام ،لەمەڕ گۆنگرەی یەکگرتنەوە بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سۆکسە و ئەندامانی کۆمیتە دەماننارد،هاوبیران زانیاری دروست و وێنەیەکی گشتی یەکگرتنەوەیان لا دروست بوو. 
لەگەڵ ئەوەشدا،بەشی زۆری دید و بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون، متمانە و باوەڕ کز بوو بە لایەنەکانی تری بەشدار و ئامادەی یەکگرتن. بۆیە بە باش زانرا، یەک دوو رۆژ پێش کۆنگرە، هاوبیران بێنە بەرلین و لە کۆبوونەوەیەکی فراوان دا بە تێروتەسەلی هەڵسەنگاندنێکی وورد بۆ سەرجەم خاڵ و پرسەکانی مەسەلەی یەکگرتن بکەین. ئەوە بوو بڕیاردرا چەند رۆژێ بەر لەبەستنی کۆنگرە،هاوبیران ئەوانەی دەتوانن بەشساری بکەن،بە پێی گونجان و بۆ لوان،بێن بۆ بەرلین،کە هەم کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی لێ بوو، هەمیش کۆنگرەی یەکگرتنەوەی تێدا ساز دەکرا.
هەروامان کرد، و بەشی زۆری هاوبیران و هێندەک بە نوێنەرایەتی لق و وڵاتەکان ئامادەبوون. کاک ئازادیش، وەک نوێنەری پاسۆک،ئامادەبوو، کە خۆی لە مێژبوو بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی لە وڵاتی سوید بوو،یەک دوو هەفتە پێش کۆنگرە بەسەردان هاتبووە بەرلین بۆ لامان. لەتەک ٣٨ هاوبیری ئامادە بوودا، دیارە بەشێکی هاوبیرانمان ئەو کاتە لەبەر نەبوونی پەساپۆرت و مافی نیشتەجێبوون،نەیانتوانی بەشداری بکەن.
کاتێ دەستکرا بە کۆبوونەوە. خوێندنەوەیەکی باشی پرسەکە کرا و، وێنەیەکی دروستی سەرومڕی باس و هەڵوێست و ئەگەرەکان خرایە بەردەم چاوی هاوبیران. دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنێکی تێروتەسەلی هەموو دیوەکانی مەسەلەکە،کاتێ هاتینە سەر گوێ گرتن لە بیروڕای تاکە تاکەی هاوبیران،سەرجەمیان بە گومان بوون و دەسڵەمینەوە لە لایەنەکانی دیکە، جگە لە بەند و هاوبیر عوسمان تۆفیق ـ دیارە بە سەلماندی سێ مەرجە سەرەکییەکەمان لە لایەن ئەوانەوە ئەوانیش: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و داننان بەوەدا کە کوردستان کۆلۆنییە و زەمینەی فیکری رێکخراو دەبێ کوردستانی بێت  بە گشتی و دەرەتانی کوردایەتی کردن بەتەواوی هەبێت. ئینجا ئێمەش رازین و بە باشی دەزانین یەکبگرین. ئا لێرەدا دوو خاڵ بۆ مێژوو تۆمار دەکەم :
یەکەم، لە حاڵەتی سەلماندنی ئەو مەرجانەی سۆکسەدا،ئێمە پێمان وا بوو هێڵە گشتییەکانی سیاسەت و ناوەڕۆک و سیمای کۆمەڵە بە هزری کوردستانی رەنگڕیژ کراوە.ئەمەش دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆ دۆزی نەتەوایەتیمان. 
دووەم،مڕخمان لەوە خۆش کرد بوو، بە هاوکاری ئەکسا،کە لە رووی فکرە زێتر کوردستانی بوون و لە ئێمەوە نێزیک بوون،لە ئایندەدا لە رێگای لقەکانەوە، کە ئەندامانی هەردوو لامان لە وڵاتەکاندا زۆر چالاک و دڵسۆزبوون،دەتوانین باڵادەستی بەسەر رێکخراوەکەدا بەدەست بهێنین،ئەمەش هەر یەنیا بە ئامانجی ئەوەی کۆمەڵە ڕۆڵی مێژوویی خۆی وەک رێکخراوێکی کوردستانی بگێڕێ و کاریگەڕێتی ئایدۆلۆژی بە تایبەتی هی کۆمەنیستەکانی بەسەرەوە نەبێت. ئەو رۆژگارە هێزە ئیسلامییەکان ئامادەییان نەبوو.ململانێ لە نێوان کوردایەتی و مارکسایەتیدا بوو.
 ئەوە بوو  سەرجەم هاوبیرانی تر ، هەر بە گومان بوون لە یەکگرتن و باوەڕیان پێی نەبوو. پێیان باش بوو، بایکۆتی یەکگرتنەوە بکەین.
لە ڕاستیدا هەڵوێستەکەی بەندە و هاوبیر عوسمان، بەرئەنجامی ماندووبوون و ئامادەکاریی و بەشداریی زێتر لە ٢ مانگ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە و لە هەموویشی گرنگتر، چوونمان و تێکەڵبوونمان بەو هەموو خوێندکار و لاوانە، زەمینەیەکی فراوانتری کار و چالاکیمان بۆ هەڵدەکەوێ. ناکرێ حاشا لەوەش بکەین،کە ئیدی بێزاربووین لە پچڕپچڕی ریزەکانی خوێندکاران. ڕەنگە بڕەکیش خۆشباوەڕی لە دیدی کوردایەتییەوە پێوە بووبێت.
کاک ئازاد مستەفا،کە وەک میوانێک ئاگاداری سەروبەری دانوساندنەکان بوو، لەسەر داوای هاوبیران،دوای ئەوەی گوێی لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن و بۆچوونەکانی ئێمە بوو،بە چەند قسەیەک بەشداری کرد. سەرەتا ووتی:
 من دەست ناخەمە ناو کاروباری ئێوەوە،خۆتان بڕیار بدەن چی دەکەن.بەس قوربانتان بن،هاوبیرانی کوردستان لە خەیاڵی خۆتان دەرنەکەن و بارودۆخیان لەبەرچاو بگرن. ناحەز و نەیارمان زۆرەوە،لە هەموو لایەکەوە بە جۆرەها بڕوبیانووی پووچەڵ شەڕمان پێدەفرۆشن و بەربەرەکانیمان دەکەن. لێ لە ناواخنی گووتەکەیدا،ئەویش بەشداری کۆنگرە و یەکگرتنی پێ باش بوو، دەیگووت خۆتان چالاک بن، وەک هاوبیران ئاماژەیان پێدا، لە لق و وڵاتەکاندا، لەگەڵ ئەکسادا، دەتوانن رۆڵی باش بگێڕن و پرسی یەکگرتنیش، بڕیاری بەرەی کوردستانییە. ڕەنگە سەخت بێت بۆ ئێمە و ئێوە بەشداری نەکەین و خۆمان وەتاق بخەینەوە. جگە لەمانەش،ئێوە دەزانن  ئێمە یەکگرتن دروشم و داواکاریی و خەباتمان، نەک هەر زەحمەتە بەشداری پرۆسەیەکی وا نەکەین،بەڵکو لۆژیک و دروشم و مێژووشمان لێمان قبووڵ ناکات دوا بکەین خۆما ڕیزپەڕ بکەین. 
ئەو کاتە پاسۆک زۆر لە ی.ن.ک ە وە نێزیک بوو،یەکێتی دروشمی مافی چارەی خۆنووسی بڵند کردبۆوە. هەرچەندە کەمێک لاستیکی و تەمومژاوی بوو، لێ دیسان ئێمە پێمان وابوو لە رووی ناویشەوە بێت،پلەیەک لەسەرووی حوکمی زاتی و ئۆتۆنۆمییەوەیە. ئەکساش چالاک بوو ،سۆکسەش پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵیاندا هەبوو. ئەمە هیوایەکی گەورەی سۆکسە بوو، لە پرۆسەی یەکگرتندا، بەو هەموو تێبینییانەشی کە هەمان بوو.
سەرئەنجامی سووربوونی ئێمە لەسەر بایەخی ئامادەگی، بەشداری کۆنگرەمان کرد، بێ ئەوەی بڕیاری ئەرێنی و نەرێنی خۆمان پێش وەخت دابێت. چونکە بڕە بابەت و خاڵێکی هەڵواسراو مابوون،بڕیار بوو لە کۆنگرەدا یەکلایی بکرێنەوە.
هەردوو KSSE و AKSA هەرچی هەیان بوو لە ئەندامان،بە هی مەکتەبی سیاسییەشەوە، هێنابوویانە هۆڵەکەوە: هوشیار زێباری، تاریق ئاکرەیی، پیرۆت ئەحمەد،محەمەد ساڵح جومعە و رۆژی نوری شاوەیس و...هی پارتی،رەنشادان د.کەمال فوئاد،عومەر دەبابە،شازاد سائیب،عومەر شێخ موس،سەعدی پیرە و... هی یەکێتی و جەوهەر شاوەیس و چەند ئەندامێکی تری  سەرکردایەتی حشع، ئامادە بوو. بایەخی ئەم یەکگرتنە و لە دیدی ئەوانە، لەودا خولی دەخوارد،کێ باڵادەستی بەسەر کۆمەڵەی ئایندەدا دەبێت،بە واتایەکی دیکە کێ براوەی ئەم پێشبڕکییەیە.
پارتی و حشع، چ لە وڵات و چ لەدەرەوە سەریان کردبوو بەسەری یەکتردا و گەمارۆی یەکێتی یان دا بوو. کەواتە هەردوو مەڵبەندی بەرلین و پراگ،خۆیان گیڤ دەکردەوە، دەست بەسەر کۆمەڵەی داهاتوودا بگرن. ئەکساش ئەمەی دەزانی و بە ئاسانیش نەیدەویست ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بڵند بکاتەوە. ئەکسا،گیرۆدەی دەستی رێکەوتننامە بەدناوەکەی " لقاء الرفاق" و ئیمزاکەی مام جەلال بوو. دەنا ئەکسا بەو هێز و پێزەی هەیبوو،هەرگیز ئامادە نەبوو، شتگەلێکی وا بە سانایی قبوڵ بکات.
حشع، لە رووی ئیدۆلۆژییەوە بەهێز بوو، نەخشی خۆی لەسەر پارتی دانابوو. پارتی بێ حشع نەیدەتوانی یەک هەنگاو بنێ. حشعیش پشتی بەهێزی سەربازی پارتی و پێوەندییەکانی بە ئێرانەوە بەستبوو. یەکێتی دوای رووداوەکانی پشتئاشان و گەمەی موفاوەزاتی ١٩٨٤، هێشتا تای تەرازووی نێوخۆیی و نێوچەیی سووک بوو، ڕاست نەبوو ببوەوە.
یەکێتی و ئەکسا ، لە ئێمەوە زۆر نێزیک بوون، بەشێکی باشیان لە ڕووی بیروباوەڕەبوو، بەشەکەی تریشی ناچارانە بوو. لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵێ بیروبۆچوونی هاوبەشمان لەسەر پرسەکان وەک یەکی لێهاتبوو. ئەکسا دەیویست هێز نمایشت بکات و بڵێ هەم و ئامادە نیم بە هەموو شتێکی دوو لایەنەکەی تر ڕازی بم، بۆیەکا بەردەوام  ململانێیان دەکرد و دەیانویست بەرگری بکەن. لێ سەرباری هەموو وزە و چالاکی و هۆشیارییان،وەک ئاماژەمان پێدا، ئەکسا سنووری هەڵسوکەوتیان دیاری کرابوو،چاوەڕێ بوون، لە دوجاردا یەكێ لە بەرپرسەکانیان چرای سەوزیان بۆ داگیرسێنێ، تاوەکو فەرمانی لقاء الرفاق، جێبەجێ بکەن. 
کۆنگرە رۆژێ لە لایەن مامۆستا پیرۆت و رۆژێ لە لایەن سەعدی پیرە و دوا رۆژیش شێرزاد قازییەوە بەڕیوە برا.
لە گوتاری کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەخێرهێنانی میوانەکان، کە لەلایەن شێخ عەلی مەڵبەندی پراگەوە خوێندرایەوە، ناوی کاک ئازاد،وەک نوێنەری پاسۆک بە مەبەست نەهێنرا. ئێمە بەمە زۆر زۆر دڵگران بووین و بە توندی و  رەقی رەخنەمان لێ گرت و داوای لێبووردنیان کرد و پاشان بە تایبەت بەخێرهاتنی کاک ئازادیان کرد. کارەکانی دیکە لە کەشوهەوایەکی گرژی بارگاویدا،بەڕێوە چوو. ئەوان تۆقیبوون لەوەی، ئێمە دەستیان ئاشکرا بکەین و لقاء الرفاقی پڕ لە شەرمەزاریی بخوێنینەوە و بڵاو بکەینەوە. 
خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا شایانی ئاماژە پێدانە، ئەوەبوو رۆژی دووەمی کۆنگرە،٢٠/٨/١٩٨٨، رێکەوتی وەستانی شەڕی ئێران و ئێراقی دەکرد. لە کۆنگرەدا باسمان لەوە کرد،با رۆژی دووەم سەرلەبەیانی بەر لە دەستپێکردنی کۆنگرە،خۆپیشاندانێک ساز بدەین و سەرنجی رای گشتی ئەڵمانی و جیهان بەلای ئەو شەڕەدا راکێشین،کە لە کوردستان دژ بە گەلەکەمان بەرپا کراوە. هەردوو مەڵبەندی بەرلین و پراگ،رازی نەبوون و هەر کارێکی لەو چەشنەشیان بە دژی ئاشتی جیهانی و شورەوی دەدایە قەڵەم. بەڵام سۆکسە لەگەڵ برادەرانی ئەکسادا و لاوانی سۆسیالیست بڕیارمان دا،بە تەنیا ئەو کارە بکەین. ئەوە بوو بەیاننامەیەکمان دەرکرد و رۆژی دووەمی کۆنگرە،بەشێکی کاتەکەمان بۆ خۆپیشاندان تەرخان کرد و لە نێوەڕاستی شاری بەرلین خۆپیشاندانێکمان سازدا و داوای وەستانی شەڕی دژ بە کوردستانیشمان کرد و دەمانگووت شەڕی کورد کۆنترە لە شەڕی ئێران و عێراق. نێزیکی ١٣٠ ـ١٥٠ کەسێک ئامادەی خۆپیشاندانەکە بووین. بەداخەوە ئەو بەیاننامەیەمان لە ئەرشیفدا نەماوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە