ئۆرشەلیم پایتەختی جێناکۆکی ئیسرائیل و فەلەستین، یان پایتەختی هەمیشەیی جوولەکە و گەلی ئسرایل

Monday, 11/12/2017, 2:34

5055 بینراوە


نیازگوزاری ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باڵوێزخانەکەیان لە شاری تەلئەڤیڤ- ـەوە بگوێزنەوە بۆ شاری ئۆرشەلیم بگرەوبەردە و خۆسەغڵەتکردنێکی گەورەی لە جیهانی ئیسلامی و لە ووڵاتە عەرەبیەکاندا ناوەتەوە. ئەم خۆگیڤ-کردنەوەیە بریتیە لە "هەراهەرایەکی زۆر لە پێناوی هیچدا" و هەڵوێستێکی نامۆ و بەدەر لە  تێگەیشتنی لۆژیک-یمەندانەیە.
یەکەم: شتێکی زۆر ئاساییە و لە بوار نۆرمی نێودەوڵەتیدایە کە هەموو ووڵاتان باڵوێزخانەیان وەکو نوێنەری فەرمی خۆیان لەدەرەوەی ووڵات لە پایتەختی ووڵاتانی تر نیشتەجێ دەکەن. ئۆرشەلیم  لە دوای درووستبووني دەوڵەتی نوێی "ئیسرائیل"، لە ساڵی ١٩٥٠ ـەوە بە فەرمی کراوە بە پایتەختی ئەو ووڵاتە. کەواتە زۆر ئاساییە کە بارەگای باڵوێزخانەی ئەمەریکا و هەموو ووڵاتاێکی تری جیهان لە پایتەختی ووڵاتی ئیسرایل جێگیر بێت.
دووهەم: شاری "ئۆرشەلیم" ٢٦٠٠ ساڵ پێش سەرهەڵدانی ئیسلام – واتە ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین وە پێش ئەوەی ناوی ئیسلام و عەرەب لە کوولەکەی تەڕیشدا هەبووبێت – پایتەخت و شاری پیرۆز و رۆحانی و ئیلهامی ئایینی جولەکە بووە. عەرەبەکان وە ئیسلام دوای داگیرکردنی ئەو سەرزەمینە بە رەسەن جوولەکەیە لە ساڵی ٦٣٧ ی دوای زاین (بە سەرلەشکرایەتی ئەبو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح / لە سەردەمی خیلافەتی عومەری کوڕی خەتاب) دەستیان کرد بە بەعەرەبکردنی (تەعریب) ئەو ناوچەیە و ناوی شارو شارۆچکە و دێهاتەکانی، وەکو چۆن هەمان کاریان لە کوردستاندا کردووە و ئێستایش بەردەوام دەیکەن. ووشەی "قودس" کە ئیستا عەرەب و ئیسلام بە سەر شاری "ئۆرشەلیم" یاندا سەپاندووە، تەرجومەی دەقاودەقی ووشەی "ئۆرشەلیم" ـە کە پێش ٢٦٠٠ هەبووە و لە ئارادا بووە. ئۆرشەلیم بە بەڵگەنامەوە لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ پێش زایینەوە ناو براوە و ژینگەی گەلی ئیسرائیل و کەنعانیەکان و فیلیستەکان بووە. ناوی "ئۆرشەلیم" (بە زمانی عیبری: یێروشەلاییم - יֶרוּשַׁלָים) لە دوو ووشەی عیبری پێک هاتووە: "یرو – واتە دامەزراو، وە یان شار" وە هەروەها "شەلایم – واتە خوداوەند"، ئەمەش یانی "دامەزراوەی خوا" ویان "شاری خوا". هەروەها مانای "شاری ئاشتی" یش دەگەیەنێت (شالۆم - שַלוֹם: ئاشتی)، وە یان " עִיר מִקדָשׁ – یێر میقداش / شاری پیرۆز" (عەرەبێ:-- المدینة المقدسة / القدس).
شاری ئۆرشەلیم لەسەردەمی مەلیک "داڤید" ـەوە پایتەخی ووڵاتی بەنی ئیسرائیلە. بەڵام عەرەب و ئیسلام  دوای زەوتکردنی سەرزەمین و خاکی نەتەوە و گەلانی تر و گۆڕینی خەسڵەتی رەسەنی ئەو نەتەوانە، مافي خاوەنداریی تەنیای خۆیان لەو خاکانەدا دەسەپێنن و داوای دەکەن، وەکو چۆن ئێستا لە کەرکوک و ئە ناوچە رەسەنە کوردیانەی کە ناونراون "ناوچە جێناکۆکەکان" دەیکەن. 
سێهەم: ئەم هەرا هەراو خۆگیڤکردنەوەی عەرەب و ئیسلام بە گشتی وە هەروەها ووڵاتانی عەرەبی جیهانی ئیسلامی بە تایبەتی تەنیا هەڵچوونێکی کاتیە و رەنگە لە سەرتەدا هەندێ توندوتیژی وبەیەکدادان و بریندار و کوشتاریشی لێ بوەشێتەوە، بەڵام پاش ماویەکی کورت "بوونی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل" دەبێتە فاکتێک وەکوو چۆن "بوونی دەوڵەتی ئیسرائل" فاکتێکە رەتبوونەوەی نیە، لە کاتێکدا کە جیهانی عەرەبی لە سەرەتادا تێکڕا ئیدیعای ئەوەیان دەکرد، کە لە ماوەیەکی کورتدا جوولە لەسەر عەرزی ئیسرائیل بەرەو دەریا رادەماڵن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە