کاراتی چی پێبەخشیم ؟

Friday, 15/12/2017, 20:02

7650 بینراوە


کاراتی(Karate 空手)
لە گەشتێکم بۆ ئیرلەند بەر لەچەند ساڵێک نوسراوێکی خوارو خێچی سەردیوارێک لە شاری دبێلن سەرنجی ڕاکێشام کە نوسرابوو
We are ready for war, we are ready for peace
"ئێمە ئامادەین بۆ جەنگ، ئێمە ئامادەین بۆ ئاشتی"
بەڕاستی ئەم نوسراوە نازانم کێ یان چ هزرێک لەپشتێوەی وەستابوو، بەڵام کاراتی یان هەموو " ھونەری جەنگ- مارشیال ئەرتس" هەمان شێوە، یان واتای هەیە بۆ ژیان .واتە تۆ هەمیشە ئامادەیت بۆ جەنگ، وەئامادەشی بۆ ئاشتی . کەدەڵێن جەنگ مانای خەڵک داپۆسین نییە، بەڵکو جەنگ دژی نەهامەتی هەژاری ڕووداو نەخۆشی برسێتی و تینوێتی، جەنگ دژی هەموو هەڵچون و داچونێک، شکست تێکت ناشکێنێت، سەرکەوتنیش بوغرات ناکات، گەر لەفەلسەفەی هونەری جەنگ بگەیت.
 بەر لە ١٧ساڵ لەڕێگەی هاوڕێیەکمەوە بڕیارم دا کە دەستبکەم بە ڕاهێنانی کاراتی، پێشتر زۆر ڕێگەم تاقی کردوە و زۆر کەرەسەی وەرزش کردنم کڕی و چەند جارێکیش لێرەو لەوێ دەچومە کۆرسی چەند مانگەی جیمەکان و چەند شێوەیەکیشم لەکۆرسی بەرگری کردن لەخۆ ت و ڕاکردن و مەلەکردن هتد .... تاقیکردۆتەوە بەڵام هیچی تاسەر نەبوو، بگرە تەنها خۆم هەڵدەخڵەتان و یاریم بەکات و بە خۆم دەکرد . دواجار لەڕێگەی هاوڕیەکمەوە چومە کاراتی، پاشان هەستم کرد ئەمە ئەو جێگەیەیە کەمن بەدوایدا دەگەڕێم، ئەم ڕووداوە ڕێک بۆ من لەدۆزینەوەی گەنجینەکی بەنرخ دەچوو، چونکە لەمێژبوو حەزم بەوە دەکرد کە ڕۆژێک بێت بتوانم هونەرێکی جەنگ، لەڕووە ئەکادیمێکەی فێربم، بەڵام بوارێکی وام بۆ نەڕەخسابوو، ڕاستر بڵێم وەک زۆربەمان منیش حەزم دەکرد لەپڕێک فێربم و هیچ خۆم بۆی ماندوونەکەم، یان وەک شتێک بیدۆزمەوە و ئیتر ببمە خاوەنی، دیارە زۆرجار دۆزینەوەی کاڵایەک چەند بەنرخیش بێت، لەلەدەستدانی زۆر نیگەرانیت ناداتێ چونکە دۆزیوتەتەوە. 
کاراتی ستایلی زۆرە. بەڵام هەموو یان لەکۆشی دایکێک بەدنیا هاتوون، بەر لەوەی باسی بکەم کە کاراتی چی بەمن بەخشیوە؟ دەمەوێت باسێکی کورتی مێژووی و فەلسەفی ئەم هونەرە بکەم، چونکە هیچ گەلێک بەقەدەر گەلی ئێمەو تاکی کورد پێویستی بەو هونەرە نییە، ئەم هونەرە هەرکام لەستایلەکانی بێت، مرۆڤی باڵا دروست دەکات . فێری دەکات کە خاوەنی خۆی بێت، لەساردو گەرمای ژیان و ڕووداو کارەساتەکاندا خۆڕاگربێت. پێویست ناکات بەهێز بیت، بەڵام پێویستە هەست بەبەهێزی بکەیت . 
 کاراتی، یان کاراتی دۆ، چییە ؟ 
کاراتی .دۆ ووشەیەکی لێکدراوی "ژاپۆنی"یە بەمانای دەستی بەتاڵ .کارا: بەتاڵ، تێ دەست، دۆ، ڕێگا شێوەی ھونەری جەنگ یان " مارشیال ئەرتس " کە رێگایەکە لە‌جۆرەکانی‌ ھونەری بەرگری لەخۆکردن. لەبواری فیزیکی و دەروونیەوە، کەوا لەمرۆڤ دەکات، بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ھەموو کۆسپ تەگەرەکاندا کەدێتە ڕێگەی، ‌لە کاتی بەرگری لەخۆکردن یاخود خۆیاراستن تا کاتی پێویست بۆ ھێرشبردن . پاشان توانای ئەوەی ھەبێت کە بتوانێت پەیوەندییەکی زۆر باش پەیدا بکات، لەنێوان لەش و مێشکدا، و هۆش و بیری پتەوبێت و ماسولکەکانی لەشی ئامادەی بەرگریان هەبێت و زوو ماندوونەبن، لەکاتی گرژی و ھەڵچوون و داچووندا. 
لەکاراتیدا چەند بنەمایەک هەیە کە راهێنانی لەسەر دەکەیت و دەبێتە نەخشە ڕێگای وەرزشکردنەکەت .
* بەرگری لەخۆ کردن لەکاتی پێویستدا.
* ڕاهێنان و پێشبڕکێ کردن بۆ هاندانی وەرزشی. 
* چالاکی جوڵەکان کە پێی دەوترێت فۆڕمی کاراتی "کاتا " یاخود جۆرەکانی شەڕی دووکەس یان زیاتر هێرش وە بەرگری کردن . 
* فێربوونی جوڵەکا ن و ئەو سیستەمە ماتماتیکیەی کە جوڵەکانی لەسەر بینا کراوە .
* چۆنێتی هەناسە وەرگرتن و هەناسەدانەوە، بەشێوەیەکی تەندروست .
* بڕوابوون بەخۆ و دان بەخۆدا گرتن .
*ڕاهێنانی لەش لەسەر باری گرژی و خاوی .
* دورکەوتنەوە لەشەڕێک کە لاوەکین و تەنها ئازاری ڕۆحیت دەدەن .
هەموو یەکێک لەو خاڵانە بگرە زۆرتریش دەتوانین لەزۆر سەرچاوە کە باسی ئەو هونەرەدەکات بەدەستبێنین، بەتایبەتی ئەگەر زمانێک جیا لەکوردی بزانین، چونکە ئێمە لەزمانی کوردیدا هیچ لەو فۆڕمانەمان نی یە کە لەڕاهێنانەکاندا پراکتیسێرەی دەکەین، لەکاتی وەرزشدا . من بۆخۆم ماوەیەک کەڵکەڵەی وەرگێڕانی کتێبێکی مامۆستاکەم کەوتە مێشکەوە، هەرچەندێکم کرد نەم توانی خۆم لەقەرەی بدەم، چونکە ئێمە لەکوردیدا تەنها چەند ناوێکمان هەیە بۆ لێدانی دەست و قاچ . بەڵام لە کاراتیدا کە زمانەکەی ژاپۆنی یە هەر جوڵەو ناوێکی هەیە، ئەمە گرفتە دەبێت ڕوونی بکەیتەوە، ئەوسا مافی خۆی نادەیت بە تەکنیکەکە، بۆیە وازم لەو خەونە بچکۆلەیە ‌هێنا، بەهیوام کەسانی شارەزا تر بێن و خەریکی ئەو کارەبن . 

زۆربەکورتی مێژوو ی" هونەری جەنگ"
ئەم هونەرە مێژوو یەکی دێرینی هەیە، لەهندستانەوە لەسەر دەستی "تامۆداروما" دەستی پێکردوە و پەرەی پێدراوە لە پەرستگاکاندا، لەو دەمەدا بۆ بەهێزکردنی لەش و مێشک بوە، زیاتر یۆگا یان مەدیتێشنیان ئەنجامداوە، لە کاتی نزاو خواپەرستیدا ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانیان کردوە، کە بڕوایان وابوە کە لەڕێگەی ئازار جەستەوە، ڕۆح ئاسودە دەبێت و مانایەک دەدات بەژیان. ئەم هونەرە لە ٣٠٠ زایندا زۆر بەرچاو بوە لەهندستان، پاشان بەرەو ناوەڕاستی چین چووەو لە ٥٠٠ زایندا بەرەو ئاسیا و دەوروبەری چووە. 
 من بەرلە چەند ساڵێک لەکەمپی هاوینەی کاراتیدا کە دوایی سمیناری ماستەرێکی کاراتی بوو لەئێوارەیەکدا ماستەرەکە وێنەی پەیکەرێکی پیشان داین کە دووپاڵەوان لە" میسۆپۆتامیا" بەر لەزاین واتە بەر لەمێژووی هندستان زۆرانبازی دەکەن و پەیکەرەکە لە وێ دۆزراوەتەوە، ڕەنگە کوردستانی ئێمەبێت، نایزانین؟ بەهەرحاڵ مێژوو باس لەهندستان دەکات کە ئێستادا .
 پاشان ئەم ھونەرە لەووڵاتی چین‌ پەرەیپێدراوەو پێشکەوتووە‌. لەوکاتانەدا دەستەڵاتدارەکان لەچین ھەموو جۆرەچەکێکیان لەخەلکانی ئەم ووڵاتە قەدەغەکردبوو، لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ یەکتری، پێچەوانەی دەسەڵاتداران خەڵکەکە لەکاتی ململانێدا لەگەڵ یەکتردا پەنایان بۆ جۆرەھا چەکی کوشندەتردەبرد وەک:تەور، داس، چەقۆ، گوریس، خاکەناز، پاچ ھتد..کە ڕۆژانە لە کێڵگەو شوێنی کارەکانیان بەکاریان دەهێنا.
 لەچین لەجێگە شاخاوێکاندا دەست زیاتر بەکار هێنراوە، لە جێگە نزمایەکانیش یان تەختەکاندا قاچ زیاتر ڕۆڵی ئەم هونەرەی بینیوە.
 ھەرچینەوە ئەم هونەرە بەرەو دوڕگەی" ئۆکیناوا" لە ژاپۆنی چووە.‌ لەسەردەستی چەندین ماستەر راھێنەرو پسپۆڕانی ئەم بوارە گەشەی کردوە و لەوسەردەمەدا‌ گرنگی پێدراوە و ناوی کاراتی وەک هونەری جەنگ بەسەردا بڕاوە. مێژووی چونی ئەم هونە بۆ ساڵانی ١٨٠٠ کان دەگەڕێتەوە .
 پاشان چەندین ستایلی تر لە دوڕگەی ئۆکیناوا ی ستایلی لەجۆری (ناھا-تێ، شوری-تێ و تۆماری-تێ )
 دروست کراوە و ئێستا لەئۆلمیاتدا هەندێک لە ستایلەکان بەشدار دەبن، لەئاسیادا هەر ووڵاتە جۆرێک لە ستایلی خۆی هەیە . بگرە هەر چەند ماستەرێک جۆرێک لە ستایلییان دروستکردوە، بەڵام هەموویان یەک بنەمایان هەی . 
 مێژووی هونەری جەنگ پڕێتی لەچیرۆکی سەرنج ڕاکێش، کە لەئەژدیها، مار، پڵنگ، مەیمون، باڵندە، وەرینی گەڵا یان هەموو ئاژەڵێک و هەموو جوڵەی ئەوانە، بووە بەکەرەستەی فۆڕمی جوڵەی هونەرەکە .
ئێستا دەڵێم کاراتی چی بەمن بەخشی؟
بەر لەهەر شتێک من ڕێگەم کەوتە قوتابخانەیەک کە ستایلی "وادۆکای" ڕاهێنان دەکەن، منیش ماوەی ١٧ساڵە بەردەوام ڕاهێنان دەکەم، هەمیشە وەک ئەرک بەس بوارم بۆ بڕەخسێت، ڕاهێنان دەکەم و خۆم لەو دنیا جەنجاڵە پڕ ڕیاکاری و قین و ترسە دوردەخەمەوە، ماوەیەک گەر کەمیش بێت دەچمە ناو دنیایەک کە هەست دەکەم تێیدا مرۆڤم، دەتوانم شەڕبکەم، بەڵام نامەوێت کەس ئازار بدەم، چونکە لەئازاردانی خەڵکدا هەست بەدڕەندەبوونی خۆم دەکەم، من لەنیشتمانی شەڕەوە هاتووم و لەناو شەڕدا دەیان چیرۆکی خوێن و تراژیدام چنیوەتەوە، گەر کاراتیم نەکردایە ڕەنگە ئێستا ژیانم بەئاقارێکی تردا بڕۆشتایە کە مێژووی ژیانیشمی دزێوبکردمایە . 
لە کاتی ڕاهێناندا هاوڕێکانم "گەنج، پیر، نێرو مێ، دکتۆر، پۆلیس، بەڵێندەر، کرێکار، شوفێر، قوتابی زانکۆ، یان ئامادەی، ڕۆژنامەنوس، خاوەن کۆمپانیا، دیندار، بێدین، منداڵ، هەموومان پێکەوە ڕاهێنان دەکەین . 
لەوێ بێدەنگ، دسپلین پەیڕەودەکەین، هەموومان لەهێزێکی تۆکمەدا خۆمان ڕێکخستوە، ئێمە بەنیازنین بەو تەکنیکی شەڕوبەرگریە کەفێری بووین کۆمەڵگا ئازار بدەین، بەڵکو بەپێچەوانەوە کۆمەڵگایەک تاکی تە ندروستی تێدابێت کۆمەڵگایەکی ئارام و تەندروست بەرهەم دەهێنێت . 
 دوای ئەم هەموو ساڵەی کەڕاهێنان دەکەم و نیازمە تا سەفەری دواییی وازی لێنەهێنم، بۆمن ئەو شێوازی بینینە گۆڕا کە پێشتر جیهان و سروشتمان تیادەدی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتێکانیش گۆڕانی بەسەردا هات و ئێستا مرۆڤانە تر لە خەڵک دەڕوانم، بەزەیم بەکەسدانایەتەوە بەڵام ئامادەی هەموو هاوکاریەکم گەر گیانیشم تیا چێت، بۆ بانگ کردنی هەرشتێک یان هەر کەسێک بەناوەڕاستەقینەکەی خۆیەوە بانگی دەکەم، گەیشمە ئەو بڕوایەی کە بەختەوەری بەبێ یاخی بوون و خەباتکردن بەدی نایەت . 
 ئەنگلس جوان دەڵێت:"فرمێسک دەسەڵاتمان پێنابەخشێت "خۆشمان چاک دەبینین کە دنیا لێوڕێژە لەنەفرەت، هەموو شوێنێک پڕە لەکەسانی خۆپەرست و ترسنۆک، بۆیە شەڕی ئەم هەموو ترسنۆکە ناکرێت و کۆتایی پێنایەت، لەم مرۆڤانەدا ڕۆحی بوێری ناخوڵقێت، لەکاتێکدا ئامادە نەبێت لە چوکترین شتی خۆی ببورێت، ڕاهێنان بکەن تا ئەو ڕۆحە بەرگریە دزەدەکاتە قوڵای بوونتەوە، لایەنی کەم هەر هیچ نەبێت بەتەندروستەوە سەر دەکەیتە سەر سەرین و پێویستت نابێت کە چاوت لە دەستی بازرگانێکی خوێڕی بێت داو دەرمانی خراپت بۆ بێنێت، گرنگ نی یە تەمەنت چەندە، نێری یان مێ؟ هونەری جەنگ هەر ستایلێکی بێت دەتوانی دەست پێبکەیت، هەرگیز درەنگ نی یە ....دڵنیابن . 
 بۆ ڕووناکییەکەی،
سوپاسی مۆمێک بکە،
بەڵام مۆمدانەکەت بیرنەچێ،
کە هەمیشە خۆی لەتاریکییدا وێستاوە.
" تاگور "

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە